ئاوه‌كه‌ی تاڵه‌ , فریای ئاوی شیرن كه‌ون

 

قادر نادر

 

له‌نێو هه‌موو میله‌تێكدا رۆشنبیران رۆلی هوشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رده‌ببینن ,ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌کوردستان ، به‌هۆی نه‌بوونی هێزێكی سیاسی  كه‌ره‌خنه‌گرێكی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی و پارتی بێت وای كردووه‌ ئه‌ركه‌كه‌ زیاتر بكه‌وێته‌ سه‌رشانی رۆشنبیران, كه‌چی تاكو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ ده‌نگێكی به‌هێزو یه‌كگرتوو  , كه‌ ئه‌م دووهێزه‌ ترسێكیان هه‌بێت لێیان!!

 به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكیان بوونه‌ته‌ دارده‌ستی ده‌سه‌لات, به‌ قه‌له‌مه‌كانیان داكۆكی له‌كاره‌ دزێوه‌كانی ده‌سه‌لات ده‌كه‌ن و ویژدانی خۆیان له‌پێناوی مووچه‌یه‌ك و پله‌یه‌كی سیاسی یان رۆشنبیری فرۆشتووه‌, كه‌چی  ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك له‌شی خۆی بفرۆشێ به‌شتێكی نامۆ باسی ده‌كه‌ن!؟

به‌شێكی تریان بریاری بێده‌نگ بوونیان هه‌لبژاردووه‌ خۆ ئه‌گه‌ر نیشتمانه‌كه‌یان هه‌رزان فرۆشیش بكرێت و كولتووری به‌عس ده‌ هه‌نده‌ بچێته‌ نێو عه‌قلی سیاسی كوردی, ئاماده‌ نین یه‌ك ورته‌یان له‌ ده‌م بێته‌ ده‌ره‌وه‌. (وادیاره‌  ئه‌و یارییه‌ مندالییه‌ ( قورقه‌پ) (1) له‌گه‌ل  ده‌ سه‌ ڵات ده‌که‌ن ، ئه‌م گروپه‌ رۆشنبیره‌  ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای خه‌مه‌ كه‌سێتیه‌كان و پله‌و پایه‌ وخۆ به‌ناو بانگ بوونن, ئه‌وه‌نده‌ به‌دوای  خه‌مه‌كانی  دیموكراسی وكێشه‌ی سیاسی كوردستان نین ,. به‌لام به‌قودره‌تی قادر له‌ كۆنفراسێكی زانستی و رۆشنبیریدا ده‌یان و سه‌دان پله‌و پایه‌ی دكتۆر , پرۆفیسۆر ,نووسه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان , وه‌ك چۆن مێروله‌ له‌  ده‌وری گه‌نم كۆده‌بێته‌وه‌ , ئاوا ئه‌م به‌رێزانه‌ش له‌ چوار ده‌وری هۆله‌كان و كه‌ناله‌كانی میدیا به‌خۆیان و قات وپانتۆل و به‌یداخه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانیان به‌دیارده‌كه‌ون, .هیچ پێشیان شه‌رم نییه‌ له‌نووسین و ئاخافتنه‌كانیان , به‌شان و بالی بوێری ئۆرهان پامۆك و ئیسماعیل بێشكچی دا هه‌لبده‌ن , به‌لام خودی خۆیان له‌رزۆك به‌رامبه‌ر بچوكترین پێشێلكاریه‌كانی مافی مرۆڤ , خۆ ئه‌گه‌ر  ته‌نیا ئیمزاشیان له‌سه‌ر ناره‌زایه‌تینامه‌ك دانا ده‌بێت ناوه‌كانیان له‌سه‌ره‌تاوه‌ بێت!

خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌رێكی گه‌نجیش سه‌ر هه‌لبدات و ره‌خنه‌ له‌و نووسه‌ران بگرێت كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌ستی نووسینیان هه‌یه‌ , ئه‌وا به‌ تاوانی ده‌زانن ( ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری رۆژانه‌ی نووسین وئاخافتنه‌كانیان له‌سه‌ر دیموكراسیه‌ت و ئازادی بیروراش بێت ) ئه‌مه‌ش هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی سیاسی یه‌كێتی و پارتییه‌ , له‌ دروشم دان به‌ دیموكراسیه‌ت دست پێده‌كه‌ن له‌ پراكتیكدا به‌ دیكتاتۆریه‌ت كۆتایی پێ دێنن.

نووسه‌رێكی گه‌نجی یه‌كێتی له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ری ناوه‌خۆ له‌ ساڵی 1995 دا  ئه‌وه‌ی به‌گوێمدا چرپاند  ( راسته‌ ئێمه‌و پارتی و به‌عس ململانێیه‌كی توند له‌ نێوانمان هه‌یه‌ ,به‌لام زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ پیرو كۆنه‌كانی ناو به‌عس  و یه‌كێتی و پارتی په‌یوه‌ندییه‌كی توندو تۆل له‌ نێوانیان هه‌یه‌ ,وه‌ رێگرن له‌ به‌ره‌و پێشچوونی  نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كان ئه‌گه‌ر خاوه‌ن یه‌ك حزبیش بین )

ئه‌گه‌ر  نووسه‌رێكی نه‌گبه‌ ت یان به‌رپرسێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی بڤه‌ قسه‌یه‌كی كرد  و جێگای مشت و مڕ بوو به‌ 48 کاتژمێر ، رسواو مه‌حكومی ده‌كه‌ن ,   وه‌ك ئه‌و ئاخافتنه‌ی( ئاپۆ) كه‌ چه‌ند سالێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ رۆشنبیرانی باشووری گووت  (قه‌هپه‌ن) , یان نووسه‌ر رێبوار سێوه‌یلی كاتێك گووتی : هه‌ولێر مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌ له‌ نێربازی ,  له‌كاتێكدا زۆر ئاساییه‌ هه‌موو شارێك ئه‌و مێژووه‌ی هه‌یه‌ ,  هه‌ولێریش یه‌كێكه‌ له‌مانه‌ ,كه‌چی ده‌یان نووسه‌ری هه‌ولێر دژ به‌ كاك رێبوار سێوه‌یلی ئیمزایان كۆكرده‌وه‌ , لیَ  وا دیاره‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی هه‌ولێر به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌ نزیكن , هه‌قیان به‌ هه‌لوێسته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ نییه‌ , ته‌نیا هه‌لوێست له‌ بواره‌ جنسیه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن !؟

هه‌ندێ له‌مانه‌ش خۆیان پێ نووسه‌ری گه‌ل, یاخی , پرۆلیتاریا,  تاكو سه‌ر ئێسقانیش دژ به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنانن به‌لام هه‌ر كه‌ به‌رپرسێك سلاوێكی لێكردن ئه‌گه‌ر سوسكه‌ش بێت یه‌كسه‌ر كه‌وی ده‌بێت!!هه‌شیانه‌ چه‌ندین   ساله‌ له‌به‌ره‌ی ئۆپزسیۆنه‌, به‌ قوره‌تی قادر له‌ هه‌نده‌ران زۆر به‌ هه‌لوێست بووه‌ ,به‌لام هه‌ر كه‌ سه‌رێكی له‌ نیشتمان داو شه‌وێكی له‌ هوتێله‌كانی شیراتۆن وسه‌رچنار برده‌ سه‌ر و 2 به‌رپرسی دیت ، وه‌ك چۆن مریشك له‌ هه‌لوێست ده‌چێته‌وه‌ , ئاوا ئه‌م نووسه‌ره‌ شۆرشگێرانه‌ش له‌ هه‌لوێست ده‌چنه‌وه‌ , ئاخر ئۆپۆزسیۆن بوون ئاوی تاڵه‌ !.

له‌ کۆتایشدا ده‌بێت ئه‌وه‌‌ بڵێین هه‌ندێ نوسه‌ر له‌و نازناوانه‌ی وه‌ک  نوسه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان ، پرۆفیسۆر ، دکتۆر،.... خاوه‌ن په‌یامی  مێژوویی خۆیانن  ، به‌لام ئه‌فسۆس له‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست تێ ناپه‌رن . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و نوسه‌ره‌ گه‌نجانه‌ی که‌ڕۆژ له‌دوای رۆژ دێنه‌ مه‌یدان و به‌ پێنوسه‌ کانیان داکۆکی له‌ دیموکراسیه‌ت و دژایه‌تی  گه‌نده‌لی له‌ کوردستان  ده‌که‌ن .

1/ یاریه‌کی مندالانه‌ بوو ئه‌نجام ده‌درا سه‌ره‌تاکه‌ی به‌وه‌ ده‌ست پێ کرد مه‌لایه‌ک هه‌یه‌ له‌و به‌ری.....

 

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca