فۆبیای ئازادی ، فۆبیای ره‌خنه‌!!

 

ئبراهیم حوسێن
ibrahimhwssain@hotmail.com

 

 

 له‌ په‌راوێزی قسه‌کانی کمال که‌رکوکی

 

 ده‌سه‌لاته حیزبیه‌کانی کوردستان باکیان له‌وه‌ نیه‌ که‌ کاتیک باسی ئه‌زموونی ده‌سه‌لاتداریتی خۆیان ده‌که‌ن، به‌ نمونه‌ی ده‌سه‌لاتێکی دیموکرات وکراوه‌و ئازاد گوزارشتی لێ ده‌که‌ن وزۆرجار له‌وه‌ش زیاتر پێی لێ راده‌کێشن و له‌ سه‌رشاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌کان وه‌ک نمونه‌یه‌ک باسی ده‌که‌ن که‌ ده‌بی خه‌لکانی تر وه‌ک نونه‌ی دیموکراسیه‌ت چاوی لێ بکه‌ن و په‌یره‌وی لێ بکه‌ن!!به‌لام ئه‌فسووس ئه‌وه‌ ته‌نیا پروپاگه‌نده‌یه‌کی سیاسیه‌ که‌ بۆ مه‌سره‌فێکی سیاسی دیاریکراو رۆژانه‌ ده‌خریته‌بازاره‌وه‌،نه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ریتیکی سیاسی و جیددی و ره‌گ و ریشه‌ داکوتاوبێ له‌ ستراکته‌رو کولتوری سیاسی ئه‌و هێزانه‌دا!! له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ره‌خنه‌و ده‌نگێکی جیددی نارازی ناو کۆمه‌لگادا،په‌تی ته‌حه‌ممولی دیموکراسیه‌ته‌که‌یان ده‌پچکرێ و زه‌مزه‌مه‌ونه‌شئه‌ی تۆتالیتیریزم و دیکتاتۆریه‌ت هه‌موو ده‌نگه‌کانی تر، هه‌موو ره‌نگ و غه‌ریزه‌و پێوه‌ره‌ شارستانی وتۆلێرانسه‌کانی تر کپ ده‌کاو رایده‌مالێ!! ئه‌وه‌تا کمال که‌رکوکی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ گفتوگۆیه‌کی خۆیدا له‌گه‌ل( هه‌ولیر پۆست)هه‌موو ئه‌و نووسه‌رو روناکبیرو که‌سایه‌تیه‌ نارازیانه‌ی که‌ به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان له‌ نووسین وهه‌لوێسته‌کانی خۆیاندا، ده‌سه‌لاته‌ گه‌نده‌له‌کانی حیزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کانی کوردستان ره‌خنه‌ ده‌که‌ن، به‌که‌سانی گومانلیکراو له‌ قه‌له‌م ده‌دا که‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌و ده‌ستێکی ده‌ره‌کی ده‌یانجوولێنێ وئاره‌سته‌یان ده‌کا.

 

بێ گومان هه‌لوێست ومامه‌له‌ی له‌وجۆره‌ هه‌لویست مامه‌له‌یه‌ک نیه‌ که‌ زاده‌ی هه‌لچونیکی ساته‌وه‌ختی ئه‌و به‌رێزه‌بن، به‌لکو درێژکراوه‌و زاده‌ی کلتورو نه‌ریتێکی سیاسین که‌ ترس له‌ ره‌خنه‌ی ئازادو جیددی و له‌ بیرورای ئازادو له‌ هیزی ره‌خنه‌گری ناو کۆمه‌لگای تا ئاستی فۆبیایه‌کی گه‌وره‌وتۆقێنه‌ر له‌ هه‌لسو که‌وتی سیاسی خۆی دا گه‌شه‌ پێداوه‌.هه‌موو ده‌سه‌لات رژێمه‌ تۆتالیتیره‌کان به‌بێ جیاوازی له‌ و فۆبیایه‌دا ده‌ژین، له‌ فۆبیای فراراوان بوونه‌وه‌ی پانتایه‌کانی ئازادی وبه‌رین بوونه‌وه‌ی مه‌وداکانی کلتوری ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌لات و خه‌یال وفانتازیه‌ وه‌همیه‌کانی ده‌سه‌لات دا ده‌ژین.

