بەشی
دوازدەیەم
خوێندنه‌وه‌ی ئیوثیفرۆ وه‌ك خۆی
6- میتۆدی دایه‌لۆگی دایلهکتێکی: میتۆدی ئازاد کردنی زمان و
مێشك و مرۆڤ!
کێشه‌که‌ی ئیوثیفرۆ گرنگه. ئه‌و وه‌ك سۆکرات ڕانهکێشراوهته
دادگا و تاوانبار نه‌کراوه. ئه‌و هاتووه وه‌ك هاونیشتمان،
هاووڵات، ئه‌رکی هاووڵاتیی و ویژدانیی خۆی ببینێ: هاتووه،
که‌سێك که (گوناهی) مردنی که‌سێکی دی له ئه‌ستۆیه ڕاکێشێته
دادگا. ئه‌و تۆمهتبارکهره نه‌ك تۆمه‌تبار کراو. ئه‌و
که‌سه‌ش که ئیوثیفرۆ به نیازه داوای یاسایی له سه‌ر تۆمار
بکا: پیاوێکی پیرە، باوکی خۆیه‌تی!
ئه‌مه
وه‌ك کردار، وه‌ك ئه‌رکی نیشتمانیی و کۆمه‌ڵیی و وێژدانیی
تاکه که‌س، پرسێکی گه‌وره له کرده‌وه‌دا، به‌ده‌سته‌وه
ده‌دا. هه‌ر پرسێکیش گه‌وره یان بچووك، ده‌بێ به وشه و زمان
وه‌سف بکرێ، ده‌بێ باسی بکرێ، ده‌بێ ببێ به هۆکار و پێکار و
ئه‌مجا مه‌به‌ست و ئامانجی فێر بوون، داد و ڕه‌وشت- ده‌بێ ببێ
به پرسێكی زانگه‌ریی فه‌لسه‌فیی.
سۆکرات
سه‌رسام ده‌بێ که ئیوثیفرۆ (به دوای مراوهکێویهکی فڕیو
که‌وتووه)! ئه‌م ده‌ستپێکردنه وه‌ك (نوکته‌یه‌که)، به‌ڵام
ئیوثیفرۆ ده‌ڵێ: مراوییه‌که فڕیو نییه، وشه یۆنانیه‌که بۆ
فرێن مانای (ڕه‌و)، ڕاونانیش (ده‌گه‌یه‌نێ) به‌ڵکو که‌سێکی
ته‌واو پیره.. باوکییه‌تی! تۆمه‌ته‌که‌ش ئه‌وه‌یه که
مرۆڤکوژه.
لێره‌دا
سۆکرات بۆ ئه‌وه‌ی ئیوثیفرۆ بۆ دووان- دایه‌لۆگ، ئاخاوتنی
فه‌لسه‌فیی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته سه‌یر و گرنگه ڕاکێشێ دوو
ڕاگه‌یاندنی سه‌ره‌تایی پێشکه‌ش ده‌کا.
1-ئه‌م
کاره‌ی ئیوثیفرۆ تایبه‌تییه، مرۆڤی ئاسایی شه‌قام شتی وا ناکا
بێ باوکی خۆی بدا به دادگا. به‌ڵکو که‌سێك ئه‌وه ده‌کا که
(له ڕێی زانست و داناییدا پێشکه‌وتووه). [زانست بۆ زانین، بۆ
فێر بوون له ژیان و تێگه‌یشتنی پرسه‌کان به کار دێنم. دانایی
به مانای وه‌رگرتنی وانه و په‌ند له ئه‌زموونه‌کان و خڕ
کردنه‌وه‌ی زانینه‌کان تا ببنه به‌شێك له هه‌ڵوێستی
بیرمه‌ندی و کرده‌وه‌ی ڕۆژانه. واته ئه‌زموون و زانینه‌کان
لای مرۆڤ ده‌بنه ڕووناکی و ئامرازی شیکردنه‌وه و
هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان. ئه‌مه‌ش له زماندا ڕەنگ
ده‌داته‌وه یان ده‌نوێندرێ. زۆربه‌ی په‌ندی پێشینانی کورد
گوازتنه‌وه‌ی ئهزموونێکك و پرۆسه‌ی فێربوون و وانه وه‌رگرتنی
دوور و درێژن بۆ ئاستی (دانایی): زانین به تێگه‌یشتنی
پراکتیکیه‌وه، زانین له‌گه‌ڵ (حیکمه‌ت)].
وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌ڵوێسته گرنگه به‌رامبه‌ر باوکی خۆت ده‌بێ
ئه‌وه نیشان دا که ئیوثیفرۆ مرۆیه‌کی زانا و دانایه.
