زه‌مه‌نی خولقاندنی شته‌کان

 

نووسینی: زه‌که‌ریا تامر
وه‌رگێران و به‌ شیعر داڕژتنی: پشکۆنه‌جمه‌دین

یه‌که‌م ڕۆژ، مرۆڤیان خولقاند،

 دووه‌م ڕۆژ، جه‌للاده‌کانی!.

 

سێهه‌م ڕۆژ،  "وشه‌" له‌ دایک بوو،

 چواره‌م ڕۆژ، دووژمنه‌کانی!.

 

پێنجه‌مین ڕۆژ، بۆ  ئازادی و

شه‌شه‌م ڕۆژیش، نه‌یارانی!.

 

حه‌وته‌مین ڕۆژ، بۆ  باڵنده و 

هه‌شته‌م ڕۆژیش، ڕاوکه‌رانی!.

 

نۆیه‌مین ڕۆژ:

 خودا، له‌ کاری خۆی ڕاما...

 چ کارێکی ترسناکه‌!،

زه‌ریایه‌ک خوێنی لێ ده‌ڕژێ!.

* * *

ڕۆژی یه‌که‌م:

 شێر،  پڵنگ و هه‌ڵۆ خولقان.

 

ڕۆژی دووه‌م:

 مێش و بۆق و ڕه‌وه‌کولله‌!.

 

ڕۆژی سێهه‌م:

 زه‌وی ته‌خت و ڕه‌وه‌کولله‌ داگیری کرد!.

 

ڕۆژی چواره‌م:

 خوا سه‌یری کرد:

کارێکی پڕمه‌خابنه‌...

 ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ نه‌ده‌کرد!.

 

* * *

ڕۆژی یه‌که‌م:

 ئاو هاژه‌ی هات،

ڕۆژی پاشتر، خوێن پێلی دا.

 

ڕۆژی سێهه‌م:

 نه‌وت فیچقه‌ی کرد.

 

رۆژی چواره‌م:

  شه‌تاوی خوێن، له‌ پێناوی زێڕی ڕه‌شدا!.

 

ڕۆژی پێنجه‌م:

سه‌رۆکه‌کان له ‌دایک بوون.

 ئه‌وان، له‌ئاست ئێمه‌ سه‌ربه‌رز،

له‌به‌رده‌م دووژمنانیشدا:

 گزگل، زه‌لیل... به‌ڵێ قوربان!!.

 

ڕۆژی شه‌شه‌م:

 خوا له‌ کاروباری  ڕووانی:

ئه‌مه‌ قاقای پێکه‌نینه‌ له‌ تراژیدیای گریاندا!.

 

* * *

رۆژی یه‌که‌م:

 نیشتمانی مرۆڤ خولقا و

 بوو به‌ جه‌نگه‌ڵی دڕندان.

 

رۆژی دووه‌م:

 مرۆڤ وه‌کوو برا هاتن،

که‌چی هه‌ندێک بوون به‌‌ جه‌للاد،

هه‌ندێکیشیان  به‌ قوربانی..

 هه‌ندێک بوونه‌ ته‌ماشاکه‌ر،

 بۆ شانۆی شه‌ڕی براکان!.

کۆمه‌ڵێک مات و مه‌لوول و

کۆمه‌ڵێکیش،  بێپه‌روا له‌ هه‌ڵڵای زه‌مان!.

 

ڕۆژی سێهه‌م:

 په‌یڤ له ‌دایک بوو،

تا ببێته‌ زایه‌ڵه‌ی ئازاری مرۆڤ،

که‌چی بردیانه‌ بازاڕ و له‌ کڕین و فرۆشتندا،

 کێ زۆری دا، هه‌ر ئه‌و بردی!.

 

نان درووست بوو، ڕۆژی چواره‌م.

نان، جه‌لادێکی چه‌پێنه‌ر، دڵ له‌ به‌رد و

 قامچیی ده‌ستی سووكایه‌تیی لێ ده‌باری!.

 

ڕۆژی پێنجه‌م:

 له‌ زایینی بێزاریدا،

"غه‌زه‌ب" ده‌رکه‌وت،

 بێهێزه‌کان ئامێزیان بۆ واڵا کرد و

 به‌هێزانیش ، میلی چه‌کیان لێ ڕاکێشا!.

 

ڕۆژی شه‌شه‌م:

 شمشێر خولقا،

 تا پشتیوانی هه‌ق بێت و

 ناهه‌ق بشکێ.

شمشێر، له‌ ڕووی زاڵماندا،

 ته‌نیا چه‌ند مانگێک ڕاوه‌ستا،

 له‌سه‌ر ملی مه‌زڵوومانیش، ده‌یان سه‌ده‌!!.

 

ڕۆژی حه‌وته‌م:

 به‌رد درووست بوو!.

له‌ به‌رد، کۆشک و زیندانه‌کانیان ئاوا کرد.

به‌رد بوو به‌‌ چه‌ک،  بۆ بێچه‌ک و هه‌شبه‌سه‌ران!.

 

ڕۆژی هه‌شته‌م:

 ڕۆژی خولقاندنی ئه‌دیب!.

ئه‌دیبه‌کان، هه‌ندێک ئه‌هلی درۆ و ڕیا،

هه‌ندێک ڕێبواری راستگۆیی...

وا ده‌‌یبینین، درۆ تیشکی هه‌تاوێکه‌، ئاوی چاوی مرۆ ده‌با.

ئه‌دیبی خێڵی هه‌قبێژان، وه‌کوو کوێران،

 له‌ تاریکیی نیشتماندا، په‌ل ده‌هاوێ!.

 

ڕۆژی نۆیه‌م:

 دره‌خته‌کان بۆ هێلانه‌ی باڵنده‌کان،

 له‌ زه‌ویدا به‌رز بوونه‌وه‌!.

له‌ باڵای یه‌که‌مین دره‌خت،

 یه‌که‌م سێداره‌یان چه‌قاند!.

 

ڕۆژی ده‌یه‌م:

 کورسی خولقا،  به‌ هه‌زاران، فڕکان فڕکان،

تێی ورووکان، پێیان وا بوو، ئه‌مه‌ که‌شتیی رزگاربوونه‌،

له‌ گیژاوێکی بێئامان!.

.............

دوانزه‌هه‌م ڕۆژ:

 ئه‌سپ و که‌رگه‌ل سه‌ریان هه‌ڵدا.

ئه‌سپ رۆژانێک سه‌رکه‌وتوو،

 که‌ر،  براوه‌ی هه‌موو ده‌وران!.

 

سیازده‌هه‌م رۆژ:

 قه‌ل و قاڵاو، ده‌سماڵی ره‌ش،

شیناییی ئاسمانیان ته‌نی!،

 به‌ قیژوقاژ له‌گه‌ڵ چریکه‌ی چۆله‌کان،

وه ‌شه‌ڕ هاتن.

قاڵاو، بۆ چه‌ند رۆژێک به‌زین،

پاشان بوونه‌  پادشای ئاسمان!.

 

چوارده‌هه‌م رۆژ:

خه‌ویان خولقاند.

خاوه‌نهه‌ق خه‌وت!.

هه‌قدز، پرخه‌ی گه‌یشته‌ ماڵان.

خه‌وی خاوه‌نهه‌ق به‌تاڵه‌.

خه‌وی هه‌قدز، چرای ماڵه‌!.

 

پانزه‌هه‌م ڕۆژ:

خودا فه‌رمووی: چییم کردووه‌ من؟!...

ئه‌م باره‌، چۆن هه‌ڵده‌گیرێ؟،

 ئه‌مه‌ کارێکی مه‌حاڵه‌!.

 

* * *

ڕۆژی یه‌که‌م:

لانه‌ و ماڵیان به‌رز کردنه‌وه.

ڕۆژی دووه‌م: خاوه‌نماڵانیش په‌یدابوون.

ڕۆژی سێهه‌م: لاپره‌سه‌ن و ناکه‌سبه‌چان،

ئاغای ماڵ و له‌ ئاسمان و زه‌مینه‌وه‌،

گوڵیان به‌سه‌ریاندا باراند!.

 

ڕۆژی چواره‌م:

خوا له‌سه‌ر ته‌ختی خۆیه‌وه‌،

له‌ حاڵی ره‌عییه‌تی رووانی و

فه‌رمووی: شایسته‌ی زریانن!.

له‌و ڕۆژه‌وه‌، چه‌وساوه‌کان، چاوه‌ڕوانی زریانێکن،

هه‌رگیز نایه‌ت!.

 

4ی مای2006

سه‌ره‌نج:

1_ ناونیشانی بابه‌ته‌که،‌ له‌ ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌که‌دا(الفواتح العربیه) نووسراوه‌، واته‌ (ده‌ستپێکه‌ عه‌ره‌بییه‌کان).  من، ناونیشانه‌که‌م گۆڕیوه‌ و  کردوومه‌ به‌ (زه‌مه‌نی خولقاندنی شته‌کان).

2_ ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌که‌، به‌ شیعر دانه‌ڕێژراوه‌، به‌ڵکه‌ تێکستێکی  په‌خشانئامێزی چڕوپڕه‌.

3_ من، له‌ پرۆسه‌ی به‌شیعرکردنی ده‌قه‌که‌دا، مافی گۆڕین و ئازوگوێزپێکردنی هه‌نده‌ک تێرم و په‌یڤم، به‌ خۆم داوه‌. به‌ڵام له‌ وێنه‌ و مه‌به‌سته‌کانی نووسه‌ر، دوور نه‌ڕۆیشتووم.

4_ وه‌رگێڕانی "دێڕێک"م به‌ پێویست نه‌زانیوه‌ و وه‌لام ناوه‌!.

5_ بۆ بینینی ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌که‌، بڕوانه‌: زکریاتامر، هجاء القتیل لقاتله‌، ل13 تا 16، چاپی یه‌که‌م 2003.

 
           

 

02/09/2015