زمان ئامرازێکه بۆ ده‌ربڕین و لێکگه‌یشتن، هه‌ر بۆیه زمان
هه‌ڵگر و گه‌یێنه‌ری کولتووره. له‌م گوتاره‌دا که باس له
زمانی ئاخافتن و زمانی نووسين ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان زمانی
یه‌کگرتوو نییه، چونکه باسه‌که تایبه‌ت نییه به‌و
لایه‌نه‌وه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان جۆری ئه‌و زمانه‌یه که له
ئاخافتن یان له نووسیندا به‌کار ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ک کولتووری
خوێنده‌واره‌کان و کولتوری نه‌خوێنده‌واره‌کان لێک جوودان
زمانی ئه‌و دوو توێژه‌ش لێک جودان. هه‌روه‌ک کولتووری شارییه‌ک
و هی گوندییه‌ک لێک جودان زمانیشیان جودایه، ته‌نانه‌ت زمانی
گه‌نجان و زمانی به‌ساڵداچووان لێک جودان، ئه‌مه لایه‌نێکی
زمانی ئاخافتنه له ژیانی ڕۆژانه‌دا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی
نووسین و بڵاوکردنه‌وه و هۆیه‌کانی گه‌یاندن ده‌توانین بڵێین
زمانی ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و سینه‌ما، زمانی کۆڕوکۆبوونه‌وه
ئه‌گه‌ر چی له‌سه‌ر کاغه‌زیش نووسرابن به‌و مه‌به‌سته
نووسراون که بگوترێن هه‌ر بۆیه به زمانی ئاخافتن
ده‌ژمێردرین، به‌ڵام هه‌رچی زمانی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێب و
ئینته‌رنێت و هتد..به‌و مه‌به‌سته نووسراون که بخوێنرێنه‌وه
بۆیه به زمانی نووسین له قه‌ڵه‌م ده‌درێن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زمانی ئاخافتن (ئه‌وه‌ی له میدیای گوترادو
یان کۆڕ و سیمیناراندا به‌کار دهێنرێت) شی بکه‌ینه‌وه
ده‌بینین که زمانی سینه‌ماو و زمانی ته‌له‌فیزیۆن و زمانی
ڕادیۆ هه‌ریه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه، زمانی رادیۆ و
ته‌له‌فیزیۆن ئه‌گه‌ر چی له‌یه‌که‌وه نزیکن به‌ڵام جیاوازیی
ئه‌وه‌یان هه‌یه که له ڕادیۆدا به پێچه‌وانه‌ی
ته‌له‌فیزیۆن هه‌ستی بینین به‌شداری ناکات، بۆیه پێویسته
له‌سه‌ر نووسه‌ران و ئاماده‌که‌رانی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ
ڕادیۆن ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ڕچاو بکه‌ن، واته هه‌میشه
ئه‌وه‌یان له‌به‌ر چاو بێت که بۆ بیسه‌ر قسه ده‌که‌ن نه‌ک بۆ
بینه‌ر، ساده‌تر بڵێین بو کوێر قسه ده‌که‌ن نه‌ک بۆ چاوساغ.
هه‌روه‌ها زمانی کۆڕێکی ڕۆشنبیری که له ته‌له‌فیزیۆنه‌وه
بڵاو ده‌کرێته‌وه پێویسته جیاوازیی هه‌بێت له‌گه‌ل زمانی
هه‌مان کۆڕ که له هۆڵێکدا پێشکه‌ش ده‌کرێت. بۆ ئه‌وه‌ی
نووسه‌ر بابه‌تێکی پڕمانا و سوودبه‌خش و سه‌رنجڕاکێش بنووسێت
یان ئاماده بکات پێویسته له به‌راییدا ئه‌م پرسیارانه له
خۆی بکات:
* بۆچی ده‌نووسم (ئامانج له نووسیه‌نه‌که‌م)
* چی ده‌نووسم (جۆری ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ری ده‌نووسم)
* بۆ کێی ده‌نووسم (خوێنه‌ره‌کانم کێن)
* چۆنی بنووسم (چۆن سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاکێشم)
* که‌ی و له کوێ بڵاوی بکه‌مه‌وه (ڕۆژنامه، گۆڤار،
ئینته‌رنێت)
ئه‌گه‌ر وشه‌ی نووسین بکه‌ینه ئاخافتن و خوێنه‌ر بکه‌ینه
گوێگر هه‌نگین ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ کۆڕی زیندوو یان بۆ
په‌خشکراویش ڕاستن، به‌ڵام پیویسته نووسه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌ر
چاو بێت که له کۆڕی زیندوودا که‌سانێک ئاماده ده‌بن به
وه‌یست و حه‌زی خۆیان هاتوون و بابه‌ته‌که‌یان به لاوه
مه‌به‌سته و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش گرنگه که له‌سه‌ر کورسی
دانیشتوون، هه‌رچی کۆڕی په‌خشکراوه (بۆ نموونه ئه‌وه‌ی له
ته‌له‌فیزیۆنه‌وه په‌خش ده‌کرێت) ده‌چێته ماڵی خه‌ڵکه‌وه
له جیاتیی ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه خۆیان بێن ئاماده بن، هه‌موو
ئه‌ندامانی خێزان ده‌یبینن به چاوپۆشین له‌وه‌ی ئایا
هه‌موویان حه‌زیان لێیه یان نا، ئه‌گه‌ر زمانی کۆڕیکی
په‌خشکراو و چۆنیه‌تیی ئاماده‌کردن و په‌خشکردنی سه‌رنجی
که‌سێکی پاڵکه‌وتوو ڕاکێشا‌و و وای لێ کرد هه‌ڵسێت و دانیشیت و
به جوانی ته‌ماشای بکات و گوێی لێ بگرێت ئه‌وه بێگومان
مه‌به‌ستی خۆی پێکاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وای له که‌سێک کرد که
به خۆی ئاره‌زوومه‌ندی گوێگرتنه له‌و بابه‌تانه که‌ناڵی
ته‌له‌فیزیۆنه‌که بگۆڕێت، ئه‌وه بێگومان که‌ماسی هه‌یه له
زمان یان ئاماده‌کردن یان پێشکه‌شکردنی بابه‌ته‌که.
ئه‌وه‌ی گومانی تیدا نه‌بێت ئه‌وه‌یه که کۆڕێکی په‌خشکراو
به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆڕێکی زیندوو (له هۆڵێکدا) پێویسته
دوو زمانی جیاوازیان هه‌بیت، ڕه‌نگه مه‌ترسیی به‌جێهێشتنی
هۆڵه‌که له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه زۆر که‌متر بێت له
مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بینه‌ر بابه‌ته‌که‌ی به‌دڵ نه‌بوو
که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌ی بگۆڕێت یان به جارێ
ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌ی دابخات، لێره‌دا پێویسته له‌سه‌ر نووسه‌ر
ته‌نیا بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که‌سانێک که بابه‌ته‌که‌یان
به‌لاوه مه‌به‌سته به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر بینین و گوێگرتن
به‌ڵکوو ئه‌وانه‌ی بابه‌ته‌که‌یان به‌لاوه مه‌به‌ست نییه
ببنه ئاشنای و حه‌ز و ئاره‌زوویان له لا دروست بێت.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر سیمیناری زیندوو، که کۆڕگێر ناونیشان
هه‌ڵده‌بژێرێت، پێویسته ڕه‌چاوی ئه‌وه بکات که
ناونیشانه‌که سه‌رنجڕاکێش بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووان زۆر
بن، ڕه‌نگه هه‌ندێک بڵێن ژماره گرنگ نییه، به‌ڵکوو جۆری
خه‌ڵکه‌که گرنگه، ئه‌مه به‌لای منه‌وه وا نییه، کۆڕگێڕی
زیره‌ک ئه‌وه‌یه کونجکاوی له لای خه‌ڵک دروست بکات و
ڕایانکێشێت بۆ لای بابه‌تگه‌لێک پێشتر به‌لایه‌نه‌وه مه‌به‌ست
نه‌بووه، پاشانیش وا له ئاماده‌بووان بکات هه‌موو هزری خۆیان
بده‌نه بابه‌ته‌که و به په‌رۆشه‌وه گوێ له کۆڕگێڕ بگرن و
بیریان په‌رت و بڵاو نه‌بێته‌وه، به کورتی و زۆر به ساده‌یی
پێویسته کۆڕگێر بازاڕ بۆ بابه‌ته‌که‌ی په‌یدا بکات. له
هه‌مان کاتدا مه‌به‌ستم له ناونیشانی سه‌رنجڕاکێش هه‌رگیز
ئه‌وه نییه قه‌به و زل، به که‌ش و فش و به پێچ و په‌نا
بێت و خه‌ڵکی لێی بترسن، به‌ڵکوو هه‌تا ده‌کرێت ساده و
ئارامبه‌خش و بێ گرێ و گۆڵ بێت و خه‌ڵک له خۆی کۆبکاته‌وه.
هاوینی ڕابوردوو که له کوردستان بووم، به‌ڕێز سه‌رۆکی زانکۆی
سه‌ڵاحه‌دیین د، محمه‌د سدیق لێی پرسیم ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی
ئه‌وه‌م هه‌بێت کۆڕێک بۆ زانکۆ بگێڕم، منیش به سوپاسه‌وه
وه‌ڵامی ئه‌رێنیم دایێ و گوتم کۆڕێک له‌سه‌ر کو‌لتوور ده‌گێرم.