2-
زانین له ڕه‌وشت (مۆرالیتی) جیا ناکرێته‌وه.. عه‌قڵ له
ئه‌خلاق جیا ناکرێته‌وه. نه‌زان زۆر جار کاری ناشیاو ده‌کا.
ئه‌مه مانای وانییه که زانا نایکا یان خراپتریش ناکا. بۆیه
زانایی و ڕه‌وشت، زانین و هه‌ستی به‌رپرسی ویژدانی و کۆمه‌ڵی،
ده‌بێ به‌یه‌که‌وه بڕۆن. دابڕانیان مانای له گرێژه‌نه چوونی
کۆبه‌ندی داده. سۆکرات ده‌یه‌وێ لایه‌نی مۆراڵی کرداره‌که‌ی
ئیوثیفرۆ به ته‌واوی تێ بگا.. به ئیوثیفرۆ ده‌ڵێ: دیاره
ده‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه باوکی به‌رێ بۆ دادگا چونکه ئه‌و
که‌سه‌ی که کوژراویشه ده‌بێ له خێزان و بنه‌ماڵه‌ی خۆیان
بێ. [ تۆ به تایبه‌تی به تۆمه‌تی کوشتن، بۆ خاتری که‌سێکی
ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی خۆتان نهتدهبرد بۆ دادگا!). ئه‌و
دەیەوێ بزانێ تا ج ئاستێ بیری بنەمالەیی بەسەریدا زاڵە!
3- ئه‌م
سه‌رنجه مه‌به‌ستداره‌ی سۆکرات پهرچهوهڵامێکی توند لای
ئیوثیفرۆ دروست ده‌کا. ئیوثیفرۆ چه‌ند بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فی
مۆراڵی گرنگ پێشکه‌ش ده‌کا:
·
هیچ جیاوازییه‌ك دروست ناکا گه‌ر کوژراوه‌که، قوربانییه‌که،
خزم بێ، یان بێگانه.
·
لێره‌دا بابه‌تی هه‌ڵوێسته‌که: کوشتنه‌که، تاوانه‌که
خۆیه‌تی. تاوانێك کراوه. هه‌ر که‌سێك کردبێتی تاوانه و
شایسته‌ی سزایه.
·
ئه‌وه‌ی گرنگه- له ڕووی داده‌وه، لێره‌شه‌وه له ڕووی
هه‌ڵوێستی مۆراڵی و بۆچوونی فه‌لسه‌فییه‌وه، ئه‌وه‌یه سه‌رنج
بده‌ین داخۆ بکوژه‌که، تاوانکاره‌که، - له ڕوانگه‌ی
دادوه‌ر- پاکانه‌ی بۆ کاره‌که‌ی، تاوانه‌که‌ی هه‌یه.. واته
تا چ ئاستێ تاوانباره؟ تا چ ئاستێ به ئه‌نقه‌ست، بۆ
مه‌به‌ست، به پێشبڕیار و پێش پیلان و نیاز، ئه‌و که‌سه‌ی
کوشتووه. چونکه کوشتن جۆرێکه له کۆتایی هێنان به ژیان،
مردن. هه‌ر وه‌ك مردن، ده‌شێ پێشبینینه‌کراو بێ، به ڕێکه‌وت
ڕوو بدا، که‌سێ به شێوه‌یه‌کی ناخۆش کارێکی له ده‌ست
بقه‌ومێ، که‌سێ له تووڕه‌ییدا ده‌ست بوه‌شێنێ به نیازی
ئازاردان، یان به‌رگری له خۆ کردن، به‌ڵام نه‌ك کوشتن، هتد.
ساغكردنەوەی هه‌موو ئه‌مانه بۆ یاسایه، بۆ داد، بۆ سه‌رنج و
لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی دادگا و بڕیاری ویژدانی و
هۆشمه‌ندانه و سه‌ربه‌خۆی دادگۆیان که بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
ئه‌م پرسه‌ی داد نابێ به که‌س و که‌سێتیی و خزم و خزمایه‌تی و
ده‌سته و چین و پایه‌وه ببه‌سترێته‌وه، ئه‌گه‌ر بکوژ بابت
بێ، برات بێ، کوڕ و کچت بێ یان هه‌ر که‌سێکی، وه‌ك ئیوثیفرۆ
ده‌ڵێ: هاوتهندوور و هاوخوانت بێ، هێشتا ده‌بێ دادگا به
شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و سه‌لمێنه‌ری هه‌موو مه‌رجه‌کانی داد،
بڕیاری خۆی له دژی یان بۆ پاکانه کردنی ده‌ربکا.
4.
پرینسپێکی مۆرالیی دیکه‌ی گرنگ له لایه‌ن ئیوثیفرۆ
ده‌ربڕدراوه، پێوه‌ندی به هه‌ڵوێستی مرۆڤی تاکه‌وه هه‌یه
به‌رامبه‌ر تاوان، کاتێ قوربانییه‌که‌ی که‌سانی ئاسایی ده‌بن.
ئایا گه‌ر تۆ تاوانکارێك بناسی: که‌سێك که بکوژه، خوشکی خۆی
یان ژنی خۆی یان دراوسێ یان هه‌ر هاوڵاتی و مرۆڤێکی دیکه‌ی
کوشتووه، جا پاکانه‌ی هه‌بووبێ یان نا! له‌و کاته‌دا تۆ چۆن
ره‌فتار ده‌که‌ی؟ بێده‌نگ ده‌بی و گه‌ر ئه‌و زه‌لامه ده‌بینی
به ده‌میه‌وه پێده‌که‌نی هه‌ر وه‌ك هیچ ڕووی نه‌دابێ و هیچی
خراپی نه کردبێ، یان وه‌ك تۆ لێی بێ ئاگا بی؟1 باشه گه‌ر
هه‌موو کۆمه‌ڵ ئاوا له تاوانکاران بێده‌نگ بوون مه‌ترسییه‌که
بۆ سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵ چییه؟ ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه نابێ
کۆمه‌ڵ ببێته قه‌سابخانه، یان مۆڵگه‌ی دزان، یان
جانهوهرگه؟ دیاره کۆمه‌ڵگای یۆنانی، ئه‌سینی ئه‌وه‌نده
شارستانی بووه که ئه‌م جۆره پرسیارانه ئاسایی بن. کۆبه‌ندی
دیموکراسی و ده‌وری فه‌یله‌سوف و ڕووناکبیران ئه‌وه‌ی کردبووه
ئاسایی که هه‌موو بابه‌ته‌کانی تایبه‌ت به ڕۆڵی تاکه که‌س و
چاکه‌ی کۆمه‌ڵ به فراوانی و به ئاشکرایی باس بکرێن و ئاخاوتن
و دایه‌لۆگیان له‌سه‌ر بکرێ. دیاره ڕۆڵی سوكرات له‌م بواره‌دا
داهێنه‌ر و بنیاتنه‌ر بوو.
ئه‌و
پرسیاره ماتهی له قسه‌کانی سۆکرات دابوو، ئه‌وه بوو:
·
- ئیوثیفرۆ بۆیه ته‌نانه‌ت باوکی خۆشی ده‌دا به دادگا چونکه
ئه‌و که‌سه‌ی باوکی بۆته هۆی کوشتنی ده‌بێ هه‌ر که‌سێکی
بنه‌ماڵه و خێزانی خۆیان بێ.
·
گه‌ر که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی بنه ماڵه بووایه، ده‌شێ ئیوثیفرۆ
هێنده به ته‌نگه‌وه نه‌بایه و بێده‌نگی لێکردبایه.
·
ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دوایی چی ده‌رباره‌ی که‌سێتی و ڕاستگۆیی
ئیوثیفرۆ ده‌رده‌خست؟ ئه‌و پرینسیپه‌ی ئیوثیفرۆ به‌رامبه‌ر
ئه‌مه به توندی پێشکه‌ش ده‌کا ئه‌وه‌یه:
·
(
ده‌وری خراپه‌کارانه‌ی که‌سێك وه‌ك هی تاوانکاره‌که گه‌وره
ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئاگاداری ئه‌وه بێ ئه‌و تاوانکاره چ تاوانێکی
کردووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بژی).
بێده‌نگی لێ بکا و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك یان هه‌وڵێکی (ویژدانی)
نه‌دا که کاری یاسایی دژی ئه‌و که‌سه به کار بخات. گه‌ر
ئه‌مه بکات ئه‌وا ده‌توانێ خۆش (به هاتنه ده‌نگ) و
تاوانکاره‌که (به ڕوو به ڕوو بوونه‌وه‌ی داد) پاك
بکاته‌وه. ئه‌گینا ئه‌و خۆشی وه‌ك تاوانکاره‌که گوناهباره.
