بزماره‌کانی خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 
 

 

لاپه‌ڕه‌ی ته‌عاروف

 ساڵانێک له‌مه‌و به‌ر دوو موجه‌لله‌ی لوبنانی به‌ناو بانگ هه‌بوون ‌ناویان مه‌وعید و شه‌به‌که‌ بوو ‌ کاریان بڵاو کردنه‌وه‌ی وێنه‌و هه‌واڵی هونه‌رمه‌نده‌کانی ئه‌وسای عه‌ره‌ب و غه‌یری عه‌ره‌ب بوو، ئه‌وکاته‌ ئه‌هاتنه‌ سلێمانیش، خه‌ڵکانێک که‌ خولیای بینینی ئه‌و کچه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ بوون که‌ زۆربه‌یان به‌ مینی جوبه‌وه‌ یان له‌سه‌ر به‌حر وێنه‌یان گیرابوو ،‌ بۆ دڵته‌ئمینی ئه‌وه‌ی حه‌فتانه‌ چنگیان که‌وێ،  ئیشتراکیان تیا کردبوو، ناهه‌قیشیان نه‌بوو ئه‌وانه‌ ره‌واجیان زۆر بوو، زۆر زوو له‌مه‌کته‌به‌کانا نه‌ئه‌مان ‌ ، ئاشقانی ئه‌و موجه‌للانه‌ زۆر به‌ ئیشتیهاوه‌ ئه‌یان خوێنه‌وه، بڵێم سه‌یریان ئه‌کرد ، ئه‌و حه‌له‌ ئه‌گه‌ر بیان ویستایه‌ که‌سێک به‌ نه‌زان له‌بواری سیاسی و ڕۆشنبیریا له‌قه‌ڵه‌م به‌ن، ئه‌یان ووت کاکه‌ خۆتی له‌گه‌ڵا هیلاک مه‌که‌ ، بۆ ئه‌و له‌ شه‌به‌که‌و مه‌وعید زیاتر هیچی تری خوێندۆته‌وه‌ ،چی ئه‌زانێ تا باسی بکا. له‌و موجه‌لانه‌یا لاپه‌ڕه‌یه‌ک هه‌بوو پێیان ئه‌وت لاپه‌ڕه‌ی ته‌عاروف، که‌ زیاتر بۆ ئه‌و که‌سانه‌بوو یان قیتار به‌جێی هێشتبوون، یان بێوه‌پیاو بوون ،یان کوڕێکی قۆز بوون ئه‌یان ویست له‌مابه‌ینی چه‌ن کچێکا فه‌وزا بنێنه‌وه‌، ئه‌میان بڵێ هی خۆمه‌ ئه‌ویان بڵێ وه‌ڵڵا عه‌فوت فه‌رموو یه‌که‌م جار خۆم ته‌عاروفم له‌گه‌ڵ کردووه‌، به‌ کوردیه‌که‌ی ئه‌یان وویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ نیوه‌ جوانه‌که‌ی خۆیان چنگ که‌وێت، بۆیه‌ ئه‌هاتن که‌شخه‌ترین وێنه‌ی خۆیان ڕه‌نگه‌ هه‌ندێکیان ده‌ دوانزه‌ ساڵێک له‌وه‌پێشیش گرتبێتیان له‌و لاپه‌ڕه‌یا له‌گه‌ڵ هه‌ندێک زانیاری شه‌خسی به‌ تیفتیفه‌وه‌ بڵاو ئه‌کرده‌وه‌ . دوابه‌دوای ئه‌وه‌ گۆڤاری به‌یانیش که‌ له‌به‌غدا ده‌ر ئه‌چوو هه‌مان لاپه‌ڕه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان کردبوو، بیرم دێ هه‌ندێک ڕه‌فیقی ناموافیق وێنه‌ی براده‌رێکی خۆیان ناربوو بۆ ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه،‌ له‌ زانیاریه‌ شه‌خسیه‌کانیا دوای ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و چێشتانه‌یان کردبوو که‌ حه‌زی لێیه‌‌، ووتبویان هیوایه‌تیشی ‌ ڕاوه‌ ڕێویه‌! ئه‌م نه‌قڵه‌م بۆ یه‌ هێنایه‌وه‌ تاوه‌کو خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ بزانێ وێنه‌ی