یادو خورپه‌

عه‌باس صاڵح عه‌بدوڵڵا

Abas-salh@hotmail.com

 

چیم له‌ده‌ست دێت !1
له‌م کاته‌ په‌ست و وێڵه‌دا
به‌م شه‌وه‌ زه‌نگه‌ یه‌ڵدایه‌

جگه‌ له‌ترپه‌ی دڵی ماتم

هیچ ده‌نگێ به‌گوێم دا نایه

چیم له‌ده‌ست دێت جگه‌ خه‌یاڵ

جگه‌ خه‌یاڵی چڕوپڕ

له‌باخه‌ڵتا بتوێمه‌وه‌

به‌هێمنی بێ ئاگاو ووڕ

چیم له‌ده‌ست دێت جگه‌ له‌خه‌یاڵ

بمژم لێوی په‌مه‌یی کاڵ

بژم مه‌مه‌ی تورتی سپی

تابه‌ربه‌یان وه‌کو مناڵ

چیم له‌ده‌ست دێت جگه‌ له‌خه‌یاڵ

بفڕم تێکه‌ڵ به‌هه‌ور بم

ببم به‌نمه‌ی بارانێ

ببارێم به‌سه‌ر نیگاتا

به‌یانیانێ، ئێوارانێ

کچی خه‌یاڵ چی ده‌بێ گه‌ر

وه‌کو به‌فری که‌ژی سپی

به‌هێمنی زۆر به‌کپی

ببارێیته‌ دڵی پڕ گڕ

دڵی سست و بێ هیواو سڕ

بڕوا ده‌که‌یت ئه‌گه‌ر بڵێم

هه‌تا ئێستا که‌سێ نیه‌ خۆشی بوێم

که‌سێ نیه‌ تامی سه‌رسامیم بچێژێ

که‌سێ نیه‌ سکاڵایه‌ک

یاڕازێکی بۆم هه‌ڵڕێژێ

بڕوا ده‌که‌یت له‌فه‌رهه‌نگی هیچ شۆخێکدا

ناوم نیه‌

له‌گوڵدانی هیچ ماڵێکدا

نه‌چڵ نه‌په‌لکێکم نیه‌

بڕوا ده‌که‌یت ئه‌گه‌ر بڵێم

هه‌ر بۆ جارێ هه‌ر بۆ ساتێ

کچێ نیه‌ بۆ یادگار

هه‌ر تاقه‌ ماچێکم باتێ

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca