له‌ کوردستان له‌ دایک بووم ، زمان و که‌لتوورو ئاڵای خۆم هه‌یه‌ ،
بۆ ببمه‌ عێراقی ؟!

 

  فرمێسک موسته‌فا

 

ساڵی 1993 له‌ ئه‌ڵمانیا بووم به‌ په‌نابه‌ر ، له‌ خولی فێر بوونی زمانی ئه‌ڵمانی به‌شداریم کرد ، یه‌که‌مین رۆژی وانه‌ ووتنه‌وه‌ بۆ یه‌کتر ناسین و دیالۆگ کردن بوو ، که‌ ناوت چی یه‌ ؟ له‌ کوێوه‌ هاتووی؟ که‌ نۆبه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر من ووتم کوردم خه‌ڵکی عێراقم! مامۆستاکه‌مان خێرا قسه‌که‌ی بڕیم، ووتی مادام کوردی خه‌ڵکی کوردستانی ،دواتر بۆ قوتابیانی به‌شدار بوو له‌ باره‌ی کوردستانه‌وه‌ زانیاری پێویستی دا.

ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ گه‌رانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌ ، بیرم له‌  ستایش و  ووریا کردنه‌وه‌که‌ی مامۆستا ده‌کرده‌وه‌ ، له‌ هه‌مان کاتدا چه‌وساندنه‌وه‌ و ژێر ده‌سته‌یی میلله‌تی کورد!.. له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خۆم په‌یمانم به‌ست  من عێراقی نیم و نابم، به‌ڵێنم دا مناڵه‌کانیشم په‌روه‌رده‌ی کوردستانی  بکه‌م و ناسنامه‌و سۆزی نه‌ته‌وه‌ییان له‌ دڵ و ده‌رروندابۆ بچێنم...

13 ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌دا تێپه‌ڕی ، سێ جگه‌رگۆشه‌ی کوردی دوور له‌ نیشتمانم له‌ گه‌ڵدایه‌ ، هیواو ئاره‌زووه‌کانمان له‌ئیداره‌و په‌رله‌مانی کوردی دا خڕ کردووه‌ته‌وه‌ ،هه‌میشه‌ به‌ مناڵه‌کانم و ده‌ورو پشتم ده‌ووت ئێمه‌ش به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆو دام و ده‌زگای مه‌ده‌نی و ڕیکخراوی جه‌ماوه‌ری هه‌نگاو ده‌نێین، جارێکی دیکه‌ نابینه‌ پاشکۆو هاووڵاتی نمره‌  دوو یا سێ ی ووڵاتانی داگیرکه‌ر. که‌چی داخی گرانم چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان  له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت منی ته‌زاند ،کپ و سڕ بووم !!په‌شێویه‌کی ئێجگار زۆر دڵ و ده‌روونمی گرته‌وه‌ ،له‌وه‌ ده‌ترسام مناڵه‌کانم بزانن کراونه‌ته‌ عێراقی!! ئه‌و عێراقه‌ی که‌ له‌ دروست بوونیه‌وه‌  بۆ کورد دێوه‌زمه‌یه‌کی ترسناکی دڕنده‌ بووه‌،  لاپه‌ڕه‌کانی مێژووه‌که‌ی  له‌ یه‌که‌م پیتی تا دوا پیتی  خوێنی شه‌هیدانی کوردی پێوه‌یه‌!..بڕواناکه‌م هه‌رگیز منداڵه‌کانمان ئه‌م بوون به‌ عێراقییان که‌ کاک عه‌دنان بانگه‌شه‌ی بۆ کرد لێی تێ بگه‌ن و به‌ڵێ گۆی بن، له‌ هه‌مان کاتدا نازانم چ کوردێکی هه‌نده‌ران ئه‌و هه‌سته‌ نه‌خۆش و ناشیرینه‌ی به‌ جه‌نابیان ڕاگه‌یاند وئه‌ویش بۆ ڕازی کردنی دڵی برا عه‌ره‌به‌کان به‌ میدیای گه‌یاند!.

ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری ڕه‌وه‌ندی کوردی بم،  هه‌میشه‌ خۆیان به‌ کوردستانی ناساندووه‌ ،مناڵه‌کانیان به‌ هه‌ستی میللی گۆش ده‌که‌ن . چاوه‌ڕێ ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد ئیداره‌ی کوردی له‌ قووڵکردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی میللیمان  پشتیوان و هاوکار بن.نه‌ک به‌م شێوه‌یه‌ برینێکی به‌ سۆ بخه‌نه‌ سه‌ر جه‌سته‌و ده‌روونی غه‌ریبیمان!!.

ئێمه‌ی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات  تاکه‌ خه‌ونێ، هێمنی و ئارامیمان پێ ده‌به‌خشێ ، به‌ ده‌وڵه‌ت بوونی کوردستانه‌..دوای ساڵانێکی زۆری حوکمی کوردی ،تازه‌ به‌ تازه‌  ده‌مان گێڕنه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ناسنامه‌ی به‌ عێراقی بوون؟؟..

 بۆ ئه‌و جێگه‌ شکۆدارو پیرۆزه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئێوه‌ گرتووتانه‌ته‌ ده‌ست  له‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردیدا ، وه‌‌ به‌رهه‌می خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی کورده‌، ئه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌های بووبێت که‌ جارێکی تر  ببینه‌وه‌ به‌ عێراقی؟؟!!...

ته‌نها تکایه‌ که‌  له‌ ئێوه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ : تکایه‌....تکایه واز له‌ مناڵه‌کانمان بهێنن ...مه‌یان که‌نه‌ عێراقی وه‌ک باوک و دایکیان!!!

ئێمه‌ی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ کاتێک مناڵه‌کانمان چاو به‌ دونیا هه‌ڵدێنن بانگی به‌ کوردستانی بوونیان ده‌ده‌ین به‌ گوێدا...گوێزه‌بانه‌و موفه‌رکی ته‌نیشت ژوور سه‌ریان ئاڵا پیرۆزو شکۆداره‌که‌ی کوردستانه‌...گه‌وره‌ترین تاوانی نه‌به‌خشراو ئه‌وه‌یه‌  نه‌وه‌ی داهاتوومان له‌ ناسنامه‌ی کوردی دوور بخه‌ینه‌وه‌...

 
 

           

 

02/09/2015