ئه‌م چرپه‌یه‌ش

 

که‌ژاڵ ئیسماعیل

 

ده‌گه‌ڕێم..
هه‌موو شوێنێک
تووله‌ ڕێکان
ناوه‌نده‌کان
نێوانه‌کان
ئه‌و جۆگه‌لانه‌ی
پڕن له‌ فرمێسکی گه‌ڵا
ئه‌و ئینجانانه‌ی پریاسکه‌یه‌کن
له‌ نهێنییه‌کانی گوڵ
سێبه‌ری ئه‌و دره‌ختانه‌ی
خۆر ناگاته‌ دارستانیان
ئه‌و پێکانه‌ی
که‌ ڕه‌نگی شه‌ڕابی دوو لێویان
پێوه‌ لکاوه‌
بۆ گۆشه‌یه‌کی بازنه‌یی
ــ ته‌نهاییه‌ک ــ
که‌ بۆنی ترسی نه‌گرتتبت
دڵێک..
سیخناخه‌ی کینه‌ نه‌بێت
په‌رتووکێک..
چیرۆکی تۆی تیابخوێنمه‌وه‌
هه‌موو شوێنێک
ده‌گه‌ڕێم
فراوانییه‌ک
له‌ ئامێزم بگرێت
ئاسۆییه‌ک..
دوا سه‌مای
په‌پووله‌کانی تیا ببینم
ماندووبووم و
ئاواره‌یی
وا خه‌ریکه‌
تاریکی
له‌ چاوه‌کانم ڕاده‌خات..
گه‌ڕام.. ئه‌وه‌ند گه‌ڕام
شه‌قامه‌کان
کۆتاییان هات
منی ماندوو..
منی ونبوو..
هه‌موو شوێنێک گه‌ڕام
بۆ ئه‌وه‌ بوو
به‌ تۆ بگه‌م.

• • •


 

           

 

02/09/2015