ڕێنمایی سیاسی ......و...... به‌ڕێ کردنی سیاسه‌تێکی چه‌وت

بارزان شوان 

 

له‌ لاپه‌ڕه‌ دێرینه‌کانی په‌ندی پێشینانی کوردیدا نووسراوه‌ته‌وه‌‌ که‌ گرنگ نیه‌ پیاو نه‌زان و نه‌فام بێت، به‌ڵکو گرفت له‌وه‌دایه‌ که‌ پیاو نه‌زان بێت و خۆی به‌ عاقڵ و ژیر بزانێت و خۆی هه‌ڵقورتێنێته‌ ناو جۆره‌ها بابه‌تی بچوک و گه‌وره‌وه‌. ئه‌م شایه‌سته‌یه‌ له‌ کوردوستانی ئه‌وڕۆدا زۆر به‌ ئاشکراو ڕوون ڕۆژانه‌ ده‌بیسترێن و ده‌بینرێن، نموونه‌ش بۆ ئه‌وانه‌ زۆرن گه‌ر بمانه‌وێت لێی وورد ببینه‌وه‌، ده‌ی تۆ ڕۆژانه‌ ته‌ماشای هه‌ندێک له‌ به‌رنامه‌کانی که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کانی کوردی بکه‌، بێگومان به‌ چاوی خۆت ده‌بینیت که‌ چلۆن چه‌ند به‌ڕێز و که‌سانێکی به‌ ناو سیاسه‌تمه‌داره‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌کان و به‌ هه‌وه‌سی خۆیان باس له‌ سیاسه‌تی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی کوردوستان ده‌که‌ن و له‌ گشت بواره‌کاندا وه‌ڵامی کاکی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر یه‌ک له‌و به‌ڕێزانه‌ به‌ هیچ شیوه‌یه‌ک تاقه‌ شاره‌زاییه‌کیشیان نیه‌ له‌ ڕووی بارودۆخی ناوخۆ و نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌، جارێ خۆ هه‌رگیز بۆ جارێکیش هه‌ر نه‌بوو یه‌ک له‌و به‌ڕێزانه‌ وه‌ڵامی نه‌بێت و داوای لێبوردن بکات و بڵێت ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من هیچ شاره‌زاییه‌کم نیه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ هه‌ر یه‌ک له‌و به‌ڕێزانه‌ به‌ پێی که‌ش و هه‌وای خۆی و پارته‌که‌یه‌وه‌ به‌رسیڤی پرسیاره‌کان ده‌داته‌وه‌. مخابن ئه‌و به‌ڕێزانه‌ پێیان شه‌رمه‌ گه‌ر هاتو دان به‌وه‌دا بنێن که‌ چوونه‌ ناو هه‌ندێک بابه‌ته‌وه‌ شاره‌زایی ته‌واوی ده‌وێت و هه‌ڕه‌مه‌کی نابێت به‌ ده‌ست و پێ قوڕاوه‌که‌ بشێلیت. ده‌بێت ئێمه‌ی کوردیش وه‌ک گشت گه‌لانی جیهان بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕوواڵه‌ته‌ سرووشتیه‌ی که‌ ده‌ڵیت نان بۆ نانه‌واو گۆشتیش بۆ قه‌ساب، ده‌بێت پێ دانێین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سیاسه‌تیش جۆرێکه‌ له‌ زانست و پێویستی به‌ خۆ ماندووکردن و خاوه‌ن که‌سانی به‌ ئه‌زموونه و چه‌نده‌ها ساڵی ‌ خوێندنی باڵای گه‌ره‌که‌.

به‌ر له‌ ته‌ماشا کردنی هه‌ر فلیمێکی سینه‌مایی به‌ خه‌تێکی درشت ده‌نووسرێت که‌ بۆ هه‌رزه‌کاران قه‌ده‌غه‌یه‌ بنێڕنه‌ ئه‌م فلیمه‌ ، بێگومان منداڵان ئه‌و وێنانه‌ی که‌ ته‌ماشای ده‌که‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌ ماناکه‌ی ناگه‌ن. چاوی منداڵان وه‌ک گه‌وره‌ساڵان شتوومه‌ک لێکناداته‌وه‌. هه‌ندێک له‌و بینینانه‌ به‌ نه‌رێتی به‌ سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌دا ده‌شکێنه‌وه‌، زۆر جاریش هه‌ر نازانن که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها فیلمه‌و ئه‌کته‌ره‌کانیش ته‌نها ڕۆڵی خۆیان تیا ده‌نوێنن.

له‌ کوردوستانی ئازاد کراویشدا لێپرسراوان به‌ خۆیان هه‌ڵده‌ستن به‌ گێڕانی ڕۆڵی باوک، هه‌ر به‌ خۆیان وا ده‌زانن چی باشه‌ بۆ میلله‌ت و چیش خراپه‌ و زه‌ره‌رمه‌نده‌. ئێمه‌ی میلله‌ت هه‌ر وه‌ک منداڵین لێپرسراوان هه‌موو شتێک ده‌که‌ن و هه‌ر شتێک بۆ خۆیان باش بێت به‌سه‌ر ئێمه‌شیدا ده‌سه‌پێنن. ئه‌م باوه‌ نه‌گونجاوه‌ هێنده‌ په‌ره‌ی سه‌ندوه‌ که‌ ده‌زگا سه‌ر به‌ ئاسایشه‌کان خۆ تێقورتی زانست و زانیاری و بڵاوکردنه‌وه‌ش هه‌ر ده‌که‌ن. ده‌زگاکان چه‌ند به‌شێکی جودا جودایان له‌ نێو ده‌زگا پشکنینه‌کانیان درووست کردوه‌ که‌ کاریان ئه‌وه‌ بێت که‌ به‌ ‌ نووسراو بابه‌ته‌ بڵاوکراوه‌کانی ڕۆژانه‌ و چاپه‌مه‌نیه‌کان و په‌ڕتووک و ڕۆژنامه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانیان به‌رز بکه‌نه‌وه‌. خۆ گه‌ر پێیان بکرابا ئه‌وا زۆربه‌ی زۆری ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ که‌ بۆنی هزری دیموکراتیان لێوه‌ دێت و له‌‌ ئینته‌رنێتدا بڵاو ده‌بنه‌وه‌ هه‌ر سایده‌کانیان له‌ بن دا ده‌بڕی، به‌ڵام خودا به‌وه‌ ڕه‌حمی کردوه‌ که‌ کاری ته‌کنیکی له‌ کوردوستانی ئه‌وڕۆدا به‌و ڕاده‌ ته‌کنیکیه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ .

جا سه‌یر له‌وه‌دایه‌ که‌ زۆر جار هه‌ندێک کاربه‌ده‌ستی به‌ ده‌سه‌ڵات خۆ ده‌قورتێنێته‌ ناو ده‌زگا په‌روه‌رده‌کانیشه‌وه‌، وه‌ هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ هه‌ندێک بابه‌ت ده‌ڵێت با زیاد کرێت و هه‌ندێکیش که‌ نه‌گونجێت له‌ گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی خۆی بلا با هه‌ڵبگیرێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ نه‌زانانه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێدراوی خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی نا زانستیانه‌ ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌ر کاروباری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌،‌ له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر هۆش و بیر و بۆچوونی قوتابیانیشه‌وه‌، جا له‌ بری ئه‌وه‌ی که‌ لێپرسراوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌ستن به‌ دابینکردنی که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ به‌جێهێنانی خواستی هه‌ندێک ده‌ستڕۆیشتوه‌وه‌، جا باشه‌ با بڵێن گریمان بێت و گوتمان به‌ڵی ئه‌توی ده‌سه‌ڵات ڕاست ده‌فه‌رموویت و بابه‌ته‌ ناڕه‌واکان با له‌ گشت قوتابخانه‌کاندا ببن به‌ وانه‌ی خوێندن و لێکۆڵینه‌وه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک خزمه‌ت به‌ قوتابیان ده‌کات و چۆن خویندکاران فێری به‌رهه‌م داهێنان ده‌که‌ن  به‌ باوه‌ڕی من ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بوایه‌ خووی بدا با به‌ جۆره‌ها بابه‌تی داهێنه‌ر که‌ له‌ ووڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کانی جیهاندا ڕۆژانه‌ ده‌خوێندرێن و بلا بزانێت که‌‌ ئه‌و بابه‌ته‌ دواکه‌وتوانه‌ی که‌ به‌ دڵیه‌تی هیچی تر له‌و جیهانه‌دا باوی نه‌ماوه‌و نه‌وه‌ی نوێ هه‌رده‌م خه‌ریکن به‌ پشکنین و دابینکردنی پاشه‌ڕۆژێکی گه‌شتر بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان بۆچی خوو ناداته‌ ئه‌وه‌ی بزانێت له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کاندا چلۆن بایه‌خ ده‌درێت به‌ قوتابخانه‌ و چۆن بابه‌تی تازه‌ ده‌هێننه‌ ئاراوه‌ که‌ هۆش و هزری قوتابیان توندتر ده‌کات و زیاتر خوو ده‌ده‌نه‌ قوتابخانه‌، بۆ نموونه‌ خوێندنی وانه‌ی مۆسیقا یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی فێربوون.

که‌واته‌ ئه‌و هۆیانه‌ ده‌بێت چی بێت که‌ حکوومه‌ت هه‌رده‌م ده‌یه‌وێت میلله‌ت له‌ گه‌ڵ ڕازو نیازی ئه‌واندا خۆی بگونجێنێت؟. یه‌کێک له‌و ڕووداوه‌ سه‌یرانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆی به‌ ڕه‌وشتی ساکاری مرۆڤه‌وه‌ ده‌گیرسێنێته‌وه‌، وه‌ک با بڵێین باس بێته‌ سه‌ر کۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت، خۆ ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌ت هه‌ستێت به‌ ڕاگرتنی ئه‌و سایتانه‌ی که‌ دژ به‌ بۆچوونه‌کانی میلله‌تی کوردن و دژ به‌ داب و نه‌ریتین وه‌ک نیگا کردنی ئه‌و سایتانه‌ی که‌ گرێدراون به‌ فیلمی سێکس و وێنه‌ی دوور له‌ ڕواڵه‌ت و تێکده‌ری مێشکی هه‌رزه‌کاران و بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌رچی بابه‌تێکه‌  که‌ به‌ هیچ جۆرێک له‌ گه‌ڵ مافی مرۆڤایه‌تی و مرۆڤ په‌روه‌رانه‌وه‌ یه‌ک ناگرنه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و کاته‌ بێگومان میلله‌تیش هه‌ر له‌ گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌یدا ده‌بێت و پشتگیری لێوه‌ ده‌کات، به‌ڵام نابێت له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ستێت له‌ یه‌کێک له‌ پشکنینه‌کانی ئاسایشدا قوتابیه‌کی دانیشجوی پزێشکی بگرێت و تووڕی زیندانی دات ئه‌ویش هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی که‌ ئه‌و قوتابیه به‌ ڕیکه‌وت‌ ده‌یخوێند سه‌باره‌ت به‌ له‌شی ژنانه‌وه‌ بوه‌، ئایا پێویسته‌ کاربه‌ده‌ستان که‌سانێک دانێن له‌و ده‌زگایانه‌دا که‌ خوێنه‌واریشیان هه‌ر نه‌بێت؟

شاردنه‌وه‌ی هه‌ندێک زانیاری له‌ هاوڵاتیان، وا له‌ سه‌رپه‌رشتانی هه‌ندێک له‌ سایته‌ ئه‌له‌کترۆنیه‌کان ده‌کات که‌ هه‌ستن به‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێک که‌ دژ به‌ حکومه‌ت بێت ، جا به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌لێک که‌سانی نه‌زان و نووسه‌ری بێ هیوا ده‌بنه‌ ئاگر خۆشکه‌ری بوونی دژایه‌تی نێوان حکومه‌ت و میلله‌تدا، جا باشترین کار ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر شتێک ڕوو ده‌دات با‌ به‌ ڕاشکاوانه‌ ڕوو له‌ میلله‌ت که‌ن و بیروڕای ئه‌وانیش با هه‌ر وه‌رگرن، چونکه‌ بێگومان مێشکی دوو سه‌ر باشتره‌ له‌ مێشکی یه‌ک سه‌ری پوچه‌ڵ. بوونی هه‌مئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ وا ده‌کات که‌ مرۆڤ پێویستی نه‌بێت به‌ خوێندنه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌و قسه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی ، چونکو ئه‌و کاته‌ گشت ده‌زانن که‌ هیچ به‌ڕێوه‌چوونێکی سیاسی له‌ ژووره‌ داخراوه‌کاندا بڕیاری له‌ سه‌ر نادرێت و هێچ کارێکیش دژ به‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ له‌ ژێر چادره‌ تاریکه‌کاندا به‌ ئه‌نجام ناگه‌یه‌نرێت و هه‌وڵیشی بۆ نادرێت ، گرتنی ئه‌م ڕێگایه‌ له‌ ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌وڕۆدا گه‌لێک گرنگه‌، چونکه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌می نه‌ بوونی ئایدۆلۆجیایه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسیه‌‌. گرفتێکی تری حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ جۆره‌ها شێوه‌ ده‌یه‌وێت کاریگه‌ریه‌ دینیه‌کان و بیروبۆچوونی هه‌ندێک هاوڵاتیان سه‌باره‌ت به‌ دینه‌وه‌ ژێر سێبه‌ر کات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌ڵده‌ستن به‌ ڕێگرتن له‌و داهاتانه‌ و دژ به‌و که‌سانه‌ هه‌ڵده‌ستن که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌کی زانستانه‌ هه‌ندێک له‌و باوه‌ڕه‌ دینیانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌ شی بکه‌نه‌وه‌و بیخه‌نه‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ران بیروباوه‌ڕه‌ کۆنه‌کان پووچه‌ڵ که‌نه‌وه‌، جا له‌ بری ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ستێت به‌ هاندانی ده‌زگا سه‌ر به‌ په‌روه‌ردیه‌کانه‌وه‌ بۆ خوێندن و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ژیان و بوونی سرووشتو ئاده‌میزاده‌وه‌، که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ بێ هیچ لێزانینێکی زانستیه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ گریه‌کانی داروین و زانیارو فه‌یله‌سوفه‌کانیش ژێر چاڵ بکه‌ن، ده‌بێت کارمه‌ندان  بگه‌ن به‌و پله‌یه‌ی که‌ ڕاشکاوانه‌ دان به‌ بوونی مرۆڤ و بیروبۆچوونی گشت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌بێت. شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌ سرووشتیه‌کان و هه‌وڵدان بۆ داپۆشینی زانسته‌ ڕوواڵه‌تیه‌کان، هانده‌رده‌بێت بۆ درووست کردنی پردێکی مێژوویی که‌ باسه‌ سه‌ره‌کیه‌کان و ڕووداوه‌ مێژوویه‌کان بۆ مه‌رامی چه‌ند که‌سێک ڕاستیه‌کان له‌ خوێنه‌ران ده‌شاردرێنه‌وه‌. ئه‌م نه‌ریته‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگرتنی کۆمه‌ڵ له‌ سه‌ر چه‌ند پایه‌یه‌کی له‌رزۆک و درووستبوونی فێڵ و فاڵچی و هه‌ندێک نه‌خۆشی ده‌روونی تریشه‌وه‌، له‌ بری ئه‌و کردارانه‌ با حکومه‌ت هه‌ستێت به‌ بنیاتنان و دابینکردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ پایه‌کانی ستوونکرابن به‌ زانست و زانیاریه‌وه‌.

شاردنه‌وه‌ی زانیاریه‌ دینیه‌کان کاریگه‌ر ده‌بێت له‌ سه‌ر نه‌وه‌کانی پاشه‌ڕۆژمان ، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ گرووپه‌ تێرۆریستیه‌کان ته‌شه‌نه‌ ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵگاکه‌شمان به‌ره‌و ئارمانج و ئاینده‌یه‌کی نه‌زانراو ڕێ ده‌که‌ن، له‌ بری به‌ قه‌ده‌غه‌ کردنی دوان له‌ سه‌ر ئۆل و دین، با ده‌رگای به‌رینی بیروبۆچوونه‌ جوداکان ئاوه‌ڵا بکه‌ین، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌توانین‌ نه‌وه‌کانمان فێری خۆشه‌ویستی و بایه‌خدان به‌ زانسته‌وه‌ زانیاریه‌وه‌ بکه‌ین و هانده‌ریان ده‌بین بۆ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان و ڕێنیشانده‌ریان ده‌بین بۆ داهاتوویه‌کی ده‌ها جار باشتر له‌ ئه‌وڕۆ.

شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان له‌ هاوڵاتیان کاریگه‌ر ده‌بێت له‌ بۆچوونی فیکر و هزری ئازادی مرۆڤایه‌تی و ڕێگر ده‌بێت بۆ چه‌سپاندنی باوه‌ڕێکی دیموکراتی، جا هه‌وڵدان بۆ کاریگه‌ری حکومه‌ت له‌ سه‌ر دامو ده‌زگا ڕۆشنبیریه‌کان و ڕێگرتنیان له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی جۆراو جۆری فیکری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و دینی ده‌بنه‌ هۆی لادانی گه‌نجان و لاوان له‌ باوه‌ڕبوونیان به‌ داموده‌زگا حکوومیه‌کان، لێپرسراوان ده‌بێت باش بزانن که‌ ئه‌وان تا هه‌تایه‌ له‌ سه‌ر ته‌ختی بڕیاردان نامێننه‌وه‌و جیهان ڕۆژ به‌ ڕۆژ قۆناغی درێژتر به‌ره‌و ژیانێکی خۆشتر ده‌نێت، جا ئه‌وان هه‌رگیز ناتوانن ببن به‌ هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی نه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژمان ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌کانیان له‌ گه‌ڵ بۆچوونی نه‌وه‌ی ئه‌وڕۆمان یه‌ک نه‌گرنه‌وه‌. لاوی ئه‌وڕۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک په‌سه‌ند ناکات که‌ پایه‌کانی هه‌ڵچنرابن به‌ درۆو ده‌له‌سه‌ی سیاسی.

 08-2006     

سوید                                                                     

uvnbas@hotmail.com 

    

           

 

02/09/2015