کاره‌که‌ی ده‌بێته هۆی نه‌مانی به‌های ڕه‌وشتی و مۆڕاڵی و له
ئاکامدا بنکۆکردنی بنه‌ما هۆشمه‌ندیی و مۆراڵیه‌کانی
کۆمه‌ڵگا). ئێستا ئیوثیفرۆ خۆی ئه‌م پرینسیپه له کرده‌وه‌دا
تاقی ده‌کاته‌وه، هه‌موو بیر و هه‌ڵوێستێکی تیۆریی نرخی نییه
گه‌ر ئهرکیارییهکی (function)
کۆمه‌ڵایه‌تی کرده‌وه‌یی نه‌بێ ئه‌زموونه‌که/حاڵهكە/ کێشه
یاسایه‌که‌ی ئیوثیفرۆ به‌م جۆره‌یه:
·
ئیوثیفرۆ کرێکارێکی هه‌بوو له کێڵگه و زه‌وییه‌کانی ئه‌واندا
کاری بۆ کردوون.
·
ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره ڕۆژێ سه‌رخۆش ده‌بێ. له‌گه‌ڵ یه‌کێ له
خزمه‌تکارانی دیکه‌یان به شه‌ڕ دێ. له ئه‌نجامدا قورگی به
چه‌قۆ ده‌بڕێ (ده‌یکوژێ).
·
باوکی ئیوثیفرۆ به‌مه زۆر تووڕه و نا ئارام ده‌بێ. ئه‌و
خزمه‌تکاره بکوژه ده‌گرێ، ده‌ست و پێی ده‌به‌ستێ و فڕێی
ده‌داته ناو چاڵێکه‌وه (بۆ به‌ند کردنی).
·
هه‌ر له‌و کاته‌دا باوکی که‌سێك ده‌نێرێ بۆ لای ڕاڤه‌کار،
واته شاره‌زای مۆراڵی و ئایینی که سێ که‌سی دیاری کراوی
ئه‌نجومه‌نێکی تایبه‌تی بوون ڕاوێژیان ده‌رباره‌ی کێشه و
بابه‌ته دینییه‌کان و مۆرالیهکان پێشکه‌ش ده‌کرد و ڕای
دواییان له‌و باره‌وه ده‌دا - تا بزانێ ج له‌و پیاوه بکات.
·
دیاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوکی پیره له‌وانه‌یه له بیری
چووبێته‌وه، یان وه‌ك ئیوثیفرۆ ده‌ڵێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به
پیاو کوژی داناوه، زیندانییه‌که واته بکوژه‌که فه‌رامۆش
ده‌کا و تا گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یامبه‌ره‌که‌ی لای ڕاڤه‌کار، له
زینداندا ده‌یهێڵێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکاته‌وه
داخۆ ئه‌م کاره مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروست ده‌کا یان نا.
·
له ئه‌نجامدا خزمه‌تکاره‌که، به‌ر له‌وه‌ی په‌یامبه‌ره‌که
بگه‌ڕێته‌وه ده‌مرێ.
·
باوه‌ڕی ئیوثیفرۆ وایه که:
باوکی تاوانباره و هۆکاری سه‌ره‌کی کوشتنی ئه‌و مرۆڤه‌یه.
ئه‌ویش وه‌ك هاووڵاتییه‌کی ڕووناکبیر و به ویژدان له
سه‌ریه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه بێده‌نگ نەبێ.. با باوکیشی بێ،
به‌پێی ئه‌و پرنسیپه‌ی پێشتر دای و ڕوونمان کرده‌وه، ده‌بێ
ڕایبکێشین بۆ دادگا: تا له‌وێ وه‌ڵامی خۆی بداته‌وه، گه‌ر
پاکانه و گوناهسووککهری هه‌ن، له‌وێ باسیان بکات و دادوه‌ر و
دادگۆیانی شاره‌زا و سه‌ربه‌خۆ بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
به‌م کاره‌ی ئیوثیفرۆ هه‌م خۆشی له قورسایی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م
نهێنییه له‌سه‌ر مێشکی و ویژدانی و هه‌ستکردنی به
به‌دیهێنانی ئه‌رکی ڕووناک‌بیری و مرۆڤی به‌رامبه‌ر
کۆمه‌ڵگه‌که‌ی و به‌رامبه‌ر پرسی دادپه‌روه‌ریی، رزگار ده‌کا،
هه‌م ده‌رفه‌ت ده‌دا به باوکیشی، به لێخۆشبوو‌ن بێ یان
سزادان، خۆی له‌م تاوانه پاك بکاته‌وه.
به‌م کاره‌ی ئیوثیفرۆ به‌شداری ده‌کا له چه‌سپاندنی پرسی داد
و له ئه‌نجامدا سهقامگیربوونێکی کۆمه‌ڵێکی دادپه‌روه‌ر و
ئاشتیپهروهر و ئازاد.
|