دروازه‌ی باسه‌که
له
مانگنامه‌ی رامان[2]
ژماره‌ی 111 رێکه‌وتی 5ی ئاگوستی 2006دا، بابه‌تێک له ژێڕ
سه‌ردێڕی" ئه‌نده‌ر ڕۆهه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌که به سه‌ر شانۆی
کوردییه‌وه" له نووسینی مو‌حسین محه‌ممه‌د له چاپ دراوه که
ده‌توانێ ببێته هۆی باسێکی جیدی بۆ گفت و گۆکردن له مه‌ڕ
ستراتێژی شانۆی باشوری وڵات و پێوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ
شانۆی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.
کاک
مو‌حسین زۆر به دروستی ده‌ڵێ:" خاسیه‌تی هه‌ر هه‌موو
حکومه‌ته‌کان به‌رامبه‌ر به شانۆی کوردی ئه‌وه بوو، ڕێگه
نه‌ده‌درا به هیچ شێوه‌یه‌ک شانۆی وڵاتانی ئه‌وروپی و
ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش بێته ناو کوردستان و له سه‌ر شانۆکانی
کوردستان، بۆ بینه‌ری کورد و شانۆکاری کورد، ئه‌زموونه‌کانیان
نمایش بکه‌ن."
داخراوی شانۆی باشوری کوردستان
له
راستیدا شانۆی باشوری کوردستان له چوارچێوه‌ی وڵاتی عێراقدا
شانۆیه‌کی داخراو بووه. که‌سایه‌تی شانۆ له باشوری کوردستان
گرێدراوی قه‌واره‌ی سیاسی و ئیستانداردی فه‌رهه‌نگی عێراق و
میلله‌تی عه‌ره‌ب بووه و له حاڵه‌تی ده‌ڵه‌مه‌یی‌دا
ماوه‌ته‌وه و نه‌که‌وتۆته ناو پرۆسه‌یه‌که‌وه هه‌تا
پێناسه‌ی کوردی و یان نه‌ته‌وه‌یی ویا کوردستانی په‌یدا بکات.
کاک مو‌حسین ده‌یتوانی له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا باس له‌وه‌ش
بکات که ئایا شانۆی کوردستان پاش ساڵی 1991 واته پاش
ده‌رکردنی سه‌دام له‌و به‌شه‌ی باشوری کوردستان هه‌ر به
داخراوی ماوه‌ته‌وه یان سیمایه‌کی تری په‌یدا کردووه؟
پاش
رووخانی رژیمی سه‌دام و نه‌مانی گه‌مارۆی سیاسی و ئابوری له
سه‌ر عێراق، کوردستانیش هه‌ر به هۆی عێراقی بوونه‌که‌یه‌وه
درگای ده‌ره‌وی به روودا کرایه‌وه. سه‌فه‌ری کاک مو‌حسین و
وه‌ڤده‌که‌یان و به‌ر له‌وان سه‌فه‌ری کاک ئه‌حمه‌د سالار و
وه‌ڤده‌که‌یان بۆ شاری مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر و سه‌فه‌ری
رۆبێرتۆ چولی به‌ر له‌وان بۆ کوردستان ده‌بێ به‌رهه‌می
هه‌ڵگرتنی ئه‌م گه‌مارۆیه له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواوه بێ،
که ده‌توانێ "کرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک" بێت به‌ره‌و رووی
باشوری کوردستاندا. ئه‌وه‌ی کرانه‌وه‌ی ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه چی
بۆ شانۆی کورد به دیاری ده‌هێنێ و چی لێ وه‌رده‌گرێ له
لایه‌ن به‌رێز کاک مو‌حسین وئه‌ندامانی هه‌ر دوو وه‌ڤدی
کوردستانه‌وه که سه‌ردانی شانۆی ئه‌ن دێر روهریان کردووه،
به روونی باس نه‌کراوه.
په‌نجه‌ره‌ی جیهانی شانۆ
کاک
مو‌حسین له به‌رانبه‌ر ئه‌م داخراویه‌دا ، هاتنی چولی بۆ
کوردستان و هاتنی خۆیان بۆ شاری مو‌لهایم و پرۆتۆکۆل ئیمزا کردن
له گه‌ڵ ئه‌م شانۆیه‌دا، به کرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌ێکی شانۆی
جیهانی به ره‌و رووی کوردستانی داخراودا ده‌بێنێ. ئه‌گه‌ر
ئه‌م بۆچوونه‌ی کاک مو‌حسین راست بێ، ئه‌وه شانۆی کوردستان
قه‌ڵه‌مبازی داوه و هه‌ر قه‌له‌مبازێکیش ده‌توانێ سه‌رشکانی
له دووا بێ. هه‌ر وه‌ک چۆن له ئێرانی شاهه‌نشاهیدا شانۆ
قه‌له‌مبازی وای دا و به داخه‌وه ملی شکانی شانۆی ئێرانی له
دووا بوو، هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو ستراتێژی شانۆی ئێران له
سه‌ر بنه‌مای لاساییکردنه‌وه‌ی رۆژئاوا ده‌سووڕا و پشتی له
مێژوو و فه‌رهه‌نگ و میراتی شانۆی خۆی کردبوو، هاتنی
گه‌وره گه‌وره‌کانی شانۆی ئه‌و سه‌رده‌می جیهانیش بۆ تاران و
شیراز و به‌ستنی ده‌یان چه‌شنه ورک شاپ و فستیواڵی جیهانیش
له تاران و بوونی دوو زانستگای شانۆش نه‌یتوانی که‌سایه‌تی بۆ
شانۆی وڵاتێک به ناوی ئێران
پێک بێنێ. ئێستاش کردنه‌وه‌ی ئه‌و "په‌نجه‌ره‌یه" به‌ره
ورووی شانۆی کوردستان ده‌بێ به جیدی باسی لێوه‌بکرێ بۆ
ئه‌وه‌ی که‌ڵکی لێوه‌رگیرێ و نه‌بێته مایه‌ی پرۆپاگه‌نده و
به فیڕۆدانی پاره‌ی میلله‌ته‌که و شێواندنی شانۆ.
ئه‌و
بۆچوونه‌ی کاک مو‌حسین که پێوه‌ندی خۆیان و شانۆی مو‌لهایم
ئه‌ن دێر رو‌هر به پێوه‌ندێکی شانۆی جیهانی له قه‌ڵه‌م ده‌دات
و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر به شانۆیه‌کی جیهانی به بینه‌ر و
خوێنه‌ری کورد ده‌ناسێنێ و چولی به شانۆوانێکی جیهانی پێناسه
ده‌کات مه‌سه‌له‌ی کورد و شانۆی پڕ له گرێ وگۆڵی کورد نییه.
کاک موحسێن له جێاتی ئه‌وه‌ی
باس له دارشتنی به‌رنامه‌ێکی جیدی بۆ چاره‌سه‌ری گرفته
سه‌ره‌کیه‌کانی شانۆی کوردی بکات و پرۆژه‌ی خۆیان و شانۆی
مو‌لهایم بۆ هه‌ڵستانه‌وه‌ی شانۆی باشوری کوردستان باس بکات
ئه‌و په‌یڤانه به‌کار ده‌هێنێ که ده‌ردێکی شانۆی کورد
ده‌رمان ناکات، فرمایشته‌کانی کاک مو‌حسین درێژه‌ی
فه‌رهه‌نگێکه که هه‌مووی ئێمه وه‌ک تاکی کورد له گه‌ڵی
ئاشناین و فه‌رهه‌نگی هه‌موومانه، ته‌وفیریش ناکات
هونه‌رمه‌ند بین یان سیاستمه‌دار یاخود قوماشفرۆشێکی کورد.
دوو
سه‌نعه‌تی کوردانه
ئه‌م
فه‌رهه‌نگه دوو سه‌نعه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه که هونه‌رمه‌ند
و سیاسه‌تمه‌داری ئێمه به باشی به‌کاری ده‌هێنن، که
ئه‌ڵبه‌ته سه‌نعه‌تی کوردانه و بگره سه‌نعه‌تی
رۆژهه‌ڵاتییه,
له‌وانه سه‌نعه‌تی ترک و فارس وعاره‌بیشه. یه‌که‌میان
"سه‌نعه‌تی ئیغراق" و له راده‌به‌ده‌ر گه‌وره کردنه‌وه‌ی
ئه‌و شته‌یه که باسی ده‌که‌ین یان ئه‌و کاره‌یه که
ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، دووهه‌م" سه‌نعه‌تی به هیچ" کردن یان بێ
بایخکردن و داڕزاندنی، ئه‌و شته و کاره‌یه که هی
به‌رنابه‌ره‌که‌ی ئێمه‌یه که ئێمه‌ی کورد به نه‌یاری خۆمانی
له قه‌ڵم ده‌دین. به‌کارهێنانی ئه‌و دوو سه‌نعه‌ته رێگا له
به‌ر ئه‌وه ده‌گرێ بابه‌تیانه باس له مه‌سه‌له‌کان بکه‌ین.
به کار هینانی ئه‌و سه‌نعه‌ته ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بابه‌تی
سه‌رکی بکه‌وێته په‌راوێزه‌وه و بابه‌تی لاوکی جێگای بابه‌تی
سه‌ره‌کی بگرێته‌وه. ئه‌م سه‌نعه‌ته‌ش له سه‌رده‌می سه‌دام و
به‌ر له‌و و دوای ئه‌و هه‌بووه و ئێستاش هه‌یه و به‌کار
ده‌هێندرێ.
ئاستی عێراق و خاسیه‌تی جیهانی شانۆکاری کورد
ئه‌وه‌ی
پێوه‌ندی به هونه‌رمه‌ندان به تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی شانۆ و
موسیقای باشوری کوردستانه‌وه هه‌یه ، ئه‌وه بوو که هه‌ر
کارێکی هونه‌ریی کوردی بۆ باشی، به عێراقی بوونه‌وه‌که‌یه‌وه
هه‌ڵده‌سه‌نگێندرا نه به چۆنیه‌تی کاره‌که خۆی و
ئیستانداردی هونه‌ریی هونه‌ره‌که. بۆ وێنه فلان گروپ ده‌یگوت
ئه‌و شانۆنامه‌یه‌ی ئێمه، یان ئه‌و فیلمه‌ی ئێمه، یان ئه‌و
موسیقایه‌ی ئێمه له سه‌ر ئاستی عێراق یه‌که‌م هاتۆته‌وه،
نه جارێک به‌ڵکوو ئه‌وه‌نده جار. "ئاستی عێراق" بۆ سه‌رجه‌م
ئه‌م هونه‌رمه‌نده کوردانه، ئیستانداردی باوه‌رپێکراو بوو بۆ
باشی کاره‌که و هونه‌ره‌که. به‌ڵام له ته‌واوی ئه‌و
ساڵانه‌دا وڵامی ئه‌م پرسیاره نه‌دراوه که "ئاستی عێراق"
چییه و چۆن پێناسه ده‌کرێ؟ ئاستی شانۆی عێراق له 80 ساڵی
رابوردوودا له چاو شانۆی وڵاتانی تری عه‌ره‌بی وه‌ک میسر و
ئه‌لجه‌زیرو مه‌راکش چی بووه؟ که ده‌بێته پێوانه بۆ باشی
شانۆی کوردستان. له قسه‌کانی کاک مو‌حسین یشدا هاتووه و
ده‌فه‌رمێ:"
شانۆکارانی عه‌ره‌بی عێراقی زۆر چاک ده‌یانزانی شانۆکاری کورد
خاسیه‌تی شانۆی جیهانی پێوه دیاره و له رۆژنامه‌کان ئه‌مه
به بوێریه‌وه گوتراوه"
ئه‌وه‌ی
ئه‌م خاسیه‌ته جیهانیه چییه و شانۆکاری کورد که له به‌غا
له ژێر ده‌ستی عه‌ره‌به‌کاندا فێری شانۆ بووه، چۆن ئه‌و
خاسیه‌تانه‌ی په‌یدا کردوه، وڵامه‌که‌ی بۆ کاک مو‌حسین به‌جێ
ده‌هێڵین.
ئه‌گه‌ر
به وته‌ی رێزدار محه‌ممه‌د ئه‌م ئیستاندارد و خاسیه‌ته
جیهانیه‌ی شانۆی کوردی وجوودی هه‌بووه، ئه‌دی پاش سه‌دام
ئه‌و شانۆکارانه و خاسییه‌ته‌کانی جیهانی شانۆکاریی له
کوردستان چی لێ به‌سه‌ر هاتووه و له 15 ساڵی رابوردودا بۆ
کوێ هه‌ڵکشاوه؟ ئایا ئه‌م په‌یڤ و گفتانه له باسکردنی
جێدی گروگرفتی شانۆی ئه‌مرۆی وڵاته‌که‌مان دوورمان ناخاته‌وه؟
ئاێا ئه‌م په‌یڤانه به‌رهه‌می سه‌نعه‌تی " ئیغراق" نین که
ئێستا له هه‌موو بواره‌کاندا به‌کار ده‌هێندرێن؟ ئه‌گه‌ر
شانۆکاری کورد خاسیه‌تی شانۆی جیهانی پێوه دیار
بووبێ،
ئیتر مانای نییه ئێستا(ساڵی 2006) په‌نجه‌ره‌ی شانۆی جیهانی
به‌ره‌و روویدا کرابێته‌وه.
سه‌نعه‌تی کوردانه و شانۆی جیهانی ترک و ئاڵمان
کاک
موحسینی به‌رێز هه‌ر له‌و سه‌نعه‌ته که‌ڵک وه‌رده‌گرێ کاتێک
باس له شانۆی ترک[3]
یان شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر و چولی ده‌کات. کاک مو‌حسین به دیتنی
چه‌ند شانۆ له دوو وڵاتی ترکیا و ئاڵمان وا نیشان ده‌دا که
ئه‌و چه‌ند شانۆیه ئاوێنه‌ی باڵانوێنی شانۆی ئه‌و دوو
وڵاته‌یه و خاسیه‌ته‌کانی شانۆی جیهانییان هه‌یه. به پشت
به‌ستن به‌و سه‌نعه‌ته‌یه که شانۆی ئه‌ن دێر روهریش
ده‌بێته شانۆیه‌کی جیهانی و رۆبێرتۆ چولیش ده‌بێته که‌سێک
وه‌ک پیتێر برۆک، ئۆژینۆ باربای هاووڵاتی چولی و یان که‌سێک
وه‌ک ئاگۆستۆ بوال و که‌سانی تر.
ئه‌و
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی کاک مو‌حسین و به‌ر له‌و کاک ئه‌حمه‌د سالار
له سه‌ر ئاستی شانۆی مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر، به هه‌مان ڕبه
وکیله، کێش کراوه و به هه‌مان قه‌پانی ئاستی عێراق سه‌نگ
کراوه، که لێره جیهان له جێگای عێراق داندراوه. کاک
مو‌حسین روونی ناکاته‌وه که گه‌لۆ ئاستی شانۆی ترکیا و ئاستی
شانۆی ئاڵمان چییه و چۆن جیهانیه و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر و
ئه‌و شانۆیانه‌ی که ئه‌وان له ترکیا دیتویانه له گوێره‌ی
هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وان چۆن جیهانین و باسکردنی ئه‌م قسانه بۆ
چ مه‌به‌ستێکه. ئه‌م قسانه له رێگای ته‌له‌وزیۆن و رۆژنامه
و گۆواره‌کانه‌وه گه‌یشتۆته خه‌ڵکی ئێمه له کوردستان، که
ره‌نگه باوه‌ڕیان به‌و قسانه په‌یدا کردبێ و دڵیان خۆش بێ
که شانۆی کوردستان په‌نجه‌ره‌ی شانۆی جیهانی به‌ره‌و روویدا
کراوه‌ته‌وه و جاده‌ی به جیهانی بوونی شانۆی کوردی 6 بانده
ئه‌سفالت کراوه و ته‌نیا کارێک که ده‌که‌وێته سه‌ر شانۆوانی
بێ ئاو و کاره‌با و هۆڵی شانۆی کوردستان، ئه‌وه‌یه له‌و
جاده‌یه سواری ماشینی جیهانی شانۆ بن که شۆفیره‌که‌ی رۆبێرتۆ
چولییه، به‌وه‌ش به جیهانی کردنی شانۆی کورد حه‌تمیه.
خه‌ڵکی
ئێمه چ له رێگای ده‌زگاکانی رادیۆ و ته‌له‌وزیۆنه‌وه و چ
له رێگای گۆوار و رۆژنامه‌کانه‌وه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که
زانیاری دروستیان پێشکه‌ش بکرێ، ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه
ببرسن که چۆن شانۆیه‌کی بێ ناز که زۆربه‌ی زۆری
شانۆوانه‌کانی باشوری کوردستان باوه‌ڕیان وایه شانۆ له
گیانئه‌ڵادایه، به به‌ستنی قه‌راردادێکی هه‌ژارانه له گه‌ڵ
شانۆیه‌کی یه‌کێک له شاره‌کانی ئاڵمان، په‌نجه‌ره‌ی شانۆی
جیهانی به‌ره‌و روودا ده‌کرێته‌وه.
مێژووی شانۆی ئاڵمان و تاقه شانۆیه‌ک
شانۆی
وڵاتێکی وه‌ک ئاڵمان که زیاتر له هه‌زاران گروپ وسه‌دان
ده‌زگای شانۆیی تێدایه و ساڵانه ده‌یان فستیوالی ناوچه‌یی و
ئوروپی و جیهانێ تێدا به‌رێوه ده‌چێ، به تاقه شانۆیه‌ک که
له ساڵی 1981 سازکراوه و یه‌کێک له شانۆکانی شاری مولهایمه
و ته‌نانه‌ت شانۆی ده‌وڵه‌تی و پرۆڤیسیۆناڵی شاره‌که‌ش نییه و
شانۆیه‌کی ته‌واو شه‌خسیه و به پاره‌ی ده‌وڵه‌تی و شه‌ریکات
و ده‌رامه‌تی که‌می خۆی و مامه‌ڵاتی ده‌ره‌وه‌ی به‌رێوه
ده‌چێ، پێناسه ناکرێ و زیاتر له‌و نرخه‌ی که هه‌یه‌تی نابێ
به خه‌ڵکی کوردستان بفرۆشرێ.
له
ئاڵمان هێشتا ئه‌و تالاره شانۆیانه که له سه‌دی 16دا دروست
کراون ماون و هه‌ر ئێستاش درێژه به پرۆگرامی رۆژانه‌ی شانۆیی
خۆیان ده‌ده‌ن، به‌و حاڵه ئه‌و شانۆیانه ره‌نگدانه‌وه‌ی
هه‌موو ره‌گه‌کانی شانۆی ئاڵمان نین چ بگا به‌وه‌ی وه‌ک شانۆی
جیهانی پێناسه بکرێن. جگه له‌وه که‌س له ئاڵمان باس له
شانۆیه‌ک به ناوی شانۆی نه‌ته‌وه‌ییش ناکات، له به‌ر ئه‌وه‌ی
مێژووی هه‌ر شانۆیه‌ک و به‌رهه‌مه‌کانی و رێچکه‌ی کاریان له
گه‌ڵ ئه‌وی تر ته‌وفیریان هه‌یه، به‌ڵام له زۆربه‌ی شانۆ به
ناوبانگه‌کانی ئاڵمان "ئیستاندارد"ی جیهانی شانۆ ڕه‌چاو
ده‌کرێ، که خۆی له پرۆڤیسۆنالیتێت له هه‌موو به‌شه‌کاندا
ده‌بێنێته‌وه، که درێژه‌ی مێژوو و ته‌جروبه‌ی شانۆی
ئاڵمانیشه. ئه‌وه‌ی چۆن له لای کاک مو‌حسین و هه‌واڵانی،
شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر وێنه‌یه‌کی شانۆی جیهانیه و جیهانی
بوونه‌که‌ی چۆن ده‌رده‌که‌وێ و پێناسه ده‌کرێ روون نییه.
شاری
مو‌لهایم و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر
شاری مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر یه‌کێک له شاره‌کانی ئه‌یاله‌تی
نوردراین وێستفالنی ئاڵمانه و 171313 که‌س دانیشتووی هه‌یه
که 16952 که‌سیان بیانین، که یه‌کێک له وانه به‌رێز
رۆبێرتۆ چولییه. له‌م شاره‌دا وه‌ک شاره‌کانی تری ئاڵمان کاری
فه‌رهه‌نگی له وانه شانۆ به گوێره‌ی مێژووی وڵاته‌که و
ناوچه‌کان کارێکی رۆژانه‌یه. له شاری مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر
کۆمه‌ڵێک تیپی شانۆ و ماڵی شانۆ هه‌یه که یه‌ک له‌وانه
شانۆی ئه‌ن دێر روهره که بونیادنه‌ره‌که‌ی رۆبێرتۆ چولی و
دۆسته‌کانیه‌تی. شانۆی شاری مو‌لهایم به شانۆی ئه‌ن دێر
روهره‌وه له چاو شانۆی شاره‌کانی تری ئه‌و ئه‌یاله‌ته وه‌ک
ئاخن، دوسلدۆرف، دویسبورگ، ئێسن، دۆرتموند، بۆن و کۆڵن
شانۆیه‌ک نییه که ره‌ده‌ی له سه‌رتر بێ، به تایبه‌ت له
به‌رانبه‌ر دوو شاری بۆن و کۆڵن که له‌و شاره‌ی دووهه‌میاندا
زیاتر له 60 شانۆی پرۆڤیسۆناڵی ده‌وله‌تی و خسوسی هه‌یه.
ته‌نیا ژماره‌ی دانیشتوانی خه‌لکی بیانی کۆڵن به قه‌را
هه‌موو دانیشتوانی خه‌ڵکی شاری مولهایمه، واته زیاتر له
سه‌دو حه‌فتا و چه‌ند هه‌زار که‌س بیانی له‌و شاره ده‌ژین که
زۆربه‌یان شانۆی تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه و هێندێکیان له
هه‌موو ئاڵمان و وڵاتانی ئوروپی به هۆی چه‌شنی کار و ئستیل و
ته‌کنیکی هونه‌ریان به‌ناوبانگن و که‌متر له شانۆی چولی نین.
رۆبێرتۆ چولی و فه‌لسه‌فه‌ی دیالۆگی فه‌رهه‌نگی
رۆبێترتۆ چولی[4]
وه‌ک که‌سێکی بیانی نه ئالمانی، یه‌کێک له سه‌رکه‌وتووترین
شانۆکارانی
بیانی
بووه
له ئاڵمان که له شاره‌کانی به‌رلین و دۆسلدۆرف و گوتینگێن و
کۆڵن وه‌ک
ده‌رهێنه‌ر له
30 ساڵ
له‌وه‌به‌ره‌وه کاری کردووه. ئه‌و که به ره‌گه‌ز ئیتالیه
و له وڵاته‌که‌ی خۆی فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه و پاشان هه‌ڵودای
ئاڵمان بووه وخۆی له شانۆدا دیتۆته‌وه، توانیویوتی له گه‌ڵ
و
شانۆی
ئه‌ن دێر رو‌هر دابمه‌زرێنێ و بینه‌ری خۆی په‌یدا بکات و له
هێندێک لایه‌نی کاری و سیاسی و مامه‌ڵاتیه‌وه ناوی بێته ناو
ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی ئاڵمانه‌وه له وانه هاوکاری
فه‌رهه‌نگی له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و رژیمی عێراق و
وڵاتانی دیکتاتۆری ئامریکای لاتین. چولی له لای هێندێک له
سیاسه‌تمه‌دارنی ئه‌یاله‌تی نوردراین وێستفالن په‌سه‌ند بووه
و چه‌ند جارێکیش خه‌ڵاتی ئه‌و ئه‌یاله‌ته و چه‌ند وڵاتی
ئوروپی له‌وانه له‌هستانی وه‌رگرتووه.
رۆبێرت
و مه‌نێجێری سیاسی و ئابوری شانۆکه‌ی و سه‌رجه‌م به‌رپرسانی
به‌شه‌کانی شانۆکه‌ی بۆ را‌گرتن و به‌رده‌وامی شانۆکه‌یان و خۆ
رزگارکردن له بێ‌کاری که به‌رۆکی به‌شێکی زۆری شانۆکاران و
ده‌زگاکانی شانۆی ئه‌و وڵاته‌ی گرتۆته‌وه، ده‌بێ گه‌لێک
به‌ندبازی و بگره باندبازی سیاسی و ناسیاسی له ئاڵمان و
ده‌وره‌وه‌ی ئاڵمان بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر
شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر بیتوانیبایه له لایه‌نی مادییه‌وه خۆی
بژێنێ، ره‌نگه هیچکات توخوون مه‌لاکانی ئێران و سه‌دام
نه‌ده‌که‌وتبایه که له ناو رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی
ئێران و ئاڵمان‌دا بێزراون، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی سیاسی و
ئیدئۆلۆژیک ئه‌وانی بۆ لای مه‌لاکانی ئیسلامی و سه‌دام کێشابێ،
که ئه‌وه‌یان جێگای داخ ده‌بێ ئه‌گه‌ر وابێ.
به‌رێز
چولی هه‌موو ئه‌و کار‌و پێوه‌ندییانه‌ی له گه‌ڵ ئه‌و رژیمانه
به کاری فه‌رهه‌نگی ده‌قه‌بڵێنێ یان ده‌یانفرۆشێ. بۆ وێنه
ئه‌و شانۆنامه‌کانی ئوروپی له به‌ر خاتری دڵی کۆماری ئیسلامی
و به‌رێوه‌به‌رانی فستیوالی فه‌جر وا ده‌گۆرێنێ و
ئادابه‌ته‌یان ده‌کا که ره‌نگی ئوروپی ئه‌م سه‌رده‌مه و
سه‌ده‌کانی پێشووی فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای ئاڵمان و شانۆی ئه‌و
وڵاته‌ی پێوه نامێنێ. شانۆگێڕی ئاڵمانی شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر
نه ته‌نیا له په‌ڕۆ و سیپاڵی ڕه‌ش ده‌پێچرێن، به‌ڵکوو به
قه‌ده‌غه‌کردنی کۆنتاکتی له‌ش لێیان، ته‌نانه‌ت وێککه‌وتنی
ده‌ستی ژن و پیاو یان له باوش گرتنی باوک و کچ و خوشک و برا،
ده‌کرێنه مه‌لعه‌به‌ی ده‌ستی مه‌لاکانی ئێران و ئه‌سته‌تیکی
له‌ش و جوله و جوانی هونه‌ری شانۆگێرییان لێ زه‌وت ده‌کرێ و
ده‌کوژێندرێ. هه‌مووی ئه‌وانه له به‌ر ئه‌وه‌یه که
سه‌کۆکانی تاران و دۆڵاره‌کانی مه‌لاکان ببێته پشتوانی ماڵی
شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر. ئایا ئه‌وه‌یه فه‌لسه‌فه به‌رزه‌که‌ی
دوکتور چولی؟
چولی
و رژیمه‌کانی ئێران و عێراق
چولی
له درێژه‌ی فه‌رمایشته‌کانی خاته‌میدا، باسی له گفت وگۆی
فه‌رهه‌نگه‌کان و شارستانییه‌ته‌کان ده‌کرد و به چه‌شنێک
ببووه ده‌مڕاستی هونه‌ری خه‌تی خاته‌می و وه‌زیری
ئیرشاده‌که‌ی ئاغای مهاجرانی. شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر ده‌وری
پایگای بۆ به‌رێوه‌چوونی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له
رێگای شانۆوه په‌یدا کردبوو. بانگکردنی ئاڵمانیگه‌ل بۆ
فستیوالی فه‌جر له رێگای ده‌زگاکه‌ی چولیه‌وه سه‌ری ده‌گرت.
