ره‌شبه‌ڵه‌کی ره‌نگه‌کان

بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

 

هاتمه‌ ژینته‌وه‌

زۆر به‌ په‌نهانی

له‌ شیرینخه‌وی

کارژۆله‌ ئاسای

به‌ره‌به‌یانا

من رامپه‌ڕانی

پێتم نیشاندا پێکی ئه‌وینی

ره‌نگ ئه‌رخه‌وانی

من بانگمکردی

بۆ زه‌ماوه‌ندی رازی دوو به‌دوو

دوو ریز هه‌ڵپه‌ڕن

هه‌موو پاکی تۆ، هه‌‌موو جوانی من

ره‌شبه‌ڵه‌کیان گرت

په‌مه‌یی کاڵی دله‌ ناسکه‌که‌ی

ریزه‌که‌ی من و

ره‌نگی جگه‌ری هه‌ناوی په‌ستی

ناو ریزه‌که‌ی تۆ

سووری هه‌ناری

پرسیاره‌کانی ریزه‌که‌ی من و

سه‌وزێکی ماتی

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ناو ریزه‌که‌ی تۆ

مۆری خامه‌کی

تۆران و نازی ریزه‌که‌ی من و

شینێکی ئاوی

دوور له‌ تاوانی ناو ریزه‌که‌ی تۆ

زه‌ردێکی تێری

ئاشتکردنه‌وه‌ی ریزه‌که‌ی من و

ره‌شی قه‌ترانی

پر نائومێدی ناو ریزه‌که‌ی تۆ

*******

خۆتت بۆ کردم به‌دوو که‌رته‌وه‌

که‌رتێکیت به‌شدام

که‌رته‌که‌ی تریش

سه‌رچۆپی کێشبوو

به‌ شاییه‌که‌دا

ئه‌له‌نجایه‌وه‌

که‌چی له‌ گه‌رمه‌و کوڵی گه‌ڕانا

کاتێکت زانی ده‌ستم لێبه‌ردا

له‌ چۆڵه‌وانی، پێده‌شتی خه‌ما

جێمهێشتی به‌بێ ئامانج و هیوا

تێشنه‌گه‌ی ئاگام له‌ تۆ بڕاوه‌

وا دوور و نزیک هه‌ر ئاگام لێته‌

منیش له‌ هه‌مان چۆڵ و پێده‌شتا

رێی ده‌ربازبوونم لێ ونکراوه!‌

 

           

 

02/09/2015