کون بوونی ئۆزۆنی وه‌حشه‌ت ...

ڕێباز مه‌حمود
هۆڵه‌ندا

rebazmahmud@hotmail.com

 هه‌موومان له‌ته‌نهاییه‌شێداره‌کانی خۆمانه‌وه

هه‌ڵه‌وگیرین به‌ده‌ست له‌ده‌رگا نه‌دانی میوانێکه‌وه‌

که‌دره‌نگ زانیمان

مه‌رج نییه‌بێت !

میوانێک که‌چیرۆکی په‌یوه‌ندی

 نێوان گریان و گۆرانی

له‌سیحری په‌یڤه‌کانیه‌وه‌بڕژێ ..

میوانێک  که‌به‌رچنه‌یه‌ک میوه‌ی سه‌بوری

 وه‌ک دیاری

 له‌باخه‌کانی ئه‌فسانه‌وه

به‌ڕێگا خۆڵاویه‌کانی حه‌قیقه‌تا ‌

له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێ ..

ئای چه‌ند هه‌ڵه‌وگیرین

به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو بۆشاییانه‌ی له‌ژیانماندایه‌و

نازانین چۆنیان پڕ که‌ینه‌وه ..

به‌ده‌ست حه‌سره‌تی ئه‌و وێنانه‌ی

 به‌ڕوونی  خه‌ڵقمان کردن و

له‌کاتی ماڵ گواستنه‌وه‌دا

 به‌ئه‌نقه‌سست له‌دیواره‌کانی جێهێشتنمان

 نه‌کردنه‌وه‌.

به‌ده‌ست بێده‌نگیمان له‌ئاست

ته‌فرو تونا بوونی

خه‌ون و

به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو چه‌نه‌بازیه‌ی ژیان خۆیه‌وه ..

به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌پشیله‌یه‌ی

سه‌ر سنگی ڕووتی ،

کتێبه‌کانی حیکمه‌ت ...

ئای چه‌ند هه‌ڵه‌و گیرین

 به‌ده‌ست ده‌رهێنانی ئه‌و هه‌موو ورده‌شوشانه‌ی

له‌شکانی ڕۆحمان به‌هۆی شان پیاکێشانی غرور

 له‌ناو ئاپۆرای بازاڕ و

له‌به‌رده‌م کۆگا زێڕین و سارده‌کانی غه‌ریبیدا

ده‌چه‌قنه‌پێی بێ که‌سیمان و

دۆستیه‌ک په‌یدا نابێت ڕامانچڵه‌کێنێ .. !

وا..ی چۆن هه‌ڵه‌وگیر بووین چۆن

به‌ده‌ست ژیر نه‌بوونه‌وه‌ی لاساریه‌کانی دڵمانه‌وه

له‌ گه‌ڕه‌کێکی ئاسمانیدا و

 له‌ژێر ده‌واری مانگه‌شه‌وێکی هاوینی

بۆ ناو شاری پڕ گیانه‌ڵای مانا و

 ژاوه‌ژاوی به‌یه‌ک گه‌یشتن ..

به‌ده‌ست وشک نه‌بوونی

 ئه‌و گوڵه‌ڕه‌نگاو ڕه‌نگانه‌ی له‌باخاتی سۆزماندا

بۆ یه‌کترمان چنین و

 له‌چاو دیار نه‌مانێکی عه‌شقا

 فڕێمان دان..

ئه‌و گوڵه‌خۆڕسکانه‌ی

به‌بۆن ، شوێن ڕاکردنمان ده‌که‌ون و

 له‌کۆڵمان نابنه‌وه ..

له‌ترافیکه‌کاندا و وه‌ختی ڕاوه‌ستانمان

به‌دیار په‌ڕینه‌وه‌مان بۆ ئه‌وبه‌ری

جاده‌ی بێ مروه‌تی ،

هه‌ر کزه‌بایه‌و ڕایان ده‌سپێرن

سه‌رو قژی ناجوامێریمان بئاڵۆزکێنن ..

چۆن هه‌ڵه‌وگیر بووین چۆن

به‌ده‌ست هه‌ڵگرتنی عوزره‌قه‌دیمیه‌کانه‌وه

بۆ به‌ڕێ کردنی ئه‌و له‌حزانه‌ی

 خۆیان هه‌ڵده‌قورتێنن له‌خۆ دزینه‌وه‌مان . .

بۆ سڵاو سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبوارانه‌ی

 خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری ئاشناییمان بوون و

شار به‌ده‌رمان کردن ..

دایکم له‌شیعرێکا ده‌یوت :

کوڕم ده‌زانم ڕۆشتنت به‌ده‌ست خۆت نیه‌و

ده‌شزانم هاتنه‌وه‌ت به‌ده‌ست من نییه‌..

منیش ده‌مویست پێی بڵێم

ئا..ی دایه گیان

ڕۆشتنێکی چه‌ند نابه‌دڵ و

هاتنێکی چه‌ند غه‌واره‌ین ..

دایکم له‌ژورێکی ئه‌لاحه‌ده‌ی  زه‌ینی مندا ده‌ژی ،

 به‌ڵام له‌تاریک داهاتنما

زۆر جار بیرم ده‌چێت بچم مۆمێک

 له‌ئاست حورمه‌تیا داگیرسێنم ..

وا..ی چۆن هه‌ڵه‌وگیر بووین چۆن

به‌ده‌ست فێر نه‌بوونی ئه‌م زمانه‌قورسه‌ی عه‌شقه‌وه

که‌له‌خۆ به‌خۆیماندا

 وشه‌دوای وشه‌ی له‌به‌ر ده‌که‌ین و

چونکه‌له‌ده‌ره‌وه‌

 هیچ تێکه‌ڵاویه‌کمان له‌گه‌ڵ ئه‌هلی په‌پوله‌و گوڵدا نیه

هه‌مویمان بیر ده‌چێته‌وه‌..!

به‌م قوڕگه‌نوساوانه‌مانه‌وه

له‌ژیڕ زه‌بری نه‌ڕه‌نه‌ڕ و

 خۆ گیڤ کردنه‌وه‌ی ترسنۆکیماندا

گۆرانیه‌ک شک نابه‌ین به‌ڕووخۆشی مابێته‌وه‌و

دڵشکاویه‌ک له‌و هه‌موو دڵشکانه‌ی

پێ بلاوێنینه‌وه‌..

یه‌ک جار ده‌ژین و

  که‌چی چاوه‌ڕوانیه‌ڕۆح سوکه‌کانی یه‌کتریمان

له‌‌به‌رده‌رگای هه‌زاران به‌ڵێنی زه‌عفه‌رانیدا

مه‌حته‌ل کردووه‌..

وا..ی چۆن هه‌ڵه‌وگیر بووین چۆن

به‌ده‌ست سه‌رکێشیه‌کانی رۆحمانه‌وه

به‌ده‌ست سارد و سڕیمان

 له‌به‌رده‌م پیس بوونی ژینگه‌ی خه‌یاڵ و

به‌ده‌ست نه‌سڵه‌مینه‌وه‌مان

له‌ئاست کون بوونی

 ته‌به‌قه‌ی  ئۆزۆنی وه‌حشه‌ت

له‌ئاسمانی ئینسانیماندا ... !.‌

***

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca