ئاوێته‌بوون...

 

که‌ژاڵ ئیسماعیل

 

وه‌ره‌.. با ئه‌مشه‌و
په‌نجه‌‌ پڕ له‌ سامه‌كه‌‌‌ی ته‌نهایی
دیسانه‌وه‌
نه‌داته‌وه‌ له‌ زه‌نگی بێ ئاگاییم..
زۆر ئه‌ترسم
له‌ داهاتنی
شه‌وه‌ تاریکه‌کانی ئه‌م دۆزه‌خه‌!
چون.. من هه‌میشه‌
له‌ به‌ر ئاوێنه‌ی تێڕوانینا
برژۆڵه‌ جووتبووه‌کانم ئه‌ژمێرم،
بۆ هه‌ڵوه‌رینی خه‌مێک
خۆم خه‌ڵتانی ئارایشت ئه‌که‌م..
وه‌ک په‌لک و گه‌ڵاکانی
دارزه‌یتوونێک
به‌ ده‌م تاوانه‌کانی گوناهه‌وه‌
که‌وتوومه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی..!

هه‌موو شه‌وێک
له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رینی په‌ڕه‌کانی گوڵێکا
تا عیشقێ نه‌مژمێرێت
ــ «که‌ چۆن
مه‌عشووقه‌که‌ی هه‌تا دوا په‌ڕه‌
خۆشی ئه‌وێت..؟!»
هه‌ڵئه‌وه‌رێم..

وه‌ره‌.. ئه‌مشه‌و
با چاوه‌ڕوانی ترس نه‌که‌م
ته‌نها په‌نجه‌یه‌که‌ت
بنێره‌ سه‌ر زه‌نگی ده‌رگاکه‌م و
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کیش
بۆ سه‌ر لێوه‌کانت،
بزانه‌ چۆن
چه‌شنی چه‌مه‌ عیشقێ
به‌ ڕووی ده‌رکه‌وتنتا هاژه‌ ئه‌که‌م..؟
!

وه‌ره‌.. با ئه‌مشه‌و
ئاوێته‌ی هه‌موو جوانییه‌ک بین
فرمێسکه‌ تۆراوه‌کانی ماچ
ژیرکه‌ینه‌وه‌
له‌گه‌ڵ یارییه‌کی شێتانه‌دا
به‌ره‌و دێڕه‌کانی شێعرێک
سه‌فه‌ر که‌ین..
هه‌موو ڕازه‌کانمان
بنێینه‌ سه‌ر باڵه‌کانی
په‌ڵه‌ هه‌ورێکی په‌مه‌یی
تا هه‌موو ئاسمانه‌کانیان بگێڕێت
ئه‌وسا
له‌گه‌ڵ تاوێ باراندا
ماچه‌کانمان
نم.. نم، به‌ سه‌ر جێژواندا
داببارێن..!

وه‌ره‌.. ئه‌مشه‌و
په‌رستگا نه‌ما

به‌ ده‌وری ده‌روێشه‌کانی عیشقما
نه‌سووڕێنه‌وه‌!
به‌رزه‌خ نه‌ما
چاوه‌ڕوانی مه‌رگی
شه‌وه‌ پڕ له‌ نائۆمیدییه‌کانم نه‌که‌ن!

که‌ تۆ هاتی..
دیسانه‌وه‌
ته‌نهایی ئه‌بێته‌
دڵۆپێک ئاو و
ترس له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووری ژوانه‌وه‌
باڵ ئه‌گرێت..
ئه‌وسا
هێواش.. هێواش
چراکان کز ئه‌که‌ین و
خوداش
غه‌رقی شه‌وێکی
ئاوێته‌ به‌ سه‌فامان ده‌کات..!

 

هۆله‌ندا 30-10-2005

• • •

 
           

 

02/09/2015