له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که جیاوازی شێوه‌ی ژیان تێیدا
به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له زه‌ق بوون و نابه‌رابه‌ریدایه،
هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازیانه له ڕوی ژیانی ئابوری و ده‌ست
ڕانه‌گه‌یشتنی زۆرینه به پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیان،
وا له‌ده‌سه‌ڵات ده‌کات بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه،
ئاراسته‌و دیدی کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت به‌ره‌و دیارده‌و بابه‌تێکی
ورووژێنه‌ر بۆ له‌بیر بردنه‌وه‌ی کێشه سه‌ره‌کیه‌که، که
نابه‌رابه‌ری و ناڕه‌وایه‌تیه ده‌رهه‌ق ژیانێک، زۆرینه لێی
به‌هره‌مه‌ند بێت، بێبه‌شه.
ئه‌گه‌ر له‌ڕوی بابه‌تی و لێکدانه‌وه‌یه‌کی دروسته‌وه
هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین، بۆ خوێندنه‌وه‌ی بارگرژیه‌ک له ئاست
ئه‌و هه‌راو هوریایه‌ی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن له چه‌ند ڕۆژی
ڕابردوودا به خۆیه‌وه بینی، له سه‌ر لابردنی ئاڵای ره‌شی
جینۆساید و ماڵکاولکاری به‌عس له کوردستاندا، ده‌بێت بزانین
بۆ له‌م ساته‌دا ده‌ست برا بۆ ئه‌م کاره.
ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌ی کوردی له لایه‌ن ئه‌م دوو پارته
سه‌ره‌کیه‌وه، له مێژوی خۆیدا، به ده‌یان جار له‌گه‌ڵ خودی
دروستکه‌ری ئه‌و ئاڵایه‌دا، به‌شێوه‌ی نهێنی و ئاشکرا، له
گرێبه‌ستی ڕه‌نگاوڕه‌نگدا بوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ چرکه‌یه‌کیش
پرس و ڕایه‌ک به خودی ئه‌وکۆمه‌ڵگه‌یه کرابێت، که ئه‌مان
خۆیان کردوه به نوێنه‌ری و به ناوی ئه‌م میلله‌ته‌وه
هه‌زارویه‌ک سه‌وداو مامه‌ڵه‌یان کردووه.
بزوتنه‌وی کوردی ده‌رئه‌نجامی گرژی و دژایه‌تیه نێوخۆکانی، بۆ
په‌نابردن به خاتری مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی شخسی و
حیزبییه‌کانی خۆیان، هه‌رچی پیان کرابێت و بۆیان لوابێت
درێغیان نه‌کردووه، له په‌لهاویشتن بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و
ده‌وڵه‌ت.
ئه‌مه نه‌ک به‌خاتری وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی و سه‌رفرازی بۆ
میلله‌تێک، به‌ڵکو ته‌نها بۆ ملشکاندن و له ناوبردنی نه‌یاری
به‌رامبه‌ری. ئه‌م هۆکاره‌ش له بنه‌ڕه‌تدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
ئه‌و هۆکاره ده‌رکه‌وتوه‌ی که ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نوێنه‌ری
میلله‌تێک نیه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری حیزبێک و
چینێکه.
ده‌رئه‌نجامی ناڕه‌زایه‌تیه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌مڕۆی
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، بۆ باشتر کردن‌و دانانی میکانیزمێک بۆ
چاره‌سه‌ری کێشه سه‌ره‌تایه‌کانی ژیان و لێپرسینه‌وه له
به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موگه‌نده‌ڵیه و به هه‌ده‌ر بردنی
سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته، شاردنه‌وه‌و مانه‌وه‌ی
بێچاره‌سه‌ری ژیانی ڕزگاربوانی کاره‌ساتی ئه‌نفال و
کیمیابارانکراوان، که ڕۆژ به‌ڕۆژ له چاوپێکه‌وتن و به‌دوادا
چونه‌کانی خودی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی حاکمدا، ده‌بینرێت به چ
شێوه‌یه‌ک ئه‌م ڕزگار بوانه، ژیانی کوله مه‌رگی خۆیان به
سه‌ر ده‌به‌ن.
