ئیسرائیل، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی دژی یاساکانی نێوده‌وڵه‌تی و بڕیاره‌کانی (یوئێنه‌): ــه

سه‌ڵحه‌دی بابه‌کر

 

 


ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئیسرائیل له‌ فه‌له‌ستین و لوبنان ئه‌نجامی ده‌دات پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و دووره‌ له‌ گشت به‌ها و خووره‌وشته‌ مرۆییه‌کان، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی هێزی سه‌ربازییه‌ و به‌هێزترین وڵاتی دنیاش "ئه‌مریکا" پشتیوانی و هاوکاریی ده‌کات، کاره‌که‌ی له‌به‌ر ده‌ڕوات و که‌سیش ناوێرێ له‌ گوڵ کاڵتری پێ بڵێ!

ئیسرائیل له‌ فه‌له‌ستین به‌ بێ گوێدانه‌ هیچ عورفێکی دیپلۆماسی هه‌ڵده‌ستێ به‌ گرتن و ئیختیتافکردنی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی فه‌له‌ستینی و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و ده‌یان ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیری تر، که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ به‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسیدا ئه‌و پۆستانه‌یان وه‌رگرتووه‌ و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دانیان پێدا نراوه‌ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه‌، به‌ڵام ئیسرائیل وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی پۆلیسی به‌ بێ گوێدانه‌ هیچ شتێک له‌ نیوه‌ شه‌ودا و له‌ ماڵه‌کانی خۆیان ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی فه‌له‌ستینی ئیختیتاف ده‌کات و راپێچی زیندانیان ده‌کات، له‌ کاتێکدا هه‌ریه‌ک له‌و به‌رپرسه‌ فه‌له‌ستینییانه‌ به‌ حوکمی پۆسته‌کانیان (حێانه‌)ی دیبلۆماسییان هه‌یه‌.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، دوای ده‌رچوونی بڕیاری "1701"ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان شه‌ڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل وه‌ستاوه‌، که‌چی ئیسرائیل به‌ بێ گوێدانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌ڵده‌ستێ به‌ بۆردومانکردنی لوبنان و کرده‌ی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشکرا شکاندنی بڕیاری "1701" ه‌، که‌چی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان نقه‌ی لێوه‌ نایه‌ت!

هه‌موو ئه‌مانه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌کی بچووکن له‌ مامه‌ڵه‌ی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوو بکه‌یت به‌ ده‌یان نمونه‌ی ترت له‌و بابه‌ته‌ ده‌ست ده‌که‌وێ که‌ به‌ ئاشکرا ده‌یسه‌لمێنێت که‌ ئیسرائیل له‌ هه‌موو وڵاتانی دیکه‌ی دنیا زیاتر پێشێلکاریی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات.

به‌ڵام پرسیاری جه‌وهه‌ری لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئیسرائیل تا که‌ی ئه‌و عه‌نته‌ریاته‌ی بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر؟!

ئایا ئه‌و سی و سێ رۆژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوای ئیسرائیل و حیزبوڵڵا نه‌یسه‌لماند که‌ ئیسرائیل ئه‌و هێزه‌ نییه‌ که‌ نه‌شکێنرێت؟! ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ حکوماتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی پێداچوونه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێى مه‌له‌فی کێشه‌ی ئیسرائیل بکه‌نه‌وه‌؟! ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ که‌ ئیسرائیل وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی پۆلیسی ـ که‌ موماره‌سه‌ی ئیرهابی ده‌وڵه‌ت ده‌کات ـ بناسێنرێت؟

 

 

 
           

 

02/09/2015