بزمارێک له‌و عا‌ره‌بستانه

 

خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێ گوزارش له‌ دوو شت بکا، که‌ زۆر دووربن له‌ یه‌کتریه‌وه،‌ به‌ حوشترو قاپقاپی ئه‌شوبهێنێ. یه‌کێک له‌ عیلله‌ته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی، که‌نار گیرکردنی نیوه‌ی کۆمه‌ڵه‌، که‌ژنه‌و نیوه‌که‌ی تریشی هه‌ر خه‌ریکی ئه‌مسه‌ره‌و سه‌رکردنی ته‌زبیحه‌که‌یه‌تی، هه‌رکاتێکیش ووتیان ئه‌رێ سه‌به‌بی دواکه‌وتنتان چیه‌، ئه‌ڵێن خه‌تای ئه‌مه‌ریکاو سه‌هیۆنیه‌کانه ناهێلن پێش بکه‌و‌ین،‌ ده‌نا خۆمان چ عه‌یبمان نیه‌، ئه‌گه‌ر‌ وازمان لێبێنن له‌ سه‌عات جوانتر ئه‌گه‌ڕێین. ‌دیموکراسیه‌ته‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات، کوتومت وه‌کو ئه‌و قاپقاپه‌ وایه‌، که‌ ئه‌یانه‌وێ بیکه‌نه‌ پێی حوشتره‌که،‌‌ بۆ نموونه‌ کوه‌یت له‌ناو ووڵاتانی خه‌لیجا به‌وه‌ مه‌شهوره‌‌ که‌میره‌که‌ی ‌ ئه‌مری به‌ ڕه‌عیه‌ت فه‌رمووه‌ پارله‌مان دانێن، ‌و ئیتر بۆ خۆیان له‌ناو  هۆڵه‌که‌یا، چه‌ندیان بوێ غار غارێن ،و هه‌ڵبه‌زو دابه‌ز بکه‌ن. ئه‌گه‌ر عه‌گالیش که‌ ره‌مزی شه‌ره‌فه‌ له‌کن وان، له‌کاتی موناقه‌شه‌یا له‌سه‌ری ‌یه‌کتریش به‌رده‌نه‌وه‌‌‌‌ یان شه‌ڕی پێبکه‌ن، چوونکه‌ حه‌سانه‌ی پارله‌مانیان هه‌یه‌ موحاسه‌به‌ی‌ نیه‌‌، ئه‌و پارله‌مانتارانه‌‌ به‌حیساب ئه‌بێ نوێنه‌ری هه‌موو کۆمه‌ڵ بن، به‌ ژن و پیاوه‌وه،‌ مخابن ئه‌وانه‌  ته‌نها دنگی نیوه‌ زبره‌که‌ین، چوونکه‌ به‌پێی کلتووره‌ جوانه‌که‌یان‌‌، ژن گووی خواردووه‌ ته‌داخولی ئیشی پیاو بکات،  یه‌ک له‌و ئیشانه‌ش که‌ هی پیاوه‌،‌ به‌شداری کردنه‌ له‌ کاری سیاسی، و ئه‌گه‌ر به‌ده‌قیقیش ناوی بنێین ده‌نگ دان ئه‌گرێته‌وه‌.‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌تایبه‌تی دوای ته‌حریر کردنی ، و به‌ته‌واوی نزیک بوونه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاو رۆژئاوا،‌ به‌تایبه‌تیش که‌ ووڵاتانی موسڵمان یان له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر بوون، یانیش له‌ جه‌ماعه‌تی ئه‌زعه‌ف و ئه‌لئیمان بوون له‌ لاحوله‌ ولاقوه‌ته‌‌ زیاتریان پێ نه‌بوو ،بۆ خه‌لکی موسڵمانی کوه‌یت ،له‌ پای ئه‌و چاکه‌یه‌، هه‌وڵیان دا پیشانی بده‌ن، ئه‌وانیش ئه‌توانن چیتر سه‌یری ژن وه‌کو ئامێرێکی بێ هه‌ست نه‌که‌ن ،که‌ ته‌نها بۆ گسک دان وه‌چه‌ی صالح دروست کردن به‌کاردێ، به‌ڵکو وه‌کو ئینسانێک که‌ له‌ سه‌رده‌می نیانده‌رتاله‌وه،‌ تا ئه‌مڕۆی شۆڕشی مه‌علوماتی، تاڵی وشیرینی ژیانیان له‌گه‌ڵ پیاو به‌شکردووه ‌لێی بڕوانن. هه‌ندێک له‌ ناوه‌نده‌ ئاقڵه‌کانی ئه‌و ئه‌ماره‌ته‌،‌‌ چه‌ند جارێک پڕۆژه‌ی به‌شداری ژنانیان خسته‌ به‌ر ده‌می پارله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی ناو خوای لێبێنن و بیکه‌نه‌ قانون ،و ژنانی ئه‌وێش وه‌کو پیاوه‌کا‌ن بتوانن له‌به‌رده‌می سندوقه‌کانی ده‌نگ دانا ریز بگرن و به‌ ئازادی رای خۆیان له‌سه‌ر‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ووڵاته‌که‌یان ده‌رببڕن، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ پارله‌مان، که‌ ئه‌بێ دامه‌زرا‌وه‌ی هه‌ره‌ دیارو کاریگه‌ری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و‌ نوێنه‌ری ده‌نگی گه‌ل به‌رانبه‌ر به‌ حاکم بێ،‌ رازی نه‌بوو، ژنه‌کانی ئه‌و ووڵاته،‌ مافی ده‌نگ دانیان هه‌بێ!  ناچار میر ته‌ده‌خولی کردوو، به‌ فه‌رمانێکی ئه‌میری ئیجباری کردن، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ قبوول بکه‌ن ، ( میر له نوێنه‌رانی گه‌ل، دیموکراسی تر بوو!) ئێستا به‌ فه‌زڵی میره‌وه‌یه‌‌ نه‌ک پارله‌مان ،ژنانی کوه‌یت ئه‌چن بۆ ده‌نگ دان، به‌ڵام هێشتا هێزه‌ تاریک په‌رسته‌کان کۆڵیان نه‌یاوه،‌ و ئه‌یانه‌وێ به‌هه‌ر کلۆجێک بێت ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌بار به‌رن،  عالمێکی دینی به‌ سوء ئیستیفاده‌ له‌ عه‌قڵی ساده‌ و فه‌قیری ئه‌و خه‌ڵکه‌  ئه‌ڵێ قه‌یدی چیه‌ با ژنان بچن بۆ ده‌نگدان به‌ڵام من فه‌توام وایه‌ ، ئه‌و ژنه‌ی ‌قسه‌ی مێرده‌که‌ی ‌بشکێنێ و ، ده‌نگ نه‌یا به‌و لیسته‌، یان به‌و که‌سه‌ی که ‌پیاوه‌که‌ی په‌سه‌ندی کردووه،‌ لێی حه‌رام ئه‌بێت واتا ته‌ڵاقی ئه‌که‌وێت. ئه‌م کلتوره‌یه‌ که‌وای‌ کردووه‌ زۆر به‌تووندی به‌ر هه‌ڵستکاری هه‌ر گۆڕانکاریه‌کی عه‌قڵی ئه‌بنه‌وه‌، که‌ سه‌ر چاوه‌که‌ی ڕۆژ ئاوا بێت . کوه‌یت له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌چاو سعودیه،‌ سویده‌، چوونکه‌ له‌وێ جارێ ژن هه‌زار ساڵی تری ماوه‌، بگاته‌ هه‌ڵبژاردنێک، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر قیاسات و مه‌تره‌ کاری ئه‌و موفتیه‌ش بێت. ژنانی ئه‌وێ به‌ هۆی فه‌توای عوله‌مای بێ ئیشه‌وه‌‌،‌‌ سه‌یاره‌ لێ خوڕینیشیان لێ حه‌رام کراوه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ته‌نیاش بۆیان نیه‌ بچنه‌ بازاڕ .‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات نووسیویه‌تی  : له‌م ڕۆژانه‌یا پیره‌ژنێکی حه‌فتاساڵه‌ی سعودی بۆ شت کڕین ئه‌چێته‌ دوکانێک که کراوه‌یه‌و ‌هیچ پێچ و په‌نایه‌کی نیه‌‌ ‌،‌ واتا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ بێت ناوه‌وه‌ ئه‌بینێت، یه‌کسه‌ر یاساوڵێ هه‌یئه‌تی ئه‌مر بالمعروف و نه‌هی له‌ مونکه‌ر ، ئه‌گه‌نه‌ سه‌ری و به‌ تۆمه‌تی خلوه‌ی ناشه‌رعی ڕاپێچی پۆلیسخانه‌ی ئه‌که‌ن ،که‌سو کاره‌که‌ی ئه‌ڵێن  ئاخر ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵێک له‌ ڕێی چیا ماوه‌ بۆ گرتووتانه‌؟ ووتویانه‌ با حه‌فتاشی ته‌واو کردبێ  ئێوه‌ نازانن ئه‌گه‌ر ژن به‌ته‌نیا بچێنه‌ بازار ‌،فه‌ساد‌مان تێئه‌که‌وێت؟ ئه‌وه‌ حاڵی ئه‌ عاره‌بستانه‌یه‌ و‌ هێشتا خه‌ڵکانێکیش  هه‌ن ئه‌پرسن داخۆ ،ئیبن لادن، و زه‌رقاوی ،و زه‌واهری ،و ئه‌بو حه‌مزه‌ی میسری، له‌ کوێوه‌ فێری ئه‌و هه‌موو نه‌رم و نۆڵیه‌ بوون له‌ گه‌ڵ موخالیفه‌کانیانا‌ .


 

           

 

02/09/2015