ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و دیموکراسی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک

ئیسماعیل ئیبراهیم ڕواندزی

ismail_rwandzi@yahoo.com

                                                                         

     له‌که‌س شاراوه‌ نییه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ده‌ستی چه‌ندین گیرگرفت، له‌ هه‌موو بواره‌کان ده‌ناڵێنێ، بۆ نموونه‌، له‌ دوای پڕۆسه‌ی ئازادی ئێراق مووچه‌ی خه‌ڵک به‌رزبۆته‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا نرخی شتومه‌کیش به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر و ناداپه‌روه‌ریانه‌ چۆته‌سه‌ر، به‌ تایبه‌تی کرێی  خانوو و پێویستیه‌کانی دروستکردنی خانووبه‌ره‌. ئه‌م وه‌زعیه‌ته‌ سه‌خته‌ وایکردووه‌ که‌ بارودۆخێکی ناته‌ندروستی بۆ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ی دیموکراسی له‌ کوردستان بخولقێنێ. بۆیه‌ کاتێک، نیگایه‌کی ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و شێوازی نارێکوپێکی و هه‌ڵوێستی حکومه‌ت و کاری تێکدرانه‌ی هه‌ندێک له‌ به‌شداربووانی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌، ده‌که‌م، ئه‌وا سه‌رنجێک که‌ بتوانم بیده‌م ئه‌وه‌یه‌: حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌نی سیاسه‌تێکی درێژماوه‌ و دووربین، بۆ پێشبینی و چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی که‌ حکومه‌ت و خه‌ڵکی کوردستان تووشی بوونه‌، نه‌بووه‌ و ئێستاش نییه‌. قسه‌ لێره‌ له‌ نه‌بوونی ئازادی بیروڕا و خۆپیشاندان و...هتد له‌ کوردستاندا نییه‌، به‌ڵکو قسه‌ له‌سه‌ر ئاکام و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و گرفتانه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ند به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی کوردستان (نابێ بیرمان بچێ ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ نین) پێویسته‌ ئه‌وه‌ تێبگا و بزانێ که‌ نه‌ک ئه‌و به‌ڵکو هه‌ر سیسته‌مێکی سیاسی تر نه‌توانێ به‌شێوه‌یه‌کی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو  پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌که‌ی دابین بکات، ئه‌وا به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ره‌و شله‌ژان و له‌رزۆکی و دوایش ته‌قینه‌وه‌ ده‌چێ. ڕه‌نگه‌ ئێستا و ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌کی تریش هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌هێزی خه‌ڵکی کوردستان یارمه‌تی ده‌سه‌ڵات، بۆ بیانوو هێنانه‌وه‌ بۆ زۆرێک له‌ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا، بدات ، وه‌ ڕاسته‌ به‌شێکی به‌رچاو، نه‌ک هه‌موو، له‌و کێشانه‌ی کوردستان سه‌رچاوه‌که‌یان له‌ به‌غداوه‌یه‌، وه‌ ڕاسته‌ کوردستان به‌ دوژمنانی ده‌وره‌دراوه‌، به‌جۆرێک هه‌ریه‌کێکیان به‌دوای درزێک ده‌گه‌ڕێ بۆ دروستکردنی شه‌ڕی ناخۆیی و شه‌ڕی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و ڕاستیانه‌ی دوایی نابێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردستان به‌ وه‌ڵام بۆ ئه‌و کێشانه‌ سه‌یربکرێن، چونکه‌ له‌ حاله‌تی وادا گومانم نییه‌ نه‌خشه‌یه‌کی یه‌کجار دۆڕاو ترسناکی بۆ داهاتووی سیاسه‌ته‌کانی له‌ پێش خۆی داناوه‌.

   قۆڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و گیرگرفتانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگا و حکومه‌ت ده‌بنه‌وه‌ له‌ بنچینه‌دا له‌ نه‌بوونی ستراتیژێکی ڕۆشن و یه‌کگرتووی حکومه‌ت سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. دیاره‌ ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی دوایی، چه‌ند خاڵێک له‌پێش چاو بگرین:

یه‌که‌م: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کرانه‌وه‌ی سیاسی و ئازادی ڕاده‌ڕبڕین له‌ کوردستان، ده‌بێ یه‌کێک بێت له‌ ئه‌وله‌وییاته‌کانی کاری ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام پاڵپشتیکردنی دیموکراتیزه‌کردن و کرانه‌وه‌ی سیاسی و ئازادی بیڕوڕا به‌بێ بوونی ستراتیژێکی فراوانتر بۆ مۆدێرنکردن و به‌هێزکردنی بنه‌مای سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و میدیایی له‌ کوردستان، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ ئاکامی یه‌کجار ترسناک و تێکده‌رانه‌ی بۆ خودی پرۆسه‌ی دیموکراسی کوردستان و حکومه‌ت و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ی باشووری کوردستان، هه‌بێ. دیموکراتیزه‌بوونی کۆمه‌ڵگا و پرۆسه‌ی دیموکراسی به‌ تایبه‌تی بۆ کوردستان که‌ خاوه‌ن کیانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه‌ یه‌کجار برده‌وبینه‌ وئاڵگۆرپێکردنی ترسناکی له‌ ناوه‌خنی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ به‌رچاومان ڕۆشن بێت، که‌ پرۆسه‌ی گۆڕانی دیموکراسی له‌ کوردستان به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌بێ بچێته‌ پێشه‌وه‌، که‌ ترس و پێشهاته‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کان له‌ کورت ماوه‌دا تا نزمترین ئاست بێنینه‌ خواره‌وه‌.

دووه‌م: ده‌بێ ئه‌وه‌  ڕۆشن بکرێته‌وه‌ که‌ دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان پڕۆسه‌یه‌کی له‌سه‌رخۆ و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوه‌. ئاڵوگۆڕپێدانی کوردستان بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێرن و سیکولار و ئازاد هه‌وه‌نته‌ نییه‌، به‌ڵکو ده‌بێ پێشبینی پڕۆسه‌یه‌کی سه‌خت و ترسناک بکه‌ین، پڕۆسه‌یه‌ک هه‌روا به‌ ئاسانی ڕێگاکه‌ی به‌ گوڵ نه‌چنراوه‌ و له‌و ڕاستایه‌دا پێویستیمان به‌ سه‌دان دامه‌زراوی مه‌ده‌نی  کاریگه‌رو چاڵاکردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا هه‌یه‌. من که‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌م، پڕۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له‌ کوردستان ده‌بێ له‌سه‌رخۆ و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بێت مه‌به‌ستم چه‌ند گۆڕانێکی شکلی و ته‌ئجیلکردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌که‌ نییه‌، وه‌ک هه‌ندێک له‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان لێیتێگه‌یشتوون، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌موومان ئه‌وه‌ باش بزانین بۆ وڵاتێکی وه‌ک کوردستان ، جوگرافیایه‌که‌ی و که‌ڵه‌که‌بوونی هه‌ڵه‌ سیاسیه‌کانی و تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵگا و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌که‌ی ده‌کرێ فاکته‌ری گرنگ بن له‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی پرۆسه‌ی دیموکراسی له‌ کوردستان.

   دیموکراسی و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد ڕاسته‌وخۆ مانای نه‌بوونی کێشه‌ و نه‌مانی هه‌موو گرفته‌کان نییه‌، بۆیه‌ ڕۆشنبیرانی کوردستانیش ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه‌ی دوایی بزانن، و لێره‌شه‌وه‌ ده‌بێ به‌ خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نن که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد مافی ڕه‌خنه‌ و ئازادی خۆپشاندان و بیڕوڕا و داواکردنی مافه‌کانی بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌کات، به‌لام هه‌موو کێشه‌کان له‌ناونابات، وه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێ خۆشیان تێبگه‌ن که‌ دیموکراتیزه‌کردنی هه‌ر کۆمه‌لگایه‌ک پرۆسه‌یه‌کی له‌سه‌رخۆیه‌ و کۆمه‌ڵێک پێویستی و خوێندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزه‌ سیاسیه‌کانی پێویسته‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ نه‌بوونی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و نووسه‌رانه‌ی، که‌ خۆیان به‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌بینن، به‌رچاو ده‌که‌وێ.

        ده‌سه‌ڵاتی کورستان پێویسته‌ له‌وه‌ ئاگادار بێت، که‌ ته‌نیا له‌ چواچێوه‌ی بوونی شتراتیژێکی فراوان و پته‌و یه‌کگرتوو کراونه‌وه‌ی سیاسی و دیموکراسی سه‌رده‌که‌وێ، به‌ مانایه‌کی تر دیموکراسی ده‌بێ ته‌نیا به‌ندێک بێت له‌ پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ و فراوان، به‌ بوون و پشتیوانی دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، له‌ ڕاستای مۆدێرنکردن و نوێکرنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگ و سیسته‌می ئابووری کوردستان. نابێ ته‌نیا یه‌ک ئامانجان هه‌بێ و ئه‌وانی تر پشتگوێ بخه‌ین. بێگومان بۆ ئه‌وه‌ی به‌مه‌ بگه‌ین ده‌بێ ده‌سه‌ڵات به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک به‌دوا ئه‌مه‌ بێت. گه‌شه‌پێدانی هه‌رچی زیاتری دیموکراسی له‌ کوردستان ده‌بێ وه‌ک ئامانجێکی بنچینه‌یی بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام ساویلکانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌که‌ ساده‌ بکه‌ینه‌وه‌ و پێچوپه‌ناکانی نه‌بینین. بۆ کورد گه‌شه‌پێدانی دیموکراسی ده‌بێ توخمێکی گرنگ و به‌ ته‌واوکه‌ری ستراتیژی بنیاتنانی دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌کانی چاولێبکه‌ین، لێره‌شه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بخزێین به‌ره‌و دامه‌زراندنی ئه‌و بنه‌ما بنچینه‌یانه‌ی که‌ پێویستن بۆ دامه‌زراندن و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌ داهاتوودا. زۆر سه‌خته‌ بۆ ئێمه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌بێ بوونی بنه‌مایه‌کی نوێی ئابووری به‌هێزو پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی دیموکراسی، بتوانین کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوو و گه‌شه‌کردوو بنیات بنێین، وه‌ له‌وه‌ش سه‌ختر ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ داهاتوو ڕابگه‌یه‌نیین..

  پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن بۆهه‌موو ولاتێک و کۆمه‌ڵگایه‌ک وه‌کو یه‌ک نییه‌، بۆیه‌ لێره‌ چه‌ند پره‌نسیپێکی گشتی له‌ په‌یوه‌ند به‌ کێشه‌کانی کوردستان باس ده‌که‌م:

یه‌که‌م: ده‌سه‌ڵات ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێ که‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراوو دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی زۆرجار کێشه‌ بۆ لێپرسراوه‌ حکومیه‌کان دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام بوونی ئه‌م دامه‌زراوانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا یه‌کجار پێویست و گرنگن،و به‌شێکی دانه‌بڕاون له‌ هه‌ر سیسته‌مێکی دیموکراسی.

دووه‌م: سیسته‌می حوکم و به‌ڕێوه‌بردن له‌ کوردستان پێویستی به‌ ڕیفۆرم و باشکردنێکی خێرا هه‌یه‌، به‌ واتایه‌کی تر پێویسته‌ به‌ جیدی چاره‌سه‌رێکی خێرای ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ ئیداری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ بکرێت. وه‌ هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ریه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی خێراو باش هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌کانی خه‌لک، که‌ حکومه‌ت لێپرسراوه‌ له‌ دابینکردنیان، بکات.

سێیه‌م: چاڵاک کردنی دامه‌زراوه‌ حکومییه‌کان، به‌جۆرێک ده‌وری هه‌ریه‌ک له‌ حیزب و ده‌وڵه‌ت دیاربێت، به‌ واتایه‌کی تر ده‌بێ حیزبه‌کان ده‌ست له‌ کاروباری ده‌وڵه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن. دامه‌زراوه‌ حکومیه‌کان پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خۆیان به‌هره‌مه‌ند بن. بێ هه‌ڵبژاردن هیچ سیسته‌مێک ناتوانێ ئیدعای دیموکراسی بکات، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌نیا دیموکراسی ناهێنێ، خۆ هه‌ر ئێستا زۆر هێز له‌ کوردستان هه‌ن، که‌ هه‌ڵبژاردنیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌وێ تا ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن. بۆیه‌ چاڵاکردنی دامه‌زراوه‌ حکومیه‌کان و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و حیزب یه‌کجار چاره‌نووسسازه‌ له‌ ڕاستایه‌دا.

    له‌ کۆتاییدا حه‌زده‌که‌م ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه‌ تا ئێستا ئاڵوگۆڕی باشی، به‌ به‌راورد له‌ پێشوو، به‌خۆوه‌ بینیوه‌. هه‌رئێستا له‌ ڕووی میدیا و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و سیاسیه‌وه‌ ده‌توانین ده‌یان نموونه‌ بێنینه‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاستێکی دیموکراسی و ئه‌منی زۆر باشتردایه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌ جیاجیاکانی ئێراق. ئه‌م پێشکه‌وتنانه‌ی که‌ تا ئێستا له‌ کوردستان به‌رچاو ده‌که‌ون ده‌بێ خاڵی ده‌ستپێکردن، بۆ ڕیفۆرمی قوڵترو ڕادیکاڵتر، بن، به‌جۆرێک ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ته‌نیا به‌ قسه‌ نا به‌ڵکو به‌ پراکتیکیش ده‌بێ بیر و ئه‌دڤیز و ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌کانی دامه‌زراو و لایه‌نه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربه‌خۆکان له‌پێشچاو بگرێ، وه‌ ده‌بێ مه‌بده‌ئی هاوبه‌شی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌کان بره‌و پێبداتِ. ئه‌مڕۆ کوردستان به‌ قۆناغێکی یه‌کجار چاره‌نووسساز تێده‌په‌ڕێ، بۆیه‌ نابێ مه‌سه‌له‌کان وا ساده‌ بکه‌ینه‌وه‌، به‌جۆرێک پێمانوابێ که‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ هه‌روا ئاسان ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێ خۆمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌یان سه‌ختی و هه‌ڕه‌شه‌ ئاماده‌ بکه‌ین. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به به‌کارهێنانی عاقلانه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانای کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ چواچێوه‌ی ستراتیژێکی یه‌کگرتووی ئابووری و په‌روه‌رده‌یی و سیاسی دێته‌ دی، به‌جۆرێک گرنگی تێگه‌یشتن له‌ په‌یوه‌ندی ئه‌مانه‌ به‌ یه‌کتر تێبگه‌ین. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان کرد، ئه‌وا خاڵێکی وه‌چه‌رخان ده‌بێت له‌ ڕاستای گه‌شبینی زیاتری خه‌ڵک به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و داهاتووی خۆی

 

                                                                                هۆڵه‌ندا ـ 15 ئۆگستی 2006

 

 
           

 

02/09/2015