حكومه‌تی یه‌كگرتوو ڕاگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ده‌وێت...

 

شێرزاد عه‌زیز
( خه‌راجیانی(

 


یه‌كگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ( هه‌ولێر و سلێمانی)  په‌ڕینه‌وه‌بوو بۆ قۆناخێكی نوێ‌ به كۆتایی سه‌رده‌م و قۆناخێكی نامۆی تاقانه  له ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری ( یه‌ك په‌رله‌مان و دوو حكومه‌تی). حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان به‌ و ژماره زۆره‌ی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه و مانه‌وه‌ی دوو وه‌زاره‌تی ( دارایی و ناوخۆ و پێشمه‌رگه و داد)  هێشتا ده‌كرێت به‌ڕووداوێكی مێژوویی گرنگ بناسرێت و ته‌ماشا بكرێت به‌به‌راوود بۆ ڕۆژه‌ڕه‌شه‌كانی شه‌ڕی براكوژی نێوان (یه‌كێتی و پارتی) و قووڵایی  پانتایی نێوانیان به له‌ت بوونی ده‌سه‌ڵات.


بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی كوردستان بتوانێت وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رتاسه‌ری یه‌كگرتوو خۆی نمایشی خه‌ڵك بكات یان ئه‌و هه‌سته كۆنكرێتیانه لای هه‌ر كوردستانی‌یه‌ك درووست بكات به بوونی یه‌ك حكومه‌ت و جیا له پارته‌كان وه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌كانی بڕیار یه‌كگرتووانه ده‌ركه‌وێت پێویستی به ماس‌مێدیای حكومه‌ت هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت بیسه‌لمێنێت ده‌سه‌ڵاته و له‌ده‌ره‌وه‌ی ( پارتی و یه‌كێتی) ئه‌دره‌سێكی جیای تر یان تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی ناساندنه كلاسیكی‌‌یه‌كانی ئه‌زموونی ڕابردوو به دووباره نه‌كردنه‌وه‌ی پێویستی كۆمه‌‌ڵێك میكانیزم هه‌یه كه سه‌ره‌تایترینیان یه‌ك ڕاگه‌یاندنه..


سه‌رده‌می ئێستا( به‌جیهانی بوون) گۆڕانی گه‌وره‌ی وای له بواری په‌یوه‌ندییه‌كان درووست كردوووه كه خێراییه‌كان به چركه ده‌پێورێن و ئاستی ڕاگه‌یاندنی سه‌دان جار به‌رزتر كردۆته‌وه.
بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كگرتووی پێویستی به ماس مێدیایه‌كی یه‌كگرتوو
  وته‌له‌فیزۆنی سه‌ته‌لایتی یه‌كگرتوو و ڕادیۆی جیهانی یه‌كگرتوو و ڕۆژنامه‌ی ناوخۆ و ئه‌له‌كترۆنی یه‌كگرتوو و سایت و ووته بێژ و ....... هتد یه‌كگرتوو.... هه‌یه....
له با‌زنه‌یه‌كدا كه خوێنه‌ری كوردستانی ناتوانێت به‌ته‌نها ناو ی ڕۆژنامه و هه‌فته‌نامه و سایته كوردی‌یه‌كان له‌به‌ربكات ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه كه‌بتوانێت شوێن و جێگه‌ی خۆی بگرێت و سنووری نێوان خۆیی و پارتایه‌تی بكێشێت تا یه‌كگرتووانه خۆی بناسێنێت.

 

 

 
           

 

02/09/2015