به‌رده‌ فڕکێی ئیقتیسادی

بزماره‌کانی
خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

                    

چه‌په‌کانی ئێران، ‌له‌کۆتایی حه‌فتاکانا، به‌ڕابه‌ری توده‌ ،و فیدائی خه‌ڵق ، ئه‌وانه‌ی  له‌به‌ره‌ی شه‌ڕی موقه‌ده‌سدا، له‌دژی ئیمپریالیستی جیهانی، و کۆنه‌په‌رستی محه‌للی دا بوون، که‌ محمه‌د ره‌زا شا،و ئه‌وناوه‌نده‌ ئێرانیانه‌ی  به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی حوکمی شا دا هه‌بوو نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌کرد ، سه‌ده‌ها ووتاری حه‌ماسی هه‌ڵهێنجراویان له‌کتێبه‌ مارکسیه‌کان، به‌کلاسیک و مۆدێرنه‌وه‌  ئاراسته‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگیرانی خۆیان له‌دژی ئه‌و واقیعه‌ی که‌ گه‌لانی ئێرانی تیابوو‌ ئه‌کرد. له‌ولاشه‌وه‌ ئایۆلۆجیا ئیسلامیه‌ رۆحیه‌که‌ که‌ نه‌قیزی ئایۆلۆجیا مارکسیه‌ مادیه‌که‌یه‌، خومه‌ینی ئه‌یکرده‌‌ ووتار،و له‌شێوه‌ی کاسێتی ده‌نگیدا ،له‌پاریسه‌وه‌ ئاودیوی ئێرانی ئه‌کردو به‌ ئیستیلاحی شه‌یتانی هه‌ره‌گه‌وره‌ بازاڕی ئه‌وسای ئێران که‌ سه‌رمایه‌داران بوون له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌ ره‌ش و روت و برسیه‌کان ، و چینی ناوه‌ڕاست هه‌تا کرێکارانی نه‌وتیش ،که‌ به‌پێی کتێبه‌کان ده‌بوو له‌حسه‌ی چه‌پ بوونایه‌، به‌جۆرێک ئه‌بزوان هه‌موو ساواک و ئه‌و چه‌ک و جبه‌خانه‌یه‌ی‌ ساڵه‌های ساڵ بوو، شا هه‌موو پولی ئێرانی تیا خه‌رج کردبوون، و خۆی لێببوه‌ پێنج هه‌مین هێز له‌ سه‌ر ئاستی جیهان و شه‌ره‌فی نازناوی پۆلیسی که‌نداویشی وه‌رگرتبوو نه‌ی ‌‌توانی خۆی له‌به‌رده‌میانا ڕابگرێ. ئه‌وه‌ بوو هێزی جه‌ماوه‌ر ،و نه‌ختێک نه‌رم و نیانی شا، قیاسه‌ن به‌ سه‌دام حسێن ، وای کرد ناچار سواری ته‌یاره‌ ببێ، و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ماڵئاوایی له‌ عه‌رشی ئاریا میهر بکا،و له‌غه‌ریبی سه‌ر بنێته‌وه.‌ پرسیاره‌که ‌ئه‌وه‌یه،‌ ئایا میوه‌ی ئه‌و خۆبه‌خت کردنه‌ی چه‌پ ،به‌ سودفه‌ چووه‌ به‌رچنه‌ی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینیه‌وه‌؟ یان توانای ئه‌وگووتاره‌ ئاینیه‌بوو که‌ توانی ‌ هه‌ست کردن به‌ ناعه‌داله‌تی ئیجتیماعی، که‌ ته‌وه‌ره‌ی  ووتاره‌ ته‌حریزیه‌که‌ی چه‌په‌کان بوو ،‌ له‌ڕووی ئه‌همیه‌ته‌وه‌ بخاته‌ دوای له‌ خۆدان بۆ به‌ غه‌در کوشتنی حوسیه‌ن، ئایا ده‌سه‌ڵاتی شا که‌ شه‌رعیه‌تی له‌ مێژووی بنه‌ماڵه‌وه‌ وه‌رگرتبوو، ئاماده‌ تر بوو بۆ ریفورم یان ده‌سه‌ڵاتی ئایه‌توڵڵاکان که‌ شه‌رعیه‌ت  له‌ناو کتێب و حه‌دیسه‌ پیرۆزه‌کانه‌وه‌ وه‌رئه‌گرن ؟بڵێی چه‌په‌کانی کوردوستان بتوانن خۆیان له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌جره‌به‌تاڵه‌ی چه‌پی ئێران له‌کۆتایی حه‌فتاکان ‌بپارێزن؟ له‌ کاتێکدا ئه‌مان توانای جه‌ماوه‌ریان زۆر که‌متره‌ له‌و توانایه‌ی که‌ حیزبی توده‌و ئه‌وانی تر هه‌یان بوو بڵێی ‌ هه‌نجیر‌ی ئه‌و خه‌ڵک هێنانه‌ سه‌ر جاده‌یه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان سه‌رله‌به‌ری نه‌که‌وێته‌ سه‌به‌ته‌ی ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ ؟ ئه‌وجا نه‌ک هه‌ر دیموکراسی فره‌ حیزبی به‌ڵکو ئیزرابی هێمنانه،‌و دوور له‌به‌رده‌ فڕکێش،  له‌باشترین ئیحتیمالدا به‌کاری به‌کرێگیراوانی شه‌یتانی هه‌ره‌ گه‌وره‌ دائه‌نرێ، ونه‌ک هه‌ر قبووڵ نیه‌ ،به‌ڵکو ئه‌وه‌ی به‌ردێک له‌گیرفانیا بگرێ حه‌واڵه‌ی جه‌هه‌نده‌م ئه‌کرێ. له‌ هه‌مووش گرنگتر ئایا بۆ چه‌پی کوردستان به‌ره‌یه‌کی فراوان له‌ گه‌ڵ هێزه‌ عه‌لمانیاکا به‌پارتی، و یه‌کیه‌تیه‌وه‌، باشتره، ‌ئه‌گه‌ر وه‌کو تاکتیکیش بێت بۆ به‌ده‌ست هێنانی هه‌ندێک ریفۆرم له‌م قۆناغه‌یا، یان به‌رده‌ فڕکێی ئیقتیسادی به‌ مه‌به‌ستی سیاسی،و دووباره‌کرده‌نه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ی ئێرانی دوای شا؟ ئایا‌ ئه‌گه‌ر ساحه‌ی کوردستانی چۆڵ بوو، به‌ هێز‌ی ئێستای ئه‌و چه‌په پڕ ئه‌کرێته‌وه‌‌؟ یان پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌دیلێکی تر دا هاوپه‌یمان بن .که‌ ئه‌ویش هێزه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ و به‌ تاکید ئه‌مڕۆ له‌ چه‌پ به‌هێزترن و له‌وانیش ئاماده‌ ترن بۆ پرکردنه‌وه‌ی ساحه‌که‌.

 
           

 

02/09/2015