عێراقی بوونی کورد ، ڕاستی یه‌که‌ی له‌ کوێدایه‌ ؟!

 

هوشیار عوسمان

 

کورد خه‌ڵکی کوردستانه‌ ، داب و نه‌ریت و که‌لتووری تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ ،بۆ سه‌لماندنی مێژوویه‌کی دوورو درێژ، شاهیدو زمان حاڵی یه‌تی و ئه‌و ڕاستی یه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ که‌ کوردستان نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ .

به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی  ده‌وروبه‌ر له‌وه‌دا بووه‌ ، ئێمه‌ له‌ یه‌ک دابڕین ، ووڵاتمان له‌ت له‌ت بێت ، پاشکۆی خه‌ڵکانێک بین و له‌ هه‌موو مافێک بێ به‌ش بین !، برسی و هه‌ژار بین ، ساویلکه‌و نه‌خوێنده‌وار له‌ گه‌ڵ ژانه‌کانمان دا بۆ هه‌میشه‌یی  دانه‌بڕێین!، له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بین ، کێ له‌ سه‌ره‌وه‌ بوو چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ین ، ڕاست و چه‌پی خۆمان نه‌زانین ، به‌ ئاوازی  ئه‌وان هه‌ڵپه‌ڕێین!، به‌ خۆمان نامۆ بین ، له‌ هه‌مان کاتدا زمان و که‌لتوورو گۆرانی یه‌کانی ئه‌وان بکه‌ینه‌ سه‌ر مه‌شق و به‌رنامه‌ی ژیانمان ، به‌ کورتی له‌ هه‌موو کارێکدا بۆ ئه‌وان بین و هه‌رگیز بۆ خۆمان بیر نه‌که‌ینه‌وه‌ ...

که‌م تا زۆر  نه‌ته‌وه‌ی کوردی به‌ش به‌ش کراو ، له‌  به‌رده‌م  پیلانه‌کانی دوژمناندا به‌رخودان و ڕاپه‌ڕینی چه‌کداری و سیاسی له‌ خۆی نیشان داوه‌ و ده‌ریایه‌ک خوێنی کورد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕژاوه‌ .

 ئه‌مڕۆ دوای ده‌یان شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی پیرۆزی ڕزگاریخوازی ، ئیداره‌یه‌کی کوردی و په‌رله‌مان له‌ باشووری کوردستان  دروست بووه‌ و ئاواتی هه‌موو کوردێکی به‌ ویژدانه‌ ده‌سکه‌وتی مه‌زنتر به‌ دوایدا بێت ، که‌چی له‌ لایه‌ن به‌ڕیز سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردی یه‌وه‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ :( زۆربه‌ی کوردانی  ئه‌وروپا ده‌ڵین عێراقین ، یاخود کوردی عێراقین)

دوابه‌دوای ئه‌م ووته‌یه‌ کوردانی ده‌ره‌وه‌ بێزاری خۆیان ده‌ربڕی ، که‌ له‌ لایه‌ن ڕاوێژکاری سه‌رۆکی په‌رله‌مان  ڕوون کردنه‌وه‌یه‌ک بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ تێیدا ووترا بوو زۆربه‌ی کوردان مه‌به‌ست کوردانی عێراق بووه‌ . که‌ له‌جێ ی چاککردن خراپتریان کرد ،چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌رد و زوخاوی تا سه‌ر ئێسقانی  به‌ زۆر عێراقی بوونیان چه‌شتووه‌ ،  خزم و که‌س و بنه‌ماڵه‌یان ئه‌نفال و کیمیا باران کراوه‌ ، خۆیان به‌  سه‌دان زام و برینه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ ژانی مه‌نفا و غوربه‌ت ده‌چێژن ، ته‌نها تاوانیان کورد بوون بووه‌ و به‌ زۆر به‌ ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیتاری دیکتاتۆره‌وه‌ به‌سرابوونه‌ته‌وه‌ ، ئێستا بوون به‌ عێراقی 24 عه‌یار . له‌ به‌رچی ؟ چونکه به‌ ووته‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان ئێستا عێراقی فیدراڵه.

بۆ من جێگای پرسیاره‌ :  له‌ کوردستان ڕاپرسی یه‌ک کرا زۆرترین ڕێژه‌ی  به‌شداربووان داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان کرد ،دواتریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات  تاکو ئه‌مڕۆ هیچ ڕاپرسی یه‌ک  نه‌کراوه‌ ،ئیتر له‌ کوێوه‌ به‌ به‌رێزیان گه‌یشت که‌ زۆربه‌ی کوردانی ئه‌وروپا خۆیان به‌ عێراقی ده‌زانن ، ئاخر له‌ چ سه‌فاره‌تێکی عێراقیدا ڕێزو بایه‌خیان داوه‌ به‌ کورد که‌ خۆیان بکه‌ن به‌ عێراقی.، پرۆژه‌کانی ئه‌و فیدراڵیه‌ته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ کام ده‌ردو قه‌یرانی کوردانی ساڕێژو ده‌رمان کردووه‌ که‌ ڕه‌وه‌ندی کورد به‌ شانازی یه‌وه‌ خۆیان به‌ نه‌وه‌ی عێراق بزانن!!؟.

ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ به‌ سه‌ر چوو ، خه‌ڵکی به‌  ناحه‌ق بۆ  کردارو گوفتاری به‌رپرسان  سه‌ر بله‌قێنن و بێ ڕای  خۆیان داخوازیه‌کانیان به‌ جێ بگه‌یه‌نن ..هه‌موو هاووڵاتیه‌ک

ماف و ئه‌رکی خۆی هه‌یه‌ ،ئه‌و مافانه‌ی که‌ من  وه‌ک کوردێکی عێراقی ده‌بێت خاوه‌نی بم تا ئێستا بۆ نیمه‌؟   له‌ کوێ ی ئه‌وروپادا قه‌یرانه‌کانی که‌سایه‌تی کورد له‌ لایه‌ن عێراقی فیدراڵی یه‌وه‌  چاره‌سه‌ر کرا که‌ ئه‌مڕۆ  له‌ جیاتی ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ دژی  ئه‌و لێدوانه‌ ، خه‌ڵکی کوردی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستانیش به‌ بیست په‌نجه‌ بۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان مۆر بکه‌ن به‌ڵێ ئێمه‌ کوردی عێراقین..

که‌واته‌ ڕاگه‌یاندنی  به‌رێزی په‌رله‌مان ، ڕاستی یه‌کان  ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بێت ئێوه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن ، ئه‌ی چه‌واشه‌کاری له‌ کوێدایه‌و ده‌بێت چی بێت؟؟!!...

hushyarosman@yahoo.de

 
 

           

 

02/09/2015