بزمارێکی فه‌ننان

 

خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

هه‌موو ئه‌زانین‌ ساڵانێک له‌مه‌و به‌ر، به‌عس حوکمڕانی ئه‌وه‌ڵ و ئاخری عێراق بوو. ئه‌و ته‌نها به‌پاوان کردنی سێکوچکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ (سوپاو ئه‌من و موخابه‌رات) نه‌وه‌ستابوو  به‌ڵکو په‌لی کێشابوو بۆ هه‌موو که‌ناڵه‌کانی تری ژیانی ڕۆژانه‌ی هاو ووڵاتی، تاوه‌کو ته‌وزیع کردنی هێلکه‌و گۆشت و زۆپاو ڤیدیۆشی، به‌یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌ نیشتیمانی و شۆرشگیریه‌کانی خۆی ئه‌زانی . یه‌کێک له‌و که‌ناڵانه‌ی که‌به‌ر ره‌حمه‌تی به‌عس که‌وتبوو، دام وده‌زگای په‌روه‌رده‌ بوو، وه‌کو کۆلیژی په‌روه‌ر‌ده‌و په‌یمانگا و ئه‌کادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌کان، واتا ئه‌وانه‌ی‌ مامۆستایان پێئه‌گه‌یان ، براده‌رێکم بۆی گێڕامه‌وه‌ ووتی ئه‌وحه‌لانه‌  براده‌رێکی ئه‌بێ‌ که‌ هه‌وای ته‌مسیل کردن له‌که‌لله‌ی یابوو، ئه‌ی گووت هه‌رچۆنێک و به‌هه‌ر کلۆجێک بێت ئه‌بێ له‌ ئه‌کادیمیا وه‌ربگیرێم، توخوا حه‌یف نیه‌‌ ئه‌و به‌هره ‌جوانه‌م له‌به‌ر ئیمزایه‌کی حیز ببه‌مه ‌ژێر گڵه‌وه،‌ پێیان ووتبوو گوێی شه‌یتان که‌ڕ بێت، ئینشاألله‌ هه‌ر وه‌ر ئه‌گیرێی، کێ ئه‌ڵێ به‌ ئیمزایه‌؟ ووتبووی به‌خوا چوومه‌ته‌ بنج و بناوانیه‌وه‌، ئیمزات نه‌بێ وه‌رناگیرێی ووتبویان ئاخر وه‌ڵڵا‌ ئه‌وه‌ش قورسه‌، چۆن کوردێک باوه‌ڕ به‌ پرۆگرمێک ئه‌هێنێ که‌له(‌ئه‌لفیه‌وه‌ بۆ یا)ی هه‌مووی هه‌ر بۆ عه‌ره‌ب تێبکۆشێ ئه‌ی کورد ئیشی چیه‌؟‌ ووتبووی ئه‌وه‌ به‌ڕاستانه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپشکم که‌ن له‌ مابه‌ینی ئیمزا یان وازهێنان له‌ ئاره‌زو خه‌ونی هونه‌ریم به‌ په‌نجه‌یه‌ک نا، به‌هه‌ر ده‌په‌نجه‌که‌م‌ له‌باتی ئیمزا مۆریشیان بۆ ئه‌که‌م ،گێل ئه‌و که‌سه‌یه‌‌ له‌قه‌ له‌به‌ختی خۆی ئه‌یا، بۆمن له‌ هه‌موو ژیانما له‌هونه‌ر به‌ولاوه‌ ئاره‌زوویه‌کی ترم هه‌یه‌؟ ووتبویان نه‌وه‌ڵڵا، تۆ هه‌ر له‌ دوورویشه‌وه‌‌ به‌ ڕێو ڕۆشتنه‌که‌تا دیاره‌ که‌ فه‌ننانی، ووتبووی توخوا وانیه؟‌ ووتبوویان کوره‌ به‌ره‌وه‌ڵڵا بۆ وانیه‌، به‌ڵام ئاخ خۆزگه‌ ئه‌و ئیمزا نه‌علیه‌تیه‌ نه‌بوایه‌ . ووتم ئه‌ی دوایی عاقیبه‌تی به‌کوێ گه‌یشت، ووتی وه‌ڵڵا به‌برای خۆم بڵێم، براده‌ر له‌و جێگه‌یه‌ی که‌ خۆی موسیڕ بوو له‌سه‌ری وه‌رگیرا، و ته‌واوی کرد، ووتم مه‌علووم ئه‌مێستا ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی نێو هونه‌ری شانۆ و درامای ته‌له‌فیزیۆنی و سینه‌مای کوردیه‌ ،و دیاریشه‌  وه‌ختی خۆی  ئه‌و ته‌نازوله‌ گه‌وره‌یه‌ی هه‌ر به‌تاکتیک کردووه‌، بۆ خاتری ئه‌وه‌ی دواتر به‌کۆڵێ خیبره‌و شاره‌زاییه‌وه‌ بگه‌رێته‌‌وه‌ و ته‌له‌فیزۆن و شانۆو سینه‌ما وا جۆشبدا، هه‌روه‌کو حه‌فتا بار دار به‌ڕوویان له‌ژێرا ئاگر دابێ، ئاوا گه‌رم و گوڕ بێ، دیاره‌ هه‌ر‌ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵکو تائێستا چه‌ندین قوتابی پێگه‌یاندووه،‌و دڵنیام  ئه‌وانیش له‌ خۆی سه‌رقاڵترن. ووتی ئه‌رێ تۆ به‌ڕاسته‌ یان ڕائه‌بوێری؟ ووتم ئه‌ستغفیروڵڵا ،بۆ ئه‌وه‌ له‌من ڕائه‌بینی! ووتی نه‌وه‌ڵڵا، به‌ڵام لام سه‌یره‌، ووتم چی سه‌یره؟‌ ووتی ئه‌ڵێی ئاگات له‌ هیچ نیه‌؟ ووتم چۆن ئاگام له‌ هیچ نیه،‌ ئه‌وه‌نیه‌ ئه‌وبراده‌ره‌ت ئێستا له‌ (هۆڵی وود) هه‌ر په‌لێکی به‌ده‌ست موخریجێکی عاله‌میه‌وه‌یه‌ و شه‌ڕه‌ له‌سه‌ری، ووتی تۆ مه‌به‌ستت کێیه‌ ووتم لیوناردۆ دیکابریۆ  ووتی ئه‌ڵێم ڕائه‌بوێری، ووتم ئه‌رێ ئه‌وبراده‌ره‌ت هونه‌ر له‌خوێنیدا نه‌ئه‌گه‌ڕا ئه‌ی به‌ده ‌په‌نجه‌ مۆری نه‌کرد؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌هره‌ عه‌زیمه‌ی له‌کیس خۆیو گه‌له‌که‌ی‌ نه‌دا، ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێکی وای لێده‌ر نه‌چووه‌‌ بۆچی ئه‌و عه‌یبه ‌گه‌وره‌یه‌یی هێنایه‌ سه‌ر شانی خۆی ، باشه‌ ئه‌و‌ شوێنێکی بێ ئیمزای ته‌واو کردایه‌ چاکتر نه‌بوو ؟ووتی ئه‌وه‌ش  کاره‌سات نیه‌، ووتم ئه‌ی چی کاره‌ساته؟‌‌ ووتی کاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا نه‌خۆی ئه‌زانێ که‌ نازانێ ته‌مسیل بکا و نه‌ ده‌وروپشته‌که‌یشی ،ووتم چۆن ئه‌زانی ؟ووتی ئه‌وان پێی ئه‌ڵێن تۆ فه‌‌ننانی تۆ به‌رزی، ئه‌میش ئه‌ڵێ ئه‌ی چۆن.

 

 
           

 

02/09/2015