شه‌خسی بڵاو کردنه‌وه‌ جاران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌بوو لاپه‌ڕه‌که‌یشی له‌دوای دواوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی سایته‌ کوردیه‌کان لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌میان بووه‌  به‌ مه‌عره‌زی وێنه‌ی کوڕو کچه‌ قۆزه‌کانی کورد هه‌ریه‌که‌و له‌ته‌نیشت نووسینه‌که‌یه‌وه‌ جوانترین وێنه‌ی خۆی داناوه‌ ، هه‌ندێک قه‌باره‌ی وێنه‌که‌یان له‌نووسینه‌که‌ی که‌بۆیان بڵاو‌کراوه‌ته‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ،هه‌ندێکیان ته‌رکیزیان خستۆته‌ سه‌ر ده‌م و لێویان، هه‌ندێکی تریان ئیهتیمامی سه‌ره‌کیان یاوه‌ به‌ ڕیشه‌که‌ی چه‌ناگه‌یان، هه‌ندێکی تریشیان عه‌ده‌سه‌ی کامیراکه‌یان ئه‌وه‌نده‌ له‌ لووتیان نزیک کردۆته‌وه‌ خه‌ریکه‌ له‌ شاشه‌ی سایته‌که‌وه دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ،هه‌ندێکیان ماشاالله‌ ئه‌وه‌نه‌ گوپ خڕو تێکسمڕاون روخساریان ڤیتامینی لێئه‌بارێ، که‌چی له‌باسی ئه‌زمه‌ی ئیقتیسادیا ئه‌وان تاقه‌ خه‌مخۆری هه‌ژارانن ،هه‌یه‌‌‌ ئه‌وه‌نده‌ مۆنه‌ ئه‌ڵێی فاشیسته‌کانه‌، به‌ڵام له‌ شیعره‌که‌یا ‌ناسکی هه‌ستی خۆی له‌په‌ڕه‌ی ئه‌و گوڵه‌یا ئه‌بینێته‌وه‌، که‌ شنه‌ی بایه‌ک ئه‌ی وه‌رێنێ . من باوه‌ڕم هه‌یه‌ که‌ پێش که‌وتن نیعمه‌ته‌ ،جاری‌ جاران ئه‌گه‌ر که‌سێک وێنه‌ی خۆی بناردایه‌ بۆ سه‌فحه‌ی ته‌عاروف ،ئه‌بوو به‌ مه‌زه‌ی گاڵته‌ی چه‌ن ساڵێکی براده‌رانی، ئێستاکه‌ له‌ زۆربه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی میدیای ئه‌لکترۆنیا ‌ خاوه‌نی مه‌قال یان شیعره‌که‌ زۆر به‌فه‌خره‌وه وێنه‌‌که‌ی خۆی رۆژانه‌ دائه‌به‌زێنێ،  ئه‌وانه‌ به‌ به‌ردێک دوو نیشانیان پێکاوه‌ له‌لایه‌که‌وه‌ وه‌کو نووسه‌رێکی به‌ناو بانگ خۆیان به‌ عاشقانی قه‌ڵه‌مه‌ به‌پیت و به‌ره‌که‌ته‌که‌یان ئه‌ناسێنن، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ده‌رگایه‌ک سه‌ر له‌نوێ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌عاروفه‌ی که‌ ساڵانێک له‌مه‌و به‌ر هه‌بوو و بیرچوبۆوه‌ ئه‌که‌نه‌وه‌ .

 

موخته‌سه‌ری که‌لام

وێنه‌ بڵاو کردنه‌وه‌ دووبه‌خته‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک جار نووسینی نووسه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ له‌به‌ر چاوی خوێنه‌ر بخا ،یان نوسینی یاریده‌ده‌ری ئه‌رزوحاڵ نووسێک، کچ بێت یان کوڕ، بکاته‌ شاکار.

 

 

           

 

02/09/2015