یه‌زدان سیمای جوانی به‌ ژنان به‌خشیوه‌...بۆچی به‌ سه‌رپۆش ڕوخساری ده‌بێت بشاردرێته‌وه‌‌‌!؟

بارزان شوان

      

به‌شی یه‌که‌م

 

ئه‌گه‌ر به‌ ووردی سه‌رنجێک له‌ مێژووی دوور و نێزدیکی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردوستان بده‌ینه‌وه‌، ڕاشکاوانه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ژنانی کورد له‌ گشت پارچه‌کانی کوردوستاندا هه‌رده‌م وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد و سه‌ربڵند شان به‌ شانی پیاوان  به‌ بێ پێویستی به‌ شارانه‌وه‌ی سه‌رو له‌شو لاری بێت، سه‌ربه‌ستانه‌ له‌ نێو که‌ژو چیاو ته‌لاری گوند وشارۆچکه‌کاندا به‌ ئاره‌زوومه‌ندی خۆیان و به‌ بێ هیچ زۆرداریه‌کی پیاوسالاران ده‌سووڕانه‌وه‌‌.

 

جل و به‌رگ پۆشین هه‌ر ده‌م یه‌کێک بوه‌ له‌و خه‌مانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی و دینی و مه‌زهه‌بی به‌ڕێوه‌یان بردون، چارچێوه‌ پۆشین هه‌رگیز ئه‌و کێشه‌یه‌ نه‌بوه‌ بۆ ژنانی سه‌رومل پێچراو هێنده‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ زۆردی وویستوویانه‌ به‌ سه‌ر ژنانیدا بسه‌پێنن، ئه‌گه‌ر چی ده‌سه‌ڵاتدارانی دینی هه‌رده‌م به‌ نیاز و هانده‌ر بوونه‌ و جه‌ختیان له‌ سه‌ر به‌ زۆردی پۆشینی وه‌ک یه‌ک بۆ ژنان کردبێت‌، له‌ هه‌مان کاتدا به‌رامبه‌ره‌کانیان که‌ ژنانی داکۆک و سه‌ربه‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌، به‌رده‌‌وام له‌ هه‌وڵدان بوونه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی جل و به‌رگێکی مۆدێرنی ڕه‌نگاوڕه‌نگی دیاری کراو که‌ به‌ هۆی دوورینیانه‌وه‌ به‌ مه‌رجێک له‌ چوارچێوه‌ی بناغه‌ گشتیه‌کانی ڕه‌وشته‌ نه‌ریتیه‌کاندا لا نه‌ده‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ ‌ توانیویانه‌ سنووره‌ بژارته‌کانی وه‌ک یه‌ک پۆشین بشکێنن .

 

ئه‌م شکاندنی ڕاهاتنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش ته‌نها له‌و ژنانه‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌کردوه‌ که‌ خۆیان به‌ زۆردی په‌چه‌یان پێ پۆشراوه‌، به‌ڵکو له‌ لایه‌ن هه‌ندێک ژنانه‌وه‌ بوه‌ که‌ به‌ وویستی خۆیان ئه‌و چادوره‌‌یان پۆشیوه‌ له‌ به‌ر هۆی کولتوری و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌، له‌و ده‌چێت که‌ ژنان هه‌میشه‌ خواستوویانه‌ ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ بهێننه‌ ئاراوه‌، ئه‌گه‌ر چی به‌‌ خۆشیان‌ باوه‌ڕیان به‌و جۆره‌ پۆشینانه‌ نه‌بووبێت، ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ له‌ زۆربه‌ی ووڵاته‌ سه‌ر به‌ که‌نداوه‌کاندا دیاری ده‌ده‌ده‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت جۆره‌ ده‌زوو و په‌ت و به‌ندێکی شیاو بخه‌نه‌ نێو چادوره‌که‌یانه‌وه‌ که‌ به‌ چاو زۆر جاران دیاری ناده‌ن. له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بینین له‌ ووڵاتی ئێراندا ئه‌م جۆره‌ پۆشینانانه‌ به‌ربڵاو بوون و ناوی جۆراوجۆریان بۆ درووست کراون وه‌ک چادورو مانتۆ، هۆیه‌که‌شی بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی ژنان که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ر چ جۆرێک بێت خۆیان له‌ بن داوی ئه‌و پۆشینه‌ گشتیه‌ ڕزگار بکه‌ن.

 

بایه‌خ و گرنگدان به‌ پۆشینی مانتۆی نوێ  ته‌نها ئه‌و لایه‌نه‌ ته‌سکه‌ی نه‌ باوه‌ڕی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و دیارده‌یه‌ هانده‌رێکه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که‌ ئه‌و ژنانه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن ،بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ڵماندنی ئه‌و واته‌یه‌ی که‌ بێگومان ئه‌وانیش زه‌وق و توانای هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه‌ و بۆچوونه‌کانیان ڕووبه‌ڕووی پاشکه‌وتووخوازان جودایه‌ .

 

 شۆڕشی ئیسلامی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جومبوشی ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ بۆنه‌ی ئه‌و دیارده‌ پۆشینه‌وه‌ بیسه‌ڵمێنن که‌ ژنان یه‌ک به‌ده‌ن و یه‌ک جه‌سه‌دیان هه‌یه‌و هه‌ر هه‌مووشیان له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌و مه‌لا ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ ژیان به‌ ڕێ ده‌که‌ن، تا وای لێهات که‌ ئه‌م پۆشینه‌ ببێت به‌ ڕواڵه‌تێکی بوون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ڕژێم‌ و ئه‌و سیستێمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌، به‌ڵام گۆڕانکاریه‌ مه‌ده‌نیه‌کان توانیان خۆیان هێدی  هێدی به‌ سه‌ر ئه‌و شۆڕشی په‌چه‌ پۆشینه گشتیه‌‌ به‌ره‌و‌ پێشه‌وه‌ به‌رن و قۆناغ به‌ قۆناغ به‌ سه‌ریاندا زاڵ بن، سه‌رپۆشی سه‌ری ژنان پله‌ به‌ پله جوانترو قوماشه‌که‌ی‌ ته‌نک تر بۆوه‌و ڕووبه‌ڕووی پێچانه‌وه‌که‌شی هه‌تاوه‌کو ده‌هات که‌متر ده‌بۆوه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌و باره‌ی که‌ ژنان ئیدی نیوه‌ی سه‌ریان به‌و په‌چانه‌ داپۆشین، وه‌ مانتۆکه‌ش توانرا بکرێت به‌ پارچه‌ قوماشێکی درێژی ڕه‌نگاوڕه‌نگ که‌ به‌سه‌ر جلوبه‌رگه‌کانیاندا ده‌هاتنه‌ خوارێ، به‌رده‌وامیش ژنان له‌ جۆش و ته‌قه‌ڵادان بۆ فڕێدانی یه‌کجاره‌کی،  به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕوخسارێکیان بۆ هه‌ڵبکه‌وێت وه‌ک له‌ باخچه‌ گشتیه‌کان و به‌رده‌م ماڵه‌کان، کاتێک که‌ به‌ سه‌ردان ده‌ڕۆی بۆ ماڵێکی ئێرانی ده‌بینیت چلۆن ئه‌وان هه‌ر له‌ به‌رده‌م ده‌رگاکه‌یانه‌وه‌ جێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان ته‌رخان کردوه‌‌ بۆ فڕێدانی ئه‌و مانتۆو چادرانه‌، کاتێک خاوه‌ن ماڵ به‌ پیری ئه‌و ژنانه‌وه‌ دێن یه‌کسه‌ر ئه‌و ژنانه‌ سه‌رپۆش و عه‌باکانیان هه‌ر له‌ به‌رده‌م ده‌رگاکه‌وه‌ یاخود هه‌ر له‌ باخچه‌ی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ماڵه‌کاندا وه‌لاوه‌ ده‌نێن و فڕێ ده‌ده‌ن.

 

که‌واته‌ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌و شکاندنی سنووری ئه‌و یاسا درووستکراوانه‌ له‌ ڕوواڵه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناڕه‌زایی هاوڵاتیان و هۆکارێکه‌ بۆ به‌ سووکایه‌تی کردنی ئه‌و شۆڕشه‌‌ ماف خۆره‌، قۆناغه‌کانی به‌ دوای ئه‌ویش په‌ره‌سه‌ندنێک بوو له‌ جودا بوونه‌وه‌ی ئه‌و یه‌ک گیانی و یه‌ک ڕۆحه‌ی که‌ ڕژێم بۆ مانه‌وه‌ی خۆی به‌رده‌وام رێکلامی سیاسی بۆ ده‌کرد، له‌ ڕاستیدا ئه‌و کرده‌وانه‌‌ ڕژێم به‌ تایبه‌تی پلان و نه‌خشه‌ی تایبه‌تی بۆ نه‌خشاندبوون، ئێستاکێ له‌ باخچه‌ گشتیه‌کانی ئێراندا کیژان به‌ ئازادی بازی تێنس ده‌که‌ن و چالاکانه‌ به‌ دوای ئه‌و تۆپه‌ تێنسه‌ بچکۆلانه‌یه‌دا پاڵ به‌ له‌ش و لاریان ده‌نێن ، له‌ هه‌مان کاتیشدا جلوبه‌رگه‌ به‌رفراوانه‌کانیشیان ڕێگه‌ به‌  پێ جوان و چکۆڵانه‌کانیشیان ده‌دات که‌ سه‌ربه‌ستانه‌ بجووڵێنه‌وه‌.

 

ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ ئێراندا ده‌بینرێن نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ ڕژێمه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌که‌ی ئه‌و ووڵاته‌وه‌ ، به‌ڵکو هه‌ڵقوڵانی شۆڕشێکی نه‌ناسراو و نادیاره‌‌ که‌ هه‌ر ڕۆژ به‌ڕۆژ  باڵه‌کانی درێژ ده‌بن و کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نیه‌که‌ی ئێران به‌رده‌وام به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه‌ ده‌یانه‌وێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و رژێمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌ ببنه‌وه‌، ده‌ستووره‌ داڕێژراوه‌که‌ی سه‌ر به‌ مه‌لاکانی ئێران هێنده‌ ئاڵۆزه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌ پشتیوانی هه‌ڵبژاردنێکی گشتیه‌وه‌ بتوانرێت ئه‌و ده‌ستووره‌ نه‌گۆڕه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ محه‌مه‌د خاتمی سه‌رۆکی ئێرانی پێشوو ده‌یویست به‌رپای بکات گشتی خرانه‌ ژێر چاڵی خواستی مه‌لا توندڕه‌واکانه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر بتوانن به‌ زۆردی ئه‌و ووڵاته‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن و جل و به‌رگ پۆشین هه‌ر ده‌م یه‌کێک بوه‌ له‌و خه‌مانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی دینی و مه‌زهه‌بی به‌ڕێوه‌یان بردون.

 

 چارچێوه‌ پۆشین هه‌رگیز ئه‌و کێشه‌یه‌ نه‌بوه‌ بۆ ژنانی سه‌رومل پێچراو هێنده‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ زۆردی وویستوویانه‌ به‌ سه‌ر ژنانیدا بسه‌پێنن، ئه‌گه‌ر چی ده‌سه‌ڵاتدارانی دینی هه‌رده‌م به‌ نیاز و هانده‌ر بوونه‌ و جه‌ختیان له‌ سه‌ر به‌ زۆردی پۆشینی وه‌ک یه‌ک بۆ ژنان کردبێت‌، له‌ هه‌مان کاتدا به‌رامبه‌ره‌کایان که‌ ژنانی داکۆک و سه‌ربه‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌، به‌رده‌ه‌وام له‌ هه‌وڵدان بوونه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی جل و به‌رگێکی مۆدێرنی ڕه‌نگاوڕه‌نگی دیاری کراو که‌ به‌ هۆی دوورینیانه‌وه‌ به‌ مه‌رجێک له‌ چوارچێوه‌ی بناغه‌ گشتیه‌کانی ڕه‌وشته‌ نه‌ریتیه‌کاندا لا نه‌ده‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ ‌ توانیویانه‌ سنووره‌ بژارته‌کانی وه‌ک یه‌ک پۆشین بشکێنن ، ئه‌م شکاندنی ڕاهاتنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش ته‌نها له‌و ژنانه‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌کردوه‌ که‌ خۆیان به‌ زۆردی په‌چه‌یان پێ پۆشراوه‌، به‌ڵکو له‌ لایه‌ن هه‌ندێک ژنانه‌وه‌ بوه‌ که‌ به‌ وویستی خۆیان له‌ به‌ر هۆی کولتوری و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌ ئه‌و چادوره‌یه‌یان پۆشیوه‌ .

 

 له‌و ده‌چێت که‌ ژنان هه‌میشه‌ خواستوویانه‌ ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ بهێننه‌ ئاراوه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ خۆشیان‌ باوه‌ڕیان به‌و جۆره‌ پۆشینانه‌ نه‌بووبێت، ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ له‌ زۆربه‌ی ووڵاته‌ سه‌ر به‌ که‌نداوه‌کاندا دیاری ده‌ده‌ده‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت جۆره‌ ده‌زوو و په‌ت و به‌ندێکی شیاو بخه‌نه‌ نێو چادوره‌که‌یانه‌وه‌ که‌ به‌ چاو زۆر جاران دیاری ناده‌ن. له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بینین له‌ ووڵاتی ئێراندا ئه‌م جۆره‌ پۆشینانانه‌ به‌ربڵاو بوون و ناوی جۆراوجۆریان هه‌یه‌ وه‌ک چادورو مانتۆ، هۆیه‌که‌شی بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی ژنان که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ر چ جۆرێک بێت خۆیان له‌ بن داوی ئه‌و پۆشینه‌ گشتیه‌ ڕزگار بکه‌ن.

 

کۆمه‌ڵگا درووست کراوه‌که‌ی حیزبواڵڵای لوبنانیش په‌یوه‌ندیه‌کی چاک و گونجاوی به‌ چادوری یه‌ک پۆشی ئێرانی گرێدابوو، به‌ڵام له‌ کنه‌ ئه‌و حیزبه‌ جوداییه‌ک به‌ر چاو ده‌که‌وێت ئه‌ویش به‌ لایانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌ک جۆر به‌رگ پۆشین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی خودی ژنان ، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا توند ڕه‌وه‌کانیان به‌ ڕاشکاوی دژ به‌و سه‌ربه‌خۆیی به‌رگ پۆشینه‌ ده‌دوێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو جومبووشانه‌ش په‌لێک له‌ ئه‌ندامانی ژنانی ئه‌و حیزبه‌ به‌ ئاشکرا ده‌یانه‌وێت گۆڕانکاریه‌ک بهێننه‌ پێشه‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ جۆره‌ سه‌رپۆشێکی جودا له‌ سه‌ر بکه‌ن که‌ به‌ په‌یڕه‌وی ده‌ستووری ئه‌و حیزبه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بێت‌، زۆربه‌یان ناکه‌ونه‌ ژێر ئه‌و زۆردیه‌ی به‌ سه‌ریاندا سپێردراوه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا ژنانێک هه‌ن که‌ ته‌نها به‌ مه‌رجی ئه‌و حیزبه‌ی لێی بوونه‌ به‌ ئه‌ندام جلو به‌رگ ده‌پۆشن.

 

ئارایشگاو جێی تایبه‌تی له‌ باشووری لوبناندا کراونه‌ته‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی داهێنه‌ره‌کانیان له‌ ووڵاتانی تورکیا و وولاته‌ سه‌ر به‌ سه‌رپۆشه‌کانه‌وه‌ هێنراون ، هه‌رده‌م له‌ گه‌ڕن بۆ دۆزینه‌وه‌ی جۆرو بابه‌تی نوێی سه‌رپۆش و چادوری تازه‌ بابه‌ت بۆ ژنان، ئه‌م جۆره‌ مۆدانه‌ له‌ نێوان ژنانی سه‌رپۆشه‌وه‌ گه‌لێک ناودارن و پۆشینه‌ تازه‌کانیش گه‌لێک ئاڵۆزی جودا جودایان به‌ خۆوه‌ گرتوه‌، ئه‌م پێشانگا گشتیانه‌ به‌ هاوکاری چه‌ن پێشانگایه‌کی نا ڕه‌سمی زۆر جار ئاڵوگۆڕی مۆدێلات که‌ گه‌ڵ یه‌کدیدا ده‌گۆڕنه‌وه‌، داهێنه‌رانی مۆدێله‌کانیش بێگومان سنووره‌ شه‌رعیه‌کانی خۆیان باش ده‌زانن، ئه‌م پێشانگایانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌رعی بێت یان نا شه‌رعی بێت په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌ویان له‌ گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌دا هه‌یه‌ که‌ له‌و ناوچانه‌دا حوکم ده‌گێڕن، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بازاڕه‌ هه‌میشه‌ له‌ په‌ره‌پێسه‌ندندایه‌، له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو لای حیزبی و بازرگانی گوێ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ درێژ پایه‌نه‌کان هه‌ر ناده‌ن.

 

که‌واته‌ له‌ لوبنانیش پۆشینی ئه‌و به‌رگه‌ شه‌رعیه‌ هاتۆته‌ شکاندن و ده‌ستووره‌کان هه‌ڵپه‌ڕێزراون، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت که‌ یه‌کێتی سه‌رپۆشان هه‌رده‌م حه‌ز ده‌که‌ن که‌ ژنان هه‌موویان یه‌ک جۆره‌ سه‌رپۆش له‌ سه‌ر که‌ن و له‌ خۆپیشاندانه‌ گشتیه‌کاندا هه‌ر هه‌موو ژنان هه‌مان چادور له‌سه‌ر بکه‌ن و هه‌ر هه‌موویان بۆ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان به‌ یه‌ک ده‌نگ هاوار بکه‌ن و مۆده‌ی سه‌رپۆشی ژنان بۆ هه‌ر هه‌موو ووڵاتانی ئیسلامی بکه‌ن به‌ شه‌رعی.

 

له‌وانه‌یه‌ ئه‌و عه‌با ڕه‌شه‌ی که‌ ژنانی عێراقی له‌ سه‌ری ده‌نێن و خۆیانی پێ داده‌پۆشن جودابێت‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و چادور پۆشینه‌ی ژنانی ئێرانی، له‌ عێراقدا ژنانی شیعه‌و سوننی هه‌ر هه‌مان عه‌با به‌ کار ده‌هێنن، له‌وه‌ش ده‌چێت که‌ هه‌ر ئه‌و عه‌بایه‌ بێت که‌ بووبێت به‌ هانده‌ری درووست بوونی ئه‌و جۆره‌ عه‌بایانه‌ی تر که‌ له‌ لوبنان و ئێراندا هه‌بن، به‌ڵام سه‌نگی پۆشینی ئه‌و عه‌بایه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا هێنده‌ کاریگه‌ر بوه‌ که‌ به‌ربڵاویه‌که‌ی گه‌لێک زیاتر بوبێت وه‌ک له‌ پۆشتنی چادره‌که‌ له‌و ووڵاته‌دا، وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا که‌متر به‌ربڵاو بوون له‌ ووڵاتانی سه‌ر به‌ ئیسلامی تردا ئه‌ویش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ به‌ سه‌ر ئه‌و ووڵاتانه‌دا تێپه‌ڕیبوون، بێگومان ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ش کاریگه‌رن له‌ سه‌ر پێشڤه‌چوونی کۆمه‌ڵگاو گۆڕینی سیاسی و جۆره‌ بنه‌ماکانی یه‌کسانی و دیموکراسیه‌تدا.

 

ده‌توانین بلێین که‌ ژنانی عێراقی بۆ لادانی ئه‌و عه‌بایه‌ پێویستیان به‌ شۆڕش نه‌بوه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵکو زۆربه‌یان له‌ کاتی گه‌شتو گوزارو هاتووچۆیان بۆ به‌غدای پایته‌خت عه‌باکانیان وه‌ لاوه‌ ده‌نێن و هه‌ر له‌ سه‌ریشی ناکه‌ن، که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ لادێو ناوچه‌کانی خۆیان ئه‌وا یه‌کسه‌ر له‌ سه‌ریان ده‌نێنه‌وه‌.له‌ زۆربه‌ی  ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ عێراقیه‌کان تیایدا ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن، تا ئه‌وڕۆش پۆشینی ئه‌و عه‌با ڕه‌شانه‌ هه‌ر لایان وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌، که‌م جار ژنانی دانیشتووی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لاو شارانی باشووری عێراقت له‌ ووڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ به‌ بێ پۆشینی ئه‌و عه‌با ڕه‌شه‌ بتوانن له‌ ماڵه‌کانی خۆیان بێنه‌ ده‌ره‌وه،‌ ته‌نانه‌ت پرچ و قژیشیان به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌شارنه‌وه‌ که‌ ته‌نها هاوسه‌رو که‌سوکاری نزیکی ئه‌و ژنانه‌ بۆیان هه‌بێت‌ بیانبینێت.

 

060623

uvnbas@hotmail.com

 

 

 

 
           

 

02/09/2015