دوا چرپه‌

 که‌ژاڵ ئیسماعیل 

 

کاتێ.. بانگم ده‌که‌یت
پێکه‌وه‌
گفتوگۆ و پێکه‌نین
ئاراسته‌ی یه‌ک ده‌بن،
هه‌ست و بیر
ڕووده‌که‌نه‌ مه‌مله‌که‌تی
گوڵه‌ قرمزییه‌کان،
له‌ بوونتدا
ڕێگاکان هیچ نابینن
په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ک نه‌بێت
که‌ ڕه‌نگه‌کانی پڕن
له‌ چرپه‌کانی ژوان،
ــ که‌ناره‌کانی ــ
کاتێ دوو کۆتری ئاره‌زوو
کۆچی بۆ ده‌که‌ن
له‌ ناو ئه‌وینی
ده‌ریایه‌کی هه‌نگوینیدا
ون ده‌بن!
ئه‌نگوسته‌کان
ساتێک ئارام ده‌گرن
که‌ له‌ ناو خۆشه‌ویستی
کۆمه‌ڵێ په‌نجه‌دا
فێری عیشق ده‌بن،
که‌م و کووڕی ته‌مه‌ن
ده‌بێته‌ سۆز بۆ وێنه‌یه‌ک!
حه‌ز..
ده‌بێته‌ سه‌فه‌ر
به‌ره‌و ئاسمانێکی نه‌خشێنراو
به‌ سیحری مانگ و
نه‌غمه‌ی سه‌ر وه‌ته‌ری ئه‌ستێره‌کان،
سه‌فه‌ر..
هه‌موو کیشوه‌ره‌کانی
ته‌مه‌ن ده‌بڕێت
تا به‌ تۆ بگات.
له‌ بوونتدا..
ده‌ریای سۆز و
ڕووباری شێعر
تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن
تا پێکه‌وه‌
جوانترین گۆرانی
له‌ ژێر تاڤگه‌ی
ژوانێکدا بچڕن،
پێکه‌نین
ده‌بێته‌ ڕازاوه‌ترین تابلۆ و
وه‌ک گڕوگاڵی منداڵی
نه‌شه‌ به‌ ژیان ده‌دات
له‌ هه‌ر لایه‌ک
هه‌موو چرکه‌یه‌ک
به‌ چرپه‌ پێت ده‌ڵێم:

«له‌ بوونتدا..
به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن
تۆ و
ئه‌وین و
ته‌مه‌ن!»

هۆله‌ندا، 23-6-2006

• • •

 

           

 

02/09/2015