خه‌مێکی تر !!

 

فرمێسك مسته‌فا
Frmesk55@yahoo.de

                          

 

خۆم پێچایه‌وه‌ چه‌شنی گه‌ڵایه‌کی مه‌لوولی پاییزانه‌ ، به‌ چارشێوی خه‌مێ خۆم داپۆشی . ده‌سته‌کانم کرده‌ گیرفانه‌ قووڵه‌کانی برینه‌کانمه‌وه‌.. به‌ پێ ی په‌تی هه‌نگاوم ده‌نا به‌ سه‌ر پشکۆی ئازاره‌کانمدا ...

ده‌گه‌ڕام بۆ سنورێ هه‌رێمی هۆش وهه‌ست و ویژدانم له‌م غوربه‌ته‌دا بلکێنێ به‌ خۆره‌وه‌، ئه‌و ساکه‌ به‌ درێژایی ته‌لیسمی ئه‌و به‌ سه‌ر پردی حه‌قیقه‌تدا ده‌م په‌ڕانیته‌وه‌ ، سه‌رچاوه‌ی ئازاره‌که‌ت ده‌دۆزی یه‌وه‌، ئه‌و کاته‌ شیرۆڤه‌ت ده‌کرد...

گه‌وره‌م ئه‌م ناڵه‌ ناڵه‌ی ئێستاکه‌م ، ئازاری لاوێتیمه‌ ، ئه‌و ئازاره‌ی له‌ ژێر له‌قه‌ی پۆستاڵێکدا هه‌مبوو ، له‌ تۆقینی خۆم وترساندا نه‌مئه‌توانی هاوار بکه‌م ،جه‌سته‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ دراوم وه‌ک شۆره‌ بی ده‌له‌رزی...

داچه‌ڵه‌کینی هه‌موو ساتێکی من  دیمه‌نی هاوڕێ یه‌که‌مه‌ ، چۆن به‌ قژ ڕاپێچیان ده‌کرد ده‌یان ویست ته‌نوره‌که‌ی به‌رز بکه‌نه‌وه‌ ، ئه‌ویش کاتێک دامێنی ته‌نوره‌که‌ی ده‌گرت دڕندانه‌ تر لێیان ده‌دا..ده‌زانی بۆ؟! تا پارێزگاری ووشه‌ی پاراوی زمانی دایک بکه‌ین ، زمانی دوژمنان نه‌یه‌ته‌ خوێندنگاکانمانه‌وه‌ ، ئه‌و قوتابخانانه‌ی که‌ له‌ پۆله‌کانیدا وانه‌ی کێبڵه‌کانی مولازم موحسنی تێدا ده‌وترایه‌وه‌...

ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی ئێستا پێ ی ده‌نووسم تاڵی ژاکاوی پرچی ئه‌و دایکانه‌یه‌  کۆرپه‌کانیان ، سه‌گی دوژمنان له‌ به‌رچاویانه‌وه‌ جه‌سته‌یانی ونجڕ ونجڕ ده‌کرد،! ناوکی نه‌بڕاوی ئه‌و کۆرپانه‌یه‌ له‌ ڕه‌حمێکی ده‌ست ڕێژ کراوه‌وه‌ هاتنه‌ نێو دنیای چاڵه‌ لمێکه‌وه‌!...

ئه‌م په‌ره‌ سپی یه‌ی ژێر ده‌ستم پێخه‌فی گه‌رمی ده‌ستگیرانێکه‌  ڕازابوه‌وه‌ به‌ بۆن و به‌رامه‌ی خه‌ونێک که‌ دروست بوونی خێزانێک بوو...

ئه‌ خه‌ونانه‌ش بوونه‌ کابوسێ به‌ بڕێ پاره‌ی باخه‌ڵی شێخێکی عه‌ره‌ب ته‌فرو تونا بوون...

 هاواری من هاواری کپ کراوی پشت گوێ خراوی هه‌ژده‌ پاکیزه‌یه‌ ، شه‌وانه‌ له‌  بازاڕی هاودۆسته‌کانماندا ده‌یان کڕن و ده‌یان فرۆشنه‌وه‌، ده‌زانی بۆ؟؟ له‌ به‌رئه‌وه‌ی کوردن و کورد بوون!!...

شه‌وانه‌ گوێم له‌ فیچقه‌ی قوڕی ژیر پێ ی مناڵێکی ئاواره‌یه‌ ، له‌ سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌کاندا هێشتا  بێ لانه‌یه‌!.

پێخه‌فم ، لافاوێ له‌ فرمێسکی خوێنینی دایکێکه‌ به‌ سه‌ر جه‌سته‌ی دوو کوڕه‌ شه‌هیده‌که‌یدا به‌ ته‌نها و بێ که‌س چه‌ندین ڕۆژ به‌سه‌ر ده‌بات!.

بالیفه‌که‌شم تاشه‌ به‌ردێکه‌ منالێکی دابڕاو له‌ خێزانه‌که‌ی وپێشمه‌گه‌یه‌کی برینداری بێ ئومێد دانیشتوون له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی کۆڕه‌وێکدا!. ئاسمانی ژووره‌که‌شم ده‌بێته‌ ته‌مێکی سپی ڕۆحی مناڵان و گۆی مه‌مکی دایکانی هه‌ڵه‌بجه‌ی تیا هه‌ڵئه‌واسرێ.

 تاوانی من  ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ بێ ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ هه‌ڵ ناکه‌م ، ناسنامه‌ی عێراقی هه‌رگیز هه‌ڵناگرم...

ئیتر سه‌روه‌رانم :- با هه‌ر وه‌فیق سامه‌رایی عێراقی دۆست بێ ومنێکی کوردستانیش دوژمن!!!..*

 

 

 

*

http://www.hewlerpost.com/publication/post%2054/4.pdf

 

 

 

 


 

           

 

02/09/2015