ته‌نیایی 

عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو

به‌چی ڕاوت نێم ؟

به‌ گۆرانی ؟ یان به‌ نووسین ؟

به‌ ئامێزی کتێب ؟ یان به‌ ناڵه‌ .

به‌چی ڕاوت که‌م ؟

به‌داوی قه‌ڵه‌م ؟

به‌یادگاری ؟ یان بێده‌نگی

به‌ غه‌مۆکی و گۆشه‌گیری

یان به‌کارو شه‌ونخونی ؟

چ به‌ڵایه‌ک ، چ نه‌خۆشیه‌کی کوشنده‌ی

ساڵه‌هایه‌ له‌ته‌مه‌نی من خزاوی

چه‌ندم کردو چه‌ندم کۆشا

چه‌ند دانم به‌خۆمدا گرت و

هه‌رگیز وره‌م به‌رنه‌دا

چه‌ند دکتۆرو چه‌ند لوقمان

چه‌ند ووڵات و چه‌ند شاران

چه‌ند ده‌رمان و حه‌کیمان

کردم و کردم و کردم

گه‌ڕام و گه‌ڕام و گه‌ڕام

تۆی نه‌گریس

تۆی چه‌په‌ڵ

تۆی  شێرپه‌نجه‌

له‌ کۆڵی کوتراوم

له‌ جه‌سته‌ی ماندوم

له‌ عه‌شقی زیندووم

له‌ هیوای نه‌بڕاوه‌م

له‌ ڕۆحی ته‌م گرتوم

بکه‌مه‌وه‌و بکه‌مه‌وه‌و بکه‌مه‌وه‌

به‌ڵام نه ‌ئێستاس و نه‌ ئه‌وساش

لێم

نه‌بویته‌وه‌و نه‌بویته‌وه‌و نه‌بویته‌وه‌ .

تۆ هه‌ر ئه‌وه‌ بویت

غه‌مت به‌ به‌ردا

دووریم و

کرته‌ به‌رم

که‌پری شادیت

ڕوخاندم و

وورده‌ وورده‌

پێکه‌نینت لێ تۆراندم

جووڵه‌و به‌رنامه‌ت

تێکدام و

له‌شی پڕ هێزو

توانامت

سست کرد

سڕ کرد

تۆ هه‌ر ئه‌وه‌ت ویست

که‌ کردت

منت خسته‌ سه‌ر

دووڕیانی

جیابونه‌وه‌

له‌ عه‌شقی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی

له‌ هاوسه‌ری مان و نه‌مان

هاوڕێ و هاوغه‌م و هاوعه‌شق

کاروانێ یادگاری له‌ کۆڵ و

جه‌سته‌یه‌کی پڕ تاقیگه‌

له‌ من تۆراند

شێواند ،  تاساند

تۆ هه‌ر ئه‌وه‌ بویت

که‌ ئازاری ویژدانت

به‌ من ناساند

بێده‌نگیت دایه‌ ده‌ستم و

پاوانی

گۆشه‌گیریت

له‌ قاچ به‌ستم .

هۆ ده‌رده‌که‌

جانه‌وه‌ره‌

بێ ڕۆحه‌که‌

تۆ به‌و هه‌موو

هێزه‌ته‌وه‌

توانیت جه‌سته‌م

بله‌رزێنیت

هه‌ناوی من

بهه‌ژێنیت

به‌ڵام مه‌خابه‌

هه‌رگیز هه‌رگیز

تۆ ئه‌وه‌نیت

بمترسێنیت

دره‌نگ یان زوو

ڕاوت ئه‌نێم

به‌ ڕۆحێک یان دووان

له‌ ده‌ردت دێم

بنه‌و بارگه‌ی

چه‌ند ساڵه‌ت

ئه‌پێچمه‌وه‌و

به‌ گریان و پێکه‌نینی

ئه‌و ڕۆحانه‌

له‌ ده‌روازه‌ی ژیانمه‌وه‌

پاڵت ئه‌نێم

ده‌رت ئه‌نێم

ده‌رت ئه‌نێم .

                                                                  كۆتایی                    14 01 2004

 

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca