فووتباڵی فه‌رانسه‌ ، له‌ نێوان ڕه‌گه‌زپه‌رستان و ڕه‌نگین پێستاندا

 

خه‌لیل غه‌زه‌ڵی
xelilxezel@yahoo.com

 

                                   

گه‌رچی وه‌رزش وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی دیکه‌ ناتوانێ له‌ سیاسه‌ت دوورخۆی ڕاگری، به‌ڵام تیمی فوتباڵی فه‌رانسه‌ له‌ موندیاڵی ئیمساڵدا یه‌کێک له‌ سیاسیترین تیمه‌کانی مێژووی ئه‌م تێرنۆمێنته‌ وه‌رزشی‌یه‌ جیهانییه‌ بوو‌‌.

سیاسیترین کایه‌ی "جامی جیهانی2006" له‌ نێوان به‌رازیل و فه‌رانسه‌دا به‌ڕیوه‌ چوو.که‌ له‌ ئه‌نجامی کۆشش و خۆماندووکردنێکی زۆر ،تیمی فه‌رانسه‌ سه‌رکه‌وتوانه‌ مه‌یدانی به‌جێ هێشت و فوتباڵیسته‌کانی برازیلی له‌ بردنه‌وه‌ی جامی ئه‌مجاره‌ ناکام کرد. ئه‌م یارییه‌ سیاسی بوو. چوونکه‌ تیمی فه‌رانسه‌ ده‌بوا ئه‌وه‌ی له‌خۆ نیشانبدایه‌ که‌ چاو نه‌کردن له‌ ره‌گه‌ز و ره‌نگی پێستی فووتباڵیسته‌کان و بایه‌خدان به‌ مه‌هاره‌ت و ته‌کنیک و توانای یاریکردن‌یانه‌‌،که‌ ده‌توانێ تیمێک سه‌ر بخات . هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ تیمی فه‌رانسه‌ به‌ بردنه‌وه‌ له‌ برازیل توانی مشتێکی قایم له‌ ده‌می ده‌سته‌ و ته‌یاره‌ ڕاست گه‌راکانی فه‌رانسه‌ بوه‌شێنێ. و به‌ڕاستی ئه‌وه‌شیان کرد.  ده‌ستیان خۆش .

له‌وکاتانه‌ی که‌ تیمی فه‌رانسه‌ خه‌ریکی ئاماده‌ سازیی بۆ به‌شداری له‌ یارییه‌کانی موندیاڵ له‌ ئاڵمان‌دا بوو،هه‌را و و به‌زمێکی له‌ڕاده به‌ده‌ر له‌ میدیا و کۆڕه‌ وه‌رزشی و سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا وه‌ڕی که‌وت. هه‌موو ئه‌م هه‌ڵڵا و بگره‌ش له‌سه‌ر چۆنییه‌تی پێکهاتی ئه‌م تیمه‌ بوو. ئه‌وه‌بوو که‌ حیزبه‌ فاشیستی و ڕاستگه‌راکانی فه‌رانسه‌، زه‌ختێکی یه‌کجار زۆریان خستبووه‌ سه‌ر "فێدراسیونی فوتباڵ"ی ئه‌م وڵاته‌ و ره‌يموند دۆمۆنیك ڕاهێنه‌ری تیمی فوتباڵی وڵاته‌که‌یان.مه‌به‌ستیشیان له‌م گوشار و زه‌خت و زۆره‌ ئه‌وه‌بوو که‌ پێکهاته‌ی تیمی فوتباڵ بۆ"جامی جیهانی2006" ده‌بێ زۆرایه‌تیی(ئه‌کسه‌رییه‌ت)ی سپی پێست و به‌ ئه‌سڵ، فه‌رانسه‌یی ڕه‌گه‌ز بن. له‌ به‌رانبه‌ردا ڕاهێنه‌ری تیم (ره‌يموند دۆمۆنیك) و فێدراسیونی فووتباڵی فه‌رانسه‌ له‌ سه‌ر شیاوبوونی فوتباڵیسته‌کان و ڕاده‌ی تواناییان پێیان دا‌ده‌گرت و ڕایانگه‌یاند که‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌(فه‌رانسه‌) ملیۆنان ئه‌لجه‌زایری، ئافریقایی و عه‌ره‌ب ده‌ژین که گه‌رچی ره‌نگی پێستان سپی نییه‌، به‌ڵام‌ زۆربه‌یان هاونیشتمانیی فه‌رانسه‌ن و، له‌گه‌ڵ هیچ هاووڵاتییه‌کی دیکه‌‌ی فه‌رانسه‌ جیاوازیان نییه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ تیمی فه‌رانسه‌ نابێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌نگی سپی و ره‌گه‌زی فه‌رانسه‌یی پاراستبێ،به‌  ئاستێکی نزمه‌وه‌ به‌شداری له‌ "جامی جیهانی2006"دا بکات. به‌ڵکوو تێمێک ره‌وانه‌ی ئه‌م یاریانه‌ ده‌که‌ین که‌ تێکه‌ڵێک بێت له‌ باشترین فووتباڵیسته‌کان و بۆ ئه‌مه‌ش چاو له‌ سپی و ره‌ش یا ئه‌وه‌ی کامیان باوکی فه‌رانسویی ڕه‌سه‌ن ، یاعه‌ره‌ب و ئافریقاییه‌‌ ناکه‌ین. گرینگ تواناییه‌کانی فووتبالیسته‌ نه‌ک ره‌نگی پێست وره‌سه‌نایه‌تی.

ئه‌م شه‌ڕ و هه‌ڵایه‌ هه‌روا درێژه‌ی کێشا و فدراسیونی فوتباڵ و ڕاهێنه‌ری تیمی فه‌رانسه‌ به‌بێ سه‌رنجدان به‌ هات و هاواری ڕاسته‌کان له‌ سه‌ر بنه‌مای، کێ یاریزانی باش و شێاوه‌، تیمێکی ره‌نگین یان هه‌ڵبژارد که‌ زۆربه‌ی یاریزانه‌کان ڕه‌نگین پێست بوون و فه‌رانسه‌ییه‌ "ڕه‌سه‌نه‌کان" که‌مایه‌تی. بۆیه‌ هه‌رکات تیمی فه‌رانسه‌ به‌م پێکهاته‌وه‌ له‌ یارییه‌کدا به‌شداری ده‌کرد، شه‌ڕوهه‌ڵا و هێرشی ڕاسته‌کان ده‌ستی پێده‌کرده‌وه‌. به‌تایبه‌ت گه‌ر بهاتبا و تیمی فه‌رانسه‌  ئه‌نجامێکی باشی تۆمار نه‌کردبای. هه‌ڵاکه‌ به‌رزتر و گه‌ر فه‌رانسه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست ده‌هێنا، ڕاسته‌کان سه‌ریان شۆڕده‌کرده‌وه‌ و هه‌راکه‌ ده‌نیشته‌وه‌.

