دڵم نایه‌ت ئه‌گینا ئه‌مردم

 

 توانا ئه‌مین

 

 

به‌فره‌كه‌ له‌ ژێر پێما خرمه‌ى دێت و  من  وڕ و هێواش، هه‌ناسه‌م تونده‌ ....ده‌رگاى ئوتێله‌كه‌ ئه‌ده‌مه‌ به‌ر نووكه‌پێ و كه‌س لێم ناكاته‌وه‌،  ئه‌م شاره‌ بۆنى سه‌گى لێ دێت، من وام، كه‌ زۆر بێتاقه‌ت ده‌بم جوێن به‌ شار ده‌ده‌م. ئه‌و چاوه‌كانى ماندوون ، ده‌ستى درێژتر دێته‌ پێشچاوم، سه‌رێكى سیسه‌مه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتووم و ده‌مانه‌وێت بینووسێنین به‌ دیواره‌كه‌وه‌، ئاخر من لاى نه‌بێت خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت . خۆم به‌ دیواره‌ سارده‌كه‌وه‌ نوساندووه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م دڵم هێواش هێواش سست ده‌بێت .... سه‌گێك ده‌قروسكێنێ، من شه‌ق له‌ ده‌رگاكه‌ ده‌ده‌م و كه‌سێ نایكاته‌وه‌، نازانم له‌ ته‌نیاییا یان له‌سه‌رمادا باوه‌شم كردووه‌ به‌ خۆما .

هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى به‌سه‌رما دێن به‌لامه‌وه‌ دووباره‌ن، ده‌ڵێی پێشتر له‌ هه‌مان جێ من هه‌مان شتم بینیووه‌، ماوه‌یه‌كه‌  وام لێهاتووه‌، دایكم چه‌ناگه‌ى گرژ ده‌كات و ده‌ڵێ واهێمه‌یه‌ . تۆ هێشتا به‌لاته‌وه‌ زووه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ى ئه‌و ڕۆژاگارانه‌ى له‌ ئوتێله‌ فه‌قیره‌كانى شاردا ڕۆژت ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و ڕووى له‌و دیووه‌ و له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ ڕاكشاوه،‌ هه‌ناسه‌یه‌كى درێژ و سارد هه‌ڵده‌مژێ و هێشتا نه‌یداوه‌ته‌وه‌ كه‌ من ده‌زانم هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆشمانده‌وێت ئه‌وانه‌ نین كه‌ له‌ ته‌نیشتمانه‌وه‌ نووستوون .... ! دایكم ده‌ڵێ واهیمه‌یه‌ كوڕه‌ ئازیزه‌كه‌م له‌سه‌رى خۆتى ده‌ركه‌ .

به‌جووتێ پێلاَوى خه‌نه‌ییه‌وه تازه‌به‌فرى سه‌ر شه‌قامه‌ باریكه‌كه‌ قاژ ده‌كه‌م ، كه‌س به‌وێدا ناڕوات یان ده‌ڕوات و من كه‌س نابینم كه‌س.... ئه‌ویش نابینم كه‌وا له‌سه‌ر سه‌رچه‌فه‌ گۆشتیه‌كه‌ى سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ به‌ته‌كمه‌وه‌ ڕاكشاوه‌. تۆ ئه‌و ده‌بینى، پێویست ناكات له‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكێكى وادا شتێ بڵێین كه‌ دووره‌ له‌ مه‌نتیقه‌وه‌ ...  من، حیكایه‌تخوانى راسته‌قینه‌ى ئه‌م چیرۆكه‌، ده‌زانم كه‌ تۆ ئه‌و شه‌وه‌ ژنه‌كه‌ى خۆتت ده‌بینى به‌ڵام هه‌ستت پێ نه‌ده‌كرد، ده‌شزانم عه‌رشێكى پان و گه‌وره‌ له‌ نێوان بینین و هه‌ستپێكردندا هه‌یه‌ . تۆ له‌م شه‌وه‌ سارده‌دا كه‌س نابینى به‌ڵام هه‌ست به‌ عه‌شاماتێكى گه‌وره‌ى ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌كه‌ین كه‌ وه‌خته‌ ببین به‌ ژێر پێیانه‌وه‌ . مرۆڤه‌كانى ئه‌وێ سه‌یرن، به‌ته‌مه‌نه‌كانیان كورت و قه‌مبور و مناڵه‌كانیان درێژ و لۆقنن .... چاوت بچووك ده‌كه‌یته‌وه‌ و وردتر دیقه‌تى ئه‌و ساوایه‌ ده‌ده‌یت كه‌ تا ناوكى به‌ باوه‌شى دایكى و ناوك به‌ره‌وخوار و لۆقه‌ درێژه‌كانى وا به‌ ده‌ست باوكیه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ فكرت بۆ ئه‌و تێوره‌ ده‌چێت كه‌ پێى وایه‌ جه‌سته‌ به‌ پێی سروشتى ژیان گۆڕانكارى به‌سه‌ر دێ، تۆ لات وایه‌ ئه‌و قاچه‌ درێژانه‌ى مرۆڤى ئاینده‌ هى ڕاكردنن، ڕاكردن له‌و دڕكه‌ڕێیه‌ى ناویان ناوه‌ ژیان .... خێراتر ده‌ڕۆیت و زۆرتر ده‌كه‌ویته‌ چه‌قى ئاپۆراكه‌وه‌، سڵ ده‌كه‌یت له‌ خۆت، له‌و ژن و پیاوانه‌ى له‌ پێش خۆته‌وه‌ كوڵه‌ كوڵ ڕێ ده‌كه‌ن، ده‌وه‌ستیت و مات و حه‌ریر ماوى .... نازانم  بۆ خه‌وم لێ ناكه‌وێت!

 ئه‌وا به‌ ته‌نیشته‌وه‌ درێژ بووه‌ و كێنگڵ ده‌دات، پێڵوه‌كانى به‌ داخراویش ده‌تروكێ، ڕه‌نگه‌ نه‌خه‌وتبێت. تۆ ده‌یبینى هه‌موو هه‌سته‌كانى خۆى له‌ چاوه‌كانیا كۆكردۆته‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ى بیه‌وێ به‌ چاو بژنه‌فێ ... هه‌موو شت كش و ماته‌، ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه‌ چییه‌ له‌ ناو منه‌وه‌ دێت، كاس بووم، هێواش ...!

 وه‌كو هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ى ده‌یناسم، ئه‌میشم بۆ ڕام ناكرێت، یان خۆم نه‌مویستووه‌ ڕامى بكه‌م! من هه‌ر كچێكم بوێت له‌م دونیایه‌دا، به‌ نیگایه‌ك، پێكه‌نینێك، پیاسه‌یه‌ك، دۆدرمه‌ خواردنێك، هه‌ر زۆر سرك بێت به‌ دانیشتێك ئه‌وه‌ى بمه‌وێت لێى ده‌كه‌م، كه‌چى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌م له‌گه‌ڵ ژن بۆ پێچه‌وانه‌ بووه‌، ته‌نیا به‌ چه‌ند ساتێكى كه‌مى ته‌له‌فونێك هه‌رچییه‌كیان بوێت پێم ده‌كه‌ن .... له‌ دڵه‌وه‌ ڕقم له‌ ژنه‌ و له‌ دڵیشه‌وه‌ خۆشم ده‌وێن. درێژایی شه‌قامه‌كه‌ت كه‌رت كردووه‌، وڕ و هێواش به‌ ملپێچێكی كاكاوییه‌وه‌ هه‌ڵئه‌كشێت، كه‌س به‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌، سه‌گ نه‌بێت .. چ بۆگه‌نێكى دێت ئه‌م شاره‌ .

 من سه‌رم له‌بۆنى ئه‌م ژنه‌ ئاوساوه‌، قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌و پێكه‌نینێكى گێلانه‌ پێده‌كه‌نێت و ده‌ڵێت ئه‌وه‌(پلایمۆزى 3) یه‌، بۆنێكی نه‌رم و ژنانه‌یه‌. من پێی ده‌ڵێم شتێك له‌ناو تۆیا، له‌ شوێنێكتا تۆپیوه،‌ بیدۆزه‌ره‌وه‌ و فڕێى به‌. سیسه‌مه‌كه‌ به‌ جێ دێڵم، په‌رده‌كه‌ لاده‌ده‌م و له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یرى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م، نازانم چى ده‌بینم، وه‌لێ ده‌زانم بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نه‌ده‌با من ئه‌وه‌نده‌ سه‌ر بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌م ژنه‌.... من وام، چاو له‌سه‌ر شت زۆر ورد ده‌كه‌مه‌وه‌، حه‌قى خۆمه‌ من به‌ بۆنى ناخۆش تێكده‌چم، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ پاسێكدا به‌ ژنێكى ته‌نیشتمه‌وه‌م وت تكایه‌ كه‌ له‌ ده‌ورى مانگانه‌داى مه‌یه‌ ده‌ره‌وه‌، من به‌م بۆنه‌ هار ده‌بم،  ئه‌وه‌م وت و به‌بێ ئه‌وه‌ى گه‌شتبێتمه‌ شوێنى خۆم له‌شه‌قامێك داده‌به‌زم ..... شه‌قامه‌كه‌ت ته‌واو كردووه‌، به‌ ده‌سته‌ چه‌پدا كه‌وانێ ده‌سوڕێته‌وه‌ بۆ لاى بازاڕى ستیانفرۆشه‌كان.

با یارى به‌ په‌رده‌ گۆشتییه‌كه‌ى  ژووره‌كه‌ ده‌كات، ده‌یه‌وێت كه‌ شێكى ترسناك دروست بكات، ساتێك وێنه‌ى پیاوێكى له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رى خۆى گرتووه‌ به‌ بنده‌ستییه‌وه‌‌ و ده‌یه‌وێت بڕوات، وه‌لێ نه‌ پانتایى په‌رده‌كه‌ ڕێی ده‌كات و نه‌ هه‌نگاوه‌كانى خۆیشى زاتى جوڵاَنیان هه‌یه‌، په‌رده‌كه‌ ده‌مێكیش له‌ كه‌وارسى شانۆیه‌كى كلاسیكى ده‌چێت كه‌ به‌ ویستى ده‌رهێنه‌ر به‌ ئاسۆیى له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر سه‌ما ده‌كات ... ڕقم له‌ په‌رده‌ى ژووره‌كه‌یه‌، به‌ ژنه‌كه‌مم وتووه‌ من وه‌كو په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك له‌ ڕه‌نكى كاڵ دروست بووم و به‌ ڕه‌نگى تۆخیش تێكده‌چم. چه‌ند جارم وت خانم با ئه‌و جلانه‌ى ژێره‌وه‌ت گۆشتییه‌كى تۆخ نه‌بێت ... واى وه‌خته‌ بمرم!

زۆر جار بیرى ده‌چووه‌وه‌ كه‌ من مێردیم، شته‌هایه‌كى ده‌گووت كه‌ نه‌ده‌با بیگوتایه‌، چاوى له‌سه‌ر قه‌تیس ده‌كردم، ده‌شزانم ئه‌یڕوانى، ده‌شزانم كه‌ نه‌یده‌بینم،  لێوى ده‌له‌رزى و پچرپچر قسه‌ى ده‌كرد، وه‌كو ئه‌وه‌ى ده‌ستێكى غه‌ریبه‌ و شاره‌زا به‌ر مه‌مكی چه‌پى بكه‌وێت له‌پڕ بێده‌نگ ده‌بوو .... ئێستاكێ مرۆڤ واى مه‌زه‌نده‌ ده‌كرد ده‌سته‌ نه‌ناسه‌كه‌ چوبێته‌ گیرفانێكى ون، بۆیه‌ وا ئه‌و كه‌وتۆته‌ قسه‌ و هه‌ناسه‌بڕكێ، كه‌ به‌ هۆش خۆى ده‌هاته‌وه‌ و منى ده‌بینى هه‌موو ئه‌و كه‌شه‌ نوێیه‌ى بچووك ده‌كرده‌وه‌، به‌قه‌د هه‌ڵماتێكى شیریى كه‌ خاڵێكى شین له‌ چه‌قه‌كه‌یدا مه‌نگ وه‌ستا بێت، ده‌یخسته‌ ژێر یه‌كێك له‌ پێڵوى چاوه‌كانى، هه‌ر به‌سه‌ر خۆشی نه‌ده‌هێنا  كه‌ شتێكی كردبێ،  من هه‌رجارێ چاومكردبێ ئه‌و بریسكه‌ ناجیز و سیحرییه‌م له‌ژێر پێڵوه‌كانیا دیوته‌وه‌ و بیرم  كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م  ژنه‌ چه‌ند له‌ ژووره‌كه‌ى منا ون و چه‌ند له‌ خه‌یاڵمانا ئاماده‌یه‌!!

بازاڕ چۆڵ و هۆڵ و دوكانه‌كان داخراون، كه‌چى من ئه‌و هه‌موو ڕه‌نگه‌ى ستیانه‌كان یاریه‌كى بێتام به‌ چاوم ده‌كه‌ن، شینى كاڵ، په‌مه‌یی، ڕه‌ش ، پڵنگی....... دوكانداره‌ ژنانییه‌كه‌ خه‌ریكى ڕێخستنى یه‌ك دوو ستیانى تازه‌یه‌، زۆر زانایانه‌ ده‌یه‌وێ به‌هۆى شێوازى ڕێکخستنه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ مشته‌ریه‌كان بڵێیت "بڕوانن بزانن ئه‌م موعجیزه‌یه‌ چۆن مه‌مكى پڕ و خڕ و كه‌وانى له‌ مه‌مكى درێژ و باریك و لات جیا ده‌كاته‌وه‌ "شۆڕشگێڕانه‌ هوتاف ده‌كێشێت" وه‌رنه‌وه‌ ده‌توانین دونیا له‌سه‌ر ده‌ستى ئێوه‌ و مه‌مكى ناو ستیانه‌ ناسكه‌كانى من بگۆڕین" گوزه‌ره‌ چۆڵه‌كه‌ى ستیانفرۆشه‌كان جێده‌هێڵیت .

هه‌ناسه‌م تونده‌، ژووره‌كه‌ به‌شی هه‌نسكى بووكه‌شوشه‌یه‌ك هه‌واى تێدا نه‌ماوه‌، ئه‌م ژووره‌ له‌به‌ره‌وه‌ وا نه‌بوو ....!  ئه‌و وه‌ك هه‌رشتێكى بێگیان وه‌كو په‌یكه‌رێك، نا وه‌كو خۆى ڕاكشاوه‌، هه‌ناسه‌كانى هێنده‌ قوڵ هه‌ڵده‌مژێ وه‌ختێك ده‌یداته‌وه‌ مرۆڤ وا ده‌زانێ به‌و هه‌ناسه‌یه‌ په‌پووله‌پایزه‌یه‌ك ده‌نێرێ به‌دواى خه‌ونێكى دوور له‌ مه‌مله‌كه‌تێكى دوورا .

له‌ مه‌كتوبێكى بچووكدا له‌سه‌ر مێزته‌والێته‌كه‌ بۆم نووسیوه‌ "دڵه‌كه‌م، ئه‌گه‌رخۆشت ده‌وێم چاوه‌ڕێم مه‌كه‌، من له‌هه‌رسه‌فه‌رێكما چاوه‌ڕێ كرابێتم نه‌هاتوومه‌ته‌وه‌". ده‌رگاكه‌م له‌ دواى خۆمه‌وه‌ داخست و به‌و شه‌وه‌ به‌فراوییه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌شزانم ئه‌و خانمه‌ بێگوێیه‌ هێنده‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات كه‌ ئیتر نایه‌مه‌وه‌

دڵم نایه‌ت ئه‌گینا ...... ده‌ى هیچ، له‌ كۆگایه‌كدا به‌ مه‌یفرۆشێكى مناڵكار ده‌ڵێم بیره‌یه‌كى ساردم به‌رێ دڵم زۆر پڕه‌.   

 

 
           

 

02/09/2015