کوردانی هه‌نده‌ران له‌ نێوان قه‌یران و چاره‌ سه‌ر کردندا !

 

هوشیار عوسمان

 

    ( به‌شی چواره‌م)

ژیانی هه‌نده‌ران تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ ، هه‌موو ڕووه‌کانی ژیان ڕه‌نگێکی دیکه‌ به‌ خۆی  ده‌گرێت ، له‌ نیشتماندا خه‌ڵکی گوندو شار یه‌کتر ده‌ناسن ، فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریت وئاره‌زووه‌کان  نزیکن به‌یه‌ک ،که‌سایه‌تی تاکه‌کان  ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقعییه‌ته‌ن که‌ تێیدا ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن . به‌ڵام له‌ جیهانی غوربه‌ت دا هه‌موو کاره‌کان کاردانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ ، لێره‌وه‌ تاکی کورد توشی ده‌یان گۆڕانکاری جه‌سته‌یی وده‌روونی ده‌بێت . بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان کاری یه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاکی کورد دایه‌؟  یان لێره‌ش به‌ جۆرێکی تر ڕه‌گه‌زو ناسنامه‌و که‌سایه‌تی ده‌توێته‌وه‌!؟..

بۆ به‌ دوادا چوونی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌بێت کوردانی هه‌نده‌ران بکه‌ین به‌ چه‌ند به‌شێکه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ی پێش هه‌شتاکان کۆچیان کردوه‌و ئه‌وانه‌ی دوای هه‌شتاکان و دواتریش دوای ڕاپه‌ڕین  تا ده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ.

شتێکی ئاشکرایه‌ هه‌موو کۆچه‌کان بۆ ڕزگاربوون له‌ سته‌م و دیکتاتۆری یه‌ت بووه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌ یاد نه‌که‌ین ئاوات و ئامانجه‌کان و ژیانی گشتی دوای کۆچی ئه‌م به‌شانه‌ لێک جیاوازن ، تێڕوانین و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ، ئاستی ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمه ڵایه‌تی ، شیرازه‌ی خێزان و په‌یوه‌ندی ئه‌ندامانی خێزان ،کارو پیشه‌ و ڕاده‌ی خوێندن و پله‌ی زانکۆیی ، تواندنه‌وه‌یان له‌ ناو کۆمه‌ڵگای بیانی دا و...

که‌واته‌ ناتوانین و ڕه‌وا نی یه‌ هه‌موو کوردان به‌ یه‌ک چاو سه‌یر بکه‌ین و هه‌موو به‌ یه‌ک ترازوو پێوانه‌ بکه‌ین.لێره‌دا هه‌موو به‌ یه‌ک چاو سه‌یر ده‌که‌ین له‌وه‌ی کوردن ، هه‌ڵهاتووی ده‌ستی داگیرکه‌رن ، له‌مه‌ولا پێویستیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌یه‌ ، تا له‌ داخوازیه‌کانیان گوێ بگرێت، ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ هاوکاری و یارمه‌تی هه‌یه‌ با، باری شانی سووک بکرێت و ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی خۆی پێ بگه‌یه‌نێت با باوه‌شی گه‌رمی بۆ بکرێته‌وه‌ و له‌ بواری پسپۆڕی خۆیدا خزمه‌ت بکات ، هه‌روه‌ها هه‌وڵ بدرێت منداڵه‌کان  په‌روه‌رده‌یه‌کی کوردانه‌ به‌ میتۆدی زانستی به‌خێو بکرێن.

زۆرن ئه‌وانه‌ی ئامانجی به‌رزیان پێکاوه‌ و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ شانازی بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی تێیدا نیشته‌جێ بوون، به‌ڵام تاکو ئه‌مڕۆ لایان لێ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ، چونکه‌ حیزبی نین یا که‌س و کاری به‌رپرسان نین.! لێره‌وه‌ قه‌یرانی ناو دام و ده‌زگای کوردیش دێته‌ ڕوو،!

ڕێژه‌یه‌کی له‌ به‌رچاویش له‌ زیندان و دادگاکاندا ته‌مه‌نی غوربه‌تیان سه‌رف ده‌که‌ن ، که‌ جێ ی داخه‌ تا وه‌کو  ئه‌مڕۆ پشت گوێ خراون ،  چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و ئه‌بێت له‌ بواره‌دا ڕۆڵ ببینن ، ته‌قه‌ی سه‌ریان دێت و هه‌موو قه‌یرانێک له‌ ناو گیرفاندا ده‌بینن.!

ژماره‌یه‌کی تر له‌ کوردبوون خۆیان شۆردوه‌ته‌وه‌ و به‌ مادده‌ سڕکه‌رو بێهۆشی یه‌کان ده‌چنه‌ ناو ئه‌و ژیانه‌ی که‌ هه‌موو ئاده‌میزاد نه‌فره‌تی لێ ئه‌کات. یان به‌ قومار کردن و کاری مافیایی شه‌و، ڕۆژ ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مانه‌ش کوڕی ئه‌وانه‌ن که‌ دوێنێ له‌ ترسی ئه‌نفال کردن  و مه‌رگی به‌ کۆمه‌ڵ ،خۆیان دایه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر و قاچاغ چییه‌کان، تاوه‌کو ڕزگاریان بێت له‌ شاڵاوه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌کان ، که‌چی له‌ مه‌نفا به‌ پاره‌ی خۆیان و ده‌ستی خۆیان منداڵه‌کانیان و نه‌وه‌ی دوای خۆیان پاکتاو کرد!...ده‌سه‌ڵاتی کوردی لێره‌دا چۆن پاساو ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ بێده‌نگی و نه‌بوونی چالاکیان ؟!.

ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ به‌شێکن له‌ خزم و که‌س و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی که‌ دوێنێ گیانیان به خشی بۆ ڕزگاری و سه‌رفرازی ، که‌چی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌ ڕابواردنی سفره‌ی شه‌وانی هه‌ندێک لێپرسراو خه‌رج ده‌بێت و له‌ولایشه‌وه‌ گه‌نجه‌کانمان له‌ ناوه‌ندی پێشکه‌وتن و شارستانی یه تی ئه‌وروپادا له‌ زه‌لکاوی ڕه‌وشت نزمی و پووچیدا ڕۆژانی ته‌مه‌نیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن!...

به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌مه‌ قه‌یران نه‌بێت..چی قه‌یرانه‌؟؟!!...            de.yahoo@hushyarosman

   

 

 
           

 

02/09/2015