ده‌بێ هه‌ڵوێست له‌ که‌موکو‌ڕی و کێشه‌کانی پرۆسه‌ی دادگایی مه‌ڕ که‌یسی ئه‌نفال‌ وه‌ربگیرێت

ڕێكه‌وت: 2006.09.15

 

‌ناوه‌ندی چاک له‌ تێبینیه‌کانی پێشوویدا ئاماژه‌ی به‌ گه‌لێ له‌ که‌موکوڕی و کێشه‌کانی پرۆسه‌ی دادگاییکردنی تاوانباران سه‌باره‌ت به‌ دۆزی ژینۆسایدی ئه‌نفال خستۆته‌ڕوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ زیادبووندان و ئێستا ناکرێ هه‌لوێستیان لێوه‌رنه‌گیرێت.

 

دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق له‌ دانیشتنه‌کانی 11 تا 14ی سێپته‌مبه‌ر، جگه‌ له‌ که‌موکوڕیه‌کانی پێشوو، هه‌ندێ کێشه‌ی دیکه‌ی‌ ڕاکشاوانه‌تر به‌ده‌رخست. وا له‌خواره‌وه‌ کورته‌ی تێبینیه‌کانمان ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

 

-          کێشه‌ی زمان به‌ به‌رده‌وامی باڵی کێشاوه‌ته‌ سه‌ر دادگا و ڕووداوه‌کانی ناو دادگا. کێشه‌ی وه‌رگێڕان به‌رده‌وامه‌، وه‌رگێر کێشه‌ی وه‌رگێرانی هه‌یه‌، تێکه‌نگه‌یشتن به‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سکاڵاکه‌ران تێناگه‌ن چی له‌ناو دادگا ده‌گوترێت، دادوه‌ر کێشه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌ و ناوی کوردی هه‌یه‌. جگه‌له‌وه‌ی پارێزه‌رانی سه‌دام هه‌وڵی که‌منرخکردنی زمانی کوردی ده‌ده‌ن.

-          سکاڵاکه‌ران نائاماده‌ن و پێویستیان به‌ زانیاری سه‌باره‌ت به‌ گه‌و‌اهیدان هه‌یه‌، پێویستان به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ له‌ ئه‌رکی سه‌رشانیان هه‌یه‌. پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ماون یارمه‌تیان له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ بڕه‌خسێندرێت.

-          پێویسته‌ سکاڵاکه‌ری ڕاسته‌وخۆ به‌شداربوو له‌ کاره‌ساته‌کان ئاماده‌بکرێن، سکاڵاکه‌ری خاوه‌ن قوربانی که‌ خۆی ڕاسته‌وخۆ له‌ کاره‌ساته‌که‌دا به‌شدار نه‌بووه‌، گرنگی وه‌کو ئه‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌شدار بوون نابێت. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

-          سکاڵاکه‌ری وه‌کو پێشمه‌رگه‌، ته‌نها ده‌توانێ تاوانی جه‌نگ به‌سه‌ر تاوانباراندا بسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ش زۆر که‌متره‌ له‌وه‌ی گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانیه‌تی. گه‌لی کورد چاوه‌ڕێی سه‌ڵماندنی تاوانی ژینۆساید ده‌کات، به‌ڵام به‌ به‌شداری پێشمه‌رگه‌ وه‌کو سکاڵاکار ئه‌و داواکارییه‌ ناتواندرێ بسه‌ڵمێندرێت، چونکه‌ ئه‌و لایه‌نی به‌شداره‌ له‌ جه‌نگ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی ژینۆساید که‌ دادگاکه‌ په‌یڕه‌وی ده‌کات. پێویسته‌ سکاڵاکه‌ران ئه‌وانه‌ بن که‌ خه‌ڵکی سڤیلن و ڕاسته‌وخۆ خۆیان‌ کاره‌ساته‌که‌یان به‌سه‌ر هاتووه‌.

-          به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ سکاڵاکان که‌ کاتی خۆی دراون، کلکوگوێیان به‌بێ هیچ پێویستیه‌ک بۆ زیادکراوه‌، ئێستا له‌ دادگا ئه‌و خه‌ڵکه‌ سکاڵاکاره‌ کێشه‌یه‌کیان تووش بووه‌ که‌ خۆیان لێی تاوانبار نین. هه‌روه‌ها سکاڵا ده‌بێ له‌ ڕێگای دادگاوه‌ پێشکه‌ش بکرێت نه‌ک ڕێکخراوی سه‌ربه‌ پارت یا سڤیل. ئه‌گه‌ر بکرێت و کات ماوه‌ پێویسته‌ ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

-          هه‌موو سکاڵاکاران ته‌نها سکاڵایان له‌وانه‌ی ناو قه‌فه‌ز هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئاراسته‌یه‌کی زۆر خراپه‌. پێویسته‌ سکاڵاکه‌ هه‌موو تاوانباران به‌بێ جیاوازی بگرێته‌وه‌. پێویسته‌ جاشه‌کان بگرێته‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئێراقیش وه‌کو وڵات و کۆپمانیاکان که‌ به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ تاوانه‌که‌دا به‌شداربوون ، بگرێته‌وه‌.

-          وه‌کو تێبینی ده‌کرێت، سکاڵاکه‌ران خۆیان له‌ ناوهێننای جاشه‌کان ده‌پارێزن، یا که‌ ناویشیان دێت، ئه‌وه‌ ده‌نگ ده‌پچڕێ و نامێنێ، واته‌ ناوه‌که‌ به‌شاراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ کارێکی خراپه‌ و جگه‌له‌ پاراستنی ئه‌و جاشه تاوانبارانه‌، به‌ڵکو شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کانه‌. لێره‌دا کورد خۆیشی له‌و کاره‌دا‌ به‌رپرسیاره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها یارمه‌تی شێواندنی ڕاستیه‌کان ده‌دات.

-          دادوه‌ر عه‌بدو‌لڵا عامری، ڕێگای سکاڵاکه‌ران نادات هه‌ستی خۆیان ده‌ربڕن و زۆر توونده‌ له‌گه‌ڵیان، که‌چی ڕێگا به‌ پارێزه‌انی سه‌دام ده‌دات پرسیاری نابه‌جی بکه‌ن و چه‌مکی سیاسی به‌ کاربهێنن. هه‌روه‌ها زۆر ڕێز له‌ تاوانباران به‌ تایبه‌تی سه‌دام ده‌گرێت و ڕێگای وته‌ی سیاسی سه‌دام به‌ به‌رده‌وامی ده‌دات. جگه‌له‌وه‌ی دادوه‌ر گومانی له‌سه‌ر بێلایه‌نی خۆی دروستکردووه‌ و له‌ خۆتێکه‌ڵکردنه‌کانیدا پشتگیری هه‌ڵوێستی سیاسی و ئاراسته‌ی دیاریکراو ده‌کات. بۆیه‌ ئه‌و دادوه‌ره‌ لایه‌نگیره‌.

 

ئێمه‌ وه‌کو ناوه‌ندی چاک داوای چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ ده‌که‌ین و هه‌روه‌ها داوای لادانی ده‌ستبه‌جێی دادوه‌ر عه‌بدوڵڵا عامر ده‌که‌ین. چاره‌سه‌ر نه‌کردنی ئه‌و کێشانه‌ زیانی کوشنده‌ به‌ ئه‌نجامی ڕه‌وای گونجاو به‌ کاره‌ساتی ژینۆسایدی ئه‌نفال ده‌گه‌یه‌نێت.

 

ناوه‌ندی چاک

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca