هه‌نگاو به‌ره‌و کیشوه‌رێ...  

 

 له‌ به‌رده‌م ده‌رگای بڤه‌دا ڕاده‌وه‌ستی

وه‌ک هه‌میشه،

ده‌رگا قفڵ کراوه‌کان

 په‌نجه‌ره‌ داخراوه‌کان،

 دڵی تۆ  داده‌خورپێنن!

 هه‌دا ناده‌ی تا نه‌یکه‌یته‌وه...

ئۆقره‌ ناگری تا ئه‌ودیوی نه‌بینی!

تۆ بێزاری...

 له‌ تاریکیی په‌رده‌

له‌ قفڵی ده‌رگا و،

له‌ به‌رزیی په‌نجه‌ره‌!

ده‌زانی و لێت ڕوونه،

 له‌ودیوی ئه‌وانه،

ڕووداوێک خه‌ریکی ڕوودانه‌!

کاره‌ساتێک خجڵی قه‌ومانه‌!

کارێکی بڤه‌ ‌ ده‌کرێ ,ڕه‌نگی نیه!

نهێنییه‌ک ده‌گووترێ ,ده‌نگی نیه!

هه‌رچی ده‌کرێ

 هه‌رچی ده‌گووترێ

هه‌رچی ڕووده‌دات،

له‌ودیوی ده‌رگا

به‌ دزیه‌وه‌یه! نهێنیه!

 ته‌ماحکارێک،  پووڵه‌کانی ده‌ژمێرێ!

كیژێكی سرتی تازه پێگه‌یشوو به دزی دایكیه‌وه‌،

 برۆكانی هه‌ڵده‌گرێ،

 یان به ئاوێنه

سه رنجی گۆی مه‌مكه‌كانی خۆی ده‌دات!

پیاوێكی ژندار به دزییه‌وه‌  

  بۆ ... له شفرۆشێک، زه‌نگ لێده‌دات!

ژنێكی شوودار به دزییه‌وه، هیچ ناکات

به‌س  ده‌گری بۆ کۆنه‌ ئه‌شقه‌که‌ی،

 فرمێسکی بێئاوی ده‌کاته‌ خه‌ڵات!

كوڕێكی لاو به ‌له‌تێک وێنه‌ی ئه‌کته‌رێکی سینه‌ما،

ئاره‌زووه برسی یه‌کانی خۆی تێر ده‌کات!

لیکی ده‌می ده‌خواته‌وه‌!

پیره‌مێردێک پێش نوێژی شه‌و خه‌و ده‌بینێ

به‌ ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌کات!

 حه زم له جوانه‌ کچێکی که‌م ته‌مه‌نه‌!

 ...ڕاده‌چڵه‌کێ!

 ئۆ‌هو دیسان ده‌بێ ده‌ستنوێژه‌که‌ی بشواته‌وه‌!

 ڕۆژنامه‌نووسێکی سیاسه‌تباز!

 له‌ ووڵاتی دیکتاتۆردا،

بانگه‌واز ده‌کات بۆ گۆڤارێ

 زۆر ئازاد بێ،

له پشتی په‌رده‌وه‌ هه‌ر خۆی،

 لیسته‌ی ناوی نووسه‌ره‌ ئازاده‌کان

 قه‌ید ده‌کات و

بۆ ئاسایش و پۆلیسی ده‌بات!

 كوڕیژکه‌یه‌ک خه‌ون به بووكه شوشه‌یه‌كی جوان و

 كراسێكی سووره‌وه ده‌بینێ!

كیژۆڵه‌یه‌ک، له‌گه ڵ تۆپێک وازی ده‌کاو

 گواره‌ شۆڕه‌کانی دایکی ووردو خاش ده‌کات...!

دایكێك،

 ده‌زانێ كچه‌كه ی ده‌چێ بۆ ژووانی کوڕێکی بێگانه‌...  و

 هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ ده‌خوازێ

کاتێ ماڵئاوایی ده‌کات  !

