وه‌ک بینیمان له رێکه‌وتی ٢٥/٥ دا، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
کاک مه‌سعود بڕیارێکی ده‌رکرد به ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هه‌موو
ئه‌و زه‌ویه کشتوکاڵیانه‌ی که له لایه‌ن لێپرسراوه باڵاکانی
حزبه‌کانی باشوری کوردستانه‌وه، ده‌ستی به سه‌رداگیراوه و
کراوه به (مه‌زره‌عه) و ڤییه‌للا، دوای ڕوخاندنی ئه‌و خانوو
و پرۆژانه‌ی که له سه‌ری دروستکراون، زه‌ویه‌کانیش
ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌ندارێتی گشتی و میری، هه‌ر به پێی
ئه‌م بڕیاره‌ش ئه‌و زیانانه‌ی لێپرسراوه سه‌رپێچیکه‌ره‌کان
قه‌ره‌بوو ناکرێنه‌وه . به‌ڕاستی به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م
هه‌واڵه زۆر دڵخۆش بووم، ئاخر وه‌ک چۆن ده‌زانم که ئه‌مه
کیبۆرده پێی ده‌نوسم، ئاوهاش لام ڕونه، که هه‌موو خانوه‌کانی
فیرعه‌وناوا و دۆلاراواکانیان، کۆشکه‌ڕازاوه‌کانی سه‌رکێو و
هاوینه‌هه‌واره‌کانیان، مه‌زراکانیان،موچه زۆره‌کانیان،
ئۆتومبیله مۆدێل باڵاکانیان،(ده‌فته‌ر و بلۆک)ه
خه‌وتووه‌کانیان، کیلۆزێڕی هاوسه‌ره‌کانیان،به‌شی ڕه‌ش و ڕوتی
ئه‌م گه‌له‌ی پێوه‌یه. به‌ڵام هێشتا نا‌ئومێد نیم و لای
خۆمه‌وه بڕیارێکی له‌م چه‌شنه وا ده‌بینم، که
سه‌ره‌تایه‌کی موژده‌به‌خشه، پاش (به‌ڵام)ه‌کانی په‌ره‌گرافی
دواتر، چونکه ئه‌مه ده‌شێت ببێته یه‌که‌م هه‌نگاوی جدی و
شێلگیرانه‌ی دژ به گه‌نده‌ڵی، که ئێستا (بابه‌تی ڕۆژه) له
ناو شه‌قامی کوردی و له ناو توێژی ڕۆشه‌نبیرانیشدا. له
لایه‌کی تره‌وه یه‌که‌م بڕیاری سه‌رۆکی هه‌رێمه دوای
یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو هه‌رێمه‌که، که له قازانج و
به‌رژه‌وه‌ندی گشتیشدایه و یارمه‌تی ئه‌وه‌ش ده‌دات، تاکی
کوردی به ئومێد‌و و دڵنیاییه‌وه بڕوانێته بڕیاره‌کانی
قۆناغی داهاتوو. خۆ ئه‌گه‌ر هات و بڕیاری ناوبراو له بواری
پراکتیزه‌کردندا مه‌به‌ستی خۆی پێکا، ئه‌وا تا ڕاده‌یه‌کی
زۆر، ده‌کرێت ته‌می دوو دڵی و گومانی خه‌ڵکی کوردستان، له
په‌یوه‌ند به یه‌کگرتنه‌وه‌که‌ی دوو ئیداره‌که، له‌پێش
چاویان بڕه‌وێنێته‌وه و تابلۆیه‌کی گه‌شی یه‌کگرتنه‌وه‌ی
خۆڕسکانه و له دڵه‌و‌ه‌یی، نه‌ک ناچاری و یه‌کتربڕینی
به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌کان، له لای شه‌قامی کوردی وێنا
بکات.
دیاره من بێ گومانم، که ئه‌م هه‌واڵه، به وێنه‌ی من هه‌ر
تاکێکی تری گه‌له‌که‌مان، که تۆزێ دڵی بۆ کورد و
مه‌سه‌له‌که‌ی بسوتێت یان جگه له‌وانه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م
بڕیاره‌وه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، دڵخۆش و ئاسوده ده‌کات.
به‌ڵام... به‌ڵامه‌کانیش لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن، که هه‌ر
یه‌که‌شیان (چونکه) و (له‌به‌ر‌ئه‌وه)ی خۆی هه‌یه... به‌ڵام
ئایا ئه‌م بڕیاره به‌ته‌واوی و وه‌ک پێویسته به بێ
جیاوازیی، ده‌خرێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه؟ به ده‌ربڕینێکی
تر، ئایا بتوانین دڵنیا بین له‌وه‌ی که، سه‌رجه‌م
سه‌رپێچیکه‌رانی زه‌وییه‌کان، سه‌رپێچی ئه‌م بڕیاره‌ش ناکه‌ن؟
به‌ڵام ئایا سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆک کۆماری عیراق، که دوو
که‌سه هه‌ره ده‌ستڕۆیشتوه‌که‌ن له کوردستاندا، ئاماده‌ن به
یه‌کده‌نگی و هه‌مئاهه‌نگی کاری بۆ بکه‌ن و له هیچ که‌سێک و
خاوه‌ن عه‌شیره‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ندێک چاونه‌پۆشن؟ به‌ڵام ئایا
ئه‌م بڕیاره‌ش، له کاتی داڕشتنه یاساییه‌که‌یدا، بڕگه‌یه‌که‌ی
لاستیکی تێناترنجێنرێت، که له‌به‌ر خاتری خاترداران
کورده‌واری گوته‌نی (شه‌نده بکه‌ن به مه‌نده)؟. به‌ڵام ئایا
ئه‌و لێپرسراوه باڵایانه‌ی ناو دوو پارته ده‌ستڕۆیشتوه
سه‌ره‌کییه‌که، (حیله شه‌رعییه‌ک) نادۆزنه‌وه، که به جۆر و
شێوازێکی تر ده‌ست بگرنه‌وه به سه‌ر زه‌ویه‌کاندا؟ به‌ڵام
ئایا زه‌ویه‌کان دوای ئه‌وه‌ی له خاوه‌ن مه‌زرا و ڤییه‌للاکان
سه‌ندرایه‌وه، هه‌ر به‌ڕاستی ده‌بنه‌وه مولکی ده‌وڵه‌ت و
میری؟ یان ده‌کرێنه‌وه به پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری تر و به ناوێکی
تره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌نه سه‌رپێچیکه‌ره‌کانی
ئێستایان؟
به‌ڕای من وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و (به‌ڵام)انه له گره‌وی
ئه‌وه‌دایه، که ئایا ئه‌و دوو سه‌رکرده‌یه‌ی کورد(سه‌رۆکی
هه‌رێم و سه‌رۆک کۆماری عێراق)، به تایبه‌ت کاک مه‌سعود، که
ئێستا سه‌رۆکی گشتی هه‌رێمه و خاوه‌نی بڕیاره‌که‌یه،
ئاماده‌ن له خودی خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن؟
با بێین نمونه‌یه‌کی زیندوی ئه‌م سه‌رده‌مه باس بکه‌ین که
(ئیڤۆ مۆرالیس) سه‌رۆکی پۆلیڤیایه. ئه‌و سه‌رکرده ته‌مه‌ن ٤٦
ساڵه سورپێسته هیندیه‌ی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و دژایه‌تیه‌ی
ئه‌مریکا بۆ سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌م له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ١٨ی
دیسه‌مبه‌ری ٢٠٠٦ دای، توانی به بردنه‌وه‌ی ٥٤% ی ده‌نگه‌کان،
ببێته یه‌که‌م سه‌رۆکی سورپێست له‌و وڵاته دا.
پۆلیڤیا، ئه‌و وڵاته‌ی ئه‌مریکای لاتینی، که دانیشتوانه‌که‌ی
نزیکه‌ی دوو هێنده‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت (به
سنوری ئێستایه‌وه)، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه به هۆی
شه‌ڕوشۆر و کوده‌تای زۆره‌وه نائارامی سیاسی به خۆیه‌وه
بینیوه و یه‌کێکه له وڵاته هه‌ژاره‌کانی ئه‌و کیشوه‌ره و
٦.٥٨%ی خه‌ڵکه‌که‌ی له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن، جگه له‌مه‌ش
ئه‌مریکا و دراوسێکانیان یه‌ک دنیا کێشه و گیروگرفتیان بۆ
دروست کردون، مه‌به‌ستم له‌م زانیاریانه ئه‌وه‌یه، که
خوێنه‌ری به‌ڕێز وا نه‌زانێت باسی وڵاتێکی بێ کێشه‌ی گه‌وره و
ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌وروپی یان ده‌که‌م.