ئه‌وان چاوساخی ئاڵمانیه‌کان بوون بۆ به‌شداری کردن له
فستیواله‌کانی ئێران. هه‌مووی ئه‌وانه له کۆمه‌ڵگای ئاڵمان
به "گفتگۆی ته‌مدونها" ده‌فرۆشرا، شارستانییه‌تێک که ته‌نیا
یه‌ک لایه‌ن خۆی به سه‌ر لایه‌نه‌که‌ی تردا فه‌رز ده‌کرد،
ئه‌ویش له رێگای دۆلاره‌وه. ده‌نا کام ئاڵمانی فه‌رهه‌نگ و
هونه‌ری دوور و نزیکی خۆی و شانازییه‌کانی شانۆیی وڵاته‌که‌ی
وه‌لا ده‌نێ بۆ به‌شداری کردن له فستیوالی فه‌جر. له هه‌موو
دنیا باوه که گروپه‌کانی شانۆ و هه‌ر هونه‌رێکی تر له
فستیواله‌کان به‌شداری ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ
و زمان و ئه‌سته‌تیک و ته‌جروبه‌ی شانۆیی و هونه‌ریی خۆیان
پێشکه‌ش بکه‌ن، به‌ڵام فستیوالی فه‌جری ئێران به پێچه‌وانه‌ی
هه‌موو عورفه‌کانی جیهانی به‌رێوه ده‌چێ و ئاغای چولیش
به‌شداری هه‌ر ساڵه‌یه‌تی. ئایا ئه‌وه کاری فه‌رهه‌نگی و
رێزدانان بۆ فه‌رهه‌نگه، یان هه‌رزانخڕکردنی هونه‌ر و
فه‌رهه‌نگه؟
مۆنۆلۆگی کۆماری ئیسلامی و شانۆگێڕی ئاڵمانی
له
نێوان تاران و شاری مو‌لهایم و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر گفت و گۆی
فه‌رهه‌نگ له گۆڕێ دانه‌بوو به‌ڵکو مۆنۆلۆگی کۆماری ئیسلامی
له گۆڕێ دابوو. فه‌رهه‌نگی ئاڵمانی و شانۆی ئاڵمان به لانی
که‌مه‌وه پاش سه‌رده‌می رنسانس ئه‌وچه‌شنه شانۆیه‌ی
نه‌بووه که ئایین بۆی دیاری بکات که شانۆگێڕ له سه‌ر
سه‌کۆی شانۆ چۆن بجولێته‌وه. چولی داب و ده‌وستوری ئیسلامی
خومه‌ینی و رژیمه‌که‌ی فه‌رزده‌کرد به‌سه‌ر ئه‌و شانۆگێرانه‌دا
که به‌شداری فستیوالی فه‌جریان ده‌کرد. هه‌ر وه‌ها هه‌موو
ئه‌و گروپه شانۆیانه‌ی که له کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه
له رێگای شانۆی چولییه‌وه ده‌هاتنه ئاڵمان، به پێی
فه‌رهه‌نگی ئاڵمان و داب و نه‌ریتی ئه‌و خه‌ڵکه و شانۆی ئه‌و
وڵاته نه‌ده‌جولانه‌وه، به‌ڵکو هه‌ر ئه‌و جوره هه‌ڵس و
که‌وتیان ده‌کرد که له‌سه‌ر سه‌کۆکانی تاران پیشه‌یان بوو.
ئه‌وه‌ش جگه له منۆلۆگی کۆماری ئیسلامی ناوی تری نییه.
کۆماری
ئیسلامی ئێران هه‌م له وڵاته‌که‌ی خۆیدا دیاری ده‌کرد که
شانۆگێڕانی ئوروپی چۆن له سه‌ر شانۆ بجولێنه‌وه و هه‌م له
ده‌ره‌وه‌ی ئێران دیاری ده‌کرد شانۆکارانی ئێرانی چۆن له سه‌ر
سه‌کۆی شانۆ هه‌ڵس وکه‌وت بکه‌ن. چولی ئه‌وه به گفت و گۆی
ته‌مه‌دوون تێگه‌یشتووه.
شانۆی جیهانی و باسه‌که‌ی ئێمه
له
مامه‌ڵه‌ی چولی و ئێران‌دا ته‌نیا یه‌ک شت ده‌مێنێته‌وه که
پێوه‌ندی به شانۆوه هه‌بێ، ئه‌ویش ته‌کنیکه ، که شانۆی
ئه‌ن دێر رو‌هر ناگاته ره‌ده‌ی شانۆی به‌رلین(رۆژهه‌ڵات و
رۆژئاوا)، لایپزیک، هامبورگ، کۆڵن، فرانکفورت و مونیخ. ئه‌و
ته‌کنیکه‌ی که شانۆی مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر له
راهێنانه‌کاندا به‌کاری ده‌هێنن به تایبه‌ت له به‌شی شانۆی
لاوان و شانۆپێداگۆگی، که چه‌ند جارێک له تاران له سفاره‌تی
ئاڵمان به‌کاریان هێناوه و له شانۆکه‌ی خۆیان به‌کاری
ده‌هێنن، ته‌نیا ئیستانداردی خۆیانه و دوره له ئیستانداردی
باوه‌ڕپێکراو، راهێنانی شانۆگێریشیان له لایه‌ن
که‌سانێکه‌وه‌یه که هیچیان له‌و ئاسته‌دا نین که به ناوی
ئێستانداردی ئاڵمانی باسی بکرێ.