به ناهاوسه‌نگیه‌ک ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان له
لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه تێک ترنجاوه، کۆمه‌ڵگا ناچار ده‌که‌ن
که دید و ئازاره‌کانیان واز لێبهێنن و، ڕوو له پێدا
هه‌ڵشاخان و وه‌ستانه‌وه بکه‌ن له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی
مه‌رکه‌زی عێراقدا، ده‌رئه‌نجامی هاتنه‌ده‌ری ده‌نگی
شۆفێنیسته‌کانی عه‌ره‌ب، به لاناو بردنی ئه‌و ئاڵا یه‌ی که
هێمای تیاچون و له ناوبردن بووه له مێژوی خۆیدا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته کوردیه له ڕاستیدا خۆی به
نوێنه‌ری یه‌که‌می ئه‌م میلله‌ته بزانیبا، ده‌بوا یه‌که‌م
هه‌نگاوی هه‌رله‌سه‌ره‌تای ده‌ست ڕاگه‌شتنیان به‌کورسی
ده‌سه‌ڵات، بهاتنایه ژیانێکیان بۆ ئه‌م ڕزگار بوانه‌ی ده‌ستی
ئه‌نفال و جینۆساید ببردایه‌و، ئیتر لانی که‌م هه‌رڕۆژه وه‌ک
کارتێک فرمێسک و ئاهو ناڵه‌یان به‌کار نه‌هاتبایه. ئه‌وه چ
خه‌مخۆریه‌که له لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه پێشکه‌ش به‌م
ئینسانانه ده‌کریت، له کاتێکدا له خودی شاشه‌ی
ته‌له‌فیزێۆنه‌کانتانه‌وه ئه‌م دایکه جه‌رگ سوتاوانه هاوار
ده‌که‌ن که حکومه‌تی کوردی تا ئێستا نه‌ی توانیوه هیچمان بۆ
بکات.
به‌ڕاستی شه‌ڕی ئه‌م ئاڵایه گرنگه، یان دابین کردنی ژیانێکی
سه‌رده‌مانه بۆیان و مه‌رگه‌ساتی هه‌ر ڕۆژه‌ی ئێستایان له
بیر ببرێته‌وه!
ڕه‌نگه له زۆرینه‌یان بپرسین، ئه‌م ژیانه‌ت پێخۆشه یان هه‌ر
ئه‌وکات له‌گه‌ڵ دۆست و ئازیزانتدا تیاچوبایت؟
بێگومانم له‌وه‌ی وه‌ڵامی تیاچونی ئه‌و ساته نه‌گریسه‌ی
پێباشتر ده‌بوو، له ژیانێکی پڕ له نابوتی و مه‌ینه‌تی. له
کاتێکدا ئه‌وه15 ساڵ زیاتره ئێوه‌ی کوردوخه‌مخۆر له سه‌ر
کورسی شاهانه و سه‌رۆکایه‌تی ژیان ده‌گوزه‌رێنن!
خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رساتێک دڕندایه‌تی و
وه‌حشیه‌تی ئه‌و ڕژێمه‌ی له به‌رچاو بێت، هه‌ر له به‌هاری
1991 وه خوازیار بووه که نه ئه‌وئاڵایه‌و نه شێوه
ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌و ڕژێمه ببینێته‌وه.
له واقعدا، ئه‌وه لاوازی ستراتیژ و پلانی نێو خۆی ده‌سه‌ڵاتی
ئێوه بووه تا ئێستا ئه‌و ئاڵایه شه‌کاوه‌ته‌وه، به‌سه‌ر
باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانتان و باره‌گای حیزبه‌کانتان و مه‌زاری
تیاچوانی کیمیاباران کراوانه‌وه. ده‌کرا له‌گه‌ڵ له ناوبردنی
ئه‌و ئاڵایه‌شدا، هه‌رچ هه‌ڵسوڕانێک له نێو ئه‌و که‌لتور و
ڕۆشنبیریه فاشیه‌وه هاتبوو، توند لێک هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و
تا کۆتایی زبڵدانی مێژوو توڕهه‌ڵدرێت، هه‌ر له جل و به‌رگی
سه‌ربازیه‌وه تا ئه‌ستێره‌و داڵی سه‌رشان و پۆستاڵه‌کانیان و
دنیا تیبه‌تیه‌کایان، که دنیای دیکتاتۆری و ترس و
خه‌فه‌قانه. به‌بێ له ناوبردنی ئه‌م که‌لتوره، زه‌حمه‌ته
بتوانرێت ئاسۆیه‌ک به‌دی بکرێت، لانی که‌م ئومێد به‌خشی بێت بۆ
چه‌سپاندنی پاشه‌ڕۆژێک ده‌رگای مه‌عریفه‌ت و پێکه‌وه ژیانێکی
شارستانیانه بۆ هه‌مولایه‌ک بخاته سه‌رپشت.
گۆڕانێک له نێوخودی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌ته‌کانه‌وه
دروست نه‌بێت، ڕوو له سه‌ر و هه‌ڵشخان خۆ دیار نه‌کات، بۆ له
نێوبردن و ڕیسواکردنی ته‌واوی ئه‌و به‌ناوهۆشیاریه خێڵه‌کی و
حیزبیانه که تائێستا ده‌رگیره به که‌لتوری به‌عس ئاساوه،
ناکرێت بتوانرێت دیدێکی نوێ‌و که‌لتورێکی مه‌ده‌نیانه بنیات
بنرێت بۆ بوژاندنه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه‌ی میلله‌تێک، چه‌سپاندنی
دیدێکی یه‌کسانی خوازی و سکولار نه‌بێت به دژی هه‌رچی جه‌هل و
کۆنه‌په‌رستی هه‌یه، زۆر دورو زه‌حمه‌ت ده‌بێت لێدوان له
سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و زیندو بکه‌ین.
ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌بینرێت له لایه‌ن به‌ناو به‌رپرسانی
کۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌روه‌ک بازرگانێکی چاوچنۆک و ماڵکاولکه‌ر،
سه‌رقاڵن به که‌سابه‌تی سات و سه‌وداو، بلۆک بلۆک دۆلار
سه‌ریه‌ک ده‌خه‌ن، تۆ بڵێیت ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تی ئاوابێت،
ئاگای له ژیانی ژێرده‌سته‌کانی خۆیبێت؟ یان ئه‌وه‌ی ئێوه
سه‌ریه‌کی ده‌خه‌ن به‌ری ڕه‌نجی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه و، ده‌خوازن
کۆمه‌ڵگه به‌ڕاستی ببێت به کۆیله‌یه‌کی بێهه‌ست و چۆنتان
ویست ئاوا ڕای ماڵن!
ئالێره‌وه‌یه ناجۆری و له‌ده‌ست دانی بڕوایه‌ک که به‌ئاسانی
ناتوانرێت به‌ده‌ست بخرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ئه‌وه‌نده‌ی تریش
شه‌ڕی ئاڵا بکریت؟
ده‌سه‌ڵاتی ناسێۆنالیزم له مێژووی خۆیدا، به‌ده‌ر له
ته‌قدیس کردنی جیهانی نابه‌رابه‌ری و زیندوکردنه‌وه‌ی هه‌رچ
جۆره خورافه‌وتێکشکاندنێک بۆ چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌تایبه‌تی
و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه، نه‌یتوانیوه کارێکی زیاتر له‌مه به
ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. ته‌واوی شه‌ڕه‌کان و دیدی ڕه‌گه‌ز په‌رستی
و شۆفێنستی، برهه‌می نێو ئه‌م ململانێیه ناسێۆنالیزمیه‌یه.
10/09/2006
|