ئه‌م سه‌رکرده لێهاتو و هه‌ژارپه‌روه‌ره، که نمونه‌ی له
جیهاندا زۆر که‌مه، پاش ئه‌وه‌ی گه‌یشته سه‌ر کورسی
ده‌سته‌ڵات، وه‌ک زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد خۆی لێنه‌گۆڕا و
ده‌ستی نه‌کرد به دزینی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌له‌که‌ی، به‌ڵکو
یه‌که‌م بڕیار که دای، که‌م کردنه‌وه‌ی موچه‌ی خودی خۆی بوو
له پێشدا وه‌ک سه‌رۆکی وڵات،که له ٣٦٠٠ دۆلاره‌وه بۆ ١٨٠٠
دۆلار، ئینجا هات موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زیره‌کان و لێپرسراوه
پایه به‌رزه‌کانی حکومه‌تیشی که‌مکرده‌وه بۆ نیوه. ئاخر ئه‌م
به پێچه‌وانه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌وه، کۆشکی سه‌رۆکایه‌تی و
فه‌رشی سور نه‌یانتوانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی له بیرببه‌نه‌وه، که
هێشتا مێردمناڵێک بوو، له به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری له
خوێندنه‌که‌ی وازیهێنا و ده‌ستی کرد به بۆیاخکردنی قۆنده‌ره
و پاشانیش به نانه‌وایی و شیرینی فرۆشیی و ده‌ستگێڕیی باربووی
خوشک و براکانی ده‌کرد، و خۆشی ده‌یگێڕێته‌وه که جاری وابووه
له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیدا سێ ژه‌مه شۆربای گه‌نمه‌شامییان
خواردوه !!
بۆیه ناوبراو نه‌ک هه‌ر لای خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆی (پۆلیڤیا)
به‌ڵکو خه‌ریکه ده‌بێته جێی ئومێدی سه‌رجه‌م ڕه‌ش و ڕوت و
هه‌ژارانی وڵاتانی ئه‌مریکای لاتینی، بێ هوده نییه کاتێک له
هه‌ڵبژاردندا سه‌رکه‌وت، زۆر له لێکۆڵه‌ره‌وانی سیاسی به (چ.
گوارا ی دووه‌م) یان ناوبرد. ئه‌م وه‌ک چۆن له سه‌رئاستی
سه‌ره‌وه به‌رده‌وام کار بۆ به‌هێز کردن و سه‌ربه‌خۆ بوونی
ئابوری وڵاته‌که‌ی ده‌کات، وه‌ک خۆماڵی کردنی نه‌وت و گازی
سروشتی، که به کرده‌وه‌ش پیاده‌ی کرد، ئاواش له‌ناوخۆدا
هه‌وڵی شێلگیر و جه‌سورانه و لێبڕاوانه ده‌دات، که ڕیشه‌ی
گه‌نده‌ڵی له نێو به‌رێت و جیاوازی نێوان هه‌ژاران و
ده‌وڵه‌مه‌ندان، جا با لێپرسراوانی باڵای حکومه‌تیش بن،
نه‌هێڵێت یان لانی که‌م که‌می بکاته‌وه.
له کۆتاییدا ئه‌و پرسیاره‌ی پاش ده‌ستخۆشی لێکردنی بۆ ئه‌م
بڕیاره، ده‌مه‌وێت له کاک مه‌سعودی بکه‌م، ئه‌وه‌یه، که
ئایا به‌ڕێزتان ئاماده‌ن وه‌ک (ئیڤۆ مۆرالیس) له خودی
خۆتانه‌وه، له کۆشک و ته‌لار و مه‌زراکانتانه‌وه ده‌ست پێ
بکه‌ن؟؟؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی به به‌ڵێیه، ئه‌وا هیوامان
به بڕیاره‌که‌یه و وا گه‌شبینانه چاوه‌ڕوانین...
2.6.2006
|