ماڵپه‌ڕی ڕه‌خنه‌ کرایه‌وه‌ و پێشوازی له‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کی بنیاتنه‌رده‌کات

 

به‌هرۆز حه‌سه‌ن

به‌ڕێزان ئه‌م کاته‌تان شاد..

ئه‌م پێگه‌یه‌ سه‌کۆیه‌که‌ بۆ ده‌ربڕینی ئازاد، بوارێکه‌ بۆ گه‌یشتنی ده‌نگه‌کان به‌ یه‌کتری..

پێگه‌ی ڕه‌خنه ئامانجی ڕه‌خنه‌گرتن نییه‌ له‌به‌ر ڕه‌خنه‌، به‌ڵکو هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بابه‌ته‌ زیندووه‌کانی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگای کورده‌وارییه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ و ساغکردنه‌وه‌ی زاراوه‌ و تێگه‌شتنه‌ جیاوازه‌کان و پۆلینکردنیان له‌ ڕێگه‌ی خزمه‌تکردن و دروستکردنی بیروڕای گشتی و فره‌لایه‌ن. به‌ واتایه‌کی دی ده‌کرێت چه‌ندین بیروبۆچونی جیاواز له‌ ته‌نیشت یه‌کترییه‌وه‌ هه‌بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیان هه‌ڕه‌شه‌ له‌وی تریان بکات.

ڕه‌خنه‌ واته‌ دوباره‌ سه‌یرکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ خێرایی به‌ به‌رده‌ماندا فڕکه‌ ده‌که‌ن و زۆرجاریش تێده‌په‌ڕن و زوو له‌بیرده‌چنه‌وه‌، به‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ یادگه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ که‌ زۆربه‌مان ته‌نها چه‌ند بستێکی به‌رده‌می خۆمان به‌ لێڵی ده‌بین و لێره‌شه‌وه‌ به‌ئاسانی بواری به‌هه‌ڵه‌ له‌یه‌کترگه‌یشتن دێته‌ ئاراوه‌. هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ واتایه‌کی تر واته‌ داڕشتنی به‌ردی بناغه‌ی یادگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ هه‌موومان تێدا به‌شدارین و تێدا ده‌ژین.

به‌بڕوای ئێمه‌ دونیای ئه‌مڕۆمان پێویستی به‌ بیروڕای جیاواز و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌ڕه‌نگ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌ بۆ زیاتر له‌خۆتێگه‌یشتن و بینینی چوارده‌وره‌که‌مان به‌شێوه‌یه‌کی ڕونتر.

ئه‌گه‌ر تۆش ده‌ته‌وێت له‌م پڕۆژه‌یه‌دا به‌شداربیت، تکایه‌ ڕه‌خنه‌ و بۆچوونه‌کانت ڕه‌وانه‌ی ئه‌م پێگه‌یه‌ بکه‌ تا بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌نگی خۆت به‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌گه‌ێنیت..

 

تکایه‌ به‌ر له‌ ناردنی ڕه‌خنه‌کانتان ڕه‌چاوی ئه‌م دوو خاڵه‌‌ بکه‌ن؛

1. ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی سوکایه‌تی و وشه‌ی ناشیرینی پێوه‌دیاربێت به‌هیچ جۆرێک بڵاوناکرێنه‌وه‌.

2. تکایه به‌ یه‌کێک له‌ فۆنته‌کانی "یونیکورد" ڕه‌خنه‌که‌ت بنوسه‌ (بۆ زانیاری زیاتر ته‌ماشای ماڵپه‌ڕی "کورد ئای تی گروپ" بکه‌).. تا ئێمه‌ش به‌ بێ سانسۆر وه‌ک خۆی له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا ڕه‌خنه‌که‌ت بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌.

 به‌هرۆز حه‌سه‌ن.. ماڵپه‌ڕی ڕه‌خنه‌ www.rexne.com

 

 
           

 

02/09/2015