قه‌سیده (به‌شی یه‌كه‌م):
سه‌رم قورسه و پێده‌چێت..
پێده‌چێت غه‌م له‌ناخم سه‌ریكردبێت و
به‌ره‌و ژوور هه‌ڵچوبێت
وه‌ك شه‌پۆله شێتێكی ده‌ریا
بۆ هه‌میشه ئه‌بێت غه‌مه‌كانی ئێمه سه‌رڕێژ بن..؟
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین.. هه‌رهه‌موومان
پڕین له ئاخ
پڕ پڕین له‌غه‌م و
پڕ پڕین له‌قه‌هر
ئای.. چیمان نه‌دی، چیمان نه‌بیست
ژیان چی پێنه‌كردین؟
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین برسین
برسی نان نین.. برسی ژیانین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین تینووین
تینووی ئاو نین.. تینووی هاوارین
هه‌ر هه‌موومان دروست بووی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
كه‌چی له‌زه‌تی ژیان نازانین!
له‌دایك ئه‌بین هه‌تا كه‌سێ به‌ڕووماندا پێئه‌كه‌نێت
ده‌یان لێمان مۆڕ ئه‌بنه‌وه
كه مناڵین شته‌كانمان ته‌ته‌ن
كه گه‌وره بووین هه‌موو بڤه‌ن
ئێمه كوشته‌ی مه‌كه‌ین
ئێمه كوشته‌ی بڤه‌ین
كه بێوه‌ژن ئه‌بین ته‌نانه‌ت پشووی
بن سێبه‌ری دیوارمان حه‌رامه
هه‌تیویش كه‌وتین
نان و ئاوی ماڵمان حه‌رامه!
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان چی پێنه‌كردین!
هه‌ر هه‌موومان دروست بووی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
كه‌چی به‌باڵای حه‌سره‌ته‌كانمان
نه‌فره‌ت ئه‌چۆڕێت
من نازانم.. چ جادووگه‌رێكی له‌عنه‌تی بوو
چاوبه‌ستی لێكردین
جوانی ژیانمان نه ئه‌بینی
ده‌مبه‌ستی لێكردین و
له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌موو قه‌هره‌دا
زمانی گرێداین!
ژیانی كرده مایه‌ی فیتنه و
كه‌وته نێوان ئێمه و نیشتمانه‌وه
پشتمان كرده نیشتمان و هه‌ڵاتین..
به‌ره‌و فه‌نابوون هه‌ڵاتین
ئای.. ئای ژیان چی پێنه‌كردین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
سه‌رقاڵی له‌به‌ركردنی بیردۆزه‌كانین
هێڵی لاته‌ریب ئه‌كێشین
هاوكێشه‌كان له‌بیر خۆمان ئه‌به‌ینه‌وه
كه‌چی نیشتانمان له‌ده‌ست دا!
هه‌زار ڕیش سپیمان كرد به‌گژیا
ڕووی تێنه‌كردین
هه‌زار سه‌رسپیمان له‌گه‌ڵ خۆمان برد و
ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی واڵا نه‌كرد
ئای.. چیمان نه‌دی
ئه‌وه ئێمه‌ین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین به‌دزییه‌وه نامه ئه‌نووسین و
وه‌ڵامه‌كه‌شی له ژووری ساردی حه‌ماما ئه‌خوێنینه‌وه
كه مناڵین حه‌زمان له ترشه
به هه‌رزه‌كاری
حه‌ز به‌شیرینی ئه‌كه‌ین و
كه گه‌وره ئه‌بین..
هه‌موو شتێك تامی تاڵه له ده‌ممانا
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان چی پێنه‌كردین
هه‌ر هه‌موومان دروست بووی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
كه‌چی.. نه‌له‌زه‌تمان له‌به‌ڵاڵوك بینی و
نه له‌زه‌ت له‌هه‌نار
نازانم.. نازانم چ ئافاتێك بوو
كانییه‌كانی پڕ كردینه‌وه و
بیره‌كانی پر كردین له قفڵی داخراو
ئه‌وه‌تانێ.. ئێستاش
سووتووی ده‌فته‌رو كتێبه‌سووتاوه‌كانمان
ڕه‌شه‌با له‌م بن دار بۆ ئه‌و بن داریان ئه‌بات و
كچێك ناوێرێت چاویان پێ ڕه‌ش بكات!
ئێستاش پێڵاوه‌كانمان
پڕن له‌خوێن
په‌نجه ورده‌كانمان
له‌بن دار‌و ده‌وه‌نا هه‌ڵماقۆ ئه‌كه‌ن
ئێستاش لێوه‌كانمان
بۆسۆی دواماچیان لێدێت و چاوه‌كانمان
كۆتره شینكه، هێلانه‌ی له‌سه‌ر دروست كردوون
ئێستاش.. له هه‌موو ڤیستیڤاڵێكا ئه‌كرێین به شیعر
ئه‌كرێین به ئارمی سه‌ر یه‌خه
ئه‌كرێین به‌گۆرانی و
كه‌چی.. كه‌سێك گوێ بۆ هۆره حه‌زینه‌كانی خۆمان ناگرێت
كه‌س شیعره‌كانی نالی له‌بیرنه‌ماوه
كه‌سێك ده‌ستی جه‌لادی
له‌یه‌خه‌مان نه‌كرده‌وه
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان چی پێنه‌كردین
هه‌رهه‌موومان دروست بووی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
كه‌چی.. نه له‌زه‌تمان له مزه‌سێو بینی و
نه هێشتیان چواله‌ی ئه‌و به‌هاره بخۆین
چۆن نیشتمانمان تۆران و هه‌ڵاتین..
به‌ره‌و فه‌نابوون هه‌ڵاتین
ژیان.. ته‌نها فێری بڤه‌ی كردین
فێری مه‌كه‌ی كردین
ئێمه كوشته‌ی بڤه‌ین
ئێمه كوشته‌ی مه‌كه‌ین
جوانی.. بڤه‌یه
یاری.. مه‌كه!
خۆشه‌ویستی.. بڤه‌یه
فڕین.. مه‌كه!
من نازانم
من نازانم.. بۆ كه منداڵ بووین
شار زۆر خۆش بوو
مه‌كته‌ب خۆش بوو
ته‌نانه‌ت سه‌رقه‌بران خۆش بوو
كه‌چی ئێستا
شار ناخۆشه و
مه‌كته‌ب ناخۆشه و
سه‌رقه‌بران ڕه‌شه
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان ره‌نگه‌كانی ته‌نها به‌جله‌كانی ئێمه نه‌به‌خشی و
سه‌گه‌كانی ته‌نها بۆ راونانی ئێمه گه‌وره نه‌كرد
هه‌رچی جه‌لاد هه‌یه
به‌ریدایه مه‌مله‌كه‌تی ئێمه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
سه‌رقاڵی گه‌رانین
به‌دوای په‌پووله پاییزییه‌كاندا
هه‌ر ئاشت ئه‌بینه‌وه و
بوغزمان له‌گه‌ڵ ئه‌كات
هه‌ر سه‌رئه‌نێینه سه‌ر پشتی و
كابووسمان بۆ ئه‌نێرێت
هه‌رپرچ درێژ ئه‌كه‌ینه‌وه‌و
به‌ده‌م مووخۆركه‌وه هه‌ڵی ئه‌وه‌رێنێت
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین برسین..
برسی نان نین برسی پێكه‌نینین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین تینووین
تینووی ئاو نین..
تینووی به‌گژدا چوونه‌وه‌ین
ژیان.. ژیان ته‌نها ئاشتی به ئێمه نه‌به‌خشی
ته‌نها كۆشكی به ئێمه نه‌به‌خشی
لانه‌كانی لێڕووخاندین
من نازانم.. من نازانم چ نه‌فره‌تێك بوو لێمان كرا
وا له‌به‌هه‌شت ده‌ركراین و
چ ئافاتێك بوو..
ڕووی كرده ده‌روازه‌ی ماڵه‌كانمان
وا بۆكڕووزیان دونیای گرتووه
ئه‌وه‌تا.. ئه‌وه‌تا ئێستاش
قه‌ڵه‌مه‌كانمان به نووكی شكاوه‌وه
چیرۆكی كاڵه‌وه‌بوو
له‌سه‌ر به‌ڕماڵه جێماوه‌كان ئه‌نووسنه‌وه
ئێستاش.. جانتاكانمان زریزه پساوه‌كانیان
چوه‌ڕێی ده‌ستی وه‌ستایه‌كن لێكیان بنێته‌وه
ئێستاش.. پارچه‌ی فه‌قیانه‌كانمان
وان به‌سه‌ر ته‌لبه‌ندی سه‌ربازگه‌كانه‌وه
كه‌چی.. ژیان خۆیمان تێناگه‌یه‌نێت و
له‌گه‌ل نیشتمان ئاشتمان ناكاته‌وه
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان چی پێنه‌كردین
هه‌ر هه‌موومان دروست بووی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
كه‌چی.. نه‌یانهێشت
پڕ باخه‌ڵمان بكه‌ین له لیمۆ و
بۆخچه‌كانمان پڕ بكه‌ین
له‌چارۆكه‌ی ساف سوورمه و
شانه‌یه‌كی دار هه‌ڵگرین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
ئه‌مان بوغزێنێت
قه‌بری خۆمان پێهه‌لئه‌كه‌نێت
سه‌ری خۆمان پێئه‌تاشێت و
ئاوێنه‌یه‌كی شكاو ئه‌داته ده‌ستمان
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین پێمان پێئه‌كه‌نێت
ئای.. هه‌ر هه‌موومان
پڕین له ئاخ
پڕ پڕین له ئازار و
پڕ پڕین له قه‌هر
من نازانم..
من نازانم بۆ ئه‌بێت هه‌ر كانییه‌كانی ئێمه
تامی ژه‌هر بده‌ن
هه‌ر بێوه‌ژنه‌كانی ئێمه سێبه‌ری ماڵیان حه‌رام بێت
هه‌ر هه‌تیوه‌كانی ئێمه
كه‌س نانی ماڵیان نه‌خوات
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین برسین..
برسی نان نین برسی سه‌ربه‌ستین
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین تینووین..
تینووی ئاو نین تینوی ئازادین
ژیان ته‌نها ده‌ریای به نیشتمانی ئێمه نه‌به‌خشی
نه‌وره‌س به ئاسمانی ئێمه
ته‌نها خۆشه‌ویستی به‌ئێمه نه‌به‌خشی
میهره‌بانی به دڵی ئێمه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
فێری دڵڕه‌قیمان ئه‌كات
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
ئایه‌ت له‌به‌ر ئه‌كه‌ین و بیرمان ئه‌باته‌وه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
به‌د وای خۆماندا ئه‌گه‌رێین و بزرمان ئه‌كات
ئای.. ئای چیمان نه‌دی و چیمان نه‌بیست
هه‌رچی جه‌نگ هه‌بوو
كردی به‌گژ نیشتمانی ئێمه‌دا
هه‌رچی دڕك هه‌بوو
له سه‌ر خاكی ئێمه شینی كرد
تاوێك به‌زه‌یی پێمان‌دا نه‌هاته‌وه و
نیشتمانی لێتۆراندین
من نازانم.. من نازانم تاوانی خۆمان بوو
یا چی وای لێكردین كه‌س نه‌مانناسێت؟
كه‌س گوێمان بۆ نه‌گرێت
ئای.. ئای چیمان نه‌دی و چیمان نه‌بیست
كه‌چی نه‌كه‌س ئێمه‌ی بینی و
نه‌كه‌س هه‌واڵی ئێمه‌ی بیست!
كه منداڵ بووین
ده‌ممان ئاوی ئه‌كرد بۆ هێشوویه به‌رسیله
به دزییه‌وه ترشی سماقمان ئه‌برد بۆ مه‌كته‌ب
كه‌چی.. كه گه‌وره‌بووین
ژه‌هر ڕه‌زی ترێكانی لێ حه‌رام كردین
هه‌رچی كالیاری بێستانه‌كان
هه‌مووی تاڵ بوون
ژیان ته‌نها ئێمه‌ی فێری قۆپی كردن كرد و
ته‌نها حه‌سوودی به ئێمه به‌خشی و
ته‌نها نیشتمانی ئێمه‌ی دابه‌ش كرد
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
شوانی ئه‌كه‌ین و مه‌ڕه‌كانمان گورگ ئه‌یخوات
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
گه‌نم ئه‌چێنین و
كه‌چی له‌برسا ئه‌مرین!
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
ژیان چی پێنه‌كردین
خۆمان له‌بیر كرد‌و
پشتمان له نیشتمان كرد
هه‌ڵاتین.. به‌ره‌و فه‌نابوون هه‌ڵاتین
له‌بیرمان چوو
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
برسی ژیانین
تینووی هاوارین
ئێستاش.. پێڵاوه‌كانمان پڕن له‌خوێن
هه‌ناسه‌كانمان پڕن له بۆنی باڕووت
فه‌قیانه‌كانمان وان به ته‌لبه‌ندی سه‌ربازگه‌كانه‌وه
ئێسكه‌كانمان وان له‌بیابانه‌كان!
كه‌چی.. هه‌رئاو ئه‌كه‌ین به‌ده‌ستی شه‌یتاناو
پێڵاوه گرانبه‌هاكان ڕیز ئه‌كه‌ین
له بیرمان چوو
كه مناڵ بووین
شار زۆرخۆش بوو
مه‌كته‌ب زۆرخۆش بوو
سه‌رقه‌برانیش خۆش بوو
له بیرمان چوو
هه‌رهه‌موومان دروست بوی دوای ساتێك له‌زه‌تین و
نه‌مانتوانی به‌دوای له‌زه‌تی ژیانا بگه‌ڕێین
چیمان نه‌دی و چیمان نه‌بیست
لانكه‌مان بینی له‌خاچ ئه‌درا
جه‌سته‌مان ئه‌كرا به‌مێزی قومار
كراین به‌كه‌ره‌سه و
زۆر بێبه‌هایانه فرۆشراین
گوڵمان بینی
په‌نجه‌ی شایه‌تمانی به‌رز ئه‌كرده‌وه‌و
په‌پووله فاتیحای بۆ ئه‌نارد
كه‌چی.. دڵی گوڵمان زیز كرد و
باڵی په‌پووله‌مان وه‌راند
ژیان.. ته‌نها دڵی ئێمه‌ی یه‌شاند
ئه‌شقی له ئێمه قه‌ده‌غه‌كرد و
ته‌نها شیعری ئێمه‌ی پڕكر دله حوزن
ژیان ته‌نها نیشتمانی ئێمه‌ی تۆراند
ئای.. ئای چیمان نه‌دی
چیمان نه‌بیست
ژیان چی پێنه‌كردین!؟
تێبێنی:
ئه‌م قه‌سیده‌یه پێشكه‌شه به هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌مانای
قه‌سیده‌كه ئه‌گه‌ن. هه‌روه‌ها پێشكه‌شه به كاكه «هاوژین»
كه نایناسم و به‌شێك له كاره‌سات و زوڵمی ژیانی خۆی و
بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به ئیمه‌یل بۆ ناردبووم.
• • •
|