ڕاگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی (کیانات منحله‌)له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌، بۆچی؟

 

ته‌ها معروف

 

وته‌ بێژێک به‌ناوی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ 24-8-2006 هه‌واڵی به‌رنامه‌ی )كیانات منحله‌ی( له‌لایه‌ن حکومه‌تی مه‌رکه‌زیه‌وه‌ ڕاگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و داموده‌زگا هه‌لوه‌شاوانه‌ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتبار بۆ  موسته‌شاره‌کان ( سه‌رکرده‌ی میلیشیا کوردیه‌کان).......  ‌.به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ :بۆچی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌زه‌قیو کوتو پڕ له‌ڕۆژنامه‌و ڕاگه‌یاندنه‌کانا له‌ ئاستێکی فراواندا په‌خشکرا؟بۆچی حکومه‌تی میلیشیایی مالکی نه‌هاته‌ پای وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی ناڕه‌حه‌تکردووه‌؟ وه‌یان چی له‌ پشتی به‌رپابوونی که‌مپینی دادگایی ئه‌نفالچیه‌ کانه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ ناوه‌وه‌ی کوردستان ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی هه‌رێم هه‌واڵی پێکهێنانی ده‌سته‌ی پشتیوانی له‌ دادگایی ئه‌نفالچیه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نێت هاوتا له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی ئه‌م که‌مپینه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیش؟؟. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌م بابه‌ته‌دا، زه‌قکردنه‌وه‌و قه‌به‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌یه‌ له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌و داموده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م ساتو وه‌خته‌ی ئێستادا که‌ ((گومانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نیگه‌رانی ئه‌م حیزبانه‌ی لێده‌کرێت)) بۆ شێواندنی ڕای جه‌ماوه‌ر ،به‌مه‌به‌ستی سستکردنی ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانو وێڵکردنیان له‌ ڕێگای که‌ره‌سته‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی ڕژێمی پێشووی به‌عسه‌وه‌ ،‌گه‌ر چی هه‌نگاوێ له‌م چه‌شنه‌ له‌هه‌رکاتو ساتێکدا سه‌قامگیر بکرێت ،‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌و خۆی جیدی ئه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌منوئاسایشی کوردستان به‌گشتیو، ئه‌و ناوچانه‌ی که ناوه‌ندو سه‌کۆی کێشمه‌کێشو ڕقه‌به‌رایه‌تی قه‌ومین به‌تایبه‌تی،به‌ڵام خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌رپرسی سه‌ره‌کینو ناتوانن هاوکاریو به‌شداریان له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌سته‌ تائیفیو قه‌ومیانه‌دا له‌ جه‌ماوه‌ر بشارنه‌وه‌ که‌ڕۆژانه‌ پلانی له‌م جۆره‌ بۆ جه‌ماوه‌ر سازده‌ده‌ن. سه‌یر له‌ وه‌دایه‌ به‌رنامه‌ی (کیانات منحه‌له‌) له‌ حکوومه‌تێکه‌وه‌ ده‌رده‌چێتو ده‌خرێته‌ ده‌ستووری کاره‌وه‌ ،سه‌رۆکه‌که‌ی تاڵه‌بانیه‌و ،جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی،به‌رهه‌م ساڵح و زێباریه‌ ،که‌شه‌وو ڕۆژ به‌سه‌ر ئه‌م حکوومه‌ته‌ میلیشیایه‌دا هه‌ڵده‌ده‌نو چاره‌نووسی سیاسی جه‌ماوه‌ری کوردستانیشیان خستۆته‌ سه‌ر مێزه‌ میلیشیاییو تائیفیو قه‌ومیه‌که‌یه‌‌وه‌ له‌ به‌غداد ، بۆیه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ ((بێمه‌ڵامه‌ت نیه‌و))  هه‌وڵێکی نه‌زۆکی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌ بۆ گێژکردنو له‌باربردنی ده‌نگی تووڕه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌ کوردستاندا. ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستو پێوه‌نده‌کانی ڕژێمی ڕووخاوی پێشووی به‌عسه‌ ،خۆ له‌ کوردستاندا فایلداره‌کان ،ئه‌وانه‌ی که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ڕیزی حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌وه‌ فه‌رمانی حکومه‌تی به‌عسیان له‌ کوردستاندا جێبه‌جێ ده‌کردو ئێستاش تفه‌نگچی ئه‌م حیزبانه‌ن له‌ کوردستانداو به‌ فیشه‌ک ڕه‌دی بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان ده‌ده‌نه‌وه‌ ،  ده‌سه‌ڵاتی کوردی نه‌ک قسه‌یه‌کی له‌ سه‌ریان نیه‌ ،به‌ڵکو پاساویشیان  بۆ ئه‌که‌ن له‌ مه‌ڕ په‌یوه‌ندییه‌کانیان  به‌ ڕژێمی به‌عسه‌وه.‌ بۆیه‌ گه‌رم کردنی ساحه‌ی سیاسی له‌ کوردستانی دوای خۆپیشاندانه‌ سه‌راسه‌ریه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی ئه‌م دووسێ هه‌فته‌یه‌ی دوایی، به‌ دۆزی گێڕانه‌وه‌ی موسته‌شاره‌کان خه‌فه‌ ناکرێتو  ناشتوانی عامیلی فریودانیش بێت بۆ خڕبوونه‌وه‌یان‌ له‌ده‌وری هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و دواخستنی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانو کۆکردنه‌وه‌یان بۆ داهاتوویه‌کی نادیار به‌هه‌ده‌فی خونسا کردنه‌وه‌و به‌ر گرتن به‌ ئاستی ڕوو له‌سه‌ری ڕێکخراوبوونو شکڵگرتنی به‌ ڕووی گه‌نده‌ڵی سیاسیو ئیداریدا.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ زروفی کاره‌ساتاوی عێراقدا سه‌همی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ ،ئه‌وه‌ی ڕووباری خوێنی له‌ عێراقدا خستۆته‌وه‌و هونه‌ری قه‌تڵی ده‌سته‌جه‌معیو سه‌ربڕینی کردۆته‌ موماره‌سه‌ی ڕۆژانه‌ی و تیره‌وانه‌کانی له‌  کوچه‌وکؤڵانه‌کاندا وێڵن به‌دوای سه‌ربڕینی دوا هه‌ناسه‌ی مه‌ده‌نیه‌تو بنیادنانی مه‌مله‌که‌تێکی جه‌هاله‌تی دینی خاڵیوبه‌تاڵ له‌هه‌ر دیدێکی ئینسانیو سه‌کۆیه‌کی ئینساندۆستی ، ئه‌مانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌سڵیو‌ جدین له‌سه‌ر ئاستی عێراقو کوردستاندا له‌ ئێستاو ‌داهاتووشدا . به‌ڵام سه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی نه‌ک ئه‌مه‌ به‌مه‌ترسی بۆداهاتووی کوردستان زه‌نه‌ناکه‌ن ،به‌ڵکو هاوشانیشن له‌گه‌ڵیانداو به‌سه‌ره‌ نێزه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕینو ‌برسیکردن‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌ره‌و ئه‌م پرۆسه‌ی بونیادنانی جه‌هاله‌ته‌ پێشده‌ده‌ن .بۆیه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ڕۆشنو به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ که‌ به‌رنامه‌ی (کیانات منحله‌) به‌ته‌نها هه‌وڵدانێکه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و قڵشتو که‌لێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌ سه‌راسه‌رییه‌کانه‌وه‌ که‌وتۆته‌وه‌،ئه‌مه‌ هه‌وڵێکه‌ بۆ کورتکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌وداو مه‌سافه‌ دووره‌ی‌ که‌ زاده‌ی ناکۆکیه‌کانی جه‌ماوه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی تاڵانوبڕۆی چه‌ندساڵه‌ی ئه‌م حیزبانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا که‌ خۆپیشندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ به‌ره‌و لوتکه‌ی برد . مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی موسته‌شاره‌کان له‌ مه‌ترسی بوونی حکوومه‌تی ئیسلامی فاشیو شوفینیسته‌کانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت  که‌ تاڵه‌بانی لیک له‌ده‌می ده‌هاته‌ خوار بۆ سه‌رۆککۆماریه‌که‌یو زێبارێش به‌و خه‌وه‌ی داده‌نێ که‌ له‌ بیابانی له‌ باربردنی ئومیدو ئاواتو ئامانجی ئینسانه‌کاندا بۆی هاتۆته‌ دی . له‌لایه‌کی تره‌وه‌ باس له‌دادگاییو به‌دواچوونی هاوکارانی پێشووی ڕژێم ده‌ده‌ن به‌ گوێی خه‌ڵکدا  ،وه‌کو ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ئاگاداری پرۆسه‌ی شاردنه‌وه‌و ده‌ربازکردنی ده‌سته‌یه‌ک له‌ مه‌سئولینی پایه‌به‌رزی حکومه‌تی به‌عس نه‌بووبێ که‌ له‌ژێر که‌وا‌و سه‌ڵته‌که‌ی سه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی کوردیه‌وه‌ به‌ سه‌لامه‌تی، به‌ده‌ستی  ‌خوێناوی تاوانه‌وه‌ له‌ کوردستاوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌ڕێخران . پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراقو کوردستان  به‌ڕاده‌یه‌ک بۆته‌ هۆکاری بێزاریو کفتبوونی جه‌ماوه‌ر ، نه‌ک هه‌ر موسته‌شاره‌کان ، به‌ڵکو زۆرێکی تر له‌ گه‌وره‌ تاوانبارانیش له‌م مه‌ینه‌تاوه‌دا شانسی دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان مومکنه‌ وه‌ به‌ڕاده‌یه‌ک خه‌ڵکی له‌م پرۆسه‌ ئاوه‌ژوویه‌دا زه‌ربه‌ی چه‌شتووه‌ ،که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان له‌ ئه‌نجامی بێ ئه‌لگۆی سیاسی و کارکردی ڕه‌شی ئه‌م تاڵانچیه‌ قه‌ومیو دینیانه‌ ،به‌شانی حکومه‌تی ڕووخاوی هاری به‌عسدا هه‌ڵده‌دا ،که‌ ئه‌مه‌ مانای بێزاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ری جه‌ماوه‌ره‌. دیاره‌ له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی سیاسی له‌م جۆره‌ ،زۆر سه‌خته‌ دۆزی دروستکراوی دادگایی ئه‌نفالچیه‌کان ،ئاستی ناڕزایه‌تی جه‌ماوه‌ر بێنێته‌ خوار، وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ڕۆشنه‌ که‌ دیواری چین له‌ نێوان ئه‌نفالچیه‌کانو فایلچیه‌ به‌رپرسه‌کانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا نیه‌ که‌ ئێستا شه‌ره‌فی سه‌رکوتی خوێناوی بزووتنه‌وه‌ ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ریان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌  وه‌رگرتووه‌.

 

طه معروف

29-8-2006

 
           

 

02/09/2015