ئۆقیانوسێک له‌به‌فر مێزگردێک بۆ خۆشه‌وستی

 

ئومێد محه‌مه‌د

هێنده‌ نزیک بوومه‌ته‌وه‌

 وه‌خته‌ له‌زمانی به‌فر بگه‌م به‌ر له‌هه‌ڵهاتنی هه‌تاو

هه‌ستم له‌سایه‌ی دا بکه‌مه‌ ئاو و ڕووکه‌مه‌ باخچه‌یه‌ک

له‌ تروسکه‌ی هیچ ده‌وارێکدا

گوڵ نه‌بوبێته‌میوانی

سه‌مای ئێواره‌یه‌ک ئه‌م خاته‌ نێوو تیشکێک

به‌ر له‌بوون ماڵێکی تاریکی کردبێته‌ جێ هه‌وار

وه‌ک ئاده‌میه‌کی شه‌که‌ت توله‌ڕێگاکانی ئه‌وین ده‌گرمه‌وه‌

من هه‌ناسه‌یه‌کی درێژ سینه‌می پڕکردوه‌ له‌گوڵێ ناز

به‌یانیه‌کی پچکۆله‌ فێری ئه‌شقی گه‌وره‌ی کردم

سڵاو له‌تۆ ئه‌ی خۆشه‌وستی که‌ ناکۆکیت له‌گه‌ڵ هه‌موو جه‌نگه‌کانا

که‌ ئاشنایت به‌ نه‌‌‌غمه‌ی هه‌موو ئه‌وته‌یرانه‌ی هه‌وادارن بۆ فڕین

به‌م هه‌موو بارستاییه‌ی گه‌رمیم باوه‌شت بۆ ده‌که‌مه‌وه‌

گیرفانه‌کانم پڕکه‌یت له‌ گوڵی ماچ

پاراوم ده‌که‌ی به‌ بۆنی به‌یانێک وه‌ک هه‌ور

 دڵۆپه‌ شه‌ونم له‌ چاوه‌کانیا ده‌بارێت

وه‌ک کانی یه‌کی بێگه‌رد ده‌ڕژێته‌ وانی دڵمه‌وه

قه‌قنه‌سێک هه‌نوکه‌ نابێت ده‌ڕگای ژوانێکی پێوه‌دا

ئاگرێک له‌م نسێیه‌ی دڵمه‌وه‌ ڕووی کرده‌ ماڵی خۆر

له‌ ڕێگه‌کانی سه‌فه‌را گریا بۆ به‌سوتماک بونی گوڵه‌کانی ووڵاتی ته‌یرلعه‌بابیله‌

هه‌نووکه‌ چاوانم که‌یلی بینینی به‌ یانه‌ له‌ده‌می بزه‌وه‌

عه‌شقی بڕژێته‌ دووا زێی گه‌وره‌ی ناخمه‌وه‌

که‌وسه‌رێک له‌ ئاوی پاک تینوێتی ناخی هه‌نگێکی نه‌ شکان

که‌ عاشقی گوڵێک بوو له‌ ئێواره‌یه‌کی ده‌یجورا هه‌ڵوه‌ری

سپێده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ماڵینی سه‌ربانی خانۆقووڕه‌کانا

ئه‌م هه‌موو هه‌وره‌تریشقه‌یه‌ی دڵم چۆن بێ ده‌نگ که‌م

له‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و حکایه‌تانه‌ی مناڵیم فێری کردم

بۆ گه‌وره‌بونمی بگێڕمه‌وه‌

ته‌مه‌نم بووبه‌ هه‌ورێک و چه‌ند ڕۆژێک به‌فری باراند

هه‌موو ڕێگه‌کانم سپی کرد به‌خۆم

ته‌نها ڕێگه‌ی قه‌ده‌ر نه‌بێت چه‌ندم کرد نامتوانی بیدۆزمه‌وه‌

بابه‌ له‌گۆڕا خه‌وتۆکه‌م

 ئه‌م حکایه‌تانه‌ی فێربوون بۆ چی مردنێکی بگێڕمه‌وه‌

که‌ده‌ستێک گوڵێک نه‌ڕوێنێوو

هه‌زارده‌ست گوڵ بوه‌رێنێ

من له‌ پشتی ده‌مامکه‌کانه‌وه‌ هیچ ووشه‌یه‌ک ناخوێنمه‌وه‌

له‌داستانی کیژۆڵه‌کانا خۆم ناکه‌مه‌ حکایه‌ت خوان

ڕه‌نگێکی کرستاڵی وه‌ک کڵاوه‌که‌ی تۆ ده‌که‌مه‌ سه‌رم بابه‌

له‌ئێواره‌یه‌کدا خه‌مه‌کان ئاشنام ده‌که‌ن به‌تابوتێک

به‌رله‌من تۆی له‌ناودا ڕاکشابووی

خه‌ونێکی ووراسی ئه‌گێڕمه‌وه‌

سه‌رئه‌نجام وه‌ک ساوایه‌ک دێمه‌وه‌ ئامێزت

له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌کانی نه‌جات دا  ئارامی کۆمان ده‌کاته‌وه‌

ئای له‌و ڕه‌نگه‌ په‌مه‌یه‌ی هه‌رسێکمان

ئای له‌و ئاوازه‌ هاڕمۆنیه‌ی ئه‌مان خاته‌وه‌ بوونه‌وه‌

له‌سه‌ر سکۆیه‌کی تانها باڵم بۆ په‌ریه‌ک کردۆته‌وه‌

ده‌مانێک ده‌ستی نه‌رمی بنێته‌ شوورسه‌رم

ده‌مانێک هێنده‌ گۆرانی بۆ بڵێم به‌قه‌د هه‌موو خۆشه‌وستی

ساڵێک پێکه‌وه‌ ده‌چینه‌ نێوو مه‌مله‌که‌تی په‌پووله‌

ساڵێک پێکه‌وه‌ گه‌شتێک ده‌که‌ین به‌نێوو گێتیدا

ساڵێک داده‌نین بۆ گه‌یاندنی لاسکی عه‌شق

ساڵه‌کان که‌من بۆ ژیان ئه‌م هه‌موو خه‌ونه‌ سه‌وزه‌م

به‌چی بۆ کۆده‌کرێته‌وه‌ ئه‌ی عه‌شق ده‌ستێک بنێره‌ نێوده‌ستم

ئاسمانێک له‌سه‌ر سه‌رم ڕاگره‌

گڕی ئارته‌شگه‌یه‌ک بخه‌ره‌ ناخمه‌وه‌

هه‌ی لۆ وه‌یلێ بۆ هه‌ناسه‌ی پاکی شه‌وێک

بم خاته‌ ته‌نوری خۆیه‌وه‌

بمباته‌ قوڵای ده‌ریایه‌ک فێرم کات

چۆن ماسی ده‌ریای خۆشده‌وێت

چۆن ئاگر حه‌زده‌کات له‌ عه‌شقی گه‌رم

من سه‌رگۆی هه‌موو خه‌مه‌کان پڕکه‌م له‌شیری شادیو

له‌پرسه‌ی هه‌موو کۆستێکا ئاوازێکی نوێ ده‌ژه‌نم

که‌زێی به‌یانێک شانه‌ده‌که‌م شاهانه‌تر له‌شاژنێک

شیلله‌ی ناخی بڕژێنێته‌ دووادێڕی لێووی شیعرمه‌وه‌

چه‌ند خه‌مۆکه‌ ئه‌م ژیانه‌ بێ ئه‌وین

هه‌نوکه‌ چه‌ند ووشکه‌ ئه‌و ده‌ربه‌ندانه‌ی

 ماچ تیایدا گوزه‌ری ده‌کرد

وه‌ره‌و له‌ده‌مه‌ده‌می کاڵ بوونه‌وه‌ما

 ڕه‌نگت بڕژێنه‌ ڕه‌نگمه‌وه

له‌پچووک بونه‌وه‌ی هه‌ستمدا

 له‌دیواری نێوانی من و بێ تۆیدا

حه‌وسه‌ڵه‌م بده‌ره‌وه‌‌

 به‌له‌زه‌تی لێواکانت بم شۆره‌ به‌ماچی شیرین

هه‌نوکه‌ ئه‌ودیواره‌ بڕوخێنه‌ له‌نیوانی ئه‌وین دوودڵی

وه‌ستایه‌کی نه‌شاره‌زا درووستی کرد

جه‌سته‌یه‌ک بوو ئازادی له‌ناخیدا کۆرپه‌یه‌یه‌کی که‌م ئه‌ندام

نه‌غمه‌کانی بێ سه‌داو ئاوازه‌کانی بێ سۆز

ئه‌و تاکه‌هاوڕێی جه‌لاده‌کانی زیندان بوو

خۆشه‌وستی به‌ده‌ستی خۆی خنکاند بوو

کوشتن وه‌ک سێوێکی سوور به‌ده‌ستێوه‌ گه‌مه‌ی ده‌کرد

دوودڵم کات ژمێره‌که‌م بووه‌ستێنم له‌نێوان

فیراق و ئاڵوده‌ی ئه‌وینا

شکست وانه‌یه‌ک بوو زوو فێری بووم

هه‌ستانه‌وه‌ش له‌نێوو ده‌سته‌کانی تۆدا ده‌بینم

که‌پڕن له‌ تیشک و ڕووناکی

ته‌مه‌نێک که‌م نیه‌ حه‌بیبه‌ له‌دۆڕان

وه‌ره‌و له‌سه‌رخوانی خۆشه‌وستی ژیانمان پڕکه‌ین له‌ ڕۆمان

 

 

 

 
           

 

02/09/2015