ته‌ڕایی من و تۆی بیابان

 

ئاراس قه‌ره‌داغی 
arasamin@hotmail.com  

 

             

بۆچی هاتی که‌ ده‌تزانی زۆر به‌زوویی عاشقی تۆده‌بم و

له‌ساتێکا خۆت وون ده‌که‌یت؟

کاتێک هاتیت من ئه‌و کاته‌ ته‌ڵخی سه‌رپه‌نچه‌ره‌کانی دڵمم لا ده‌برد

پاکم ده‌کردنه‌وه‌ له‌ته‌می زستانی ساردی ئێره‌ و نه‌م ده‌هێشت

که‌ڕووی غوربه‌ت بگرن که‌تۆ هاتی وام ده‌زانی

 به‌بینینت تابلۆی خه‌مم ده‌ڕه‌وێنی

من پێم وابووته‌نیا به‌س تۆ

ته‌ڵخی سه‌ر په‌نچه‌ره‌کانی دڵم و ته‌موو که‌ڕووی ناهێڵیت

که‌تۆم ناسی وام ده‌زانی منێکی ته‌نهاو بێ هیوا

ته‌نها تۆ زه‌وی ناخم ده‌کێڵیت و تۆوه‌ گوڵه‌کانتی

به‌ په‌نجه نه‌رمه‌کانت تیا ده‌ڕوێنی‌

 ده‌نگت لای من ته‌نها میلۆدی تایبه‌تی پیانۆیه‌ک بوو

 بولبولێک بوو، جامی ئاوی مه‌رکانه‌که‌ی باپیرم بوو

پیاسه‌یه‌کی ئێوارانی به‌رده‌رکی سه‌را بوو،ته‌نها کلیلی که‌له‌پچه‌ی ناخم بوو

ساته‌کانی به‌هه‌شتی خه‌یاڵم بوو ،وام ده‌زانی وه‌رزی ته‌مه‌نم پڕه‌ له‌ گوڵی نێرگز و

گوڵاڵه‌ سوره‌کانی نیشتیمانی وه‌همم

 دوور له‌زه‌ردی گه‌ڵای دره‌خته‌کان وساردی زستان

من پێم وابوو ده‌رونم پڕ له‌ گوڵ وپڕ له‌ په‌پووله‌کانی خۆت ده‌که‌ی

وام ده‌زانی لێڵایی به‌ر چاوم ناهێڵیت تا ژیان جوان ببینم

 پاش گه‌ڕانمان

به‌وێستگه‌کانی گڤتوگۆماندا، من تۆم ناسی ،تۆمنت ناسی

خۆشت ویستم، خۆشم ویستی 

پیته‌کانمان هه‌موو شه‌وێ باڵیان ده‌گرت، ده‌‌چوونه‌ نێوان ئامێره‌کانی خۆشبه‌ختی ئێمه‌وه‌

ده‌هاتنه‌وه،‌ به‌ گه‌ڕانیان به‌ده‌وری چرای پێکه‌نینه‌وه‌ ده‌سوتان

ده‌بوونه‌ میوانی چراکانی خۆشبه‌ختی چاوت

به‌ڵام له‌ساتێکدا

من ماچی هه‌ستم به‌که‌نارییه‌کانی عه‌شقماده‌نارد

که‌چی له‌پڕ که‌وتمه‌ناوبیابانێکی ووشکته‌وه‌

هه‌ستم کرد ناتوانم بفڕم، هه‌ستم کرد عیسایه‌کم داکوتراوم به‌خاچی ڕقته‌وه‌

هاتمه‌ خوارێ، پاش ساتێک من ئاڵام به‌ته‌ونی جاڵ جاڵۆکه‌ی بڕیارته‌وه‌

له‌ناکاو په‌نجه‌ره‌کانی دڵمت شکاندو لێنه‌گه‌ڕای من په‌نجه‌ره‌کانی دڵم پاک بکه‌مه‌وه‌

چۆن ده‌بێت له‌بیابانی تۆدا زه‌وی کێڵگه‌کانی ژیانم گوڵی تیا له‌دایک بێت؟

دڵم له‌بیابانی تۆدا ووشکی کرد

پیته‌کانم تیرۆرکران ، له‌به‌ندینخانه‌ی بێهه‌ستیتدا

من تازه‌ به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ ناتوانم بڕوا به‌درۆکانت بکه‌مه‌وه‌

ویستت پاییزێکم پێ ببه‌خشی تیایدا ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نم بوه‌رێنی

ڕۆژ ژمێری بیره‌وه‌ریم بسوتێنی

تۆی دڵڕه‌ق و بێ ویژدان، بۆ نه‌تزانی منێکی تینوی باران

جوانترین په‌لکه‌ زێڕینه‌م ده‌کرده‌ ملوانکه‌یه‌ک بۆ گه‌ردنت

وه‌رزی منت کرده‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ک تا تۆ ڕۆژه‌ پاکه‌کانی ناخم ژه‌هراوی که‌یت

ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نم ئه‌نفال که‌یت

ده‌ریای عه‌شقمت ژه‌هراوی کرد

ماسیه‌کانی تیادا مردن،  مۆمی به‌ختمت فوولێ کرد

هه‌ور گریا، خۆرکۆچی کرد

خوابێ ده‌نگ ....مانگه‌شه‌و ته‌ڵخ ....ئه‌ستێره‌کان کز

قومری یه‌کانی حه‌زمت به‌تیری ڕقت له‌ناو برد

 من دیسان نه‌خشه‌ی گه‌شتن به‌ژیان

سه‌رله‌نوێ ده‌نووسمه‌وه‌ و دڵنیام که‌سێکی تر به‌ هه‌ڵه‌

ده‌گاته‌‌ بیابانی دۆزه‌خیت و  ده‌یکه‌یته‌ خۆڵه‌مێش.

 


 

           

 

02/09/2015