بریا
کاک مو‌حسین و هه‌واڵانی بۆ خه‌ڵکیان روون کردبایه‌وه که چی
له شانۆی مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر جیهانیه. عیماره‌ته‌که،
راهێنه‌ره‌کانی، شانۆگێڕه‌کانی، سه‌بکی کاره‌که‌یان،
تێروانینیان له سه‌ر هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر و کاری
شانۆ! هه‌روه‌ها چی رۆبێرتۆ ده‌کاته مرۆڤێکی جیهانی شانۆ؟
ئه‌م پرسیارانه بۆ بێ رێزکردنی کار وتێکۆشانی هاوکاران و
ئازیزانی زه‌حمه‌تکێشی شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر و شه‌خسی به‌رێز
چولی نییه، که من له نزیکه‌وه ده‌یان ناسم وله رێگای
ناوه‌ندی شانۆپێداگۆگه‌کانی ئاڵمانه‌وه هاوکار و
هاوپه‌یمانیان بووم. ئه‌م پرسیارانه رووی له خۆمان و ئه‌و
به‌رێزانه‌یه که باس له شانۆی جیهانی ده‌که‌ن. پێناسه‌ی
به‌رێز مو‌حسین محه‌ممه‌د بۆ جیهانی بوونی شانۆ و شانۆی
مو‌لهایم ئه‌ن دێر رو‌هر چییه؟ ته‌نیا ئه‌وه‌ی چولی ئیتاڵییه
و له ئاڵمان کاری شانۆیی ده‌کات و چۆته سه‌ر سه‌کۆکانی
شانۆی تاران و به‌غا، ئه‌و ده‌کاته مرۆڤێکی شانۆی جیهانی؟
جوغرافیا دیاری ناکات چی جیهانییه و چی نییه. سینه‌مای هیند
جیهانییه، شانۆی ژاپۆنی جیهانییه له به‌ر ئه‌وه‌ی له بواری
فکر و ئه‌سته‌تیک ، ته‌کنیک و کار و ئاستی نوواندندا خاوه‌نی
ئیستانداردی باوه‌ڕپێکراوی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگای هونه‌رو
فه‌رهه‌نگی جیهانین، له به‌ر ئه‌وه‌ش که رۆژانه له لایه‌ن
دانیشتووانی قاره‌کانی جیهانه‌وه ده‌بیندرێن، ده‌بیسترێن و
بوونه‌ته پێخۆری رۆژانه‌ی فه‌رهه‌نگی ئینسانه‌کان و له
عه‌ینی کاتدا به‌رهه‌مێکی هیندی و ژاپۆنیش ماونه‌ته‌وه و هه‌ر
هیندی و ژاپۆنی بوونه‌که‌یان ئه‌وانی کردۆته جیهانی، هه‌ر
وه‌ک چۆن موسیقای ئافریقا بۆته جیهانی و بۆته موسیقای رۆژی
خه‌ڵکان به فه‌رهه‌نگ و زمانی جیاوازه‌وه. به هه‌مان شێوه
شانۆگێڕ و ده‌رهێنه‌ر و درامانووس و... له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م
جیهانه ، ده‌توانن جیهانی بن یان نه‌بن. باش وایه کاک
موحسینیش بۆ بینه‌ران و خوێنه‌رانی قسه‌کان و نووسراوه‌کانی
خۆی روونی کاته‌وه که مه‌به‌ستی ئه‌و له جیهانی بوون له
پێوه‌ندی له گه‌ڵ باسه‌که‌دا چییه و چۆناوچۆن ئه‌م
په‌نجه‌ره جیهانیه به‌ره‌و رووی شانۆی وڵاته‌که‌ماندا
کراوه‌ته‌وه؟
فستیواله‌کانی شانۆی ئێران و به‌شداری ئاڵمانییه‌کان
بۆ
ئاگاداری خوێنه‌رانی به‌رێز و ئازیزانی به‌رێوه‌به‌ری گۆواری
رامان ، ته‌نیا یه‌ک نموونه دێنمه‌وه له بۆچوونی
هونه‌رمه‌ندانی شانۆی ئاڵمان و وڵاتانی ئوروپی به‌رانبه‌ر به‌و
وڵاته‌ی که چولی پێیوایه دیالۆگی له‌گه‌ڵدا ده‌کات. یه‌کێک
له دۆستانی نزیک که به‌رپرسی چه‌ند فستیوالێک بوو له تاران
چه‌ند جارێک داوای لێکردم ده‌عوتنامه‌ی ئه‌و فستیواڵانه‌ی که
له تاران به‌رێوه ده‌چن بگه‌ێنمه ناوه‌نده‌کانی شانۆ و
گروپه‌کانی شانۆی ئاڵمان و چه‌ند وڵاتێکی ئوروپی. ئه‌م کاره
بۆ من که له ناوه‌ندی شانۆپێداگه‌کانی ئاڵمان کارم ده‌کرد و
به‌رپرسی به‌شی ناونه‌ته‌وه‌یی و فره‌کولتوری شانۆ بووم، به
هاسانی لوا. ئه‌و ده‌عوه‌تنامانه له رێگای نامه و ئی مه‌یل
و ته‌له‌فون و پۆسته‌وه بۆ زیاتر له 600 که‌س و ناوه‌ندی
شانۆیی ئاڵمان و وڵاتانی ئوروپی به رێ کرا ، له وڵامی
داواکه‌دا ته‌نیا یه‌ک گروپ له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا
و‌ڵامیان داوه و ئه‌و گروپه‌ش به‌شداری نه‌کرد. واته ئێران
پاش هاتنه سه‌ر کاری رژیمی مه‌لاکان ئیتر ئه‌و وڵاته نه‌بوو
که هونه‌رمه‌ندانی جیهان وه‌ک پیتر بروک و مارسل مارسۆ و
که‌سانی تر روویان تێ ده‌کرد.
عێراق و چولی
هاتنی
شانۆکارانی به‌عسی عێراقیش بۆ شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر جگه له
پرۆپاگه‌نده بۆ ده‌وڵه‌ت و سیستمی داڕزاوی سه‌دام شتێکی
هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی تێدا به‌سته نه‌بوو. سه‌فه‌ری چولی بۆ
عێراق و هاتنی شانۆی به‌عسیه‌کان بۆ مو‌لهایم به شێوه‌یه‌کی
به‌ر بڵاو که‌وته ژێر ره‌خنه‌ی مێدیای ئاڵمان و
هونه‌رمه‌ندان. چولی هێنده خۆی مولته‌زم نیشان ده‌دا
ته‌نانه‌ت له گفت وگۆی شه‌وی پێشکه‌شکردنی کاری گروپی
عێراقییه‌کاندا، ئیزنی به کورده‌کانی باشور نه‌دا دژ به
سه‌دام و رژیمه‌که‌ی و سیاسه‌ته فه‌رهه‌نگگییه‌که‌ی قسه
بکه‌ن، هه‌ڵوێستێک که له حاند ئێرانیش ساڵانه په‌یره‌وی
ده‌کات. لێره‌دا ده‌بێ له کاک مو‌حسین بپرسین که چه‌پ بوونی
چولی له کوێدا ده‌رده‌که‌وێ، کایه به وشه‌کردنی راست و چه‌پ
و ئارمی شانۆکه‌یان نیشانه‌ی چه‌پ بوونیانه؟ بریا چولی
پرۆتۆکۆله‌کانی نێوان شانۆکه‌ی خۆی و ئه‌و رژیمانه‌ی له به‌ر
ده‌م وه‌ڤده‌کانی شانۆی کوردستان داده‌نا، تا روونتر ئاگاداری
رێکه‌وتنه‌کانی هه‌ردوولا ببن.
چولی و
گروپه‌که‌ی مافی خۆیانه له گه‌ڵ رژیمی ئێران و عێراق و
هه‌رشوێنێکی تری جیهان مامه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی بکه‌ن یان
نه‌که‌ن، به‌ڵام نابێ تۆز به چاوی خه‌ڵک دابکه‌ن و نابێ
سنووری فه‌رهه‌نگ و دژه فه‌رهه‌نگ و هونه‌رو و دژه هونه‌ر
بشێوێنن. چولی و وه‌ڤده‌کانی شانۆی کوردستان و کاک مو‌حسین
ده‌بێ بۆ خه‌ڵکی روون که‌نه‌وه که چ هاوبه‌شییه‌ک له
نێوان رژیمی سه‌دام و کوردستاندا هه‌یه که که‌سێکی وه‌ک چولی
و گروپه‌که‌ی ده‌توانێ له گه‌ڵ هه‌ردووک لا بۆ یه‌ک مه‌به‌ست
پرۆتۆکۆل ببه‌ستێ؟ هه‌ر وه‌ها بێ زه‌ره‌ر نابێ ئه‌گه‌ر چولی
بۆ خه‌ڵکی کوردی رۆشن کاته‌وه که ئه‌و کاره "فه‌رهه‌نگیه
جیهانیه‌ی" ئه‌و چ بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی و فه‌رهه‌نگی هه‌یه
که ده‌توانێ له گه‌ڵ سه‌رکوتگه‌ر و سه‌رکوتکراودا له یه‌ک
ئاست دا ئه‌نجام بدرێ. بێ گومان ئه‌گه‌ر چولی بۆ ئه‌و
کاره‌ی مه‌بنایه‌کی فه‌لسه‌فی تازه یان کۆنی هه‌بێ، پرسوود
ده‌بێ که به خه‌ڵکیشی رابگه‌ێنێ. ئه‌م پرسیاره‌ش بێ وڵامه
که چۆنه زیاده له‌و هه‌موو ناوه‌ندانه‌ی شانۆی ئاڵمان راست
ئه‌ن دێر رو‌هر ده‌بێته هاوپه‌یمانی شانۆی کوردستان و
به‌رپرسانی شانۆی کوردستان.
چولی
مرۆڤێکه که بیر ده‌کاته‌وه و له‌وه‌ش که فه‌لسه‌فه‌ی
خوێندووه، ده‌توانێ خه‌ڵک به لای راست وچه‌پ و خاس و خراودا
به‌رێ، هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌ر ئینسان و هه‌ر فه‌یله‌سوڤێکیش ئه‌و
دوو لایه‌نه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌بووه و هه‌یه.
به‌رپرسیاره‌تی و کارتێکردنی که‌سێکی ئاسایی و فه‌یله‌سوفێک،
هونه‌رمه‌ندێک و فه‌رهه‌نگسازێک هاوسه‌نگ نین. مه‌ترسیداره
ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سوفێک یان هونه‌رمه‌ندێکی جیهانی لارێ بچێ و
خه‌ڵکیش به شوێن خۆیدا راکێشێ.
بێ
گومان ئه‌گه‌ر چولی له به‌رلین و کۆڵن و شاره‌کانی تر یان
هه‌ر له شانۆکه‌ی خۆی وه‌ک بیرمه‌ندێک و شانۆوانێک
مابایه‌وه و مه‌جبور به کاری بوروکراتیک و مامه‌ڵاتی سیاسی
هه‌رزان قیمه‌ت نه‌بایه، هه‌م به‌رهه‌می فکری قورس و قایمتری
ده‌بوو و هه‌م که‌سایه‌تی هونه‌ری به‌رزتر و باڵاتری په‌یدا
ده‌کرد و ره‌نگه یه‌کێک له ئه‌ستێره‌کانی شانۆی جیهانیش
بایه، که بێگومان پیرۆزی ده‌بوو، له‌و حاڵه‌دا ده‌بوو له
کوردستان فه‌رشی سووری له به‌ر پێیدا ڕاخرێ.
به‌شی
زۆری ناونده‌کانی شانۆیی خسووسی و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ئاڵمان
گرفتی جیدی ماڵیان هه‌یه و داهاتوویان له مه‌ترسی دایه و
بێ‌کاری له رێ‌یان دایه، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ئیمکانێکی ماڵیان
بۆ ده‌ست که‌وێ ره‌نگه چاوی لێ نه‌پۆشن، چولیش راست بۆ ئه‌و
مه‌به‌سته روو ده‌کاته ئێران، ده‌نا ئه‌گه‌ر دیالۆگی
هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی چولی و گروپه‌که‌ی
بایه و چولی به پێی قسه‌که‌ی کاک مو‌حسین چه‌پ و دژی ئامریکا
بایه، ده‌بوو ئاوڕ له وڵاتانی بێ ده‌ره‌تان و فه‌قیر
بداته‌وه نه له وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌نی دیکتاتۆری ته‌ریک
ماوه له جیهاندا وه‌ک ئێران و عێراقی سه‌دام، که هه‌مووشت
به پاره ده‌کڕن و ده‌فرۆشن له وانه هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند.
هیوادارم کار و هاوکاری نێوان شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر و
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری کوردستان، که وڵاتێکی ده‌وڵه‌ندی پڕ له
دۆلاره، له سه‌ر هه‌مان پێوانه‌ی ئێران وعێراق و چولی
نه‌بێ.
سه‌یر
ئه‌وه‌یه چولی مه‌یلی ئه‌وه‌ی نییه که گفت و گۆی فه‌رهه‌نگی
له گه‌ڵ هاووڵاتیانی خۆی له ئاڵمان بکات، ئه‌وه به پێویست
نازانێ که له وڵاتی ئاڵمان به زمانی ئیتالیایی کاری شانۆیی
بکات، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که له نێوان چولی و
وڵاته‌که‌ی خۆی ئیتالیادا دیالۆگی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی روو
نادا، به‌ڵام دیالۆگ له گه‌ڵ ئێران و عێراق و ئێستاش
کوردستان به پێویست ده‌زانێ، کوردستانێک که به‌ر له رووخانی
سه‌دام بۆ جه‌نابی چولی گرینگ نه‌بوو.
چولی
له نێو هاووڵاتیانی خۆی له ئاڵمان نه‌ناسراوه و له
ئیتالیاش ناوێکی ناسراو نییه، ئه‌وه‌ش ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی
هاووڵاتیه‌که‌ی ئۆژینۆ باربایه، ئه‌و که له هه‌موو جیهان
به ناو و ده‌نگه و خاوه‌نی سیستمی تایبه‌تی شانۆ و راهێنانی
شانۆگێڕه و ئانترۆپۆلۆژی شانۆ به‌و نیسبه‌ت ده‌ردرێ و
کۆمه‌ڵێک کتێب و لێکۆلینه‌وه‌ی له سه‌ر شانۆی وڵاتانی جیهان
هه‌یه و خاوه‌نی مه‌ده‌رسه‌ی "ئۆدین تئاتر"ه له دانمارک و
یه‌کێک له به‌رێوه‌به‌رانی فستیوالی"ئاونیون"ی فه‌رانسه‌یه
له گه‌ڵ پێتر بروک.
فستیوالی "جاده‌ی هاریشم"یش فستیوالێکی جیهانی نییه و
ته‌نانه‌ت له ئاڵمانیش ناسراو نییه، هه‌رچه‌ند له وڵاتانی
تریشه‌وه گروپی شانۆیی به‌شداری تێدا بکه‌ن. ساڵانه ده‌یان
فستیوالی له‌و چه‌شنه له شاره‌کانی ئاڵمان به‌رپا ده‌کرین
که هیچیان له‌و ره‌ده‌یه‌دا نیین وه‌ک فستیوالی جیهانی به
ناو بکرێن. ره‌نگه یه‌کێک له ره‌خنه‌کان که شانۆکارانی
ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گرێته‌وه ئه‌وه بێ که له ماوی 50 ساڵی
رابوردوودا زانیاریان له سه‌ر شانۆی ئه‌و وڵاتانه و ئاستی
شانۆیی و ئاستی فستیواله‌کان به خوێنه‌رانی کوردستان نه‌دابێ[5]،
هه‌ر بۆیه، ره‌نگه نه‌کرێ ره‌خنه له دید و بۆچوونی
ئازیزانی شانۆکاری وڵات، له وانه کاک موحسینی به‌رێز بگێرێ،
ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌مانن بوو که زانیاری له سه‌ر ئه‌و
وڵاتانه و شانۆکانی بگوێزینه‌وه سه‌ر زمانی کوردی،
هه‌رچه‌ند ره‌نگه وه‌زارتخانه‌کانی کوردستانیش وه‌رگرتنی
زانیاری له کورده‌کانی دانیشتووی ئوروپا به پێویست نه‌زانن.
سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و گفتانه پێوه‌ندی کاریی و هونه‌ریی و
دۆستانه له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند چولی و شانۆکه‌ی کارێکی
نامه‌ربووت نییه و مافی هه‌ر که‌س و لایه‌ن و ده‌زگایه‌که
له کوردستان که پێوه‌ندی له گه‌ڵ که‌س و که‌سان و
ناوه‌نده‌کانی شانۆیی و هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگی و زانستی بگرێ و
ئاڵوگۆری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پێک بێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر
دۆستان پێیان وابێ که له رێگای چولی و شانۆکه‌ی و پرۆتۆکۆل
ئیمزاکردن له گه‌ڵی، گرفته‌کانی بنه‌ره‌تی و فکری و ساختاری
شانۆی کوردستان چاره‌سه‌ر ده‌کرێ و چولی و شانۆکه‌ی ده‌توانێ
یارمه‌تیده‌ر بێ، به لارێ‌دا چوون.
شانۆی کوردستان و دوا په‌یڤ
ئه‌وه‌ی
شانۆی کوردستان پێویستی پێیه‌تی به‌ر له هه‌ر شت دیاری کردنی
گیروگرفته‌کان و پێداویستیه‌کان و ستراتێژی هونه‌ری و
فه‌رهه‌نگی و شانۆیی کوردستانه، که بۆ ئه‌وه ده‌کرێ له
ئیمکاناتی زانستی و فه‌ننی و ته‌کنیکی و هونه‌ری و
تاقیکردنه‌وه‌کانی ئوروپا که‌ڵک وه‌رگێرێ. شانۆی چولی نه
زاستگایه، نه مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی شانۆیه، نه ناوه‌ندێکی
جیهانی شانۆیه و نه ده‌سته‌ڵاتێکی ره‌سمی شانۆیه، ئه‌و
شوێنه یه‌کێکه له سه‌دان شانۆی ئاڵمان و ده‌کرێ بۆ وێنه
خاوه‌ن پرۆتۆکۆل بێ له گه‌ڵ یه‌کێک له شانۆکانی کوردستان.
وه‌ڤدی شانۆی کوردستان ده‌یتوانێ له پاڵ سه‌ردانی شانۆی چولی
له گه‌ڵ ناوه‌نده‌کانی ده‌سته‌ڵاتداری ده‌وڵه‌تی و زانستی و
فه‌رهه‌نگی و شانۆیی و ئیداره‌کانی باڵای شانۆ و هونه‌ر،
بیر‌ورا بگۆرێته‌وه بۆ ئه‌وه به شێوه‌یه‌کی سیستیماتێک
هاوکاری و یارمه‌تی کوردستان له‌و بواره‌دا بکرێ. ناردنی دوو
که‌س و چه‌ند که‌س بۆ شانۆی چولی و ده‌رهێنانی شانۆیه‌ک له
شاری دهۆک یان شارێکی تر له لایه‌ن یه‌کێک له کارمه‌ندانی
ئه‌و شانۆیه‌وه چه ته‌وفێرێکی هه‌یه له گه‌ڵ هه‌مان کار
که هه‌ر ئێستا لێزانێکی وه‌ک دوکتور فازل جاف یان که‌سانی تر
له کوردستان ده‌توانن زۆر باشتر بیکه‌ن.
شانۆی
کورد له باشوری کوردستان ته‌نیا ده‌توانێ له سه‌ر ده‌ستی
لێزان و پسپۆرانی شانۆی کورد له سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستی و
ئه‌مرۆیی به پشتبه‌ستن به هه‌موو توخمه‌کانی فه‌رهه‌نگی و
هونه‌ری و که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد و به له به‌رچاوگرتنی
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی باشوری کوردستان رێگا چاره‌ی بۆ
بدۆزرێته‌وه. یه‌که‌م هه‌نگاویش ده‌توانێ کۆنفرانسێکی
تایبه‌تی لێزان و پسپۆرانی بواره‌کانی شانۆی کورد بێ بۆ
دارشتنی پلانێکی درێژخایه‌ن و کورتخایه‌ن. له پلانێکی وادا
چولی و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر و ده‌یان شانۆی تر ده‌توانن جێگای
خۆیان هه‌بێ.
گه‌لاوێژی 2706
[1]
- (ئه‌نده‌ر
ڕۆهه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌که به سه‌ر شانۆی کوردییه‌وه)
ئه‌وه سه‌ر دێڕی
نووسراوه‌که‌ی نووسه‌ره له گۆواری راماندا و ئه‌وه‌ی
ئایا په‌نجه‌ره به رووی شتێکدا ده‌کرێته‌وه و یان
به سه‌رێدا ده‌کرێته‌وه من نازانم و ده‌بێ زمان
زانان لێکی ده‌نه‌وه. هه‌روه‌ها نه‌مزانی مانای ئه‌م
رسته‌یه چییه. "په‌نجه‌ره‌یه‌که به سه‌ر شانۆی
کوردییه‌وه".
[2]
- ئه‌م بابه‌ته 15 رۆژ
به‌ر له چاپی رامانی ژماره 112 ناردرا بۆ به‌رپرسانی
ئه‌و گۆواره، به‌ڵام چاپ نه‌کرا.
- وته‌کانی جه‌نابیان
له گفت و گۆی ته‌له‌وزیۆنیدا(زاگرۆس تی وی)[3]
[4]
- نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه
به هۆی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوان" ناوه‌ندی
شانۆپێداگۆگه‌کانی ئاڵمان" و شانۆی ئه‌ن دێر رو‌هر شاری
مو‌لهایم، به هۆی له ئه‌ستۆبوونی به‌رپرسیاره‌تی
راسته‌وخۆی پرۆژه‌که له نزیکه‌وه ئاگاداری شانۆی
ئه‌ن دێر رو‌هر و چولی و هاوکارانیه‌تی.
[5]
- نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه
هه‌ر له گۆواری راماندا چه‌ند جارێک باسی
ناوه‌نده‌کانی شانۆی جیهانی و ئاڵمان و فستیواله‌کانی
کردووه به‌ڵام بێ گومان ئه‌وه زۆر که‌متر له‌وه‌یه
که ده‌بوو کرابا.
|