گۆڤاری لیڤین ..ئه‌ی مامه‌ و کاکه‌ کوان؟‎‎‎‎!

 

 سه‌ردار عه‌بدوڵلا

 

 ستاتیسک، ئامارگیری وه‌ک زانستێکی سه‌رده‌م ده‌کرێت له‌ رێگه‌یه‌وه‌ په‌ی به‌زۆر ڕاستی و نهێنی به‌ریت! به‌ڵام ئه‌م زانسته‌ش وه‌ک شمشێرێکی دوو ده‌می لێهاتووه‌ و به‌ مه‌به‌‌ستی تریش به‌کارده‌هێنرێت.

هیچ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ نییه‌ که‌ جۆرج بوش بۆ دامه‌زراندنی ‌حکومه‌تێکی مه‌زهه‌بی و تایه‌فه‌گه‌ری په‌نا بۆ ئاماری رێژه‌ی زۆری شیعه‌کان له‌ خوارووی عێراق به‌رێت! ئه‌م تۆژینه‌وه‌ فره‌ زانستییه‌ی فازیل عومه‌ر له‌تاقیگه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت ناتونێت له‌ ژێر کاریگه‌ری که‌شی ئالووده‌ی سیاسی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌دووربێت! ناوبردنی هه‌ندێک که‌س و ده‌رکردنی عافوات بۆ هه‌ندێکی تر ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت! که‌ ئه‌م به‌رێزه‌ نه‌ک رۆڵی له‌ زیندوو کردنه‌وه‌ی راستییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ نه‌بینییوه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؛ کێشه‌که‌ی ئاڵۆزترکردووه‌ و شته‌کانی به‌سه‌ر ملی یه‌کتردا ترشاندووه‌!

لێڤینی تازه‌ده‌ستبه‌کار ده‌بوو هه‌وڵبدات ئه‌رشیفێکی زیاتر بۆ فازیل عومه‌ر په‌یدابکات و تێی بگه‌یه‌نێت که‌ تۆژێننه‌وه‌ بریتی نییه‌ له‌ رێزکردنی ناو له‌ تابێلێکدا! ئه‌م هه‌رایه‌ی لێڤین که‌ کراوه‌ به‌ سه‌ر تیتری‌ سایته‌کا و ده‌هۆڵی بۆلێده‌درێت له‌و کلیپه‌ فاشیلانه‌ ده‌چێت که‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی کوردسات و کوردستان تیڤی ریکلامی بۆ ده‌کرێت و به‌زۆر به‌سه‌ر زه‌وقی خه‌ڵکیدا ساغیانده‌که‌نه‌وه‌!

له‌ پشت تۆژینه‌وه‌که‌ی لێڤین- فازیل سه‌رکرده‌و پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌و جه‌نگه‌ خۆیان به‌دڵنییاییه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی حه‌شارداوه‌ و ئاسووده‌ پاڵیان لێداوه‌ته‌وه‌. فازیل عه‌مه‌ر تاوانبار و بێتاوان پێکه‌وه‌ ته‌سلیمی دادگا ده‌کات به‌ڵکو خودایه‌، راده‌ی زیانی له‌ ریزی تاوانباره‌کانی ئه‌و جه‌نگه‌ لێ که‌م بێته‌وه‌، یاخود هه‌ندێک رزگار بکات و ناوه‌کانیان بخاته‌ ژێره‌وه‌!

ئه‌م تۆژینه‌وه‌ هه‌رزانه‌ی لێڤین- فازیل، کام کۆلکه‌ نووسه‌ر ده‌گریت؛ گه‌ر بداته‌ لایه‌نی بێ عاری چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌و چه‌شنه‌ له‌ رۆژێکدا ئه‌نجام ده‌دات؛ به‌بێ هاوکاری و کۆمه‌کی تاقیگه‌کانی زانکۆی سه‌لاحه‌دینیش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ که‌ ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌بوو مه‌لایه‌ک له‌ مزگه‌وت ئه‌نجامی بدایه‌ نه‌ک دامه‌زراوێکی زانستی که‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک چاوی له‌دوایه‌تی!

زۆر له‌وناوانه‌ی که‌ له‌ لیسته‌که‌دا هاتوون، وه‌ک قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان به‌سه‌رماندا ساغییان ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ له‌ راستیدا بۆ خۆیان پێش هه‌ر شتێک بڕیارده‌ر و چه‌کبه‌ده‌ستی به‌ره‌کانی جه‌نگ بوون، پێش ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مه‌که‌یان بۆ نووسینێک ئامادده‌بکه‌ن یه‌ده‌کی کڵاشینکۆڤه‌کانیان پڕ له‌ فیشه‌ک ده‌کرد. برۆ هه‌ر بۆخۆت له‌و قاره‌مانانه‌ بپرسه‌ که‌ تۆ به‌ نرخی نووسه‌ر و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست به‌ ئێمه‌ی ده‌فرۆشی؛ بزانه ئه‌و رۆژانه‌ی جه‌نگ له‌ خه‌می په‌یداکردنی کاتوێشا و‌  تۆپی دوورهاوێژ بوون یان په‌یداکردنی کتێب و نووسینی مه‌قاله‌. ره‌نگی سووری ده‌ستی زۆر له‌وانه‌ی نێو لیسته‌که‌هاتوون به‌ مه‌ره‌که‌ب سوورنه‌بوون‌، به‌ڵکوو خۆێنی به‌ناهه‌ق رژاوی ده‌یان خه‌ڵکی بێتاوانه‌! خۆێنی ئه‌سیره‌کانی جه‌نگه‌!

تۆژینه‌وه‌که‌ی لێڤین- فازیل، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی پاشه‌ڕۆژێکی گه‌ش و قوتارکردنی چه‌کبه‌ده‌سته‌کانی جه‌نگی ناوخۆ شاکاری ئه‌نجامداوه، ده‌یه‌وێت له‌ سبه‌ینێدا وه‌ک نووسه‌ران و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان بکێشرێنه‌ دادگا نه‌ک وه‌ک جه‌نگاوه‌رانی ئه‌و شه‌ڕه‌. چونکه‌ باش ده‌زانێ که‌ خراپنووسین تاوانێکی گچکه‌یه‌ له‌ چاو تاوانی کوشتنی مرۆڤدا!

ده‌شزانێ، که‌ ئه‌وانه‌‌ که‌مالی سه‌ید قادری هه‌ژار نیین له‌سه‌ر نووسین؛‌ ده‌سته‌ڵات هه‌زار به‌زم و ره‌زمیان پێبکات!

تۆژینه‌وه‌که‌ی لێڤین- فازیل، به‌ گچکه‌کان ده‌وێرێت و تاوانه‌کان‌ له‌ شانی سه‌رکرده‌کان داده‌ماڵێ!

فازیل عومه‌ر، باش ئه‌وه‌ ده‌زانێ که‌ ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان وه‌ک دوێنێ نییه‌، گه‌ر له‌ دوێنێدا نووسین له‌سه‌ر که‌سانی وه‌ک مه‌لابه‌ختیار وفازیل میرانی قه‌سدی سه‌ر بوو؛ ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌م کاره‌ نه‌ک هی ئۆپۆزسیۆن نییه‌؛ به‌ڵکو بۆته‌ کاری هه‌ڤاڵه‌کانی خۆشیان! به‌ڵکو ئه‌وه‌ی سه‌خته بۆ رۆژنامه‌ و تۆژه‌ره‌وه‌کانی! ناوخۆ قسه‌ له‌سه‌ر‌ خودی بارزانی و تاڵببانییه‌! سه‌دام حسێن، له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ هه‌میشه‌ تاوانه‌کانی ده‌دا به‌سه‌ر ملی خوار له‌ خۆیدا! بارزانیش دوای شه‌ڕی ناوخۆ هه‌مان کاری کرد، وتی:"له‌و شه‌ڕودا، من و مام جه‌لال له‌ هه‌موو که‌سێکی تر بێ تاوانتربووین". دیاره‌ فازیل عومه‌ریش ده‌یه‌وێت هه‌مان په‌یاممان بۆ دوباره‌بکاته‌وه‌، لایه‌نی که‌م تاوانی شه‌ڕه‌که‌ له‌ملی ئه‌و دوانه‌ دابماڵێ، بیخاته‌ ملی که‌سانی له‌وان خوارتر!

ئه‌وه‌ی سه‌یر‌ و سه‌مه‌ره‌یه‌، فازیل عومه‌ر له‌م کێسه‌دیاریکراوه‌دا، جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی  به‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست ناداته‌ قه‌ڵه‌م!! به‌ڕاستی سه‌یره‌! مه‌لا به‌ختیار به‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست ده‌زانێ و مام جه‌لال نا! فازیل میران به‌ به‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستتر ده‌زانێ له‌ مه‌سعود بارزانی! له‌ کاتێکدا چه‌ندین کتێب و نوسراو به‌ناوی ئه‌و دوانه‌وه‌ له‌ کتێبخانه‌ی زانکۆکه‌ی و بازاڕ ده‌ستده‌که‌ون. باشتره‌ فازیل عومه‌ر؛ پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی لیسته‌که‌، ده‌زگای رۆژنامه‌گه‌ری به‌درخانی ئاگادر بکردایه‌ته‌وه‌ که‌ خه‌لاته‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌یان بۆ‌ تاڵه‌بانی، بارزانی، نێچیروان بارزانی و عه‌دنان موفتی هه‌ندی دوابخه‌ن، چوونکه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ سه‌لماندی که‌ ئه‌و زاتانه‌ باشترین قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی کوردستانن گه‌ر هی رۆژهه‌ڵاتی ناویینن نه‌بن! به‌ڵام فازیل خۆی له ناو هێنانی ئه‌و دوو سه‌رکرده‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌‌‌ ده‌دزێته‌وه‌ و پێی وایه‌ خه‌ڵکی له‌ گۆێی میکی ماوسدا خه‌وتوون!‌

