کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ ،بوونه‌وه‌ به‌ عێراقی؟!

 

  هوشیار عوسمان

 

ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ  له‌ ده‌ره‌وه‌ی کورستان ده‌ژین ، ده‌رکراوی ده‌ستی ئه‌و ڕژێمانه‌ن که‌ به‌ سه‌ر پارچه‌کانی کوردستاندا حوکم ده‌که‌ن ، ئه‌وانه‌ له‌ هه‌موو مافێکی سه‌ره‌تایی بێ به‌ش بوون ، له‌ هه‌مان کاتیشدا مه‌رگی ناوه‌خت چاوه‌ڕێی ده‌کردن بۆیه‌ بنه‌و بارگه‌یان پێچاوه‌ته‌وه‌و به‌ره‌و ئایینده‌یه‌کی نادیار که‌وتونه‌ته‌ ڕێ.!

کوردانی هه‌نده‌ران له‌و ڕۆژه‌ی هاتوونه‌ته‌ تاراوگه‌، ڕق وبێزارییان زیاتر بووه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیرکه‌ری کوردستان  ، زۆر تر نه‌فره‌تییان کردووه‌ له‌و ده‌ستانه‌ی که‌ له‌ کاتی خۆیدا نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له‌ت کردووه‌ ، ئاخر نه‌ له‌ ڕابوردوو وه‌ نه‌ له‌ ئێستادا هیچ کام له‌م ووڵاتانه‌ خێرو خۆشیان بۆ کورد نه‌بووه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا کام شێوازی تۆقێنه‌ری نا مرۆڤانه‌ هه‌یه‌ به‌ سه‌ریاندا ڕژانویانه‌ ، ئیتر که‌ی ڕه‌وایه‌ کورد خۆی بکاته‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌و ووڵاتانه‌ ؟!.

له‌وه‌ سه‌ر سووڕ هێنه‌ر تر ئه‌وه‌یه‌  خه‌ڵکانی تر به‌ ناوی ڕه‌وه‌ندێکی یه‌ک ملوێنی کورده‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن و هه‌مووی بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌و ووڵاتانه‌ ی که‌ تاکو ئه‌مڕۆ  کورد به‌  هاووڵاتی خۆیان نازانن!. ڕاسته‌ دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌ددام کورد له‌ به‌غداد ڕۆڵی گرنگی له‌ خۆی نیشان دا بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی  ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی ، به‌ڵام کام له‌ لایه‌نه‌ کانی تر ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ بۆ بنیات نانه‌وه‌ی عێراق خۆیان ماندوو کرد؟ کامه‌یان بۆ داننان به‌ مافی کوردا له‌ سه‌ر مێزه‌کانی گفتوگۆی ئه‌نجومه‌نی ‌حوکم وده‌وڵه‌تی کاتی ودانانی ده‌ستوور و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و...خۆیان خه‌ریک کرد و پشتگیریان کردین؟!.

ئه‌مڕۆ که‌ کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زیدا پێگه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ، مانای ئه‌وه‌ نی یه‌ هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی  کوردیش  خاوه‌ن  به‌شه‌ له‌ به‌ڕیوه‌ بردنی ژیانی کۆمه‌ڵگای عێراقی ، به‌ڵکو گوشاری ده‌ره‌وه‌  هۆکاری سه‌ره‌کی بووه‌ ، دواتریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ، کام کوردی هه‌نده‌ران ئاوا به‌ زوویی نازو نیعمه‌تی بوون به‌ عێراقی ڕژا به‌ سه‌ریدا که‌  به‌ڕیز سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ برا عه‌ره‌به‌کان و هه‌موو جیهان ڕابگه‌یه‌نێ :(زۆرینه‌ی کوردانی ده‌ره‌وه‌ خۆیان به‌ عێراقی ده‌زانن)!!..

له‌ کوێ ی ده‌ره‌وه‌  ڕاپرسی کراو  زۆربه‌ی کوردان ئه‌م خواسته‌یان گه‌یانده‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان .ئه‌ویش  زۆر به‌ په‌له‌ هه‌واڵه‌که‌ی به‌ میدیای عه‌ره‌بی گه‌یاند.؟. له‌وانه‌یه‌ سه‌فه‌ری ئه‌م جاره‌ی به‌رێزیان بۆ ئه‌وروپا ته‌نها بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بووه‌؟

شوکر بۆ خوا کوردانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر قه‌یران و ناخۆشی یه‌کیان بێت ، به‌رپرسانی کورد له‌ نزیکه‌وه‌ له‌و کاتانه‌ی سه‌ردانی ڕۆژئاوا ده‌که‌ن به‌ هانایه‌نه‌وه‌ دێن و ئه‌وه‌تا له‌ هه‌موو ووڵاتانی ئه‌وروپادا ڕێکخراوی جه‌ماوه‌ری و که‌لتورییان بۆ کردونه‌ته‌وه‌ و له‌ کێشه‌کانیان ده‌کۆلنه‌وه‌ و ته‌نها گرفتێک که‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرابوو نه‌بوونی ناسنامه‌ی عێراقی بوو،که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌.!!

خه‌ڵکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا ، قه‌یرانی ناسنامه‌ی میللی و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی  هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ناو گێژاوی فه‌رهه‌نگی بێگانه‌دا گیان ده‌ده‌ن چاره‌ سه‌ر بکه‌ن و به‌دوادا چوونی په‌له‌ی بۆ بکرێت ، که‌چی بوون به‌ عێراقی بوون زۆر له‌وه‌ گرنگتره‌ و ئه‌وا سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردی بڵاوی کرده‌وه‌!..

له‌ گه‌ڵ ده‌ست خۆشی بۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان ، هیواخوازین به‌ زوویی په‌ڕتووکی مێژووی عێراقی نوێ به‌ هه‌موو ڕۆژئاوادا بڵاو بکاته‌وه‌ و بیگه‌یه‌نێته‌ کوردان ، تاکو ئه‌و عێراقه‌ی به‌رێز سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان باسی ده‌کات .نه‌وه‌ی کوردی له‌ هه‌نده‌ران شاره‌زای بن که‌ له‌ دروست بوونی یه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورد چ هه‌ڵوێستیکیان بووه‌ !! ..

له‌ کۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا په‌ندێکی کوردی ده‌خه‌مه‌وه‌ بیر که‌ ده‌ڵێ :

هیوامان به‌ وه‌یس بوو ، وه‌یسیش به‌ سوننی ده‌رچوو!!*

                                                                                                                                 hushyarosman@yahoo.de

 

ده‌توانن  مزگێنی یه‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان لێره‌دا ببینن:

http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&issue=10047&article=366067  *

 
           

 

02/09/2015