 

هه‌ر ئه‌م ترسانه‌ له‌ ئازادی و ره‌خنه‌ و بیرورای جیاوازه‌یه‌ که‌ وای کردووه‌ ده‌سه‌لاته‌ گه‌نده‌له‌کانی ئه‌مرۆی کوردستان ‌، له‌ جیاتی گرتنه‌به‌ری لۆژیکێکی مه‌ده‌نی له‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ ‌وبیرورای ئازادو قبول کردنی ره‌وایی داواکاری و خواسته‌کانی کۆمه‌لگا بۆ ژیان وچاره‌نووسێکی باشتر ، مافه‌ ساده‌و سه‌ره‌تاییه‌ کانی کۆمه‌لگاو جه‌ماوه‌ری خه‌لک له‌ ناره‌زایه‌تی و خپیشاندان، مافی نووسه‌ران و روناکبیرانی نارازی بۆ ره‌خنه‌ گرتن و ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات و ره‌فتاره‌کانی تا رادده‌ی مه‌ترسی هاوشانی دوژمن و ده‌ستی ده‌ره‌کی  گه‌وره‌ بکاته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریان دا زمانی چه‌ک وهه‌ره‌شه‌ وزیندان بخاته‌ کار!! هه‌ر ئه‌م ترس وفۆبیایه‌یه‌ که‌ ئه‌و‌ ده‌سه‌لات وهێزانه‌ی گه‌یاندۆته‌ رؤژگارێک که‌ ناره‌زایه‌تی خه‌لک له‌سه‌ر دابین کردنی ئاوو کاره‌باش بده‌نه‌ به‌رده‌ست ده‌ست رێژوگولله‌ ونووسه‌ران و روناکبیران له‌سه‌ر ره‌خنه‌کردنی گه‌نده‌لی ئه‌وده‌سه‌لاتانه‌ بکێشنه‌ ناو دادگا ناره‌واکانی خۆیانه‌وه‌!

 

له‌ هه‌له‌بجه‌وه‌ تا ئاکرێ و له‌ سید سادق ورانیه‌وه‌ تا که‌لار، له‌ کمالی سید قادرو کێشه‌که‌یه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گا به‌ هه‌موو ئه‌و نووسه‌رو رووناکبیرو نارازیانه‌ی تر که‌ به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش وپه‌لاماره‌کانی ده‌سه‌لات چ به‌شێوه‌ی گالته‌جاری دادگاو یاساو چ به‌شێوه‌ی په‌لاماری چه‌کدارانه‌و به‌ زمانی چه‌ک، راستیه‌ک که‌ ده‌رده‌که‌وێ و به‌ هێزه‌وه‌ خۆیمان نیشان ده‌دا ئه‌وه‌یه‌که‌ ده‌سه‌لاته‌کانی ئه‌مرۆی کوردستان، تا ئه‌وه‌ی دسه‌لاتیک بن ئاینده‌ی خۆیان له‌ فراوان بوونه‌وه‌ی پانتاییه‌کانی ئازادی و به‌رین بوونه‌وه‌ی مه‌وداو بواره‌کانی ده‌خاله‌ت و ده‌ست هه‌بوون له‌ دیاری کردنی چاره‌نووسی کۆمه‌لگا بۆ خه‌لک ببینێته‌وه‌،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ فۆبیاو ترس و دله‌راوکێی ئه‌وه‌دا ده‌ژی که‌ نه‌کا خه‌لک بتوانن فرسه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێ که له‌ به‌رامبه‌ر نا عه‌داله‌تی و بێ مافیه‌کان دا بێنه‌ ده‌نگ و بیانه‌وێ به‌ پێی خواست وئاره‌زووه‌کانی خۆیان ره‌وتی ژیانی کۆمه‌ڵگا ئارسته‌ بکه‌ن و تابۆ و حه‌لال و حه‌رامه‌کانی ده‌سه‌لاتداران به‌لاوه‌ بنێن و بیانه‌وێ چاره‌نووسی خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن، له‌ فۆبیای ئه‌وه‌دا ده‌ژین نه‌کا ئازادی و کرانه‌وه‌ی بواره‌کانی گوزارشت له‌ خۆکردن ئه‌وه‌نده‌ به‌رین وبه‌ر بلاو ببن که‌ هاولاتیان ئیتر نه‌توانن ئه‌وه‌ قبوول بکه‌ن که‌ ده‌سه‌لاتداران وه‌ک مێگه‌ل هه‌لسوکه‌وت له‌ گه‌ل ماف و ئازدی و شکۆی مرۆڤانه‌یان بکه‌ن و کۆمه‌لگا بخه‌سێنن!!

به‌لام له‌وه‌ واوه‌تر  به‌رێز کمال کرکوکی که‌ نه‌یاران و ره‌خنه‌گرانی خۆی به‌ دوژمن و گومان لێکراو تاوانبار ده‌کا، ناشێ له‌وه‌ بێ ئاگابێ که‌ ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی کۆمه‌لگای کوردستان به‌ ژن وپیاوه‌وه‌، له‌ پیره‌ژنێکی کورو مێرد ئنفال کراوه‌وه بیگره‌ تا ده‌گا به‌ پیره‌ پیاوی پاشماوه‌ی کیمیاباران وئه‌نفال، له‌ مامۆستاو کرێکارو کامرمه‌نده‌وه‌ بیگره‌ هه‌تا ده‌گا به‌ به‌ لێشاوی جه‌ماوه‌ری بێکاری ولات، هه‌ر له‌و گه‌نجانه‌وه‌ که‌ رۆژگاره‌کانی بێ هیوایی و بی ئومیدی خۆیان له‌ سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن تا ده‌گا به‌و ژنانه‌ی که‌ له‌و هه‌لو مه‌جه‌دا له‌ ژیر سایه‌ی دنیایه‌ک نا یه‌کسانی و بێ مافی دا، چرای ئومێده‌کانیان به‌ رزگاربوون له کۆنه‌رپه‌ره‌ستی وپیاوسالاری ده‌کوژێته‌وه،‌ به‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌ی نارازی، ده‌نگیکی گه‌وره‌ی ره‌خنه‌گری کۆمه‌لایه‌تی پێک دێنن که‌ ناشێ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وه‌ ولاته‌ که‌ خۆی به‌ده‌م راست ونوێنه‌ری ئه‌وان ده‌زانێ ، هه‌ستی پێ نه‌کرد بێ ولێی بێ ئاگابێ!! به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ریش تۆمه‌تبار کردنی کۆمڵێک رووناکبیرو نوسه‌ربۆ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ کارێکی کرده‌نی بێته‌ به‌رچاو، ئه‌وا وه‌سف کردنی هاوارو داوای ته‌واوی کۆمه‌لگایه‌ک و هه‌زاران هه‌زار ئینسانی شه‌ریف وساده‌دڵ بۆژیان و بۆ دابین بوونی پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیان و ماف و ئازادیه‌ سه‌ره‌تایی و بنه‌ره‌تیه‌کانیان و ده‌رهێنانی ئیماکانات و سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌لگا له‌ بازاری دزی و به‌ تالان و برۆبردنی ده‌سه‌لاتێکی گه‌نده‌ل، به‌ گومان لێکراو وده‌سیسه‌ ی ئه‌م و ئه‌و هیچی تر نیه‌ جگه‌ له‌ راگه‌یاندنی دوژمانیه‌تێکی کوێرانه‌و راگه‌یاندنی شه‌ڕێکی پێش وه‌خت له‌ دژی ماف وئازادیه‌ سه‌ره‌تایی و بنه‌ره‌تیه‌کانی خه‌ڵک..!! سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌و هێزانه‌ی که‌ برێز کمال که‌رکوکی خه‌لک و نارازیان و ره‌خنه‌گرانیان پێ دترسێنێ هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن که‌ دۆست وهاوکاری ئه‌و به‌ڕێزانه‌ن له‌ بیناکردنوه‌ی عێراقی عروبی و ئیسلامی وده‌وله‌ته‌کانی تری ناوچه‌که‌ن که‌ڕؤژێک له‌ رۆژان ئه‌و به‌رێزانه‌ نێوان وپه‌یوه‌ندی خۆیان به هۆی دان نه‌نانیان به‌ هیج کام له‌ مافه‌ کانی خه‌لکی کوردستان بۆ بریاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی له‌گه‌لیان تێک نه‌داوه‌!!

لێره‌وه‌ ئیتر قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر نه‌فه‌سی هێزو ده‌سه‌لاتی دیموکرات(دیموکرات و ده‌سه‌لاتی مۆدێرن وتۆلێرانس له‌ ئارادا نامێنێ و نه‌فه‌سی دیکاتاتۆریه‌ته‌سه‌ره‌رۆ وره‌هاکان و نه‌شئه‌ی هێزی تۆتالیتێرو ئاره‌زووه‌ ناسراوه‌کانی سه‌رکوت و داپلۆسین ، به‌ زمانی خۆیان و به‌ده‌ربڕین وشێوازه‌ تایبه‌ته‌کانی خۆیان دێنه‌ گۆ. به‌و جۆره‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ گه‌مه‌ ی ته‌له‌فیزیۆن ورادیۆ و رۆژنامه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کان سه‌باره‌ت به‌به‌رقه‌رار بوونی ئازادی یان وه‌ک خۆین ده‌ڵێن دیموکراسی ، ڕووی دووه‌می ئه‌و واقیعه‌ن که‌ تیایدا هه‌له‌بجه‌و ئاکرێ و که‌لاره‌کان ده‌خولقێنرێن ودادگاو زیندان بۆ ده‌نگه‌ نارازی ره‌خنه‌گره‌کان هه‌ڵده‌خرێن و کۆمه‌لگا به‌ره‌سمی و به‌ ئاشکرا له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌لاتێکی حیزبی گه‌نده‌ل و مفته‌خۆر دووچاری پرۆسه‌ی خه‌ساندن  و کپ کردن و بێ ده‌نگ کردن ده‌بێته‌وه‌.

 

به‌ڵام واه‌وتر له‌و فۆبیایه که‌‌ ده‌سه‌لات وحیزبه‌ دسه‌لاتداره‌کانی کوردستان تیا ده‌ژین، به‌ پانتایی کۆمه‌لگای کوردستان  خواست ئاره‌زووی گۆران و کارانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌، ئاره‌زووی رزگاربوون له‌ده‌سلاتی گه‌نده‌لی ئه‌و هێزانه‌و خواستی کۆتایی پێ هێنانی تالان برۆی ئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ به سه‌روه‌ت و‌ سامانی  کۆمه‌له‌ڵگاو کۆتایی پێ هێنانی ده‌ست گرتنیان به‌سه‌ر ئیراده‌و چاره‌نووسی سیاسی کۆمه‌لگا،له‌ گه‌وره‌ بوون و بالا کردندایه!! کۆمه‌لگاو جه‌ماوه‌ری خه‌لکی کوردستان  بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئالوگۆرانه‌ ریگایه کی ‌تریان له‌به‌رده‌م دا نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌وێنه‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری گه‌و‌ره‌ ڕیزه‌کانی خۆیان له‌ ده‌وری ئه‌و خواستانه‌ وله‌ رێکخراوی جۆراوجۆرو له‌ شێوازی جۆراوجۆردا رێک خه‌ن !!

20.6.06

           

 

02/09/2015