ئه‌و شاره‌ی که‌ یه‌کێتی له‌سه‌داسه‌د له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی تێدا به‌ده‌ست هێنا    .. !

 

 م . حه‌مید عه‌زیز

      

ئه‌و شاره‌ی که‌ یه‌کێتی سه‌د له‌ سه‌دی ده‌نگه‌کانی تێدا به‌ده‌ست هێنا له‌کاتی ده‌نگداندا به‌تایبه‌ت ساڵی 1992 شاره‌ قاره‌مان و ئازاکه‌ی که‌لار بوو . به‌ڵام  ...  ئه‌و به‌ڵامه‌ زۆر به‌ڵامێکی گرنگه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ووتاره‌که‌دا‌ وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڵامه‌ ئه‌ده‌مه‌وه‌ . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ئازایه‌تی و پیاوه‌تی یه‌ ی خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی که‌ ناڵێم شارۆچکه‌ی که‌لار چونکه‌ به‌ڕاستی که‌لارو خه‌ڵکه‌که‌ی نه‌ک شارێکی هاکه‌زایش به‌ڵکو له‌دیدی منه‌وه‌ ئه‌بێت پارێزگایه‌کی سه‌ربه‌خۆی فیدڕاڵی ناو بێت ‌ ئه‌گه‌ر پێی ڕه‌واببینرێت . که‌لارو ڕۆڵه‌کانی ئیسپاتیان کرد که‌ خه‌ڵکی ئازادی خوازن و زوڵم و گه‌نده‌ڵی نابێته‌ گووڵی سه‌ر مێزی خیانه‌تیان . چونکه‌ مرۆڤی گه‌رمیانی و به‌تایبه‌ت سومبولی هه‌ناسه‌ی سه‌ربه‌ستی که‌ شاری که‌لاره‌ فێری سه‌رشۆڕی نه‌بوون . ئه‌م شاره‌ قاره‌مانه‌ی تینووی هه‌نگاوه‌کانی ژیان و سه‌ربه‌ستی یه‌ هه‌رده‌م سه‌ربه‌رز بووه‌و به‌خوێنی ڕۆڵه‌کانی و فیداکاری یه‌کانی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌شۆڕشی ئه‌یلول و گوڵانداو به‌تایبه‌ت له‌شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌ماندا به‌ڕابه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌و چه‌ند ڕابه‌رێکی شۆڕشگێڕو ڕۆشنبیرو خاوه‌ن بڕوانامه‌و پێنوسی وه‌ک : کاک ئارام ، خاڵه‌ شه‌هاب (شیهاب) ، شێخ جه‌عفه‌ر و .. هتد . بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م شاره‌ سه‌رتۆپکی شۆڕشه‌کان و ده‌نگه‌کان و خۆپیشاندانه‌کان بووه‌ ، چونکه‌ هه‌ر ‌له‌دایک بوونی یه‌وه‌ به‌ئازادی مێژوویه‌کی که‌ڵی مه‌ردایه‌تی لێدروست بووه‌ ، هه‌ربۆیه‌ له‌هیچ کات و شوێنێکدا خه‌ڵکه‌که‌ی زوڵم و سته‌میان قبوڵ نه‌بووه‌ و هه‌تا زوڵم هه‌بووبێ لاوان و پیری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ پێشمه‌رگه‌بوون و هه‌تا گه‌نده‌ڵی و چه‌واشه‌ییش هه‌بێ که‌لار دڕکه‌ بۆ چاوی دوژمن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌قه‌ته‌ی که‌خه‌و ته‌نها به‌ به‌کورسی و پاره‌وه‌ ده‌بینن و نمونه‌ی گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆرن .

لێره‌دا وه‌ڵامی به‌ڵامه‌که‌م ئه‌ده‌مه‌وه‌ و ئه‌ڵێم  : به‌ڵام ئه‌م شاره‌ کۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیش نابێت وه‌ک و بۆ دوژمنانیش چقڵی چاو بوو به‌ڵام مخابن ڕه‌نج و تێکۆشانی ئه‌م میلله‌ته‌یان له‌به‌رچاو نه‌گرت ، چونکه‌ ئێستا به‌هێنده‌ی جاران ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت که‌متر نی یه له‌نه‌هامه‌تی و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌له‌پچه‌ی ده‌مه‌کان و بێ به‌رێتی له‌ ساده‌ترین ماف و ژیان و .. هتد . هه‌ربۆیه‌ هه‌موو ڕۆژێ ڕۆڵه ‌قاره‌مان و چاونه‌ترسه‌کانی ئه‌م شاره‌ خۆپیشاندان و مانگرتن و به‌هه‌موو جۆرێک شۆڕشی مه‌ده‌نی و مۆدێرنی یه‌ت ده‌که‌نه‌ ئاڵایه‌کی شه‌کاوه‌و له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن . هه‌ر بۆیه‌ سه‌ربڵندو له‌سبه‌ینێی مێژودا ئه‌وان سه‌رتۆپک و ناودارو سومبول ده‌بن له‌لاپه‌ڕه‌ جوانه‌کانی چیرۆکی شۆڕشدا له‌ کتێبخانه‌ی کورده‌واری و هونه‌رو به‌رخۆداندا .

ئه‌وه‌ی که‌گرنگه‌و بابه‌ت و وتاره‌‌که‌یشی پێوه‌ به‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ( بۆچی یه‌کێتی له‌م شاره‌ له‌سه‌داسه‌د ده‌نگی هێنابێ له‌هه‌ڵبژاردندا ... ؟ به‌ڵام ئێستا هه‌موو ڕۆژێ ده‌نگی ناڕه‌زایی و برسێتی و نایه‌کسانی و زوڵم ئه‌گاته‌ ئاسمان . ئه‌مه‌ پرسیارێکی زۆر ساده‌و سانایه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێ خۆی به‌ میرو ئاغای ناوچه‌که‌ بزانێ ئه‌بێ ئه‌م پرسیاره‌ی له‌خۆی کردبێ .. ! . به‌داخه‌وه‌ پێویسته‌ پارته‌کان بزانن پێداویستی خه‌ڵکی چی یه‌ و چۆن ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ بۆئه‌وه‌ی کاره‌کانیان بۆ جێبه‌جێ بکرێ و خه‌ڵکی له‌خۆیان ڕازی که‌ن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ناوچه‌که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیری خه‌ڵکیان نی یه‌ و نایان په‌رژێته‌ سه‌ر خه‌ڵکی به‌ڵام که‌ئیشیان به‌خه‌ڵک هه‌بوو ئینجا ده‌ست ده‌که‌ن به‌مه‌رایی و پڕوپاگه‌نده‌ و درۆکردن . زۆر ئاسانه‌ هه‌رحیزبێک یان هه‌ر میری یه‌ک بیه‌وێ چاکسازی بکات ، به‌ڵام له‌لای ئێمه‌ به‌ته‌مای چاکسازی نه‌بین چونکه‌ ... !  وه‌ڵامی ئه‌و چونکه‌یه‌ش له‌دوو سێ دێڕی تردا ئه‌نوسم . ووڵاتانی دنیا له‌وه‌دا نه‌ماون خه‌ریکی خزمه‌تگوزاری و یارمه‌تی بن چونکه‌ هه‌موو شتێک ڕێکخراوه‌ و دڵنیا بووه‌ ژیانی خۆیان و میلله‌تیان وه‌ک و سه‌عات ئه‌ڕوات به‌ڕێوه‌ و ئه‌وه‌ی هاوڵاتی یه‌ و ئه‌وه‌یشی په‌ناهه‌نده‌یه‌ ماف و ژیانی هه‌یه‌و وه‌ک ماڵ و پاره‌ی مانگانه‌ که‌بێکاریش بیت وه‌هه‌روه‌ها نه‌خۆشخانه‌ش به‌خۆڕایی یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ بێکار بێت ، بێجگه‌ له‌وه‌ی له‌هیچ مافێک بێبه‌ش نین و بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ زه‌مینێکی ترو شوێنێکی تر هه‌بێت بیدۆزنه‌وه‌ بۆ حه‌سانه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌یان  . بالێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و چونکه‌یه‌ بده‌مه‌وه‌ که‌له‌ سێ دێڕی پێشودا باسمان کرد ... بۆ وه‌ڵامی چونکه‌که‌ ئه‌ڵێم  : ( له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو پارته‌که‌ی کوردستان هه‌ر خه‌ریکی شه‌ڕی ناوخۆبوون . به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌یان به‌ چه‌کێکه‌ له‌ تفه‌نگ و شمشێر ترسناکتره‌ ، ئه‌ویش شه‌ڕی سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌یه‌ ..  بۆنمونه‌ یه‌کێتی چاکسازی و لێپرسینه‌وه‌ بکات له‌گه‌ڵ لێپرسراوێکیدا ، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوانبارو پاشه‌ڵ پیسه‌‌ بۆ سبه‌ینێ کابرای لێپرسراو له‌ناو پارتی تۆز ده‌کات وه ‌هه‌روه‌ها پارتیش ئه‌گه‌ر له‌ لێپرسراوێکی گه‌نده‌ڵی  بپرسێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌یانی به‌خزم و که‌سه‌وه‌ له‌ناو یه‌کێتی ئاغایه‌و پله‌ی گه‌وره‌تری ده‌درێتێ .  جابه‌و شێوه‌یه‌ ووڵات ئه‌چێ به‌ڕێوه‌ که‌هه‌رگیز چاکسازی نه‌بینێ به‌خۆیه‌وه‌ .. ؟ . وه‌ک هه‌میشه‌ ووتومه‌ و ئه‌یڵێم : ( بوون به‌باوک ئاسانه‌ ، به‌ڵام باوکایه‌تی گرانه‌ ) . ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ بۆئه‌م بابه‌ته‌ پڕ به‌پێستێتی ، چونکه‌ بوون به‌ده‌سه‌ڵات و میری هێنده‌ی به‌ڕێوه‌بردنی گران نی یه‌ ، چونکه‌ ده‌توانی به‌هێز یان سه‌روه‌ت یان کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی شاد بیت به‌ده‌سه‌ڵات و ببیته‌ میری و ده‌سه‌ڵات له‌شوێنێکدا یان له‌ناوچه‌یه‌کدا ، به‌ڵام به‌ڕێوه‌ بردنی ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌ی سه‌رده‌م و یه‌کسانی ، ئه‌وه‌ سه‌نگی مه‌حه‌کی باشی یان خراپی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ک هاتنه‌ سه‌ر حوکمه‌که‌ی چونکه‌ پرۆلیتاری دیکتاتۆرمان هه‌یه‌ وه‌ک و ئه‌مانه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ که‌خۆیان برسی و ڕوت وقوت بوون و ژیانیان له‌سه‌ر لادێکان بوو به‌خۆیان ده‌گووت پرۆلیتار به‌ڵام ئه‌مڕۆ بوون به‌پڕۆلیتاری دیکتاتۆر . زۆر جاریش ده‌نگی ده‌هۆڵه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له‌دوره‌وه‌ خۆشه‌ بۆ نمونه‌ : چۆن ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی فه‌له‌ستین و ئوردن و یه‌مه‌ن و سۆماڵی یه‌کان  ... هتد .  به‌ده‌نگی ده‌هۆڵه‌که‌ی سه‌دام شاد بووبون چونکه‌ سه‌دام هه‌میشه‌ ئه‌یووت : من خه‌بات ده‌که‌م بۆ ئێوه‌ی عاره‌ب که‌ڕزگارتان که‌م له‌چنگی ئیستیعمار ، کوردیش واتێگه‌یشتبوو که‌هه‌موو به‌رهه‌ڵستکاران و پارته‌ کوردی یه‌کان شۆڕشگێڕن و ده‌بن به‌مامۆستای دیموکراتی بۆ ئه‌وگه‌له‌ سته‌م دیده‌یه‌ . ئه‌بێ یه‌کێتیش بیر له‌وه‌بکاته‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌مڕۆ به‌ره‌و نه‌مان و له‌ت بوون ده‌ڕوات و خه‌ڵکی متمانه‌ی له‌ده‌ست داوه‌و کار به‌ره‌و خراپی ده‌روات ، چونکه‌ بۆ تاکو دوێنێ شارێکی زه‌حمه‌تکێشی وه‌کو که‌لار له‌سه‌دا سه‌د ده‌نگ بدات به‌ یه‌کێتی به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌به‌ر نایاسایی و نایه‌کسانی و گه‌نده‌ڵی بته‌قێته‌وه‌ به‌ڕویدا ، ئه‌مه‌ بۆخۆی پرسیاره‌و‌ پێویسته لێپرسراوانی یه‌کێتی ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆیان بکه‌ن تاکو ئه‌و میلله‌ته‌ هه‌ژاره‌ نه‌دۆڕێنن و خوێن و هیلاک بوونی هه‌زاران ڕه‌نجده‌رو شه‌هید به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن و ئه‌و میلله‌ته‌ش ئاسوده‌بێت چونکه‌ له‌مێژه‌ هیلاکو نه‌حه‌ساوه‌یه‌ .‌

 

                               م . حه‌مید عه‌زیز

                   M_Hamidaziz@hotmail.com           ‌    ‌

 
           

 

02/09/2015