ئێراق ده‌بێ داوای لێبوردن بکات!

ئیسماعیل ئیبراهیم ڕواندزی

Ismail_rwandzi@yahoo.com

 

    سه‌دام حوسین، دیکتاتۆری پێشووی ئێراق، و داروده‌ستکه‌ی بڕیاره‌، له‌ 21 ئۆگستی داهاتوو له‌سه‌ر تراژیدیای ئه‌نفال، دادگایی بکرێن. ڕۆژێکی وا، خه‌ونێکی له‌مێژینه‌وی نه‌ته‌وه‌ی کورد و خه‌ڵکی کوردستان، به‌تایبه‌تیش قوربانیانی ئه‌نفال، بوو. ئه‌م ڕۆژه‌ مێژووییه‌ واده‌خوازێ، یادی ئه‌نفالی ئه‌و سه‌دان هه‌زار مرۆڤه‌ بکه‌ینه‌وه‌، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سیستیماتیک ونامرۆڤانه‌، له‌ ساڵانی هه‌شتاکان له‌ پڕۆسه‌ی دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نفالدا قه‌سابی و جینۆسایدکران. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌خوازێ بپرسین ئه‌نفال بۆ ڕوویدا؟! ئه‌نفال ئاسان نه‌بوو ڕووبدا ئه‌گه‌ر ئێراقییه‌کان، مه‌به‌ست له‌وانه‌ی بێده‌نگ بوون به‌رامبه‌ر ئه‌م تراژیدیایه‌، بیانویستایه‌ هه‌ڵوێستێکی ئازایانه‌ بۆ ڕێگرتن له‌م تراژیدیایه‌ پێشانبده‌ن. به‌داخه‌وه‌ له‌جیاتی هاوخه‌می و هاوپشتی له‌و ڕۆژه‌ شومانه‌دا، زۆربه‌ی ئێراقییه‌کان هه‌ڵگری هه‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی دژی کورد بوون، زۆربه‌یان ته‌نانه‌ت به‌ نامه‌یه‌ک و قسه‌یه‌کیش هاوخه‌می و هاوپشتیان پیشان نه‌دا. لێره‌دایه‌ مافی خۆمانه‌ بپرسین: ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێده‌نگ نه‌بوونایه‌و هه‌ڵوێستێکی ئازایانه‌ و تووندیان دژی ئه‌م تراژیدیایه‌ پیشاندابا، به‌عسی شۆفینیست ده‌یتوانی ئه‌نفال هه‌روا به‌ ئاسانی جێبه‌جێ بکا؟ مافی خۆمانه‌ بپرسین: ئێراقی نوێ کوانێ داوای لێبوردنت؟!

    داوای لێبوردنی ئێراقی نوێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، ناکرێ و نابێ که‌س خۆی لێ لابدات. داوای لێبوردنی ئێراق، مانای گۆڕینی تراژیدیای نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ بۆ یاسا و ووشیاری نه‌وه‌ی نوێی ئێراق و به‌رده‌وامی ڕاگرتنی ڕێزه‌ بۆ قوربانیانی ئه‌م تراژیدیایه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ به‌دوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌گه‌رێن، مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێراقی نوێ به‌بێ داوای لێبوردن، ناتوانێ به‌ ئاشتی بژێ، ناتوانێ گرێنتی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نفال بدا، ناتوانێ ویژدانێکی ئینسانی به‌رهه‌م بێنێ، ناتوانێ نه‌ک ته‌نیا  لێبوردیی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر خۆی و ڕۆڵه‌کانیشی په‌یڕه‌و بکات.

