کورته‌ی هه‌واڵه‌کان

 
 

سالار جه‌وهه‌ر

 

له‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراقه‌وه‌:‌

بڕیارنامه‌ی سه‌رکۆنه‌کردن:

له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ ئه‌مه‌کی لوبنان له‌ئاستی ڕووخان و به‌کۆمه‌ڵ کوژی 4500 لادێ ی کوردستاندا 4500 بڕیارنامه‌ی سه‌رکۆنه‌کردنیان دژی ڕژێمی عه‌فله‌قی ده‌رکردبوو له‌کاتی خۆیدا، ئه‌وا ئێمه‌ش وه‌ك سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق پاداشتی ئه‌و چاکه‌یه‌تان ئه‌ده‌ینه‌وه‌ به‌ ده‌رکردنی بڕیارنامه‌ی سه‌رکۆنه‌کردنی ئیسرائیل بۆ ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانی یه‌ی کرایه‌ سه‌ر ( قانا ) ی خۆشه‌ویست و به‌ توندی دژی ئه‌وه‌ستینه‌وه‌

واژوو ....... سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق

******

له‌گشت داموده‌زگا ئاسایشی یه‌کان و مه‌ده‌نی یه‌کانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی یه‌وه‌ بۆ به‌رپرسانی شاری( پاریس) ، له‌کاتێکدا که‌ خه‌مباری و تووڕه‌یی خۆمان ده‌رده‌بڕین به‌هۆی ئازاردانی چه‌ند خۆپیشانده‌رێکه‌وه‌ به‌ به‌کارهێنانی ( پرووشه‌ ئاو ) له‌لایه‌ن پۆلیسی سه‌ر به‌ پارێزگای ( پاریس ) ه‌وه‌ . له‌هه‌مان کاتدا پشتگیریی خۆمان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ زیاتر به‌ دیموکراسی کردنی داموده‌زگا حکومی یه‌کان و سه‌رکۆنه‌ی دیوه‌خانه‌ چوارمشقی یه‌که‌ی پارێزگاری ( پاریس )یش ده‌که‌ین .

وێنه‌یه‌ك بۆ هه‌موو دنیا جگه‌ له‌خۆمان و پاسه‌وانانی کارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌

 

******

ئه‌گه‌ر به‌گوناهم بۆ نه‌ده‌ن له‌ قه‌ڵه‌م هێشتا هه‌ڵم له‌و بڕیاره‌ هه‌ڵئه‌سێ که‌ هه‌ر ئێستا له‌سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌رچووه‌، به‌لادان و سووتاندنی ئه‌و ئاڵا ترسناکه‌ی که‌ هێشتا له‌به‌ری ئه‌مبه‌ری کوردستانا وه‌ك مۆته‌که‌ خۆی داوه‌ به‌سه‌ر ئاڵای کوردستاناو ئه‌ڵێ ( إلی جهنم و بئس المصیر ) ئه‌مه‌و له‌ئه‌نجامی ئه‌م بڕیاره‌دا جه‌ماوه‌ر ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌رییان هه‌ڵگیرسان و چی ئاڵای عه‌فله‌قی هه‌بوو له‌چاوترووکانێکدا سووتانیان ، ڕاپه‌ڕینه‌که‌شیان ناونا (ڕاپه‌ڕینی ئاڵای کوردستان )

 

 

*****

گیانه‌ کورد مه‌یلی ها وه‌لاته‌وه‌

دیده‌نیت کردین ، خێر وه‌پاته‌وه‌

ئه‌مه‌ دروشمی سه‌ره‌کی ئه‌و پێشوازی یه‌ گه‌رم و گوڕه‌ بوو که‌ له‌ئایه‌توڵڵای بچوك و به‌ڕێز ( عه‌ممار الحکیم ) کرابوو بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌به‌ره‌که‌ت و مێژووی یه‌ی سه‌ماحه‌تی ، که‌ به‌هاتنی چه‌ند ڕۆژێ هه‌ولێری ڕووناك کرده‌وه‌ ، هه‌روه‌ها وه‌ك دیارییه‌کی وه‌فاداری په‌‌رده‌ش له‌ سه‌ر وێنه‌ی موباره‌کی یه‌کێك له‌ ئایه‌توڵڵاکانی خێزانی ( عه‌ممار الحکیم ) لادرا که‌ ناوی یه‌کێک له‌شه‌قامه‌ جوانه‌کانی هه‌ولێری هه‌ڵگرتبوو . ئافه‌رین حکومه‌ت ، له‌به‌ر نه‌بوونی ناوو که‌سێتیی  خۆماڵی خۆمان بیر له‌م هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ کرایه‌وه‌ . هه‌روه‌ها چیبێت له‌ ئێوه‌ نهێنی بێت. ناو لێنانی شه‌قامێکی هه‌ولێر به‌ناوی ئه‌و ئایه‌توڵڵا پیرۆزه‌وه‌ بوو به‌ جێگه‌ی شه‌رم داگرتنی به‌رپرسانی شاره‌کانی وه‌ك سلێمانی و دهۆك و .... هتد ، که‌وا چۆن ئه‌وانیش بیریان له‌ پرۆژه‌یه‌کی هاوشێوه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ بۆیه‌ له‌ئاکامدا گه‌یشتنه‌ ئه‌و خاڵه‌ی که‌ له‌خوا به‌زیاد بێت ( چی زۆره‌ ئایه‌توڵڵای ئه‌و نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لایه‌ زۆره‌ ) .

 

*******

کورته‌ی هه‌واڵی داهاتوومان مژدانه‌یه‌که‌ که‌وا خوا پێم نه‌گرێ نازانم له‌کوێوه‌ بۆمان ڕه‌وانه‌ کراوه‌ به‌ڵام به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مژدانه‌یه‌ دڵی هه‌زاره‌های پێ خۆش ئه‌بێت  جا بفه‌رموون .

مژده‌ .... مژده‌ .... مژده‌ .... بۆ هه‌موو کورده‌ ئاواره‌کانی یاریگاو ژێر چادرو شوێنه‌ ناهه‌موارو پیسه‌کانی که‌رکوك ..... مژده‌تان ئه‌ده‌ینێ که‌له‌بری ئه‌وه‌ی شاری که‌رکوك داڵقوت بکه‌ینه‌وه‌ ناو سنووری کوردستان و له‌ عه‌ره‌ب پاکی بکه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌وا مژده‌تان ئه‌ده‌ینێ که‌ عاره‌بێکی ئێجگار زۆرمان هێناوه‌ بۆ شاره‌کانی کوردستان و وای لێهاتووه‌ ده‌ست بۆ گیرفانی خۆت به‌ریت  ئه‌چێته‌ (هینی ) عاره‌با به‌مه‌ش ئیدی پێویست ناکات به‌ته‌نها ئێوه‌ هه‌ست به‌ زۆرلێکراوی بکه‌ن

چاوه‌ڕوانی مژده‌ی چاککتربن ...

 

******

ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ :

له‌ پێناوی زیاتر سه‌قامگیرکردنی باری کوردستان وه‌ك هه‌رێمێکی یاسایی له‌جیهاندا ، خه‌و له‌ چاوی په‌رله‌مانتاران زڕاوه‌ تاوه‌کو ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێم بنووسنه‌وه‌ . خۆشبه‌ختانه‌ ده‌ستوورمان کۆتایی پێهێناوه‌ و ته‌نها له‌سه‌ر دوو خاڵ بۆچوونه‌کانمان هه‌ریه‌ك له‌ ئاوازێك ئه‌خوێنێ . ئه‌وانیش ئه‌م دوو خاڵه‌ن :

خاڵی یه‌که‌م : بۆچوونێك هه‌یه‌ و‌ئه‌ڵێ کورده‌کانی هه‌نده‌ران مافی ده‌نگدانیان نه‌بێت . به‌ڵام بۆچوونێکی تر هه‌یه‌ و ئه‌ڵێ به‌هیچ جۆرێك نابێ ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت

خاڵی دووه‌م : بۆچوونێك هه‌یه‌ و ئه‌ڵێ ده‌بێت ده‌ستووری کوردستان به‌ زمانی عه‌ره‌بی و له‌سه‌ر شێوه‌ی خه‌تی ( کوفی ) بنووسرێته‌وه‌.

به‌ڵام بۆچوونێکی دیکه‌ هه‌یه‌ و ئه‌ڵێ نه‌خێر ده‌بێت ده‌ستووری کوردستان به‌زمانی عه‌ره‌بی و له‌سه‌ر شێوه‌ی‌ خه‌تی ( رقعة ) بنووسرێته‌وه‌ .

 

کوڵه‌ بنه‌ هه‌واڵه‌کان کۆتای هات .

31.07.2006       نه‌رویج‌

 

 

 
           

 

02/09/2015