هه‌نگین برای به‌ڕێزم د. کرمانج گوندی چه‌ند سیمینارێکی بۆ
زانکۆ ده‌گێرا و منیش به‌هه‌لم زانی ڕیکلام بۆ کۆڕه‌که‌ی خۆم
بکه‌م و بۆ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌کانی به‌ڕێزیان باسی
ئه‌وه‌م کرد که من به‌ته‌مام کۆڕێک له‌سه‌ر کو‌لتوور بگێڕم،
به‌ڵام که تۆ ده‌ڵێیت کۆڕێک له‌سه‌ر کو‌لتوور ده‌گێڕم هه‌ر
وه‌ک ئه‌وه‌یه به کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک (که ڕه‌نگه نیوه‌یان
مه‌له‌وانی نه‌زانن) بڵێیت با بچێن له ده‌ریایه‌ک مه‌له‌وانی
بکه‌ین، بۆیه بۆم باس کردن کۆڕه‌که‌ی من به ناونیشانی:
(کو‌لتوور به زمانێکی ساده)یه، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت بێت
ئاماده بێت هه‌ر له مێردمنداڵێکه‌وه تا پیره‌مێردێک، هه‌ر
له نه‌خوێنده‌وارێکه‌وه تا مامۆستایه‌کی زانکۆ، هه‌روه‌ها
پێم گوتن ده‌توانن دایک و باوک و خزم و دراوسێکانیشتان له‌گه‌ڵ
خۆتان بێنن، ئه‌و کۆڕه بۆ هه‌موو که‌سێک سوودبه‌خشه. هه‌رواش
بوو له سیمیناره‌که‌دا له کارمه‌ندێکی ساده‌وه تا وه‌زیریک،
له نه‌خوێنده‌وارێکه‌وه تا مامۆستا و سه‌رۆکی زانکۆ، له
مێردمنداڵێکه‌وه تا پیره‌مێردێک ئاماده‌بوون.
دێمه‌وه سه‌ر زمانی ئاخافتن، مامۆستای پۆل له پۆله‌که‌ی
خۆیدا ده‌زانێت بۆ کێ قسان ده‌کات، ئاستی زانین و تێگه‌یشتنی
قوتابییه‌کانی له لای ڕوونه، ته‌نانه‌ت ده‌زانێت کام وشه بۆ
قوتابییه‌کانی نوێیه و بۆیانی لێک ده‌داته‌وه. قوتابییانی
پۆلێک له زۆر لایه‌نه‌وه نزیکه‌ی له یه‌ک ئاستدان، هه‌ر
بۆیه مامۆستا ده‌زانێت به کام زمان و به چ شێوه‌یه‌ک
بابه‌ته‌که‌ی بۆ قوتابییان باس بکات، به‌ڵام ئه‌مه بۆ کۆڕگێڕ
هه‌روا ئاسان نییه، لێره که‌سانێک دانێشتوون که ئاستێ
زانێن، ڕۆشنبیری، ته‌مه‌ن، ئاره‌زوو، حه‌ز، ديد و بۆچوون،
تاقیکردنه‌وه و شاره‌زایی له ژیاندا، ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌زیان
جودان، لێره‌دا پێویسته کۆڕگێر زمانێکی ناوکۆی هاوبه‌ش
بدۆزێته‌وه بۆ ئاماده‌بووانی کۆڕه‌که‌ی، ئه‌مه‌ش کارێکی
هه‌روا ئاسان نییه، ده‌بێ کۆڕگێر خاوه‌ن تاقیکردنه‌وه و
شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بێت له ژیاندا و له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ
هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی کردبێت. ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر کۆڕگێر له بواری شانۆ کاری کردبێت یان له نزیکه‌وه
په‌یوه‌ندیی به شانۆوه هه‌بووبێت زۆر یارمه‌تیی ده‌دات بۆ
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بوون بۆ لای خۆی ڕاکێشێت، چۆنییه‌تی
دربڕین، به‌رزکردنه‌وه و نزمکردنه‌وه‌ی ده‌نگ، به‌کارهێنانی
ده‌ست و سه‌ر و هێما له جیی خۆیدا ئامانه‌ش یارمه‌ت ده‌ده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی کۆڕگێر باشتر بابه‌ت و بۆچوونه‌کانی خۆی
بگه‌یه‌نێته ئاماده‌بووان.
سوێد
20/8/2006
* به‌ڕێزێک به ناوی محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا که له ڕۆژنامه‌ی
خه‌بات کار ده‌کات بابه‌تێکی منی ئاماده و بڵاوکردبووه‌وه
به ناونیشانی: (کلتوور.. ڕێکخه‌ری ژیانی مرۆڤ)، به‌ڕێزیان
هه‌روه‌ک به خۆیشی ئاماژه‌ی کردووه ئه‌و بابه‌ته‌ی له
سیمینارێکی منه‌وه که زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین بۆی ڕیکخستبووم
به ناونیشانی (کو‌لتوور به زمانێکی ساده) وه‌رگرتووه، که
له دڵه‌وه سوپاسی ده‌که‌م. جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه بکه‌م
که زمانی ئه‌و سیمیناره زمانی ئاخافتن بوو نه‌ک زمانی
نووسین، واته زمانی ڕۆژنامه نه‌بوو. بڕوانه ڕۆژنامه‌ی
خه‌بات ژماره 2233 ڕۆژی شه‌ممه 12/8/2006 لاپه‌ڕه 8
|