بانگه‌وازێک له‌مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانه‌وه‌ له‌(پاڵتۆک) بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی کوردستان

 
 

 

ڕاگه‌یاندنی که‌مپینی (به‌دادگایی کردنی موسته‌شارو ئه‌نفالچیه‌کانی کوردستان)

 

ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باشووری کوردستان دا به‌هه‌ستیارترین قۆناغی مێژوویی دا تێده‌په‌ری ،ئه‌ویش دادگاییکردنی سه‌دام و داروده‌سته‌که‌یه‌تی له‌سه‌ر تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستان که‌ ناسراوه‌ به‌ کاره‌ساتی (ئه‌نفال) .

چاودێرانی سیاسی ،میدیاکانی جیهان ، سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی به‌ چاوێکی گرنگه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ دادگایه‌که‌و ده‌رنجامه‌کانی ،خۆ ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆکی سیاسیانه‌ی ئه‌م دادگایییه‌ جۆرێک بێت له‌ ئاگادار کردنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌ نادیموکراسیه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ،ئه‌وا بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخاندن له‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی .

ئاشکرایه‌ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق داڕێژه‌ری نه‌خشه‌و پلانه‌ گڵاوه‌کانی کاره‌ساتی ئه‌نفال بوو ،به‌ڵام فاکته‌ری هه‌ره‌سه‌ره‌کی له‌ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م تاوانه‌ (مۆسته‌شار و سه‌ره‌ک جاش و خائین و خۆفرۆشه‌کان) بووه‌ که‌ به‌بێ هاوکاری ئه‌مان مه‌‌حاڵ بوو ئه‌م کاره‌ به‌سانایی بگاته‌ ئه‌نجامه‌کانی.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستان بوو له‌هه‌مان ڕۆژی دادگایکردنی سه‌دام و داروده‌سته‌که‌یدا ،ئه‌م سه‌ره‌ک جاش و خائینانه ڕاپێچی دادگایه‌کی کراوه‌یی هه‌مه‌چه‌شن بکرانایه‌و به‌پێی پڕنسیپه‌کانی ده‌وڵه‌تی یاساو چه‌مکی نه‌ته‌وایه‌تی سزای تاواناکانیان به‌سه‌ردا بدرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ نموونه‌یه‌کی مێژووی به‌رچاو بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی .

مه‌خابن ئه‌م خائینانه‌ نه‌ک هه‌ر لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌ ،به‌ڵکوو به‌و په‌ڕی ئازادیه‌وه‌ له‌ته‌واوی پانتایی خاکی کوردستان ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌و له‌چاوی که‌س و کاری ئه‌نفالکراوه‌کانه‌وه‌ ،هه‌موو چرکه‌یه‌ک ئه‌م مێژوویه‌یان دووباره‌ده‌بێته‌وه‌ ،له‌ هه‌مان کاتیش دا چه ندایه‌تیه‌ک له‌مانه‌ له‌ ناوه‌ندو ده‌زگا گرنگه‌کانی حیزب و ده‌وڵه‌ت دا لێپرسراوه‌تی و پۆستی هه‌ستیاریشیان دراوه‌تێ .

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ ( مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان ) له‌ پاڵتۆک دا هه‌ڵده‌ستێ به‌ سازدانی که‌مپینێکی سه‌رتاسه‌ری بۆ به‌ دادگایی کردنی مۆسته‌شار و تاوانبارانی کاره‌ساتی (ئه‌نفال) وه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م ( کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه‌ ) وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ر له‌ بیرو هزری حیزبایه‌تی په‌یوه‌ست بن به‌م که‌مپینه‌وه‌و ووزه‌ و تواناکانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ ، سه‌رکه‌وتن بۆ ئیره‌دای گه‌له‌و سه‌رشۆڕیش بۆ خۆفرۆشان و خائینانه .

بۆ زیاتر زانیاری له‌سه‌ر هه‌واڵ و باسی که‌مپینه‌که‌ و گفتۆگۆ و پێشنیاره‌کانتان داتوانن ڕۆژانه‌ سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان بکه‌ن له‌ ( پاڵتۆک ) .

 

 

                                            لیژنه‌ی کاتی سه‌رپه‌رستی کردنی

 

که‌مپینی دادگایکردنی موسته‌شار و ئه‌نفالچیه‌کانی کوردستان 

                                                                       21-8-2006

 
           

 

02/09/2015