بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد

 
 

 

12.08.2006

کۆپیه‌ک بۆ: - حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

کۆپیه‌ک بۆ: -وه‌زاره‌تی داد له‌ کوردستان

 

تاوانبارانی کوشتنی ژنان پێویسته‌ دادگایی بکرێن، نه‌ک له‌ ڕێگه‌ی سوڵحی عه‌شایریه‌وه‌ ئازاد بکرێن!

 

بۆ ڕێکخراوه‌کانی  ژنــــان و مافی مرۆڤ، ڕێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان و ته‌واوی هه‌ڵسوڕاوان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا:

 

ئێمه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ڕێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق، هه‌واڵی ئازادکردنی صالح احمد شریف ناسراو به‌ "ساله‌ مزه‌ڵی" که‌ ساڵی 1999 تاوانبارکرا به‌ رفاندن و کوشتنی ژنێک به‌ ناوی " مهاباد عبدالله"و فڕێدانی ته‌رمه‌که‌ی له‌یه‌کێک له‌ شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانی، سه‌رسام بوین.

 یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان نه‌ک هه‌ر ئه‌وی تاوانبار نه‌کرد به‌ڵکو له‌جێی ئه‌وه ئازادی کرد. تاوانبار 3 ساڵ دوای تاوانی کوشتنی مهاباد هه‌ستا به‌ ڕفاندنی دوانی تر له‌ خوشکه‌کانی مهاباد  یه‌کێکیا ن به‌ناوی جوانه پاش 3 رۆژ لاشه‌ی کوژراوی ئه‌ویش له‌یه‌کێک له‌ شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانی دۆزرایه‌وه‌.‌ ‌له‌کاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانانه‌و دواتریش که‌س و کاری تاوانبار ساله‌ مزه‌لی به‌رده‌وام بوون له‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردن له‌ که‌س و کاری مهاباد و جوانه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ و له‌ترسی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ به‌شێک له‌ که‌س وکاری مهاباد هه‌ڵاتن و داوای مافی په‌نابه‌ریان کرد له‌ ئه‌وروپا.

له‌ژێر فشاری هه‌ڵسوراوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ کوردستان تاوانبار ساله‌ مزه‌لی له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه‌ ده‌سگیرده‌کرێت و حوکمی ئه‌به‌دی به‌سه‌ردا ده‌درێت، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا و به‌پێی سوڵحێکی عه‌شایری له‌گه‌ڵ خێزان و که‌س و کاری مهاباد تاوانبار له‌ زیندان ئازاد ده‌کرێت.

ئه‌م سوڵحه‌ عه‌شائیریه‌ له‌ ڕێگه‌ی نوسینگه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵاتی "ی.ن.ک" و به‌چاودێری و ئاگاداربوونی وه‌زاره‌تی داد له‌ کوردستان به‌ڕێوه‌چوو. به‌پێی ئه‌و سوڵحه‌ عه‌شاییریه‌‌ بڕی (170,000$) ده‌درێته‌ که‌س وکاری مهاباد و له‌به‌رامبه‌ریشیدا ساله‌ مزه‌ڵی ئازاد ده‌کرێت.

 

هێنانی ئه‌م کرده‌وه‌ دواکه‌وتنانه‌و دژه‌ ژنانه‌یه‌ بۆ ناو سیسته‌می قه‌زایی ڕێگه‌ خۆشکه‌ره‌ بۆ په‌ره‌پێدانی کوشتن و ڕفاندن. سیسته‌می قه‌زایی ئێستای کوردستان دوره‌ له‌ هه‌رجۆره سیسته‌مێکی "پێرفێکت"، ئه‌م سیسته‌مه‌ و به‌ ڕێگه‌پێدان به‌م کاره‌ پێگه‌ی په‌یوه‌ندیه دواکه‌وتووه‌ عه‌شیره‌تیه‌کان و سه‌ره‌ک خێڵه‌کان به‌‌هێزتر ده‌کات و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و قانوونی  په‌ره‌ پێ ده‌دات.

شایه‌نی ئاماژه پێ کردنه‌‌ ‌که‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م 13 ساڵه‌ی پێشوودا به‌هه‌زاران ژن له‌ کوردستان کوژراون و تاوانبارانی ئه‌م کوشتنانه‌ش به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه هه‌ر به‌بۆنه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ قه‌زاییه فاسید و عه‌شاییریه‌وه‌یه ‌‌.

ڕێکه‌وتنێکی وا‌ که‌ ڕێگه‌ی خۆشکرد بۆ ئازادبوونی ساڵح ئه‌حمه‌د "ساله‌ مزه‌لی" که‌ خۆی یه‌کێکه‌ له‌ کادره‌ ناسراوه‌کانی "ی.ن.ک"ه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌ر که‌سێک له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیک بێت یان  پاره‌دار بێت، ئازاد ده‌بێت له‌وه‌ی که‌ بکوژێت، زه‌وت بکات، بفڕێنێت، به‌ بێ ئه‌وه‌ی دووچاری لێپرسینه‌وه‌ یان سزادان ببێته‌وه.

 

ئێمه‌ ئیمزاکه‌رانی خواره‌وه‌ داواده‌که‌ین که‌:

  •  سوڵحی عه‌شایریی ئیدانه‌ بکرێت و وه‌ک تاوان چاوی لێ بکرێت.

  • داواکارین هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌ک له‌دژی ژنان وه‌کو تاوان چاوی لێ بکرێت.

  • داواکاریی سزادانی هه‌موو ئه‌وانه‌ین که‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان به‌کار ده‌به‌ن وه‌له‌ ژێر هه‌ر بیانوویه‌کدا.

 

 

هۆزان محمود و ناسک احمد

 

بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتر:

هۆزان محمود   -  ناسک احمد

 nasikahmad2@yahoo.com     houzan73@yahoo.co.uk                                                              

وێب: www.equalityiniraq.com    ته‌له‌فۆن: +447956883001 ‌ ‌ 

 

    ئیمزاکان:

 

به‌ ئیمزاکه‌ت ده‌نگی خۆت بخه‌ره‌ پاڵ ده‌نگی ئێمه:

http://www.PetitionOnline.com/OWFI2006/petition.html

 

 

نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ڕێکخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق (OWFI

           

 

02/09/2015