 له‌ راستیدا هێنانی ناوی چه‌ند که‌سانێک له‌ولێسته‌دا، تۆژینه‌وه‌که‌ی لێڤین- فازیل زیاتر ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه، که‌سانێک که‌ ئه‌و جه‌نگه‌یان مه‌حکومکرد و له‌ دژی ئه‌و شه‌ڕه‌ لایه‌نی که‌م چه‌ندان لاپه‌ڕه‌یان ره‌شکرده‌وه،که‌چی له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مه‌ پیاوکووژه‌کاندا خراونه‌ته‌ یه‌ک تای ترازوویه‌که‌وه‌‌.

له‌ نموونه‌ی ئه‌مه‌دا، رێبوار ئه‌حمه‌د، سه‌لام عه‌بدوڵلا، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن. .، لای هه‌موو که‌س ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌مان له‌دژی شه‌ڕ بوون گه‌ر هه‌ردوو لایه‌نیان وه‌ک یه‌ک مه‌حکوم نه‌کردبی، ئه‌وا لایه‌کیان هه‌ر مه‌حکوم کردووه‌! ئه‌وه‌ رێبوار ئه‌حمه‌د بوو له‌ میانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌دا، فتوای کوشتنی له‌ لایه‌ن ئه‌دهه‌م بارزانیه‌وه‌ بۆ ده‌رکرا، ئه‌وه‌ رێبوار ئه‌حمه‌د بوو له‌ رێگه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقه‌وه‌ بانگه‌وازی خه‌ڵکی ده‌کرد که‌ به‌شداری ئه‌و جه‌نگه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌‌ نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ رادیۆکه‌ی حیزبه‌که‌ی رێبوار بوو که‌ کۆماندۆکانی یه‌کێتی چه‌ندجار به‌ هێزی گه‌وره‌و چه‌کی قورس ده‌وره‌یان دا؛ که‌ گوایه‌ هێز له‌ یه‌کێتی هه‌ڵده‌وه‌رێنێ و چه‌کداره‌کانیان هانده‌دا که‌ به‌شداری شه‌ڕنه‌که‌ن! هه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕێکانی ڕێبوار بوون که‌ نه‌وشێروان مسته‌فا له‌میانه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌دا له‌ نێو شاری سلێمانی دا قه‌تڵ و عامی کردن!

به‌ڕێزم، خه‌ڵکی کوردستان زۆر باشتر له‌تۆ راستییه‌کان ده‌زانێ، پێویستی نه‌ده‌کرد تۆ وه‌ک چاودێری پۆل ناوی زۆرهار بۆ مامۆستاکه‌ت رێزبکه‌یت!

رۆژه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی کوردستان، ئه‌و رۆژه‌‌ تاڵانه‌ن که‌ به‌ ئاسانی له‌ زینی خه‌ڵکی کوردستان ناچنه‌ده‌رێ. ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ باڵای جه‌نگی ئێران/عێراق کۆنه‌په‌رستانه‌ و مه‌حکوومه‌، ئه‌و جه‌نگه‌، میراتی ره‌شی بزووتنه‌وه‌ی ناسێۆنالستی کورد بوو به‌ چه‌کبه‌ده‌ست، قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست، ماڵپه‌ڕه‌سازان، هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانییه‌وه‌، ئه‌وان تاوانبارانی ئه‌و جه‌نگه‌ن و لیستی واقیعی ده‌کرێت هه‌ر له‌مانه‌ سازبکرێت! 

.....................................................................................................................................................................

تێبینی/ له‌ لیسته‌که‌دا ناوی سه‌ردار عه‌بدوڵلاش هاتووه‌، به‌و ده‌لیله‌ی که‌ که‌سی تریش به‌ هه‌مان ناو هه‌یه‌، من ئه‌مه‌ ناخه‌مه‌ سه‌رخۆم، له‌ میانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌شدا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌به‌رگری له‌ خه‌ڵک و له‌دژی هه‌ردوولایه‌نی شه‌ڕه‌که‌، به‌ به‌رهه‌می هونه‌ری، نووسین و له‌ رووی پراکتیکیشه‌وه‌ وه‌ستاومه‌ته‌وه‌. ‌    

 

 

     ‌   ‌  

 


 

           

 

02/09/2015