سێزده‌ رێكخراوی جه‌ماوه‌ری شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌نجوومه‌نی هاوبه‌شیان پێكهێنا

 
 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی كێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان خۆپیشاندان سازدرابوو، رۆژی هه‌ینی 13 رێكخراوی جه‌ماوه‌ری كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان به‌ست بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نێك سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێكبێنن.

به‌یانی رۆژی هه‌ینی له‌ باره‌گای یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان 13 رێكخراوی جه‌ماوه‌ری كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا، سه‌باره‌ت به‌ روودا و خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی ناوچه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێكه‌وتن له‌ سه‌ر پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نێك به‌ ناوی "ئه‌نجوومه‌نی راوێژكاری رێكخراوه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان"، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێناو پێگه‌یاندنی گه‌نج و لاوان گه‌یاندنی داخۆازییه‌كانیان به‌ ده‌سه‌ڵات كاربكات. هه‌روه‌ها له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌م شه‌ش خاڵه‌ی له‌ خۆگرتبوو:

- ئازادكردنی خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو.

- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی یاسایی بۆ به‌دوا داچوونی تاوانباران.

- به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی برینداره‌كان و ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌پێی پێویست.

- قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌كان.

- پشتگیریكردنی داوا ره‌واكانی دانیشتوانی شار و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی.

- دژایه‌تی هه‌موو توندوتیژه‌یه‌ك له‌ هه‌ر لایه‌نێكی (جه‌ماوه‌ر، هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ) بێت.

هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانیش پێكهاتبوون له‌مانه‌:

- یه‌كێتی ژنانی كوردستان. - كۆمه‌ڵی ئافره‌تانی كوردستان.- یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان.

- یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان.- یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی له‌ كوردستان. - رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستان.

- یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان.- سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی چالاكی لاوان.  - رێكخراوی گرین بۆ راهێنانی مه‌ده‌نی.

- یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان. - رێكخراوی لاوانی كوردستان.  - بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارانی كوردستان.

- یه‌كێتی گشتی قوتابیانی كوردستان.

 

 
           

 

02/09/2015