مارلین مۆنرۆ و مامه‌ ڕیشه‌

 

سه‌ردار عه‌زیز ئۆمه‌ر
sardarazizo@yahoo.com

 

 

'مارلین مۆنرۆ'، که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌کانی سینه‌ما، له ته‌مه‌نی 41 ساڵی، له‌‌ 2 ی ئۆگۆستی 1962 له‌ بارودۆخێکی ناڕۆشه‌ندا مۆمی ژیانی کوژایه‌وه‌. خه‌باتی ئه‌و ژنه‌ له‌ بواری سینه‌مادا له‌ خه‌باتی شۆڕشگێره‌کانی سه‌رده‌می خۆی که‌متر نه‌بووه‌. یه‌کێ له‌ مێرده‌کانی 'مارلین مۆنرۆ' 'ئارسه‌ر میلله‌ر'ی نووسه‌ر بوو. ئه‌و نووسه‌ره‌ چه‌په‌ سالآنی حه‌فتا و هه‌شتا لای خۆێنه‌ری‌ کوردستان وه‌کو مایکۆفسکی و نێرۆدا و لۆرکا و ئاراگۆن و نازم حیکمه‌ت و گیڤارا و رێجێس دۆبرێ سه‌یر ده‌کرا. 'ئارسه‌ر میلله‌ر' له‌ شانۆگه‌ریی 'مه‌رگی فرۆشیارێکی گه‌ڕۆک' 'Death of a Salesman' دا سیسته‌می که‌پیتالیزمی ئه‌مه‌ریکی ریسوا ده‌کات، که‌ سیسته‌مێکه‌ هه‌موو جوانییه‌کان به‌ پاره‌ی رووت ده‌گۆڕێته‌وه‌. ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌ زۆربه‌ی ولآتانی جیهان نمایش ده‌کرێت و ئه‌و گیانه‌ یاخییه‌ی نامرێ و نامرێ.

ئه‌مساڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک وێنه‌یه‌کی گریمانییان بۆ 'مارلین مۆنرۆ' کێشا بۆئه‌وه‌ی پێمان بڵێن به‌ باوه‌ڕی خۆیان ئه‌گه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌تا ئێستا له‌ ژیاندا بوایه‌ و ته‌مه‌نی بگه‌یشتایه‌ته‌ 80 ساڵ، شیوه‌ی چی به‌سه‌ر ده‌هات.

هه‌رچۆنێ بێت وێناکردنی شیوه‌ی که‌سێک دوای مردنی زۆر ئاسنتره‌ له‌وه‌ی بزانی ڕه‌وشتی ئه‌و که‌سه، ئه‌گه‌ر نه‌مردبا،‌ چه‌ند ده‌گۆڕا.

مامه‌ ڕیشه‌ له‌ دوای ئارام گرنگترین سومبولی مرۆڤی خۆبه‌ختکه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌یه‌‌. 'مامه‌ ڕیشه"‌ ته‌نها له‌وه‌دا له‌ شۆڕشگێڕێکی جیهانی ناچێت، که‌ میدیایه‌کی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوو. باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌و وتاره‌ی 'به‌ختیار عه‌لی'، که‌ له‌ژێر ناونیشانی "شه‌هید، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر به‌کارهێنانه‌ سیاسییه‌کانی مه‌رگ" http://www.rahand.com/image/rahand16.pdf/2bachtyar.pdf  دا نووسیویه‌تی، ته‌نها رزگار کردنی شه‌هید نییه‌ له‌ژێر چه‌پۆکی حزب و ئایدۆلۆجیادا، به‌ڵکو گێرانه‌وه‌ی ئیعتیبارێکیشه‌ بۆ جوانییه‌کانی ئه‌و مرۆڤه‌.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر 'مامه‌ ڕیشه'‌ بگه‌یشتایه‌ته‌ سه‌رده‌می گه‌نده‌ڵی، که‌ دوو هێزه‌ گه‌وره‌که‌ی کوردستان به‌ یارمه‌تیی کۆنه‌به‌عسییه‌کان دایانهێناوه‌ و هه‌تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی پیده‌ده‌ن، چی ده‌کرد؟ له‌ کوێ ده‌ژیا؟ خانووه‌که‌ی چۆن ده‌بوو؟ کۆشک یان که‌لاوه‌؟  به‌پێ ده‌رۆیشت، یان له‌سه‌ر مۆدێل ئۆتۆمبیله‌کانی ده‌گۆڕی؟ ئایا مه‌رگ توانی فریای بکه‌وێت و ببێته‌ قه‌ڵغانێک بۆ پاراستنی هه‌موو جوانییه‌کانی ئه‌و مرۆڤه‌؟

سه‌یره‌ هه‌ندێک جار مه‌رگ له‌ ژیان جوانتره‌! به‌که‌ڵکتره‌! هیچ نه‌بێت بۆ 'مامه‌ ڕیشه‌' و له‌ کۆمه‌ڵگای گه‌نده‌ڵدا!

 
           

 

02/09/2015