له‌ ده‌سپێکی یارییه‌کانی موندیاڵدا،تیمی فه‌رانسه‌ به‌شێوه‌یه‌کی شیاو خۆی نیشان نه‌دا، ئه‌وه‌بوو که‌ ڕاسته‌کانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ رێگه‌ی بڵاوکراوه‌کانیانه‌وه‌ ،دیسان هێرشیان کرده‌ سه‌ر فێدراسیونی فوتباڵ و ڕاهێنه‌ری تیمه‌که‌.به‌ڵام هێرشی سه‌ره‌کیان دانابوو بۆ یاریی نێوان فه‌رانسه‌ و برازیل. چوونکه‌ دڵنیا بوون که‌ فه‌رانسه‌ ده‌یدۆڕێنی و ده‌بێ به‌ شکسته‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵات. ڕاسته‌کان به‌ته‌ما بوون پاش شکست، ڕاستبێژی خۆیان و ره‌سه‌نی فه‌رانسه‌یی به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و کۆمه‌ڵگا دژی فێدراسیونی فوتباڵ و ڕاهێنه‌ری تیم(دۆمۆنێک) هانبده‌ن و به‌م شێوه‌ هه‌رچی زۆرتر بانگه‌شه‌ی ڕاسیستی و دژی بیانی بکه‌ن. بۆیه‌ هه‌موو کارزانان له‌ بواره‌کانی سیاسه‌ت و وه‌رزشدا، یاریی نێوان برازیل و فه‌رانسه‌یان به‌ یارییه‌کی سیاسی  و ململامییه‌کی قووڵ له‌ نێوان ڕه‌گه‌ز په‌رستی و پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ قه‌ڵه‌مده‌دا. وه‌ک دیتمان سه‌ره‌نجام به‌ هیمه‌تی هه‌موو ئه‌ندامانی تیمه‌ فه‌رانسه‌(ڕه‌نگین پێست و سپی و فه‌رانسیی ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن) و هه‌روه‌ها کارامه‌یی و رێنوێنییه‌کانی ڕاهێنه‌ره‌که‌ی، ئه‌م تیمه‌ سه‌رکه‌وت و لمبۆزی ڕاسته‌کان(ئی‌ئتلافی هه‌موو ڕسته‌کان) له‌ خاک وه‌ردرا. یارییه‌ک که‌ به‌ به‌ پێی لێکدانه‌وه‌ی پسپۆڕانی بواری فووتباڵ یه‌کێک له‌ جوانترین و ته‌کنیکیترین یارییه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌ی جامی جیهانی بوو و تیمی فه‌رانسه‌ و به‌تابه‌ت کاپیتانه‌ به‌ ئه‌زموون و لێزان‌که‌ی (زینه‌دین زیدان)سه‌رو گه‌ردنێک‌ به‌رزتر له‌ تیمی به‌رازیل بوون.

سه‌رکه‌وتنی تیمی فه‌رانسه‌ ،له‌ گه‌ڵ خۆپیشاندان و شادمانیی جه‌ماوه‌ریی له‌ شه‌قامه‌کانی شاره‌کان و به‌تایبه‌ت پاریس تێکه‌ڵ بوو.له‌ شادیی سه‌رکه‌وتنی تیمی فه‌رانسه‌دا لاوانی ره‌ش و سپی،عه‌ره‌ب و فه‌رانسه‌یی شانبه‌شانی یه‌ک به‌شدار بوون و که‌س چاوی له‌ که‌س نه‌ده‌کرد که‌ بزانێ کێ ره‌سه‌ن و کێ ناڕه‌سه‌نه‌! بوونی کاپیتانێکی خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر به‌ ره‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌ب(زیدان)، و بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر ڕه‌نگین پێست و عه‌ره‌ب له‌ تیمی فوتباڵی فه‌رانسه‌دا،تایبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌و تیمه‌ داوه‌ که‌سیمایه‌ک بوو له‌ تێکه‌ڵ بوونی هه‌موو ره‌نگه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئه‌م وڵاته‌.

له‌ ڕاستیدا دڵ‌نگرانی و په‌رۆشی ڕاستی بناژۆ له‌ فه‌رانسه‌ش هه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ بیانی له‌ "وڵاته‌که‌یاندا" هه‌ست به‌ هاووڵاتی بوون بکات.‌ ڕاسته‌کان ده‌زانن که‌ هه‌ر سه‌رکه‌وتنێکی جیهانی بۆ فه‌رانسه‌ گه‌ر به‌ هیمه‌ت و خۆماندووکردنی "فه‌رانسه‌یی ناڕه‌سه‌ن" و بیانی  ده‌سته‌به‌ر بێ،ده‌توانێ چه‌شنێک ته‌بایی و هاوده‌نگی له‌ نێوان بیانیان و فه‌رانسه‌ییه‌کاندا پێک بێنێ. بێ گومان ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ستراتێژی و پلانی ئه‌وان که‌ ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی و نه‌فره‌ت له‌ بێگانه‌یه‌، دژایه‌تیی هه‌یه‌. هه‌موو هات و هاواری ئه‌وان بۆ ئه‌م یه‌کگرتنه‌ و هاوده‌نگییه‌یه‌،  به‌شداریی چه‌ند ڕه‌نگین پێستێک له‌ تیمی نیشتمانیی فووتباڵدا نه‌بوو. خه‌فه‌تی ڕاسته‌کان له‌وه‌دایه‌ که‌ چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ،و بیانی و خۆجێی له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌وتۆدا(سه‌رکه‌وتنی تیمی‌ فووتباڵ به‌ به‌شداریی ڕه‌نگین پێستان) لێک نزیک ده‌بنه‌وه‌ و نه‌فره‌ته‌ ره‌گه‌زییه‌کان له‌بیر ده‌که‌ن . هه‌روه‌ها ترسی زۆرتری ڕاسته‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ دووپات و چه‌ند پات بوونه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌،هه‌موو ریسه‌کانیان بۆ بڵاوه‌ی نه‌فره‌تی ڕه‌گه‌زی و ناسیوناڵیستی لێ‌بێته‌وه‌ خوری.

به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ وڵاتیک وه‌ک فه‌رانسه‌ که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر بیانی و ره‌نگین پێستی تێدا ده‌ژی بایه‌خێکی گرنگی هه‌یه‌. حه‌شیمه‌تێک که‌ به‌ زۆری له‌ ناوچه‌ هه‌ژار نشین و بێ‌ئیمانه‌کانی قه‌راخی شاره‌کاندا ده‌ژین و هه‌رده‌م ئاماده‌ سه‌رهه‌ڵدان و ئیعترازن. که‌ نموونه‌ی حه‌ره‌که‌ته‌ ئیعترازییه‌کانی ساڵی پاری لاوان و خوێندکاران بوو که‌ سه‌ره‌نجام گه‌یشته‌ ڕاپه‌ڕێن و سووتاندنی ئوتوموبیل و ناوه‌نده‌ حکوومه‌تییه‌کان. هه‌ر ئه‌و ئیعترازانه‌ بوون که‌ به‌رپرسانی فووتباڵی فه‌رانسه‌ی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ که‌ ده‌بێ هه‌لی زۆرتر بۆ خۆده‌رخستنی تواناییه‌کانی ئه‌م که‌سانه‌ فه‌راهه‌م بکری . کارێک که‌ ئه‌نجامیاندا و ئیجابی بوونی پاش یاریی فه‌رانسه‌ به‌رازیل له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نمایش درا.

له‌و لاشه‌وه‌ ره‌نگین پێسته‌کانی نێو تیمی فووتباڵی فه‌رانسه‌ له‌ یارییه‌کانی جامی جیهانیدا به‌شێوه‌یه‌کی جوان و لێبڕاوانه‌ هه‌موو تواناکانی خۆیان وه‌گه‌ڕ خست. چاودێرانی فووتباڵ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ هێز و توانای بێ‌پایانی ره‌نگین پێستانی تیمی فه‌رانسه‌ هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر به‌رازیل‌دا بوو. به‌ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وان بوون که‌ هیڵی دیفاع و هێڵی نێوه‌ڕاست و هێڵی هێرشی به‌رازیلیان تووشی په‌رش و بڵاوی کرد. ره‌نگین پێسته‌کان خاوه‌نی نه‌فه‌سێکی زۆر بوون به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ کاته‌کانی کۆتایی یارییه‌که‌دا به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵده‌هاتن که‌ سه‌ره‌تاکان ئه‌نجامیان ده‌دا.ئه‌وه‌بوو که‌ هه‌میشه‌ هێڵی دیفاع و نێوه‌ڕاستی به‌رازیل‌یان به‌جێ ده‌هێشت. به‌کورتی سه‌ره‌ڕای یاریی جوان و ته‌کنیکی به‌رز، به‌ هه‌ڵاتن‌یش زۆربه‌ی یاریزانه‌کانی به‌رازیلیان ره‌تاند و به‌سه‌ریاندا زاڵ بوون.

زیدان، کاپیتانی تیمی فه‌رانسه‌ که‌ خاوه‌ن ناو و رێزێکی جیهانییه‌، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌لجه‌زایرییه‌. ئه‌م قاره‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌(پاش بردنه‌وه‌ی جامی جیهانیی 1998 سه‌رۆککۆماری فه‌رانسه‌ ئه‌و ناز ناوه‌ی پێ خه‌ڵات کرد) له‌ یاریی له‌گه‌ڵ به‌رازیل‌دا به‌ نیشاندانی ته‌کنیکی تایبه‌ت به‌خۆی سه‌رنجی هه‌مووانی ڕاکێشا و به‌ رێبه‌ریکردنی تیمه‌که‌ی،‌ له‌ مه‌یدانی یاریدا توانی وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی به‌وه‌ج سه‌ره‌ڕای شێواندنی ئارایشی به‌رازیل، تیمه‌که‌ی خۆی  به‌سه‌ر مه‌یدانی یاریدا زاڵ بکات. زیدان توانی به‌ یاری جوان و مانۆڕی‌ پڕ له‌ ته‌کنیک سه‌رنجی بینه‌ران ڕابکێشێ. گه‌وره‌یی زیدان له‌وه‌دابوو که‌ هیچکات نه‌یویست حه‌تمه‌ن خۆی گوڵ بکات و زۆرترین هه‌وڵی ئه‌وه‌بوو ئارایشی تیمه‌که‌ی نه‌شێوێ و به‌ پاسه‌ جوان و حیساب کراوه‌کانی تیمه‌که‌ی به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ببات. به‌و شێوه‌ زیدان نیشانی دا که‌ شێاوی رێبه‌ری  و یه‌کێک له‌ باشترین یاریزانانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌. له‌ هه‌موو گرینگتر هه‌وڵی ناو ده‌رکردن و خۆ زڵ کردنه‌وه‌ نییه‌.

به‌کورتی ،تیمی فووتباڵی فه‌رانسه‌ به‌و پێکهاته‌ و به‌و کێشمانکێشه‌ که‌ ته‌یفی ڕاست و فاشیست به‌ دژی وه‌ڕییان خست ،له‌ یارییه‌کانی جامی جیهانیدا، بووه‌ خۆشه‌ویستی ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌ بیانیانی دانیشتووی وڵاتانی‌ ئورووپا و ئامریکا و زۆر شوێنی دیکه‌. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ تا پێش ئه‌م موندیاڵه‌ ئه‌وه‌ تیمی هوله‌ند بوو که‌ هه‌میشه‌ خاوه‌ن زۆرترین رێژه‌ی به‌شداریی ڕه‌نگین پێستان بوو. به‌ڵام به‌هۆی هاتنه‌ سه‌رکاریی دوڵه‌تێکی ڕاست گه‌را ، به‌داخه‌وه‌ سێبه‌ری سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و دورڵه‌ته‌ ڕاستگه‌رایه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر پێکهاتی تیمی فووتباڵی ئه‌م وڵاته‌ و وه‌ک دیتمان تیمی ئه‌م وڵاته‌، ئیمسال‌ که‌متیرن ڕێژه‌ی ره‌نگین پێستانی هه‌بوو. هه‌ر وه‌ک له‌ ئه‌نجامدا ده‌رکه‌وت ، تیمی هوله‌ند نه‌یتوانی وه‌ک ڕابردوو ده‌رکه‌وێ و به‌گشتی یارییه‌کی شیاوی ناوی خۆی نیشان نه‌دا.                    

 پووشپه‌ڕیی 2706

تێبینی: بۆ زانیارییه‌کانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ چه‌ند سایتی هه‌واڵده‌ریی که‌ڵک وه‌رگیراوه‌.

 
           

 

02/09/2015