بۆچی خۆپیشاندان ده‌کرێت..؟    

موحه‌مه‌د جه‌زا به‌رزنجی

                                                   
                      به‌شی یه‌که‌م

ده‌شێت و هه‌ر واش ده‌بێت له‌ گرژی رۆژگار یا له‌ هه‌ر هه‌ڵچون و داچونێکی  که‌م هێنان و کورت هێنان یا هه‌ر ته‌ناقوزێکی تره‌وه‌ ‌ گۆڕنکاری بنه‌ره‌تی دروستیه‌ک ده‌سازێنێت که‌ له‌ خزمه‌تی مرۆ و مرۆڤایه‌تیدا بێت ، له‌م هاو کێشه‌یه‌ به‌ده‌ر ته‌نها زوڵم به‌ زوڵم و سه‌ریه‌شه‌ به‌ سه‌ر یه‌شه‌ گۆڕینه‌وه‌یه‌ و سود و قازانج نه‌ک له‌ وون بووندا ده‌بێت به‌ڵکو له‌ مایه‌ش که‌م ده‌کات، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان پاشی مێژویه‌کی پڕ ماندو بون و ده‌رده‌سه‌ری و تامه‌زرۆ و ئاره‌زومه‌ندی ئازادی و نه‌بینینی پۆستاڵی ره‌ش که‌بۆته‌ هێمایه‌کی چه‌سپیو له‌ کاتی گوزارشت کردن له‌ ده‌سه‌ڵات و چه‌کداری داگیر که‌ر ، به‌ که‌شتیه‌کی گه‌لێک مه‌زن پڕ‌ له‌ هیواو ئاسوده‌یی و هه‌زاره‌ها خه‌ونی ئه‌رخه‌وانی له‌ ده‌ریایه‌کی ئازادیدا ده‌یه‌وێت سه‌فه‌ربکات و له‌ نێو شه‌پۆله‌کانیدا ئارام بێت، دور له‌ پرسیاری تۆ کێیت و وه‌ک هاوڵاتی پله‌ دووش له‌ شوێنه‌ پله‌ دووه‌کان جێی بۆ دابین نه‌کرێت، به‌ڵام کاتێک له‌ نێو خه‌ونه‌ خۆشه‌کانیدا به‌ ئاگای دێنن و له‌ ترۆپکی ئه‌ندێشه‌کانیه‌وه‌ دایده‌گرنه‌ خواره‌وه‌ هه‌ناوی ده‌بێته‌ گڕکانێک و زه‌مین به‌ خۆی ناگرێت و به‌ جۆرێکیش توڕه‌ ده‌بێت گرانه‌ هێور کردنه‌وه‌ی، هه‌ر بۆیه‌ به‌ گوڕێکی توند تر له‌ جاران له‌ دوای شێوازه‌ ‌بێزارکه‌ره‌کان ده‌گه‌ڕێ و شاتاوڵیان بۆ ده‌بات، جۆش و خرۆشی ئه‌م دواییه‌ی نێو شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ ئه‌و بێزاریانه‌یه‌ که‌  به‌رۆکی جه‌ماوه‌ریان گرتوه‌و ژیانی لێ تاڵ کردون، ره‌نگه‌ هه‌موو تاکێک پسپۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابوری ناس وه‌یاخود سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی نێو ده‌وڵه‌تیناس نه‌بێت تا گوێ له‌ هه‌ندێک به‌هانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بگرێت که‌ ده‌یهێننه‌وه‌ له‌مه‌ڕ که‌م هێنان و کورت هێنانی  خزمه‌تگوزاریه‌کان و سوته‌مه‌نی و گرانی نێو بازاڕ و کرێ خانو .. تاد‌، خه‌ڵکی جیاوازکاریه‌کان له‌ چۆنیه‌تی ژیان و  که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌ و بێگوزه‌رانی و نا یه‌کسانیه‌کاندا ده‌بینێته‌وه‌، پێیان وایه‌ نایه‌کسانی گه‌یشتۆته‌ دوا پله‌ی نا دادی و به‌شێک له‌ به‌شێک گه‌لێک پتر تره‌ ‌،  کاره‌باداره‌کان ئاگایان له‌ بێ کاره‌باکان نیه‌، خاوه‌ن کۆشکه‌کان ئاگایان له‌ بێ خانوو و  کرێ وکرێچیه‌کان نیه‌ ، ماڵه‌ پڕ ئاگر و گه‌رمه‌کان ئاگایان له‌ ماڵه‌ سارده‌کان نیه‌، خوانه‌ پڕ خۆراک و میوه‌کان ئاگایان له‌ بێ خوانه‌کان نیه‌. ئه‌و هه‌ڵچون و خۆ پیشاندانه‌ گه‌ر رواڵه‌ته‌که‌ی له‌ به‌سه‌ر بردنی شه‌و به‌تاریکی و رۆژ به‌ گه‌رما و زستان به‌سه‌رما و که‌م ئاویه‌وه‌ بێت ، ماک و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا رۆتر و فراوانتره‌، له‌ شارێکدا کاره‌با ته‌نیا بۆ رۆشنکردنه‌وه‌ نیه‌ ، به‌ پێی ئامارێکی سه‌رده‌می رژێم شارێکی وه‌ک سلێمانی پتر له‌ 700 حه‌وت سه‌د کارگه‌ی هه‌ر که‌رتی تایبه‌تی تێدابووه‌ که‌ پێم وایه‌ ئێستا گه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌یه‌ک نه‌بێت گه‌لێک له‌و ژماره‌یه‌ پتره‌،   ئامێری ئه‌م کارگانه‌ش هه‌موو به‌ کاره‌با کار ده‌که‌ن ته‌واوی کاره‌ پێشه‌ییه‌کان به‌ کاره‌با کارده‌که‌ن، ته‌واوی ده‌رمانخانه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی خۆراکفرۆشن     کاره‌با به‌شێک له‌ پێداویستیه‌ گرنگه‌کانیانن. سه‌رباری ئاویش که‌ له‌ ته‌واوی بواره‌کانی ژیاندا به‌ کار ده‌برێت،  نه‌بون یان که‌می کاره‌باو ئاو  کاریگه‌ری له‌ سه‌ر به‌رهه‌م و له‌کار وه‌ستانی کارگه‌کان‌ ده‌کات و له‌میشه‌وه‌ کرێکار بێکار ده‌بێ و  بژێوی ئاڵۆز ده‌بێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م که‌م ده‌بێته‌وه‌.. بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بازاڕ یش بازرگان روو له‌ بازاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌کات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی ناو خۆ و هوموو پرۆسه‌که‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری کوردستاندا نابێت ،

 
           

 

02/09/2015