به‌ عێراقیکردن  یان ئه‌تککردن،  هه‌ڤاڵ العدنان المفتي!

 

ئاسۆ بیاره‌یی

 

5-6-2006  سوێد

 

زۆر سه‌یره که سه‌رۆکی په‌رله‌مانی گه‌لێک، بێ پرس کردن به‌و گه‌له، یان بێ پشت به‌ستن به‌ئامارێکی زانستی، ناسنامه‌ی ئه‌و گه‌له بگۆڕێ. ئه‌گه‌ر عه‌دنان موفتی، پرسێکی سه‌رپێیشی به کۆمه‌ڵه کوردیه‌کانی ره‌وه‌ندی کورد له هه‌نده‌ران بکردایه هێشتا ده‌کرا تاڕاده‌یه‌ک بیووتایه‌ هه‌ندێ کوردی سه‌ربه‌ حزبه‌کان، خۆیان به‌ عێراقی ده‌زانن، لێ هێشتا ئاڵای ئه‌نفال له سه‌ر پیره‌مه‌گرون و ئه‌زمه‌ر ده‌شه‌کێته‌وه.

  ناوبردنی کورده‌کانی ئه‌وروپا به عێراقی، نیشانه‌ی نه‌بوونی ئه‌و پرده‌یه که له نێوان خواستی گه‌لی کوردستان که‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت و عیراقی بوونی خودی عه‌دنان موفتیه، که تاسه‌ر ئێسکی شانازی به‌عیراق بوونی خۆیه‌‌وه ده‌کات،  له گه‌ڵ به‌شێک له‌و سه‌رکرده‌ کوردانه‌ی که به عێراقێکی داگیرکه‌ر تووشی گه‌شه‌که‌ ده‌بن، عێراقێک که نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌که‌ی(عه‌ره‌ب) له ئاژه‌ڵ که‌متر سه‌یری کورد ده‌کات.

 بۆیه پێویست ده‌کات له مه‌ولا، سه‌رکرده‌‌کانی کورد، هه‌ستی تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، به ووته‌ی وا بریندارنه‌که‌ن که ئه‌تکی که سایه‌تی کوردی وه‌کو نه‌ته‌وه‌ پێده‌کرێ. له‌وانه شیمالی العراق، کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران و تورکیا، یا چه‌کداری کورد له باتی ووشه‌ی خه‌باتگێڕانی کورد که له میدیای باشووری کوردستان، به‌ وپه‌ڕی سووکایه‌تی پێکردنه‌وه به‌ کارده‌هێنرێت.

  به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره چه‌مکانه، کورد پێش داگیرکه‌ران ناوی نیشتیمانی خۆی کوێر ده‌کاته‌وه و له خاکی داگیرکه‌راندا ده‌توێننه‌وه. یان نیشانه‌ی نه بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه له بیروباوه‌ڕی ئه‌و جۆره سه‌رکردانه.

  با چیتر به لاوه‌کانی باشووری کوردستان نه‌ڵێن هه‌ستی کوردایه‌تیان نیه و ڕو له هه‌نده‌ران ده‌که‌ن. ئه‌وه نییه، هه‌ڤاڵ موفتی که سه‌رکرده‌ی په‌رله‌مانه، له به‌رده‌م ڕۆژنامه‌یه‌کی‌ شۆڤێنستی عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر، مافی کوردی بوون موفتده‌کات و ده‌ڵێت هه‌موومان عێراقین..

کێ ده‌زانێت، ڕه‌نگه هه‌ستی عێراقی بوون لای ئه‌و جۆره سه‌رکردانه پێروزبێت، ئیتر بۆ سه‌رزه‌نشتی لاوان و گه‌نجی کورد بکرێت.

لێره‌وه پێویسته عه‌دنان موفتی چه‌ند جارێک داوای لێبوردن له کورد‌بکات:

جارێک له به‌ر ئه‌وه‌ی کوردی له به‌رده‌م عه‌ره‌باندا سووککردوه

جارێکی دیش له به‌رده‌م گه‌لی کوردستاندا که‌ بێ پرس کردوویه‌تی به عێراقی

نا نا نا نا نا نا نا نا ................ هه‌ڤاڵ عدنان !

نا بۆ عێراقی ئه‌نفال، عێراقی مولازم موحسن که ناموسی دایکانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ده‌شکاند!

نا بۆ عێراقی ته‌حسین شاوه‌یس و قاله فه‌رج، که که‌لله‌ی سه‌ری منداڵانیان به‌دیاری بۆ سه‌ددامی فاشست ده‌برده‌وه!

نا بۆ عێراقی ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵه‌بجه‌یان کرد به‌ که‌ربلا!

نا بۆ عێراقی جحافل الخیفة که چاوساغیان بۆ سوپای بیابان ده‌کرد!

نا بۆ عێراقی ئه‌وانه‌ی که ده‌روازه‌ی شاره‌کانی کوردستانیان بۆ ته‌عریب خستوه‌ته سه‌رپشت و باوه‌شیان بۆ لێشاوی عه‌ره‌بان کردووه‌ته‌وه!

نابۆ عێراقی ئه‌وانه‌ی که هه‌ناسه‌ی سه‌ده‌ها پێشمه‌رگه‌یان له دێ‌گه‌ڵه، بۆ مانه‌وه‌ی کورسیه‌که‌ی خۆیان کوژانده‌وه‌! که پارچه‌یه‌کی کوردستانیان کرد به ‌دووان..

به‌ڵی بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ که ئاواتی زۆربه‌ی کوردانه

 
           

 

02/09/2015