کوردانی ‌هه‌نده‌ران له‌ نێوان قه‌یران و چاره‌سه‌رکردندا!

 

هوشیار عوسمان
hushyarosman@yahoo.de

 

  (به‌شی پێنجه‌م) 

کاره‌ساته‌کانی کوردستان وایکرد ، هه‌موو شوێنێک به‌ خۆش بزانین ، وامان لێهاتبوو ووشه‌ی (خارج) جیهانێکی ئه‌فسووناوی له‌ بیرو خه‌یاڵماندا دروست بکات ! گرنگ نه‌بوو چ ووڵات و میلله‌تێک  ده‌بێته‌ نیشتمان و ڕه‌گه‌زی دووه‌ممان ، ته‌نها هه‌ڵهاتن هیواو ئامانج بوو ،لێره‌وه‌ ده‌زانین ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ کوردیان تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌  درێژه‌ بده‌ین به‌ گه‌یشتن به‌  خه‌ونه‌کانمان به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ له‌و کاته‌دا له‌وێ مافی په‌نابه‌ری ئاسان وه‌رگیراوه‌ ، ئیتر چی ده‌بێت دوای ئه‌وه ده‌درێته‌ ده‌ست قه‌زاو قه‌ده‌ر.!

هه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه‌ ده‌بینین زۆرن ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ نیشتماندا پله‌و پایه‌ی خوێنده‌واری به‌رزیان به‌ده‌ست هێناوه‌و له‌ پۆستی ئیداری باشدا کاریان ده‌کرد ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ گشتی یه‌کانی وه‌ک چێشتخانه‌و تاکسی و کیوسک و...خۆیان ده‌بیننه‌وه‌! ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌ست به‌ کار بوون، ئه‌وا شتێکی زۆر پیرۆزه‌ ، چونکه‌ کار کردن  شه‌ره‌فێکی مه‌زنه‌ بۆ مرۆڤ، ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژێک له‌ ڕۆژی پێشوو تر ئاسووده‌ ترن‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی به‌ ئامانجی خۆی گه‌یشتووه‌ و ماندوو بوونی به‌ فیڕۆ نه‌چووه‌.!

به‌ڵام کاتێک خه‌مه‌کانی به‌ ڕه‌نگێکی دیکه‌  دێته‌ گۆ ، کاتێک پشوو دان و تامه‌کانی ژیان هه‌ست پێ ناکات ، خۆی به‌ وون بوو ده‌زانێت ، هێزو ووزه‌ی به‌ ره‌و کۆتایی ده‌ڕ‌وات ، منداڵه‌کانی وه‌ك پێویست ناتوانن‌ له‌ زانستی ده‌ره‌وه‌ سوود وه‌ربگرن ، شیرازه‌ی خێزان به‌ شێوه‌ی کوردی به‌ره‌و کاڵ بوونه‌وه‌ بڕوات و...

ئه‌و کاته‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکرێت و ڕێگاکانی ڕزگار بوون شی بکرێته‌وه‌. كێ هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت و ئاگای له‌ به‌رنامه‌ی ژیانی خه‌ڵکی ڕۆژئاوا نه‌بێت؟ ئایا تاکو ئێستا‌ له‌ نێوان خۆمان و ئه‌واندا هه‌ڵسه‌نگاندمان کردووه‌؟ خاڵی هاوبه‌ش و جیاییمان دۆزیوه‌ته‌وه‌؟‌! هه‌روه‌ها له‌ نێوان کوردانی ده‌ره‌وه ‌و ناوه‌وه‌ دا جیاوازیه‌کان چی یه‌؟ ئه‌وانه‌ی که‌ ته‌مه‌نێک له‌ هه‌نده‌ران ده‌ژین تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک و له‌ چ مه‌سه‌له‌یه‌کدا زۆر تر ئاسووده‌ن ، ڕێژه‌ی خۆشبه‌ختی لای کامیان زۆره‌؟ ئه‌مانه‌ و زۆر بابه‌تی تر ده‌بێت به‌ دوا‌دا چوونی بۆ بکرێت. تاکو له‌ سه‌ر بنه‌ماکانی کار بکرێت .. کار کردنیش ده‌بێت له‌لای ئه‌وانه‌وه‌ بێت که‌ پسپۆڕی ئه‌م مه‌یدانه‌ن، به‌ڕێوه‌بردن و چاودێری کردنی کاره‌که‌، ده‌زگایه‌کی ئیداری ده‌خوازێت که‌ له‌ ئه‌مڕۆدا ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستانه‌ .

ڕه‌وه‌ندی کورد ده‌توانرێت له‌ ئایینده‌ی گه‌له‌که‌ماندا سوودی لێ وه‌ربگیرێت، له‌ بنیات نانه‌وه‌ی ژێر خان و سه‌رخانی نیشتمان ڕۆڵی کاریگه‌ریان هه‌بێت ، له‌ هه‌مان کاتدا ڕووه‌که‌ی تریشی نابێت له‌ بیر بکه‌ین ، ئه‌گه‌ر بێتو پشت گوێ بخرێت! بۆ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت.

کوردانی مه‌نفا که‌م تا زۆر له‌ گه‌ڵ  ووڵاتدا په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ ، باش بوونیان  له‌ کردارو گوفتاردا هیواو ووزه‌یه‌کی زۆر ده‌به‌خشێته‌ خه‌ڵکانی ناوه‌وه‌ ، پێچه‌وانه‌که‌شی نائومێدی و به‌د بینی دروست ئه‌کات . بۆ خه‌ڵکانی بێگانه‌ش کاریگه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ، لێره‌وه‌ سه‌یر بکه‌ کوردێکی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزی زانکۆیی له‌ وولاتێکی ڕۆژئاوا خزمه‌ت گوزار بێت و به‌ناو بانگ بێت . یان تاوانبارێکی مافیایی جیهانی بێت و خه‌ڵک نه‌فره‌تی بۆ بنێرن.!!

ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێم به‌ هۆی نه‌بوونی دام و ده‌زگایه‌کی تایبه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ بتوانێت کوردان له‌ ژێر یه‌ک چه‌تردا کۆبکاته‌وه‌، له‌ هه‌مان کاتدانزمی ئاستی هوشیاری ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ جێگه‌و پێگه‌ی خۆیاندا هۆکاری سه‌ره‌کی یه‌ بۆ دروست بوونی کێشه‌و گرفتی جۆراو جۆر. ئه‌گه‌ر وا بڕوات کوردانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌و په‌نده‌یان به‌ سه‌ردا ده‌چه‌سپێت که‌ ده‌ڵێت :

له‌ کورده‌که‌ی هه‌ر دوو جه‌ژن بوو..

ئۆباڵی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی کورد ده‌زانن و تاکو ئه‌مڕۆ یه‌ک ملوێن کوردیان فه‌رامۆش کردووه‌ و له‌ میدیاکانیشدا  بانگه‌شه‌ی عێراقی بوونیان بۆ ده‌که‌ن و ناسنامه‌ی کوردیان لێ ده‌سێننه‌وه..!  ‌

 

 
 

           

 

02/09/2015