کیژێکی ئاشق باسی دڵداره‌که‌ی بۆ براکه‌ گه‌وره‌که‌ی خۆی ده‌کات!

باوکێک به‌ کچه‌که‌ی ده‌ڵێ:

 ئازاری مانگانه‌ت هه‌یه؟

 بچۆ کچم سه‌رخه‌وێک بشکێنه!

ئه‌مڕۆ حه‌وشه‌ مه‌شۆ،

ماڵ گه‌سک مه‌ده‌، چا لێ مه‌نێ!

پیاوێک، ئاشق و  شه‌یدای هزری ژنێک ده‌بێ!

سه‌رۆک پارتێکی ووڵاتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌،

خۆی هه‌ڵده‌ستێ، به‌ ویستی خۆی،

کورسی ده‌سه‌ڵات ‌جێدێلێ!

 پیاوێك به ژنه‌که‌ی خۆی  ده‌ڵێ:

 ئه‌و ڕسته‌یه تێناگه‌م، ده‌توانی یارمه‌تیم بده‌ی؟

سوپاس! ئه‌مڕۆش دیسان شتێکی نوێت لێوه فێر بووم!

 منداڵێک له‌ دایک ده‌بێ،

 که‌سێ له‌ دایکی ناپرسێ کوڕ بوو یان کچ؟

هه‌موو ده‌ڵێن، منداڵت بوو؟!

 به‌ره‌و ڕێگای کێشوه‌رێ

 هه‌نگاو ده‌نێی،

ڕێگا ده‌بڕی...

به‌ ده‌م ڕێگاوه‌ گۆرانی بڤه‌ ده‌چڕی

بیری بڤه‌ ده‌که‌یته‌وه‌،

ژیان ده‌که‌یته‌ کراسێک و

له‌ به‌ری بڤه‌ی ده‌که‌ی!

 باش ده‌زانی و

 ده‌مێکیشه

 په‌ی ت به‌و ڕاستیه

بردووه...

 ئه‌تۆ بۆ خۆتیش هه‌ر بڤه‌ی!

پێش ئه‌وی ببیت

 بڤه‌ بوویت!

 هاتنت بۆ خۆی بڤه بوو!

مه‌گه‌ر مه‌رگت!

ته‌نها مه‌رگت،

 بڤه‌ نه‌بێ!

هه‌رده‌م ڕێگای بڤه‌ ده‌بڕی

هه‌رده‌م قسه‌ی بڤه‌ ده‌که‌ی

هه‌رده‌م گوێ له‌ بڤه‌ ده‌گری،

هه‌رده‌م سه‌یری بڤه‌ ده‌که‌ی!

به ڕێگاوه‌ی هه‌نگاو ده‌نێی

هزره‌کانت پڕ له‌ تۆوی هیوا ده‌که‌ی!

بۆ کیشوه‌رێ

په‌نجه‌ره‌کانی  نه‌وی بن

 ده‌رگاکانی کراوه‌ بن!

ڕازه‌کانی ئاشکرا بن

نهێنیه‌کانی... دیتراو بن!

ئه‌و دیوی په‌رده‌کان دیار بن!

باش ده‌زانی سانا نییه،

به‌ڵام تۆ هه‌ر هه‌نگاو ده‌نێی، ڕێگا ده‌بڕی

له‌ ئێستاوه،

 نیگاری کیشوه‌ره‌که‌ت دیارو

 له‌ به‌ر چاوه‌!

به‌ خۆت ده‌ڵێی،

هه‌نگاو بنێ

به‌رده‌وام به‌، گرنگ نیه زۆری ماوه که‌می ماوه...

گرنگتر له‌ گشت ئه‌وانه،

تۆ شل نه‌بی

چۆک دانه‌ده‌ی

به‌رده‌وام بی، له‌ بڕینی...

 ئه‌و هه‌نگاوه!

 2006-09--10

 

 

           

 

02/09/2015