وه‌ڵامێكی كورت بۆ ناڕه‌زاییه‌كی بێشوێن

 

د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا

 

ڵه‌ چاوپێكه‌تنێكی ته‌له‌فزیۆنی گوێم له‌ ده‌نگی ناره‌زایی چه‌ند شاعیرێكی میرنشینه‌كه‌م بوو كه‌ گوایه‌ شاعیر زۆربووه‌ و زۆری و بۆریی به‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا زاڵه.

چیمان به‌سه‌ر هات! ئه‌مه‌ ده‌نگی شاعیرانی میلله‌ته‌كه‌مه. چیمان به‌سه‌رهات! هه‌ر كه‌سه‌و هه‌ڵده‌ستێ شیعر ده‌نووسێ، ئازادیی ده‌ربڕین وه‌خته‌ تووشی هێڵنجمان بكات. بۆره‌ شیعر و بۆره‌شاعیر و بۆره‌پیاو دونیای ته‌نین!

 دوو دێڕ سورای یه‌كتر ده‌بن، دوو وێنه‌ مه‌لحه‌مه‌ی ویژدان ده‌گێڕنه‌وه، دوو عاشقی هه‌تاونه‌دیو له‌ ژێر لێوه‌وه، به‌ وشه، به‌ چرپه‌ ده‌ست بۆ‌ له‌شی یه‌كتر ده‌به‌ن. كیژۆڵه‌یه‌ك له‌ودیو شوورای پیاوان به‌ حه‌زه‌وه‌ باسی حه‌وزی مێینه‌ ده‌كات، هه‌رزه‌كارێ له‌شی ره‌پ ده‌بێت و له‌ زارییه‌وه‌ ده‌نگێ ده‌ته‌قێ...

شاعیرانی به‌ ته‌مه‌ن پیر و به‌زه‌مه‌ن وه‌ك توێكڵه‌ به‌ڕووی تۆقیو قینیان له‌ ده‌نگی ئازاده، قینیان له‌ قه‌ڵه‌مێكه‌ وه‌كو باشووكه‌ جریوه‌ی بێده‌نگیی ده‌دزێ، وه‌ك هه‌نارێ له‌ پڕێكدا شه‌ق ده‌بات و مه‌مكۆڵه‌یه‌ك تامێكی مزر ده‌رژێته‌ نێو رۆحییه‌وه. ده‌نگێ، ده‌نگێكی هه‌تیو، ده‌نگێكی هیچ نه‌دیو خۆی ته‌سلیمی سپێتی كاغه‌ز ده‌كات.... ڕشانه‌وه‌یه‌كه‌ و ده‌رژێته‌ سه‌ر رووخساری پیره‌ شاعیرانی میرنشینه‌كه‌م.

دوو جۆره‌ شیعر هه‌ن : هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك به‌ سوودن. یه‌كه‌میان درێژكراوه‌ی جه‌سته‌یه‌كی داپڵۆسراوه، به‌رده‌وامیی رۆحه‌ بۆ به‌ مادده‌كردنی خۆی، خودادنی هزر و نه‌سته، لێكماره‌كردنی ده‌نگ و ناوه‌رۆكه. پێداویستییه‌كی ئه‌زه‌لیی ئینسانه، بێهووده‌ییه‌كی گرینگه، گۆرانییه‌كی په‌نهانه‌ و ده‌مامك فڕیدانێكه‌ و خۆ تێكه‌ڵكردنی دونیای هه‌سته. دووه‌میان ئاره‌زووه‌یه‌كی كورتخایه‌نه. ره‌وینه‌وه‌ی ترسێكی موزمینه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ئێمه‌ تێی ده‌ژێت. كاژفڕێدانێك و به‌زاتبوونێكه.

له‌م دوو رێگا هاوته‌ریبه. تا ئه‌به‌دییه‌ت پێكه‌وه‌ ره‌وت ده‌كه‌ن و لێكناده‌ن.  دوو رێگای ئاسۆین و ده‌ئاڵێنه‌ مێژووی ئینسان.

ده‌بێ ئێمه‌ رۆحبڵندانه‌  جاڕ بۆ ته‌قینیه‌وه‌ ده‌نگه‌كان بده‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ رۆژئاوا جوودا ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌كو مالیك شابێل ده‌ڵێت : نوبوونی زاته‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه. نه‌بوونی تاكه‌كه‌سه. كه‌واته‌ تا هیزمان تیایه‌ بانگاشه‌ و پیرۆزبایی له‌ هه‌موو قه‌ڵه‌مێكی نوێ بكه‌ین، قه‌ڵه‌می چاك و خراپ، شیعری كرچوكاڵ و شیعر پێگه‌یو. چونكه‌ ته‌نها نووسینه، نووسینی زاتێكه‌ كڵۆڵه‌ له‌ زه‌ڵكاوی به‌كۆمه‌ڵبوون و تێكبه‌ربوون و له‌سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه‌بوون و خۆشاردنه‌وه‌ له‌ پاڵیه‌كتر و خۆدزینه‌وه‌ له‌ویتر وهتد..ره‌نگبێ رزگارمان بكات.

كه‌واته‌ نووسین له‌ كۆمه‌ڵگا حه‌نبه‌لییه‌كه‌ی ئێمه‌ جۆره‌ خۆقوتاركردنێكه‌ له‌ جه‌وری بۆره‌پیاوانی به‌ناو رۆشنبیر كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ قه‌ڵه‌میان نه‌زۆكتر و ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر ده‌بێت.

نووسینێ شیعرێ واته‌ نه‌خشاندنی كاغه‌زێ، واته‌ پیاسه‌یه‌كی هێمنانه، واته‌ هه‌ڵساندنێ ده‌نگێكه‌ له‌ كوونی فلووتێ، واته‌ دا‌هێنانێكه...با ته‌مه‌نی په‌پووله‌یه‌كیشی هه‌بێت، با له‌نگ بێت وه‌كو میژوومان، با گه‌وجانه‌ بێت وه‌كو ره‌وتمان...با ...با..

هه‌موو ده‌نگێ گرینگه، نه‌ خوازه‌ڵا هی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ ده‌نگی ره‌سه‌ن ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی رچه‌ی زات دیاری بكات و به‌ بوێرییه‌وه‌ سه‌ریری رۆژئاوا بكه‌ین و به‌ده‌م رۆژهه‌ڵاتیشا پێبكه‌نین.

 

 

           

 

02/09/2015