    ئه‌وانه‌ی پێیانوایه‌ ئێراقی نوێ، ئێراقی کۆن نییه‌ و زه‌ڕووره‌تی لێبوردن له‌ گۆڕێدا نییه‌، له‌بیر خۆیان بردۆته‌وه‌ که‌ کێ مافی داوه‌ به‌وان له‌جیاتی قوربانییانی ئه‌نفال خه‌ڵک ببورن یان نه‌بوورن!!! ئایا بڕیار بوو ئێراقی کۆن، واته‌ ئێراقی به‌عسی عه‌ره‌بی و سه‌دام حوسێن، داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکات؟!!  ئایا ئه‌وانه‌ له‌خۆیان پرسیوه‌، چۆنه‌ ئه‌ڵمانیای پاش هێتله‌ر، نه‌ک ئه‌ڵمانیای هێتله‌ر، داوای لیبوردنی له‌ یه‌هودیه‌کان کرد و تا ئێستاش ئه‌ڵمانیا باجی قوربانی نازییه‌کان ده‌دات؟!! ئایا ئه‌وانه‌ ناپرسن بۆچی جیهانی مۆدێرنی ئه‌وڕوپا و پاپای کریستیانییه‌کان داوای لێبوردنیان له‌ یه‌هودییه‌کان کرد؟!!

    ئێراقی نوێ، نه‌ک ته‌نیا ده‌بێ، داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکا، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ داوای لێبوردنیشی کرد، هیچ ناکه‌س ناتوانێ و بۆی نییه‌ له‌جیاتی قوربانییانی ئه‌نفال، له‌و زاڵم و بێویژدانانه‌ی، که‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ نامرۆڤانه‌یان خولقاند، ببوورێ. ئه‌وه‌ مافی قوربانیانه‌ که‌ بیانبوورن یان نا، به‌ڵێ ته‌نیا مافی ئه‌وانه‌و به‌س. ئێمه‌، نه‌وه‌ی نوێ له‌ کوردستان، مافی یادکردنه‌وه‌ و ڕێزگرتن و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌نفالمان هه‌یه‌، به‌ڵێ ئێمه‌ش مافی لێبوردنی هه‌موو که‌سێکمان هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نیا به‌ناوی خۆمان و به‌س، بۆمان نییه‌، به‌ڵی هیچ یه‌کێکمان بۆمان نییه‌، له‌جیاتی و به‌ناوی ئه‌وان له‌ تاوانباران و ئه‌نفالچییه‌کان ببورین.

   بۆ ئه‌وه‌ی ئێراقی نوێ توانای ژیانی هه‌بێ، وه‌ توانای پێکه‌وه‌ ژیانی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی کوردی هه‌بێ، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رق و قینه‌ له‌ نێو نه‌وه‌ی نوێی ئێراقییه‌کان دروست نه‌بێ، ده‌بێ ئێراقی نوێ داوای لێبوردن بکات و په‌یامێکیش بنێرێ: ئه‌نفال به‌رهه‌می ڕق و قینه‌ی شۆفینیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی بوو، یاد کردنه‌وه‌ و داوای لێبوردن ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی. تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌و ڕق و قینه‌ وه‌ڵام نییه‌ بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نفال، به‌ڵکو ته‌نها ئاشتی و لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ ژیان و دادپه‌روه‌ری ڕێگایه‌ بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وی تاوان و تراژیدیاکانی ڕابردوو. ئه‌مڕۆ ئێمه‌ نه‌ک ته‌نیا  ده‌بێ بیر  ئێراقییه‌کان بێنینه‌وه‌ که‌ ڕۆڵه‌کانی ئه‌و، چ کاره‌ساتێکیان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد و خه‌ڵکی کوردستان هێنا، به‌ڵکو ده‌بێ خۆشمان ئه‌م تراژیدیایه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک یادبکه‌ینه‌وه‌، که‌ زامنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی بێت. ئه‌مڕۆ داوای لێبوردنی ئێراق، هیوای پێکه‌وه‌ ژیان و سارێژبوونه‌وه‌ی برینه‌کان زامن و ئاسانتر ده‌کات.

   18  ئۆگستی 2006 ـ هۆڵه‌ندا

 
           

 

02/09/2015